مانا و ئێتمۆلۆژی وشەی کەرکوک

08/06/2019

هادی محەمەدی

لەوە ناچێ وشەی "کەرکووک" بەمشێوە نووسینە لە هیچ کام لە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئاسووری/ سۆریانی دا هیچ مانایەکی هەبێ. وادیارە ئەم وشەیە لەبناغەدا جۆرێکی تر بووە و شێواوە. لە کتێبەکانی یاقوت حەمەوی، ابن خردادبێهـ و مستەوفی قەزوینی دا هیچ ئاماژەیەک بە ناوی شاری "کەرکووک" نەکراوە. بەڵام مارکوارتی ئەڵمانی بەپێی کتێبی جوغرافی بەتلەمیوسی* یۆنانی، لە تەنیشت موسڵ باسی پارێزگایەک بەناوی "گۆگڕەک/gograk" دەکات کە خوارتر لە دەڤەری "زۆر" یان "زور" [یانی هەمان شارەزوور] هەڵکەوتووە. {ئێرانشار، مارکوارت} 

لەمەڕ پێشینەی ناوی کەرکوک ئەم ناوانە جێگەی سەرنجن: گڕاگڕکان، گڕاگڕ، گڕکۆکانە، گۆگڕەک و گڕکۆ. ئەم دەڤەرە لەپاش روخانی دەوڵەتی ئاشور ناوی گوڕگوڕە بووە. ئیستاش بووە بە "بابە گوڕگوڕ". 

لە دەفتەری سەرئەنجام دا باسی چەندین شار و دەڤەری کوردەواری دەکرێت کە شارەزوور و کەرکوکیشی تێدایە. ئەڵبەت وشەی کەرکووک بەشێوەی کۆنتر هاتووە: 

 

یاران جێگەم گەلێ خۆشە
تۆیش بۆ یاری تێبکۆشە
چونکە بێ یار دڵ پەرۆشە
لە شارەزوور مەی بنۆشە
لەوێ چەند شار زۆر تەیارە
ئەو شارانە گشت ئی یارە
گەر خاس بی لەم رۆژیارە
شاری کرکۆ لە تۆ دیــــارە!
[سەرئەنجام، دەورەی عابدین]


ئەم هەڵبەستە لە کۆتایی سەدەی هەشتی کۆچی دا، یانی لە سەردەمی سوڵتان سەهاک دا بەدیهاتووە. وەک دەبینین لێرەدا هێشتا ناوی کەرکووک بەتەواوی پێکنەهاتووە. یانی وشەی "کرکو" کە وادیارە لە بناغەدا "گڕکۆ" بووە، لەژێر زەختی زمانی عەرەبی دا کە پیتی "گ"ی نییە بووە بە کرکو. چونکە هەموو وشەکانی گۆگڕەک/بەتلەمیوس، گوڕگوڕ و گڕگڕ هەموویان ئاماژە بە گڕ و بڵێسەی ئاگری نەوتەکەی بابە گوڕگوڕ دەکەن. وەک دەوترێ ئەم ئاگرە بە ئاگری جاویدان ناسراوە و سەدان و هەزاران ساڵە لەژێر خاکەوە بە تەوژم دێتە دەرێ و بەردەوام دەگڕڕێ و دەسووتێ. کە سەگی بۆزەنی کلۆنیالیسمی بریتانیایی ئەم نەفتەی دۆزییەوە، لەو ڕۆژەوە ئاگری جاویدانی بابەگوڕ گوڕ بوو بە ئاگری نەگبەتی بۆ دانیشتوانی کەرکووک.

هەر لە زمانی کوردی دا جگە لە وشەی "گڕکۆ" وشەی "گڕکان"مان هەیە، ئەویش بە کێو یان شوێنێک دەوترێ کە ئاگر دەپرژێنێ.

گەر خاس بی لەم رۆژیارە
شاری کرکۆ لە تۆ دیــــارە!

ئەم جۆرە لە گرنگی و پێداگری لەسەر شاری گڕکۆ/کەرکووک کە لێرەدا بەر لە شارەکانی تر ناوی هاتووە و بە شاری یار ناسراوە، ڕەنگە دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی کاکەییەکانی ئەو شارە کە تا ئێستاش بەشێک لە دانیشتوانی کەرکووک پێکدێنن. بەڵام وادیارە کە لە کاتی نووسینی ئەم هەڵبەستەدا زۆر زیاتر بووگن.

بەمجۆرە وادەردەکەوێ کە ناوی گۆگڕەک و گڕکۆ دواتر لەژێر زەختی زمانی عەرەبی دا دەشێوێ و دەبێ بە کەرکوک. دەڤەری "زۆر" یان "زور"یش کە بەتلەمیوس ئاماژەی پێکردووە، هەر هەمان مەڵبەندی "شارەزوور"ە کە لە سەرووی کەرکوک هەڵکەوتووە و لە شێعرەکەی دەفتەری سەرئەنجامیش دا هاتووە. هەروەها لە سەردەمانی کۆن دا دەوروبەری کەرکوک بە "گەرمەکان"یش ناسراوە کە ئێستا بووە بە گەرمیان.

بەتلەمیوس: جوغرافیزانی یۆنانی سەدەی دووهەمی زاینی بووە.