ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:18 - 06/09/2020

بۆ ئەوەی چەك لەدەستی هۆزەكان دەربهێندرێت‌

پەیسەر پرێس

لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەران پێشنیار دەكات حكومەت چەك لە هۆزەكان بكڕێتەوە و ئەو كێشەیە بەبێ بەكارهێنانی توند و تیژی چارەسەر بكرێت..
محەمەد رەزا سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوایكرد، حكومەت ئەو چەكە بێ مۆڵەتانە وەربگرێتەوە كە لەلای هاوڵاتیان و هۆزەكان هەن لەڕێگەی كڕینیانەوە، بەبێ ئەوەی توند و تیژی بەكاربهێنێت.

سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری راشیگەیاندووە، پێویستە پرسی چەكی بێمۆڵەت دوور لەبەكارهێنانی هێز چارەسەر بكرێت و زۆرینەی هاوڵاتیانیش بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆرستانی داعش چەكیان كڕیوە.

محەمەد رەزا داوایكردووە حكومەت بڕگەیەك لە بودجە دیاری بكات بۆ كڕینەوە چەك بەتایبەتیش لە بەسرە و بەغداد و میسان، و سود لەو چەكە قورسانەش وەربگیردرێت و بدرێتە هێزە ئەمنیەكان.

ئەم پێشنیارە لەكاتێكدایە شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق دوێنێ شەممە رایگەیاند هێزە ئەمنیەكان دەستیان كردووە بەپرۆسەیەكی گەران و پشكنین بۆ چەك و كەسانی داواكراو لە ناوچەكانی حوسێنیە و فەزیلەی شاری بەغداد.

پێشتریش مستەفاكازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند حكومەت میراتێكی قورسی لە چەكی پەرش و بڵاو و شەڕی هۆزەكان بۆماوەتەوە، كە بونەتە مەترسی بۆسەر كۆمەڵگە و تاكەكان و هەروەها ئاستەنگیشە بۆ پرۆسەی دووبارە ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی وڵات.

كازمی داوای لە سەركردە  ئەمنیەكان كردووە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بكەن و هەمەهەنگیان هەبێت بۆ كۆتایی هێنان بەو دیاردەیە و سەپاندنی شكۆی دەوڵەت، و ڕووبەڕووبونەوەی هەر كەسێك كە سەقامگیری و ئاسایشی وڵات دەخاتە مەترسیەوە.