ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

09:39 - 22/11/2020

پەیامەكانی پشت گەڕاندنەوەی (بی 52) بۆئاسمانەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست‌

پەیسەر پرێس

فڕۆكەی زەبەلاحی بی 52 لە دوای كوژرانی قاسمی سولەیمانیەوە گوازراوەتەوە بۆدورگەیەكی هیندستان و لە ئێستادا كە نزیك دەبینەوە لە ساڵڕۆژی ڕووداوی فرۆكەخانەی بەغداد و بەردەوامی هەڕەشەكانی ئێران بۆ تۆڵە سەندنەوە، فەرماندەیی هێزەكانی ئەمەریكا بڕیاریدا جارێكی دیكە بیگەڕێنێتەوە بۆئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تا ئێستاش یەكلایی نەبووەتەوە لەچ وڵاتێكی ناوچەكە جێگیریی دەكات.

 

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا فڕۆکەی بۆمبهاوێژیB 52ی گەڕاندەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فەرماندی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "فڕۆکەکە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان و پاراستنی سەلامەتیی هاوپەیمانانە."

فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، فڕۆکە بۆمبهاوێژەکەیان گەشتێکی دوورمەودای بێوەستانی بە ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، ئەو تاقیکردنەوەیە هێز و توانای ئەمریکا پیشاندەدات کە دەتوانێت لە کاتێکی کەمدا توانای خۆی ئاسمانی بە هەموو ناوچەیەکی جیهاندا بڵاوبکاتەوە و خێرا بچێتە پاڵ ئەو هێزانەی کە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەیی دەپارێزن.

گریگ گیۆت، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە توێتێكدا رایگەیاند، "جوڵەپێکردنی ئەو هێزانە بە خێرایی گرنگیی خۆی هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان."

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە، هەندێك لە سەرچاوەكان باسیان لەوە كردووە ساڵڕۆژی كوژرانی قاسمی سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بەڕیوەیەو ئێرانیش بەردەوام هەرەشەی تۆڵەكردنەوە دەكەن، هەفتەی رابردووش سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی باڵای ئیدارەکەیدا کە وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری بە وەکالەت ئامادەی بوون، داوای کردووە بژارە سەربازییەکانی دژ بە ئێران بخەنەڕوو. ئەوەش دوای ئەوەی ئاژانسی نێودەڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، ئێران 12 بەرامبەری یۆرانیۆمی پیتێنراوی رێگەپێدراوی لە کۆگایەکیدا هەیە.

لە کۆبوونەوەکەدا مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوە، کریستۆفەر میلەر، وەزیری بەرگری بە وەکالەت و ژەنەراڵ میلی، سەرۆک ئەرکانی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا هۆشدارییان داوەتە دۆناڵد ترەمپ کە هەر جۆرە هێرشێک لە دژی دامەزراوەکانی ئێران زۆر بە ئاسانی دەکرێت پەلبکێشێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی فراوان، ئەویش لە دوایین هەفتەکانی ئیدارەی ترەمپدا.

لە لایەكی دیكەوە جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندووە کە ئەمریکا دەگێڕێتەوە بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران و جارێکی دیکە هەوڵدەدات پابەند بن بە تەواوی مەرجەکانەوە، لەوانە هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان لە دژی ئێران،. و ئێرانیش بە شێك لە ئومێدەكانی لەسەر ئەو سەرۆكە نوێیە هەلچنییوە.

هەندێك لە شرۆڤەكارانیش باس لەوە دەكەن ئەگەر ئیدارەی ترەمپ هێرشێکی سەربازی بکات، چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا بخاتە دۆخێک کە رەنگە ئاڵۆزبێت و ئاسان نەبێت جۆ بایدن جارێکی دیکە رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران زیندووبکاتەوە.

بەپێی راپۆرتی نیۆیۆرک تایمز کە پشتی بە ژمارەیەک بەرپرسی ئێستای ئیدارەی ترەمپ و هەندێک بەرپرسی پێشووی ئەمریکا بەستووە، هەرجۆرە هێرشێک -جا سەربازی بێت یان هێرشی ئینتەرنێت- لە دژی بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز دەبێت کە گەورەترین دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێرانە و دەکەوێتە باشووری تارانی پایتەخت.
گریگ گیۆت ئەوەشی ڕاگەیاند كە گەڕانەوەی فڕۆكەی بی 52 بۆ ناوچەكە چالاكییە سەربازییەكانی هاوپەیمانان زیاتر دەكات.

بە پێی راپۆرتە هەواڵییەكان بی 52 لە سەرەتای ئەمساڵەوە و لە دوای هێرشە سەربازییەكەی ئەمەریكا بۆسەر ئۆتۆمبێلەكەی قاسمی سولەیمانی و هاوڕێكانی لە فرۆكەخانەی بەغداد براوەتە  داكوتای هیندستان و توانای ئەوەی هەیە لە یەك كاتدا كۆنترۆلی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا میسر بكات،

ژەنراڵ مەكنزی ڕایگەیاندووە كە چالاكیەكانی ئێران بەرەو هەڵكشان دەڕوات وبۆ ئەوەیە پێی بڵێین ئێران دەبێت لەوە تێبگات كە توانای وڵامدانەوەكمان هەیە.

فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا –سنتكانم- جەختی لەسەر ئەوەش كردووەتەوە كە ئەگەر ئێران بچێتە ناو ئەو شەڕەوە بە دڵنیاییەوە سەرئەنجامێكی باشی نابێت.
بە پێی هەواڵێكی ئاسۆشەیتدپرێس كە لە زاری بەرپرسانی عێراقی بڵاویكردووەتەوە دوێنێ ئاغای قائانی بە گروپە شیعیەكانی سەر بەئێرانی ڕاگەیاندووە تا ئەو كاتەی دەوڵەتەكەی جۆبایدن خۆی دەگرێت چالاكیەكانیان ڕابگرن..

بە پێی دەستووری ئەمەریكاش لە 20مانگی كانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو دۆناڵد ترامپ كۆتایی بەماوەی سەرۆكایەتیەكەی دێت و جۆبایدنی سەرۆكی تازە هەڵبژێردراوی ئەمەریكا دەست بەكارەكانی دەكات.

بۆزاانیاریی زیاتر لە بارەی فرۆكەی بی 52 كلیك لێرە بكە