ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:48 - 25/01/2020

خۆپیشاندانه‌كانی عێراق له‌دوای پشتتێكردنی سه‌در‌

پەیسەر پرێس

ره‌وتی سه‌در به‌ ئاشكرا پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشانده‌رانی عێراق كۆتایی پێهێنا كه‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ له‌سه‌ر شه‌قام رۆژ ده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدیان له‌سه‌ره‌تای مانگی كانونی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو ناچار به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ كرد.

واسق هاشمی چاودێری سیاسی ده‌ڵێت" هۆكاری یه‌كه‌م كه‌ وای له‌ سه‌در كرد چیتر پشتیوانی خۆپیشانده‌ران نه‌كات و داواش له‌ لایه‌نگرانی بكات نه‌چنه‌ گۆره‌پانه‌كانی خۆپیشاندان، ئه‌وه‌ بوو كه‌ خۆپیشانده‌رانی گۆره‌پانه‌كان پشتیوانی خۆپیشاندانه‌كانی رۆژی هه‌ینیان نه‌كرد كه‌ له‌سه‌ر داوای سه‌در بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌نجامدرا".

به‌ رای ئه‌و چاودێره‌ سیاسیه‌ هۆكاری دووه‌می پشتكردنه‌ خۆپیشانده‌ران له‌لایه‌ن سه‌دره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌، كه‌ به‌شێك له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێن سه‌در له‌شوێنی مانه‌وه‌ی له‌ شاری قومی ئێران دوچاری فشار بۆته‌وه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نێكی عێراقی و ئێرانی بۆ ئه‌وه‌ی پاشه‌كشه‌ بكات له‌ گۆره‌پانه‌كان.

رۆژی هه‌ینی لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در خێمه‌كانیان له‌گۆره‌پانی ته‌حریری به‌غدا و گۆره‌پانه‌كانی تری خۆپیشاندان پێچایه‌وه‌ و چۆڵیان كرد، به‌شێك له‌ خۆپیشانده‌رانیش ره‌تیانكرده‌وه‌ به‌شداری له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی  لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در بكه‌ن كه‌ رۆژی هه‌ینی دژی مانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا له‌ به‌غداد رێكخرا.

"سه‌در به‌ڵێنی سه‌رۆكایه‌تی كابینه‌ی داهاتووی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پێدراوه‌"
لیژنه‌ی هه‌مه‌هه‌نگی خۆپیشانده‌ران له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رۆژی شه‌ممه‌ رایانگه‌یاند، موقته‌دا سه‌در غه‌دری لێكردوون وناپاكی له‌ ئازادیخوازان كرد.
به‌یاننامه‌كه‌ ده‌ڵێت خۆپیشانده‌رانی عێراق به‌ فتوای ئاینی یان تویتی سه‌در نه‌چوونه‌ته‌ گۆره‌پانه‌كان داواشیان كردووه‌ سه‌در خۆی و لایه‌نگره‌كانی گره‌و له‌سه‌ر كۆتایی هاتنی سه‌بری خۆپیشانده‌ران نه‌كه‌ن، ده‌شڵێن ئه‌وان له‌ گۆره‌پانه‌كان ده‌مێننه‌وه‌ تا داواكاریه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كرێت.

لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی موقته‌دا سه‌دری به‌وه‌ تۆمه‌تباركردووه‌ كه‌ سواری شه‌پۆلی جوڵانه‌وه‌كه‌بووه‌. ده‌شڵێن ئه‌وان له‌گۆره‌پانه‌كان ده‌مێننه‌وه‌ تا داواكارییه‌كانیان به‌دی دێت. به‌یاننامه‌كه‌ ده‌ڵێت، خیانه‌ته‌كه‌ی سه‌در له‌ خۆپیشانده‌ران نرخه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی داهاتووه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێران به‌ڵێنی پێداوه‌.

خۆپیشاندان له‌ به‌غداد ده‌ستی پێكرده‌وه‌
سه‌رباری پشتێكردنی سەدر و گرەوكردن لەسەر كۆتایی هاتنی خۆپیشاندانەكان و هه‌وڵی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بۆ بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدای پایته‌خت، به‌ڵام دوای نیوه‌رۆی ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ جارێكی تر پۆل پۆل هاوڵاتیانی شاری به‌غدا روویان له‌گۆره‌پانی ته‌حریركرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردوو خێمه‌ی گۆره‌پانه‌كانی به‌سره‌ سوتێندران وئه‌مرۆش گۆره‌پانی ته‌یاران و پردی ئه‌حرار كه‌وتنه‌ ده‌ست هێزه‌ ئه‌منیه‌كان، ئه‌وه‌ی تائێستا به‌ته‌واوه‌تی له‌به‌رده‌ستی خۆپشانده‌رانداماوه‌ گۆره‌پانی ته‌حریری شاری به‌غدایه‌.