ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

09:13 - 12/03/2020

"هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن حه‌شدی شه‌عبی هێرشه‌كه‌ی تاجی ئه‌نجامدابێت"‌

پەیسەر پرێس

حه‌سه‌ن ئالی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانى عێراق له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى، پێى وایه‌ حه‌شدى شه‌عبى له‌ پشت هێرشه‌كه‌ى سه‌ر سه‌ربازگه‌ى تاجییه‌وه‌یه‌، كه‌ دوو ئه‌مریكى و به‌ریتانییه‌كى تێدا كوژرا.

ئالی  به‌ په‌یسه‌ر پرێسی راگه‌یاند، ئه‌و هێرشه‌ له‌ توانای داعش-دا نییه‌،"بۆیه‌ هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ حه‌شدی شه‌عبی له‌پشت ئه‌و هێرشه‌وه‌ بووه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌مریكا خاوه‌نی تۆڕێكی هه‌واڵگری به‌هێزه‌ و ئه‌گه‌ر دڵنیا نه‌بوایه‌ كه‌ حه‌شدی شه‌عبی له‌پشت ئه‌و هێرشه‌وه‌یه‌، هێرشی نه‌ده‌كرده‌وه‌ سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی و ژماره‌یه‌ك چه‌كداری بكوژێت".

ئه‌و هێزانه‌ی هاتوونه‌ته‌ عێراق له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و مه‌شق و راهێنان به‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق ده‌كه‌ن، به‌پێی رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری هاتوون، پاراستنی ژیانیان له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراق-دایه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران گوتیشى:"به‌م دواییانه‌ جموجوڵی داعش له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ زانستی سه‌ربازیی ئه‌وه‌ لێكبدرێته‌وه‌ هێرشه‌كانی داعش له‌ عێراق سنوورداره‌. ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی ئه‌مریكا و عێراق رێك بێت، كه‌س ناتوانێت به‌ناوی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر ئه‌مریكا، عێراقییه‌كان خۆیان بیانوو ده‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌".

شه‌وی رابردوو هێرش كرایه‌ سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازیی تاجی ئه‌مریكا له‌ باكووری شاری به‌غداد، دوو سه‌ربازی ئه‌مریكی و سه‌ربازێكی به‌ریتانیی كوژران، ١٢ سه‌ربازی تریش برینداربوون، زۆری نه‌خایاند به‌ فڕۆكه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر چه‌ند بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی له‌ سنوره‌كانی عێراق و سوریا، به‌هۆیه‌وه‌ ٢٦ چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی و چه‌ند گرووپێكی تر كوژران، میدیاكانی عێراق وا بڵاویانكرده‌وه‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی،  تۆڵه‌ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی بووه‌.