ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:37 - 14/05/2020

ئێران چەکی پێشکەوتووی لە ئەل بوکەمەل حەشارداوە‌

پەیسەر

یەكێك لە بنەماكانی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران كە لە ساڵی 1979 وە دامەزراوە ناردنە دەرەوەی بیروباوەڕەكانی شۆڕش بووە بۆ ئەو میللەت و وڵاتانەی لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە لێیەوە نزیكن، وڵاتی سوریاش بەو پێیەی سیستەمی بەڕێوەبەردنی ئەو وڵاتە عەلەوی شیعەیە، بەیەكێك لە نزیكەكانی ئێران دێتە ئەژمارو لە هەموو وێستگەو گۆڕانكارییەكاندا پشتی پێ بەستووە، بەجۆرێك بەشێك لە توێژەرانی سیاسی سوریایان ناوناوە دەرگای حەوشەی پشتەوەی ئێران.

لە دوایین پێشهاتەكاندا دوێنێ چوارشەممە 13/5/2020 ماڵپەڕی ئیمەیج سات چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە لەلایەن مانگە دەستکردەکانەوە گیراوە و تێیدا دەركەوتووە ئێران تونێلێکی بۆ هەڵگرتنی چەکە پێشکەوتوەکانی لێداوەو لەوێ حەشاری داوون، یان خەریكی كاركردنن تیایدا، شوێنەكەش دەكەوێتە بنکەی ئیمام عەلی نزیک ئەل بوکەمەل لە شاری دێرزووری سوریا.


لە وێنەکاندا خەندەق و تونێلی ژێر بنکەکان دەرکەوتووە، کە یەکێکە لە گرنگترین بنکەکانی مێلیشیا ئێرانییەکان لە هەرێمە ڕۆژهەڵاتییەکاندا و نزیکایەتییەکی لەگەڵ عێراقدا هەیەو عێراقیش بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسی و كارگێڕییەی هەیەتی لە دوای 2003 وە بووەتە پردی پەڕینەوەی ئێران بە هەموو پێداویستیەكانیەوە بۆ وڵاتی سوریا.

وێنە سەتەلایتییەکان بەرپەرچدانەوەی دواین ڕاگەیاندنی ئیسرائیلن کە دەڵێت ئێران لە سوریا کشاوەتەوە، بە پێچەوانەوە لە وێنەکاندا دەرکەوتووە کە ئێران لە هەرێمەکەدا چالاکانە کاردەکات.
ئاشکرایە کە ئێران دەستی بەسەر دێر زووری ڕۆژهەڵاتدا گرتووە و وەک -حەوشەیەکی پشتەوە بۆ پەرەدان بە پڕۆژەکانی خۆی بەکاریدەهێنێت. ئەویش بەهۆی گرنگی شوێنە جوگرافییەکەیەوە چونکە سنوری لەگەڵ عێراقدا هەیە و بە یەکەم ڕێگەی وشكانی دادەنرێت کە ئێران لێیەوە چەک بباتە سوریا.


هەژموونی ئێران لە سوریا حاشا هەڵنەگرەو سەرجەم وڵاتانی دونیا بە ئەمەریكاو ئەنجوومەنی ئاسایش و روسیاشەوە دەزانن كە بوونی چەكدارە ئێرانیەكان و ئەو هێزانەی كە خەڵكی سوریان و بە هەر هۆكارێك ئەجێندای ئێران جێبەجێ دەكەن دیارو لەبەر چاون و ئێرانیەكان خۆشیان ئەو ڕاستییە ناشارنەوە.