ژنانی دۆزەخی

22/06/2019

هادی محەمەدی

له‌ ته‌شقی ئاسمانه‌وه‌ دێی یان له‌ ناخی گێژاوەکانه‌وه‌؟
نیونیگای دۆزەخی و یه‌زدانیت 
خێر و شه‌ڕی تێکەڵاو کردووە و‌ دەلرفێنێ
‌ته‌نیا ده‌توانم به‌ شه‌رابت بشوبهێنم.

له‌ چاوانتا خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوات تێكەڵاو کردووە
وەکوو شەوێکی تۆفانی بۆن و به‌رامه‌ی هەستڕفێن دەپرووشێنی. 
ماچت بادە و، دەمت جامی شەراب
‌‌‌قارەمان کاول دەکا و، مناڵ دەکا بە قارەمان.

له‌ ناخی ‌هەڵدێرەکانەوە دێی، یان له‌ جریوەی ئه‌ستێره‌كانه‌وه‌.
گیانی ئه‌فسوونکراو وه‌كوو سه‌گێ لە دووت دەکشێ...


بودلێر لەم شێعرەدا باسی ژنی دۆزەخی دەکات. ژنی دۆزەخی یانی چی؟ چ جۆرە بوونەوەرێکە؟ "داستایڤسکی"ش لە رۆمانی کارامازۆڤ دا لە زمانی دیمیتری یەوە گروشنکا بە ژنی دۆزەخی وەسف دەکات. پێشتر پێم وابوو کە ئەم تێرمە هی خودی داستایڤسکی بێت. بەڵام ئێستا پاش وەرگێڕانی ئەم شێعرە بۆم دەرکەوت کە داستایڤسکی زۆر ئیلهامی لە ئەدەبیاتی فەرانسە و بەتایبەت لە بالزاک و بودلێر وەرگرتووە. بەڵام ئاخۆ ژنی دۆزەخی کێ یە؟ 

وەک بودلێر دەڵێ: نیونیگای دۆزه‌خی و یه‌زدانیت خێر و شه‌ڕی تێکەڵاو کردووە و‌ دەلرفێنێ... خۆرهه‌ڵات و خۆراوا له‌ چاوانتا تێكئاڵاون..." کەوابوو ژنی دۆزەخی یانی ناکۆکی و پارادوکس، یانی پاک و پیس، پیرۆز و نگریس. بەڵام رەنگە هیچ کەس وەکوو هانری تراڤیا، راڤیاری بەرهەمەکانی داستایڤسکی، ئەم تێرمەی بە باشی پێناسە نەکردبێت، ئەو دەنووسێ: "خزمێکی گروشێنکا ئاوا باسی ئەم ژنە ده‌کات: 

"ژنێکی هه‌رزه‌ و به‌ره‌ڵایه‌ که‌ خۆزگه‌ خزمی ئێمه‌ نه‌بووایە." کارامازۆفی پیر ده‌ڵێ: "قه‌حبه‌یه‌"، هه‌روه‌تر ده‌ڵێ: "ئه‌م قه‌حبه‌یه‌ ره‌نگه‌ له‌ هه‌موو کەشیشانی پەرستگە پیرۆزتر بێ‌". هه‌ندێ که‌س دبێژن: "ئه‌م ژنه‌ حه‌یوانه‌". به‌ڵام که‌سانێکی تر ده‌ڵێن: "نا، ئه‌م ژنه‌ فریشته‌یه‌". دیمیتری ده‌ڵێ: "ئه‌رێ وایه‌، ئه‌م ژنه‌ پڵنگه‌، شاژنی بێ شه‌رمی و ژنێکی ته‌واو دۆزه‌خییه‌، سه‌رده‌سته‌ی هه‌موو ژنانی دۆزه‌خی و به‌ره‌ڵای سه‌ر زه‌وییه‌." سه‌رئه‌نجام، ئه‌وه‌ی کار ده‌کاته‌ سه‌ر ئالیوشا هه‌ڵسوکه‌وتی ساکار و حاڵەتی دڵبزوێنی روخساری ئه‌م ژنه‌یه‌‌.

"له‌م نێوه‌دا ده‌بێ بڕوا به‌ قسه‌ی کێ بکه‌ین؟ قسه‌ی هه‌موان. چونکه‌ گروشێنکا شایانی هه‌ر جۆره‌ داوه‌رییه‌که‌. گروشێنکا، کچی جوان، کچی حیز، حه‌یوان، پیرۆز. هه‌ر جۆره‌ خه‌سڵه‌تێکی ناکۆک که‌ له‌ ژن دا به‌دی ده‌کرێ، له‌و‌دا ده‌بینرێ. به‌ڕای پۆلینا سوسولڤا، کە سەردەمێک دڵدار و هاوڕێی داستایڤسکی بوو، "گروشێنکا ژنه‌. ژن جۆرێک شێتییه‌‌ که‌ له‌ گۆشت چێکراوه‌." ئاخ کە پۆلینا چاکێ پێکاوە! بەڵام ئەوانەی کە شارەزای ژیانی داستایڤسکی بن، باش دەزانن کە هەر ئەم پۆلینایە کە وەها قسەیەکی حەکیمانەی کردووە، چ دەردێکی بە داستایڤسکی بلیمەت داوە!

هانری تراڤیا لە درێژەدا دەڵێ:" ژنان هه‌موو ته‌مه‌نیان له‌ چاوه‌ڕوانی دا به‌سه‌ر ده‌به‌ن، بۆ به‌دیهاتنی حه‌ز و خواسته‌کانیان هه‌رده‌م په‌شێو و په‌رێشانن. به‌و حه‌زه‌وه‌ ده‌سوتێن که‌ خۆیان بده‌ن بەدەستەوە، به‌ڵام کاتێ پیاو داوایان لێده‌کات، سه‌رزه‌نشتی ده‌که‌ن...

هه‌ندێ جار وه‌حشی و تووڕه‌ ده‌بن تا دواتر نه‌رم و مێهره‌بان ببن و له‌زه‌ت ببه‌ن. هه‌ندێ جار گه‌رم و مێهره‌بانن تا دواتر تووڕه‌ و تەوسن ببن و چێژ وه‌رگرن. ژنان خاوه‌نی شه‌رمی پیس و شه‌هوه‌تی پاکن. له‌گه‌ڵ پیاو و خودا و خۆشیان درۆ ده‌که‌ن. ناوێرن له‌ئاست ژیان به‌ره‌وڕوو بن، یاری به‌ ژیان ده‌که‌ن. وه‌کچون له‌ به‌رانبه‌ر ئاوێنه‌ ده‌وه‌ستن، ئاواش له‌گه‌ڵ ژیان بەرەوڕو‌و ده‌بن: روخساری خۆیان ده‌سازن، حاڵه‌تی خۆیان ده‌گۆڕن، ره‌وشت و شێواز و مێتۆدی خۆیان ده‌گۆڕن، تا به‌مجۆره‌ بیسه‌لمێنن که‌ هه‌ن. پیاو له‌ ئاکار و گوفتاری دا سه‌قامگیر و خاوه‌ن به‌ڵێنه‌، به‌ڵام ژن به‌رده‌وام خۆی ده‌گۆڕێ تا به‌مجۆره‌ بوونی خۆی بنوێنێ. پیاو ده‌یه‌وێت یه‌کڕەنگ بێت. ژن ده‌یه‌وێت فرەڕەنگ‌ بێت، جیاواز بێت. پیاو کاتێ لایه‌نی باش و خراپی خۆی بناسێ، خۆی  به‌ که‌سێکی به‌هێز ده‌زانێ، به‌ڵام ژن له‌وپه‌ڕی بێ خه‌به‌ری دا هه‌ست به‌ هێزی خۆی ده‌کات. پیاو، جیهانێکی ئورگانیک و یه‌کانگیره‌، ژن جیهانێکی شپرز و بێ فۆرمه‌. له‌گه‌ڵ ژن دا ره‌نگه‌ هه‌ر جۆره‌ کاره‌ساتێک رووبدات، له‌گه‌ڵ ژن دا هیچ شتێک ئه‌رخه‌یان و متمانه‌به‌خش نییه‌، پیاو یان ده‌بێ له‌ ژن هه‌ڵێت، یان بیری داگیرکردنی ژن له‌ گۆڕ بنێت..."

وەک لە شعرەکەی بودلێریش دا دەبینین، ئەم ژنە هەم دێوە و هەم پەری، هەم جنۆکەیە و هەم خوداشێوە، پێگەیشتن و داگیرکردنیشی هێندە ئەستەمە کە سکاڵای شاعیر مەبەست ناپێکێ: 


ئاخ‌ ئەی فریشتەی جوانی!
گرنگ نییه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاتووی یان له‌ دۆزه‌خه‌وه‌
دێوێكی مەزن و سامناكی، یان فریشتەیەکی شۆخ و نازداری.

گرنگ نییە خودا بی یاکوو شەیتان،
فریشتە بی یان ئەفسوونگەر
ئەتۆ ئەی فریشتە، ئەی هۆنراوە، ئەی بۆن عەنبەرین،
ئەی شازادە تاقانەکەم!
سەردەم پەست و سپڵەیە
چرکەکان قورس و کورچک بڕ
دەسا ئاوڕێ!

 لە شاکارە ئەدەبییەکانیش دا هەر وایە: تێرمی ژنی دۆزەخی بودلێر، هەم لە لای داستایڤسکی پەرەدەستێنێ و لە دوو رۆمانی گەمژە و کارامازۆف دا، لە کاراکتەری ناستازیا و گرۆشنکا دا بە تەشق دەگات، هەم لە ژنی ئەفسوونی سادق هدایت دا پەرە دەگرێ و جارێک دڵداری قارەمانی رۆمانە و جارێکیتر کۆیلەی دەستی گنە پیاوانە. بۆیە سەرئەنجام بە دەستی دڵدارەکەی دەکوژرێت و رۆمان بەشێوزاێکی تراژیک کۆتایی دێت. ئەمە لەکاتێک دایە کە لە رۆمانی گەمژەی داستایڤسکیش دا "ناستازیا"ش بە دەستی دڵدارەکەی دەکوژرێت. لە ڕۆمانی کوردی " گرەوی بەختی هەڵاڵە"ش دا هەڵاڵە لە دۆزەخی نێوان دوو دنیای کۆن و نوێ دا، لەنێوان ململانێی حەمە ڕەشید ئاغا و برایمۆک دا ورد و وێران دەبێ تا ئەوە کە لە سوئێد، لە کانگای دیموکراسی دا بە دەستی شێرزاد دەکوژرێت. ئاخۆ ئەگەر کارامازۆف نەکوژرابا و دیمیتری بۆ زیندانی سیبری دوور نەخرابایەوە، گروشینکاش تووشی وەها چارەنووسێک نەدەبوو؟! ڕەنگە ئەویش بە دەستی دیمیتری دەکوژرا...

وا هەست ئەکەم سەرهەڵدانی تێرمی ژنی دۆزەخی، چ لە دنیای ڕاستین و، چ لە دنیای ئەدەبیات دا، زیاتر بەرهەمی سەردەمی وەرچەرخان بێت. سەردەمی تێکڕوخانی سیستمی کۆمەڵایەتی کۆن و، سەرەتاکانی بەدیهاتنی سیستمێکی نوێ. وەک دەشزانین بودلێر و داستایڤسکی، هدایەت و عەتا نەهایی، هەر هەموویان نووسەرانی سەردەمی وەرچەرخانن. ئەو جۆرەش کە وەها نووسەرانێکی مەزن ئەم تێرمە دەنەخشێنن، خەسڵەتی سەرەکی ژنی دۆزەخی بریتییە لە جوانی، ناکۆکی و پارادۆکس، یانی ژنی دۆزەخی وەکوو ژانوس دوو روخساری هەیە. لە دۆزەخی نێوان دوو دنیای کۆن و نوێ دا گیری کردووە. لەلایەک لەگەڵ شەپۆلی ئازادی و کرانەوە دەکەوێ و دەبێ بە دڵداری قارەمانانی پێشەنگ و پێشکەوتنخواز، لەلایەکی ترەوە، دەست و پێی بە نەریتی کۆن و داڕزیو زنجیر کراوە و تەسلیمی ئەو دۆخە دەبێت کە گنە پیاوانی گەڕ و گول دەستیان بەسەردا گرتووە. بەجۆرێک کە ڕقی دڵدارانی شێتی پێشەنگ هەڵدەگیرسێنی و دەبێتە سەنتەری ململانێی دوو هێزی یەزدانی و ئەهریمەنی. چ کارەساتێکی سامناک! ژن، ئەم بوونەوەرە هەرە نەرم و نیانە دەبێ بە چەقی شەڕ و کۆنفلێکتی دوو هێزی بێ رەحمی تووندوتیژ کە زۆر جار وەک گوڵێکی زراڤ و بێگەرد پەڕپەڕ دەبێ. 

ئەگەر لە کارامازۆڤی داستایڤسکی دا، کارامازۆفی باوک پیاوێکی رژد و کونسێرڤاتیڤە و دەستی بەسەر ماڵ و سامانی خۆی دا گرتووە و کوڕەکانی لە ماڵ و میرات بێ بەش کردووە، بەپیچەوانەوە دیمیتری و ئیڤان کەسانێکی یاخی و سەربزێون و بە بیر و کردار لە دژی باوک و لە دژی سیستمی کۆن دەجەنگن. هەروەتر، ئەگەر لە رۆمانی کوندی کوێری هیدایەت دا، گنەپیاو وەک نوێنەری بیری داڕزیوی دینی رۆڵ دەگێڕی و لە درزی دیانە ژنگنەکانییەوە وشە عەرەبیەکان دەڕژینە دەرەوە و تۆوی بیری تاناتووسی دەچێنێ و مێشکی مرۆڤەکان دەژەهرێنێ، چیرۆکبیژی رۆمان، وەک کەسێکی تەواو تیپیکی مێژووی نوێ دەردەکەوێ کە دەخوازی دنیایەکی نوێ بەدی بێنێ. یان ئەگەر ئەو خەنجەرەی کە هەڵاڵە دەکوژێ، هێما و سەمبوڵی بیری پاوانخوازی حەمە ڕەشی ئاغایە، برایمۆک و د. سەعید کەسانێکی خەباتکار و ڕۆشنبیرن و لە دژی پاوانخوازی حەمە ڕەشی دەجەنگن. لەم نێوەش دا ژنی دۆزەخی لە مابەینی ئەم دوو هێزەدا جارێک دەبێ بە قەحبە و، جارێکی تر دەبێ بە فریشتە...