ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:46 - 01/04/2020

قائانى بۆ دوو مه‌به‌ست هاتووه‌ته‌ به‌غدا و نه‌جه‌ف‌

پەیسەر پرێس

شه‌وی رابردوو ئیسماعیل قائانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران، له‌رێگه‌ی فرۆكه‌یه‌كه‌وه‌ گه‌یشته‌ عێراق، به‌پێى زانیارییه‌كان قائانى بۆ دورخستنه‌وه‌ى عه‌دنان زورفى هاتووه‌و گفتوگۆكانى ده‌ستپێكردووه‌ و داوایه‌كیشى له‌ سه‌ركرده‌ شیعییه‌كان هه‌بووه‌.

بۆ دوو مه‌به‌ست هاتووه‌ بۆ عێراق
به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌توون، قائانى بۆ دوو مه‌به‌ست له‌ به‌غدایه‌، 
یه‌كه‌میان بۆ جێبه‌جێكردنی پلانێكی ئێران هاتووه‌، به‌مه‌به‌ستی دوورخستنه‌وه‌ی عه‌دنان زورفی و دانانی كاندیدێكی تر و ناوی قاسم ئه‌عره‌جی ده‌هێندرێت، راشیگه‌یاندووه‌:"به‌هه‌موو شێوه‌ك زورفی و هه‌موو كاندیدێكی تر كه‌ بۆچوونی دووژمنكارانه‌ی به‌رامبه‌ر تاران هه‌یه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌". 

به‌پێی زانیاریه‌كان ئیسماعیل قائانی، له‌گه‌ڵ هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح و نوری مالكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا و عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكی ره‌وتی نیشتمانی كۆبووه‌ته‌وه‌، بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ له‌ نه‌جه‌ف له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در كۆببێته‌وه‌، داواشیكردووه‌ ئه‌و چوار سه‌ركرده‌یه‌ كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران دیاری بكه‌ن و گوێ به‌ لایه‌نه‌ شیعیه‌كانی تر و پێكهاته‌كانی تر نه‌ده‌ن چونكه‌ ئه‌و پۆسته‌ مافی شیعیه‌یه‌ نه‌ك خه‌ڵكانی تر.

ته‌وه‌ری دووه‌می سه‌ردانه‌كه‌، بۆئه‌وه‌یه‌ پشتیوانی وڵاته‌كه‌ى بۆ گروپه‌ شیعیه‌كان دووپات بكاته‌وه‌ له‌هه‌ر هێرشێكی چاوه‌ڕوانكراوی ئه‌مریكا بۆسه‌ریان، داواشیكردووه‌ لایه‌نه‌ شیعییه‌كان پێداگری له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكه‌ن، بۆ ده‌ركردنی سوپای ئه‌مریكا له‌عێراق، سه‌رپه‌رشتی پلانێكی كردووه‌ بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراو و ناوه‌رۆكی پلانه‌كه‌شی بۆ سه‌ركرده‌ شیعییه‌كان روونكردووه‌ته‌وه‌.

په‌یسه‌ر په‌یوه‌ندیكرد، به‌ سه‌عد مه‌تڵه‌بى سه‌ركرده‌ى ده‌وڵه‌تى یاساوه‌، به‌ڵام مه‌تڵه‌بى گوتى، هیچ زانیارییه‌كى له‌سه‌ر ئه‌و سه‌ردانه‌ نییه‌.