ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:18 - 12/01/2019

هێزەكانی ئەمریكا دەگەڕێنەوە عێراق‌

پەیسەر

هێزەكانی ئەمریكا دەگەڕێنەوە بۆ عێراق و پەیسەرپرێسیش ئامانجەكانی ئاشكرا دەكات..
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، ئیدارەی ئێستای ئەمریكا بەسەرۆكایەتی دۆناڵدترەمپ پێی وایە كشانەوەی سوپای ئەمریكا لەعێراق هەڵەبووە، و لەدوای ئەو هەنگاوەوە بەرەبەرە ئێران هەژمون و پێگەی خۆی لەعێراق بەهێزكردووە، بۆیە واشنتۆن دەیەوێت هێزەكانی بگەڕێنێتەوە بۆ عێراق ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەی ئەمریكا و عێراق لەساڵی 2014 و لەسەردەمی كابینەی نوری مالكی و لەسەروبەندی سەرهەڵدانی رێكخراوی تیرۆرستی داعش واژۆیان كردووە.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت واشنتۆن پێی وایە لەدوای ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان لە 25ی ئەیلولی ساڵی 2017 هەژمونی ئێران لەعێراق زۆر بەهێزتر بووە و تاران وەك پارێزەری یەكپارچەی خاكی عێراق دەردەكەوێت، بۆیە واشنتۆن لە 9 مانگی رابردوودا هەوڵەكانی خستۆتەگەڕ بۆ گەرانەوەی هێزەكانی بۆ عێراق.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت ئەمریكا بەشێكی زۆری ئەو بنكەسەربازیانەی عێراقی وەرگرتۆتەوە كە پێش ساڵی 2011 بەدەستیەوە بووە.
سەبارەت بە ئامانجی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق سەرچاوەكە دەڵێت سێ ئامانجیان هەیە: ئەوانیش 
یەكەم چاودێری سەربازی و رێگری لەئۆپەراسیۆنی ئێران و توركیا بۆسەر عێراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها چاودێری جموجوڵی روسیا لە ناوچەكە دەكات.
سەرچاوەكە دەڵێت لەدوای هاتنی هێزەكانی ئەمریكا بۆ هەرێم ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا و ئێران نەماون.
دووەم: ئەمریكا دەیەوێت لەعێراق و هەرێمی كوردستانەوە چاودێری ئەو وڵات و لایەنانە بكات كە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەكەن، و هەروەها واشنتۆن دەیەوێت چاودێری بازرگانی عێراق و توركیا و وڵاتانی تر بكات.
سێیەم: ئەمریكا دەیەوێت لەرێگەی ئەو هێزەوە پەیوەندیەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان بەهێز بكات و سنورێك بۆ گەشەی هەژمونی روسیا و ئێران دابنێت، و هەوڵی لێكنزیكردنەوەی بەغداد و هەولێر و كەمكردنەوەی كێشەكانیان دەدات.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێران لەم هەنگاوەی ئەمریكا نیگەرانە و پێدەچێت لەچەند رۆژی داهاتوودا بەفەرمی هەڵوێستی هەبێت، هەروەها  لەناو خاكی عێراقیش تاران دەیەوێت لەرێگەی چەند كوتلەیەكەوە ئەو پرسە لەئەنجومەنی نوێنەران بوروژێنێت، لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراقیش هەریەك لە هاوپەیمانیەتی نەسر بەسەرۆكایەتی حەیدەرعەبادی و هاوپەیمانیەتی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالكی یەكتر بەهێنانەوەی سوپای ئەمریكا تۆمەتبار دەكەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەكە ئەمریكا دەیەوێت كۆنترۆڵی ناوچەی جێناكۆكەكان بكات.