ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:03 - 28/03/2020

ئه‌مریكا بۆچی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی كه‌م ده‌كاته‌وه‌؟‌

پەیسەر پرێس

ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا بنكه‌سه‌ربازیه‌كانی له‌عێراق كه‌م كردۆته‌وه‌ به‌جۆرێك ژماره‌ی بنكه‌ سه‌ربازیه‌كانیان له‌ هه‌شت بنكه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌ پێنج بنكه‌ و له‌هه‌ریه‌ك له‌ بنكه‌كانی تاجی باكوری به‌غدتد و بسمایه‌ ی باشوری به‌غداد و كۆشكه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی له‌موسڵ ده‌كشێننه‌وه‌، و ته‌واوی ئه‌و هێزانه‌ش كه‌ له‌و بنكانه‌ ده‌كشێنه‌وه‌ ده‌برێن بۆ بنكه‌ی سه‌ربازی هه‌ریر له‌پارێزگای هه‌ولێر و بنكه‌ی سه‌ربازی  عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ پارێزگای رومادی، ئه‌و كشانه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌.

به‌پێی زانیاریه‌كانیش هۆكاری كشانه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا ژماره‌یه‌ك چه‌كی پێشكه‌وتووی بۆ پاراستنی هێزه‌كانی له‌عێراق هێناوه‌ و ته‌واوی ئه‌و چه‌كانه‌ش له‌و پێنج بنكه‌یه‌ جێگیر ده‌كرێن.

ئه‌مریكا هه‌رگیز له‌عێراق ناكشێته‌وه‌

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هه‌رگیز له‌عێراق ناكشێته‌وه‌ به‌ڵكو جێگۆركێیان به‌هێزه‌كانیان كردووه‌، ده‌شڵێت رۆیشتنه‌وه‌ی دیبلۆماتكار و باڵیۆز و كونسوڵه‌كانیان په‌یوه‌ندی به‌ نه‌خۆشی كۆرۆناوه‌ هه‌یه‌،نه‌ك رووداوی تر.

ده‌بێت عێراق داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ئه‌مریكا بكات

ریاز مه‌سعودی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند پلانی نوێی ئه‌مریكا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ئاسانی له‌قۆناغه‌كانی داهاتوودا هێرشبكات، گوتیشی ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا نیازی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ناو خاكی عێراق پرۆسه‌ی سه‌ربازی ئه‌نجام بدات داواشی له‌حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق كرد گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌مریكی بكه‌ن مه‌ترسی ئه‌و جوڵه‌ مه‌ترسیدارانه‌یان پێ رابگه‌یه‌نن.

له‌عێراق كوده‌تا ناكرێت

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید ده‌ڵێت كوده‌تای سه‌ربازی له‌عێراق زۆر قورسه‌چونكه‌ عێراق یه‌ك سوپای نیه‌ و له‌هه‌رێم پێشمه‌رگه‌ باڵاده‌سته‌ و له‌ناوچه‌ سوننیه‌كان حه‌شدی عه‌شائیری سوپا و له‌ناوچه‌شیعیه‌كان حه‌شدی شه‌عبی باڵا ده‌سته‌، بۆیه‌ كوده‌تا له‌عێراق زۆر ئه‌سته‌مه‌ هه‌ربۆیه‌ شیعه‌كان پێداگری له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كه‌ن ورێگه‌ ناده‌ن هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كوده‌تای سه‌ربازی هه‌رگیز رونه‌دات و ئه‌وان پێیان وایه‌ حه‌شد بۆته‌ گره‌نتی ئه‌وه‌ی له‌عێراق كوده‌تا نه‌كرێت و یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌ شیعیه‌كانیش ئه‌وه‌ی به‌من گوت كه‌ له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ هه‌رگیز حه‌شد هه‌ڵناوه‌شێننه‌وه‌.

شیعه‌كان نه‌رمییان به‌رامبه‌ر عه‌دنان زرفی نواندووه‌

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید ده‌ڵێت تائێستا له‌ناو شیعه‌كان گفتوگۆ و دانیشتن و راگۆرینه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام پێم وایه‌ جۆرێك له‌نه‌رمی نواندنیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ناچاری به‌ عه‌دنان زرفی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت رازی بن.