ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:13 - 09/03/2020

ئەگەر لەماوەی ١٥ رۆژدا سەرۆك كۆمار كاندیدێك رانەسپێرێت چی روودەدات؟‌

پەیسەر پرێس

تارق حەرب پسپۆری دەستوری عێراقی بە پەیسەرپرێسی راگەیاند، لەگەڵ ئەو وڵامانەی پێشتر دراون بە سەرۆك كۆمار، كوتلەی گەورە لەئەنجومەنی نوێنەران نیە، هاوپەیمانی سائیرون لەهەڵبژاردندا وەك كوتلەی یەكەم سەركەوت، بەڵام سازشی لەوە كرد.

ئەو شارەزا یاساییەی عێراق دەڵێت، ئەگەر لەماوەی ئەو ١٥ رۆژەدا سەرۆك كۆمار كەسێكی تر بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت رانەسپێرێت ئەوە بۆشایی دەستوری دروست نابێت چونكە حكومەتی كاربەرێكەر هەیە، ئەگەر تەنانەت عادل عەبدولمەهدی وازبهێنێت ئەوە سامرغەزبان وەك جێگری سەرۆك وەزیران دەتوانێت كارەكانی جێبەجێ بكات، ئەگەر ئەویش وازی هێنا ئەوە فواد حوسێن وەك جێگری سەرۆك وەزیران كارەكانی حكومەت رایی دەكات، بۆیە بەهیچ شێوەیەك بۆشایی دەستوری دروست نابێت.

سەبارەت بەوەی ئەگەر سەرۆك كۆمار نەیتوانی لەماوەی 15 رۆژدا كاندیدێكی نوێ بۆ پێكهێنانی حكومەت رابسپێرێت ئایە پێشێلكردنی دەستورە، حەرب دەڵێت وشەی پێشێلكاری قورسە، دەتواندرێت بگوترێت سەرپێچی دەستوریە و هیچ كاریگەریەكی دەستوری لەسەر دروست نابێت لەكاتێكدا ئەو مانگەی كە بۆ كاندیدی یەكەم دیاری دەكرێت ئەگەر لەو ماوەیەدا كابینەی حكومەتی پێكنەهێنا یان ئەنجومەنی نوێنەران متمانەی پێ نەدا، كاریگەری دەستوری لەسەر دروست دەبێت و دەڵێت پێویستە كەسێكی تر رادەسپێردرێت بەڵام بۆ كاندیدی دووەم دوای 15 رۆژەكە هیچی باس نەكردووە.

حەرب دەڵێت سەرۆك كۆمار لەگەڵ كوتلەشیعیەكان دانیشتنی كردووە و پێی گوتوون لەسەر كاندیدێك رێكبكەون تا رایبسپێرم بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەگەریش نەتانتوانی هەر حەوت كوتلە شیعیەكە رێكبكەون ئەوە زۆرینە لەسەر كاندیدێك رێكبكەون ئەویش مەرسومی بۆ دەردەكات.