ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:57 - 22/03/2020

ئێران له‌ عێراق ئاماده‌كارى بۆ ئه‌گه‌رى كوده‌تا ده‌كات‌

پەیسەر پرێس

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران و گروپه‌كانی له‌ عێراق له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ حه‌شدی شه‌عبی رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌موو هێزه‌كانیان خسته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه‌ بۆ ئه‌گه‌ری كوده‌تای سه‌ربازی، كه‌ بوگوتەی ئەو"ئه‌مریكیه‌كان پلانیان بۆ دارشتووه‌" به‌ مه‌به‌ستی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌به‌غداد.

سه‌رچاوه‌کە به‌ رۆژنامه‌ی(جه‌ریده‌ی)ی كوه‌یتی راگه‌یاندووه‌، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ئێران زانیاری هه‌واڵگرییان پێگه‌یشتووه‌، كه‌ ئه‌مریكییه‌كان هاوپه‌یمانه‌كانیان له‌ به‌غداد، ئاگاداركردووەته‌وه‌، كه‌ پشت به‌ستن به‌ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی چیتر سودی نییه‌، به‌بێ جوڵه‌ی هێزه‌چه‌كداره‌كانی نزیك له‌واشنتۆن، بۆ له‌باربردنی هه‌ژمونی ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌عێراق.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، پێكهاته‌ی سیاسی عێراق رێگه‌ به‌ ئه‌مریكییه‌كان نادات كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانی نزیك له‌واشنتۆن پۆسته‌كه‌ وه‌ربگرێت، ته‌نها له‌یه‌ك دۆخدا نه‌بێت كه‌ ئه‌ویش كوده‌تای سه‌ربازی نزیك له‌ واشنتۆنه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست.

سه‌رچاوه‌كه‌ باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌، كه‌ ئێرانییه‌كان ده‌رگای گفتوگۆی چڕوپڕیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سوننی و كوردییه‌كانی عێراق كردووەته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ك پێكبهێنن بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی "پلانی نوێی ئه‌مریكا" به‌ تایبه‌تیش له‌ كاتێكدا واشنتۆن هه‌وڵ ده‌دات سه‌رقاڵی ئێران به‌ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كۆرۆنا بقۆزێته‌وه‌، بۆ تێپه‌ڕاندنی پرۆژه‌كه‌ی.

رونیشیكردووەته‌وه‌، كه‌ ئێرانییه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كان رازی بكه‌ن كه‌ له‌ به‌رژەوه‌ندی هه‌موو لایه‌كه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانێكی مه‌ده‌نی ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست، هه‌ر كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی له‌كاتی ڕوودانی به‌واتای ئه‌وه‌ دێت هه‌موو لایه‌ك ده‌ستكه‌وته‌كانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، ره‌نگه‌ دۆخی عێراق بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می دیكتاتۆریه‌ت، هاوشێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حوسێن، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كوشتنی قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای  پاسداران و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، سه‌ره‌تای جوڵه‌ی ئه‌مریكا بوو بۆ گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی عێراق، چونكه‌ ئه‌مریكییه‌كان زانیارییان هه‌بووه‌ كه‌ سلێمانی په‌یوه‌ندی به‌هێزی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆری سیاسییه‌ عێراقییه‌كان هه‌بووه‌ و توانای ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ كه‌ مێزه‌كه‌ له‌هه‌ر دۆخێكدا هه‌ڵگێڕێته‌وه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ دانی به‌وه‌داناوه‌، كه‌ ئێران به‌ له‌ ده‌ستدانی سوله‌یمانی زیانێكی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وتووه‌ و تائێستا نه‌یتوانیووه‌ ئه‌و بۆشاییه‌ پڕ بكاته‌وه‌ كه‌ كارێزمای سوله‌یمانی جێیهێشتووه‌، كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو هاوپه‌یمانه‌كانی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌.

قبوڵكردنی به‌رهه‌م ساڵح به‌ راسپاردنی عه‌دنان زورفی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت، وه‌ك جێگره‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌شێوه‌یه‌كی فراوان له‌ لایه‌ن حزبه‌ شیعییه‌كانه‌وه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش هاوپه‌یمانی فه‌تح، كه‌ گروپه‌توندڕه‌وه‌كانی نزیك له‌ ئێرانی له‌خۆگرتووه‌ و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ راسپاردنی پێچه‌وانه‌ی بنه‌ما ده‌ستورییه‌كانه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مه‌رجی ئه‌وه‌ی داناوه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو"پشتیوانی سه‌روه‌ری خاكی عێراق بكات و رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ببێته‌وه‌ و مافی مرۆڤ بپارێزێت"، بۆ ئه‌وه‌ی پشتیوانی واشنتۆن به‌ده‌ست بهێنێت.