ئافرەت، ئافرۆدیت، عفریتە

31/03/2019

هادی محەمەدی

ئافرەت: هەندێ کەس هەروا بە هاکۆ دەڵێن کە وشەی "ئافرەت"ی کوردی لە "ئافرۆدیت"ـەوە هاتووە. یان هەندێکی تر دەڵێن لە عفریتە و لە عەورەتەوە هاتووە. مامۆستا هێمن یش لە ساڵی ١٩٨٥ دا لە وتووێژێک لەگەل فەرهاد شاکەلی دەڵێ: ئافرەت هەر لە عەورەتەوە هاتووە.

بەڵام بەپێی فەرهەنگی ئاڵمانی بارتۆلۆمە، وشەی ئافریتی بە دوو مانای جیاواز دێت: لەلایەک بەمانای anwünschen و segen یانی بەفەڕ زانین و ئافەرین گوتن، لەلایەک بەمانایfluch  و verwünschen، یانی نەفرەتی و بێ فەڕ زانین. ئەمە یانی چە؟ دەکرێ بێژین کە ئەم وشانە لە ڕیشەی "فەڕ" بەدیهاتوون و دواتر لە سەردەمی نوێ دا لە لایەک بووگن بە ئافەرین و، لەلایەک بووگن بە نەفرین، یانی وشەی ئافریتی دواتر بووە بە نەفرەتی، یانی تەنیا پێشگری ئا بووە بە نە و بەمجۆرە وشەکە نوێ بۆتەوە. هەروەها لە کوردی نوێ دا بۆ ئەم مەبەستە بەفەڕ و بێ فەڕ بەکار دێن. بەڵام لەم نێوەدا ڕوون نییە کە وشەی ئافرەتی کوردی بەمانای پۆزەتیڤ پێکهاتووە، یان نگەتیڤ. کەوایە دەکرێ بێژین ئەگەر ئافرەت بەپێی کۆنتێکستی فەرهەنگی میترایی بەدیهاتبێ، ئەوە مانایەکی بەرز و پۆزەتیڤی هەیە و وێدەچێ کە ئافرۆدیتی یۆنانیش هەر لەمەوە بەدیهاتبێ. بەڵام ئەگەر لە کۆنتێکستی دینی زەردەشتەوە بەدیهاتبێ، ئەوە بەمانای نزم و نگەتیڤ بووە و ڕەنگە وشەی عفریتەی عەرەبیش لەو بەدیهاتبێ. دەشکرێ بێژین هەر دوو حاڵەت دروستە و سەرەتا لە فەرهەنگی میترایی دا بەمانای بەرز و بەفەڕ بەدیهاتووە. بەڵام دواتر دینی دژەمیترایی زەردەشتی دێفۆرمەی کردووە و بە بێ فەڕ و عفریتەی زانیوە، ڕێک وەکچۆن وشەی "دەیو"ی دێواند و کردی بە دێو.

ئاخۆ دەکرێ ئافرۆدیت لە ئافریتی بەدیهاتبێ؟ وەک دەزانین ئافرۆدیت لە زمانی یۆنانی دا ژنە و هێمای ئەڤین و جوانی یە. بەڵام بە ئێحتماڵی زۆر ئەم ناوە دەگەڕێتەوە بۆ کۆنتێکستی جڤاتی هوری*. بەپێی کام ئارگومێنت؟ بەپێی ئەوە کە ناوی خودا لە زمانەکانی یۆنانی، لاتین، ئیسپانی و فەرانسی دا لە ناوی خودای جڤاتی هوری، یانی لە دەیۆ بەدیهاتوون. دەیۆ/ دەئۆ/ دەژۆ ناوی دیکەی میترایە. بەمانای بەدیهێنەر، دەهەندە و دادار. دەیۆ لە زمانی کوردی نوێ دا بووە بە دایە. لە یۆنانی دا بووە بە زەیوس، لە لاتین دا بووە بە دەئوس. کە سەیری فەرهەنگی ئیتمۆلۆژی ئیتالیش دەکەن، لەوێش دەڵی "دەئوس" لە زمانی ئاری/ هورییەوە هاتووە. جگە لەمەش، بەگشتی فەرهەنگی فرەخودایی یۆنانی بە ئیلهام وەرگرتن لە کۆنتێکستی کولتوری فرەخودایی هوری بەدیهاتووە. چ بەهۆی نزیکی جوغرافی، چ نزیکی زمانی کولتوری.


 کەوابوو ئەی ئافرۆدیتی یۆنانی لە کام ناو و مەفهومی هوری/ میترایی بەدیهاتووە؟ ڕەنگە لە ئافرۆدائیتی! بەمانای دایکی بەفەڕ، دایکی زایەندە و بەدیهێنەر. بەڵام ئەم وشەیەم بەمشیوەیە لە هیچ دەقێکی تایبەت دا نەدیوە. ئەمما بەشێوەی "ڤەنگهو دائیتی" هەم لە ڤەندیداد و هەم لە بەشەکانی تری ئەڤێستادا چەندین جار هاتووە و ناوی ڕووباری فەرات بووە. لێرەدا ڤەنگهو دائیتی یانی دایکی پیرۆز، دایکی مێهرەبان. لەبەر ئەوەی دەقێکی ئەوتۆ لە سەردەمی هوری نەماوەتەوە ناکرێ بەدڵنیایی باسی ئەوە بکەین کە تێرمی "ئافرۆدائیتی" هەبووە و دواتر ئافرۆدیت لەو بەدیهاتووە. بەڵام ئەم دوانە چ لە فۆنۆلۆژی و چ لە سیمانتیک/ مانادا چەندە لێک نزیکن!  

ئێستا دەبێ بپرسین کە چما ڕووباری فەرات لە زمانی هوری دا بەم ناوە ناونراوە؟ بە خاتر ئەوە کە فەرات لە چیاکانی باشووری ئەرمەنستان سەرچاوە دەگرێ و بە کوردستانی باکووردا، یانی بە شارەکانی ئامەد و ئورفا و هتددا ڕەت دەبێ تا لە شاری ڕەقە بەملاوە بەرەو دیجلە یان تیگرە دەبێتەوە. ئەم دەڤەرەش لە مێژووی کەڤناردا زێد و نیشتیمانی جڤاتانی هوری، هیتی، میتان و ئورارتو بووە، کە هەر چواریان میترا پەرست و دایکسالار بووگن. یانی لە کولتووری ئەوان دا ژن/ دایک پلە و پێگەیەکی بەرز و پیرۆزی هەیە. کەوابوو ڕوباری فەرات وەک گرنگترین ڕووباری سەرچاوەی ژیان بە دایکی پیرۆز و مێهرەبان ناونراوە. وە هەروەها وەکوو خودایەکی زەمینی ستایش کراوە. بەڵام لە سەردەمانی دواتردا، کاتێ کۆمەڵگە تووشی گۆڕان و وەرچەرخان دەبێ. کاتێ دینی ئاسمانی/ متافیزیکی و دەوڵەت و دەسەڵاتی پیاوسالار پێکدێت، شەڕ و ململانێیەکی تووند و تیژ لەنێوان دوو ئیدیۆلۆژی دینی میترایی دایک سالار و دینی متافیزیکی باوکسالاردا ڕوودەدات، کە دەتوانین ئاماژە بە دوو نموونەیان بکەین. یەکەم، کاتێ دەوڵەتی سومێری پێکدێت. لە خشتنووسی سومێری ئینکی و ئینانادا ئەم شەڕە ئیدیۆلۆژیکە بەخەستی ڕەنگی داوەتەوە. لەوێ، ئینانا، یانی خودا خاتوونی دایک، سکاڵای ئەوە دەکات کە سەد و چوار شتی گرنگی داهێناوە کە لە لایەن ئینکی، خودای باوکەوە لێی دزراوە! دووهەم، کاتێ دینی متافیزیکی زەردەشتی پێکدێت، مەزدا پەرستان لە دژی میترا پەرستان دەوەستن. لە ئەڤێستادا دەیو، یانی خودای میترایی دەدێوێنن و دەیکەن بە دێو. لەوە بەدوا میتراپەرستان لە ئەڤێستادا بە دێویەسنا یانی دێوپەرست/ لایەنگرانی شەیتان دەناسرێن. ئەمە لە کاتێک دایە کە دێو هەر هەمان دەیو یان دایکی بەدیهێنەر بووە. کەوایە وێدەچێ وشەی ئافرەت بەمانای ژن یان دایکی مێهرەبان لە زمان کولتوری سامی دا بووبێ بە عیفریتە، بەمانای دێو و شەیتان و جنۆکە. یان پیرژنێکی جادووگەر.

وەک وتمان دەیو، خودای میترایی کە دەچێتە ناو زمان کولتوری یۆنان و ڕۆم، دەبێ بە زێئوس و دەئوس. کاتێ لە سەردەمانی دواتردا ئەسکەندەر هێرش دەکا و تێکڕای ئەمپراتۆری ئێران دەگرێت، لەوە بەدوا لە بەشێکی بەرین لە وەڵات ناوی دەیۆ پاشگری "س" یۆنانی وەردەگرێ و دەبێ بە دیوس. بەجۆرێک کە لە دینی ئێزیدیان دا مەلک تاوس هەر لە دەئوس بەدیهاتووە و هەر هەمان دەیو یان میترایە کە وەک مەزنترین فریشتە دەیپەرستن. بەڵام دینی عەرەبی ئیسلامی دەیشەیتێنێ و دەیکا بە شەیتان. ئەوجار ئێزیدیان بە شەیتان پەرست دەناسێنێ و لە دژیان فەرمان دەردەکا. چما، بەخاتر چی؟ بەخاتر ئەوە کە مەلک تاوس ژن بووە، زیاتر بەخاتر ئەوە کە سەمبوڵ و هێمای هەست و سۆزی ئێرۆتیکی ژنانەیە. تازە هەر بەمەش واز ناهێنێ و وشەی دیوس لەباری ماناوە لە خشتە دەبا و دەیکا بە دەیوس، بەمانای جاکەش...    

وە ئەمما چما دینی متافیزیکی سومێری، زەردەشتی و ئیسلامی وادەکەن؟
هۆکار ڕۆشن و ئاشکرایە. چون لە جڤاتی هوری/میترایی دا هەموو شتێ هین هەمووانە. کۆمەڵگە بەشێوی کۆمۆن بەڕێوە دەچێ. دەوڵەت و کۆمەڵگەی چینایەتی بوونی نییە. بەتایبەت سێکس ئازادە. باوک بێ مانایە. ژن دەتوانێ لەگەل هەموان سێکسی هەبێ. تەنانەت کچانی هوری تا ئاستی خودایی بەرزێندراون. سترابۆنی یۆنانی کە لە سەرەتای مێژووی زاینی دا لە باکووری کوردستان یەکێ لە پەرسگەکانی ئاناهیتای لە نزیکەوە دیوە، ئەم شتەی بە جوانی باس کردووە. ئەو دەنووسێ: لێرە لە پەرسگاکانی ئاناهیتا کچانی گەورەماڵان، کچی ماڵە ڕەسەنەکان، لەگەل هەرکەس کە پێیان خۆش بێت سێکس دەکەن. دواتریش کاتێ کە ژیانی هاوبەش پێکدێنن، ئاکاری پێشوویان مایەی نەنگ و ڕسوایی نییە." پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین ئەو سەردەمە کە سترابۆن باسی دەکات سەردەمی ئەشکانییە و جارێکی تر دینی میترایی ژیاوەتەوە. بەڵام خوێنەری وردبین و شارەزا ئەوە دەزانێت کە پێکهاتنی دەوڵەت لەگەل دینی متافیزیکی پیاوانە و کۆمەڵگەی چینایەتی و کۆیلەکردنی ژنان پێوەندی قووڵی لۆژیکی هەیە. یانی ئیدیۆلۆژی دەوڵەت سالار کە لەپێناو دەسەڵاتی پادیشا، لەپێناو ئۆتۆریتەی باوکی مەزن پێکهاتووە، دەبێ دەسەڵاتی ژن و دایکسالاری لەنێو ببات. تا ژنان کۆنترۆڵ بکا و حەرەمسەرا بۆ پادشاکان، بۆ چینی دەسەڵاتدار بڕازێنێتەوە. تاکوو پەرە بە بازرگانی سێکس بدات. هەر بۆیە دەیو خاوەن دەسەڵاتی خودایی دەدێوێنێ و ئافرەت دەکات بە عیفریتە. بەڵام لە کونتێکستی جڤاتی یۆنانی دا کە ڕاستەوخۆ لە فەرهەنگی هوری میترایی ئیلهامی وەرگرتووە، وە فەرهەنگێکی ئیرۆسی/ ئێرۆتیکی و دیۆنیزۆسی ڕیشەداری هەیە، لەوێ مەفهومی ئافرۆدائیتی دەبێ بە ئافرۆدیت، یانی خودای ئەڤین و جوانی و مێهرەبانی...

تێبینی*: لێرەدا پێویستە بەکورتی ئاماژە بە جڤاتی هوری میترایی بکەین. لەناو ئەو هۆز و گرووپانەی کە لە شەش هەزار ساڵ بەر لە زاینەوە لە دەڤەری توروس زاگرۆس ژیاون و بەجۆرێک نەخش و شەقڵی خۆیان لە جوغرافیا و لە زمان کولتووری ئەم دەڤەرەدا بەجێهێشتووە. هۆزی هوری یەکەمینە. تەنانەت من پێم وایە دوو ناوی هوری و ئاری لە بناغەدا هەر یەک شتن. هوورییەکان خاوەنی سێ دەسکەوتی هەرە گرنگن: یەکەم شۆڕشی کشتوکاڵ، دووهەم بەدیهێنانی زمانی دایک، یانی گرووپی زمانانی هند و ئوروپا، سێهەم پێکهێنانی ژیانی دایکسالاری و دینی سروشتی میترایی. 

جگە لە خودی هوورییەکان، ئەم هۆزانەش میترا پەرست بووگن: هیتی، میتانی، ئورارتو، گوتی، لولوبی، کاسی، سەکایی و ... بەڵام بە سەرهەڵدانی مادەکان دینی متافیزیکی پیاوانە پێکدێت، مەزدا پەرستی لە دژی میترا پەرستی دەوەستێ. جگە لە دەوڵەتی مادە، پارسەکانیش لە سەردەمی داریوش بەملاوە دەبن بە مەزدا پەرست. هۆکاری ئەم پرسەش ڕوون و ئاشکرایە، هەر دوو دەسەڵاتی مەزنی ئەمپراتۆری ماد و پارس کە بەسەر ئاشور و بابل دا زاڵ بووگن، پێویستیان بە پاڵپشتی ئیدیۆلۆژیکی دینێکی ئاسمانی هەیە. بەڵام بە هاتنی یۆنانییەکان و سەرهەڵدانی پارتەکان، جارێکی تر دینی میترا لە وەڵات دەژێتەوە و پەرەدەستێنێ. شایانی باسە کە لەم سەردەمەدا جۆرێک تەبایی و سازگاری لەنێوان دینی زەردەشتی و میترایی دا پێکدێت کە بە قووڵی لە یەشتەکانی ئەڤێستادا ڕەنگی داوەتەوە. بەتایبەت لە میترا یەشت، ئاوان یەشت و لە بارام یەشت دا. کەچی دیسانەوە بە سەرهەڵدانی ئەردەشیری ساسانی، کۆتایی بە دینی میترا پەرستی دێت و دینی زەردەشتی دەکرێ بە دینی هەموو وەڵات...