ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:15 - 24/09/2020

كازمی حزبێكی سیاسی دروست دەكات‌

پەیسەر

میدیاكانی عێراق بڵاویانكردەوە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق حزبێكی سیاسی دروست دەكات، و دادوەرێكیش دەكاتە سەرۆكی، هەنگاوەكەشی لەلایەن كوتلە سیاسیەكانەوە كاردانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت...

 
لەچەند رۆژی رابردوودا میدیاكانی عێراق بڵاویانكردەوە سەرۆك وەزیران دەیەوێت حزبێكی سیاسی دروست بكات و بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بكات كە بڕیارە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەرێوەبچێت، و كازمی خۆشی سەرۆكایەتی حزبەكە ناكات و یەكێك لە كەسە نزیكەكانی دەكاتە سەرۆك، كاندیدی بەهێزیش رائد جوحی بەرپرسی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانە كە دادوەری دادگایكردنی سەدام حوسێن دیكتاتۆری پێشوو بووە.

دەنگۆی دروستكردنی حزب لەلایەن كازمیەوە كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە، غایب عمیری سەركردە لە هاوپەیمانی سائیرون رایگەیاند" هەموو عێراقیەك مافی خۆیەتی حزبی سیاسی دروست بكات و بەشداری هەڵبژاردن بكات، بەڵام نابێت دەسەڵاتەكانی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی هەڵبژاردن بەكاربهێنێت"

بە پێی هەندێك لە سەرچاوەكان مستەفا كازمی ناوی حزبەكەشی دیاری كردووە بەناوی (التجمع الوطنی)یەو دەیەوێت وەك حزبێكی سەرانسەری عێراق بێت و لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراق بە كوردستانیشەوە لق و نوسینگەی هەبێت و بەشداریی هەڵبژاردنەكانی 6/6/2021 بكات.