ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:35 - 15/05/2020

میكانیزمى دابینكردنى مووچه‌ى ئه‌م مانگه‌ى عێراق‌

پەیسەر پرێس


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی عێراق به‌ ماڵپه‌ری عێراق الیوم-ی راگه‌یاندووه،‌ رێكارێكیان گرتووه‌ته‌ به‌ر بۆ دابینكردنی موچه‌ی ئه‌م مانگه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان، ره‌تیشی ده‌كاته‌وه‌ په‌نا به‌رنه‌ به‌ر چاپكردنی پاره‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه،‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ به‌رپرسان له‌وه‌زاره‌تی دارایی له‌رۆژی 4ی ئه‌م مانگه‌ به‌رێوه‌چووه‌، تێیدا باسی رێكاره‌كانی ئیداره‌دانی ئه‌و قه‌یرانه‌ كراوه‌، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردراوه‌ كه‌ پشت به‌ بانكه‌ عێراقییه‌كان ببه‌سترێت بۆ دابینكردنی مووچه‌ی ئه‌م مانگه‌.

سه‌باره‌ت به ‌چاپكردنی پاره،‌ سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ ئه‌و بژارده‌یه‌ دووره‌ و له ‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس نه‌كراوه‌، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح راوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباری دارایی رایگه‌یاند، حكومه‌ت پرۆژه‌یه‌كی پێشكه‌شی په‌رله‌مان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ی پێ بدات قه‌رزی ده‌ره‌كی و ناوخۆی بكات له‌كاتی پێویستدا به‌مه‌به‌ستی پركردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بوودجه‌ و به‌هێزكردنی دراوی عێراق.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ قه‌رزه‌ ده‌ره‌كییه‌كان بۆ پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان و ته‌واوكردنیان خه‌رج ده‌كرێن، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی زۆر پێویستن ته‌واو بكرێن، به‌ڵام قه‌رزه‌ ناوخۆییه‌كان بۆ خه‌رجی به‌كاربردنی حكومه‌ت ده‌بن و له‌ كاتی پێویستدا مووچه‌ و چه‌ند شتێكی تریان لێ ده‌درێت.

پێشتر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، پرۆژه‌ی وه‌رگرتنی قه‌رزی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی په‌سه‌ندكرد و ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی كرد، بۆ په‌سه‌ندكردنی به‌پێی ده‌ستوور.