كەركوك دڵە یا قودس

11/06/2019

گۆریان هەڵەبجەیی

هەر لە سەرەتای شەستەكانەوە دوو حیزبە سەرەكیەكەی كوردستانی باشور جەدەلێكی قوڵ و فراوانیان هەیە بۆ دەسەڵات، ئەگەر جەوهەری قسەكان ڕووت بكەینەوە بێجگە مەسەلەی قەڵەمڕەوی هیچ شتێك لە ئارا نیە، پێكنەهاتنی ئەم دوو هێڵە هاوتەریبە زەرەری گورچكبڕی لە كەركوك و كوردستان داوە و ئێستاشی لە گەڵ بێت هەر بەردەوامە .

كە ئەوترێت شۆڕشی كورد لەپێناو كەركوكدا تواوەتەوە،ئەم گوتەیە دەلالەتی جیاواز هەڵدەگرێت.  لە بارە كۆمەڵایەتیەكەیدا ئەمە منەتەو بە ناو چاوی كەركوك و كەكوكیەكان ئەدرێتەوە، لە بارە مێژوییەكەیدا سادە و ساكاریی سیاسەتی كوردە، لە بارە ئایدیاییەكەیەوە پڕ لە نالۆژیكی، چونكە كاتێ ورد ئەبینەوە لە دەستەی دانوستانكاری كورد، ئەو ڕستیەمان بۆ ڕون دەبێتەوە كە بۆ چۆنیەتی قسەكردن لە گەڵ ناوەند ئەڵتەرناتیڤی كە هەبوە ئەوەی كە دەوترێت (كورد یا هیچی ناوێت یا هەموو شتێ) ڕاست و دروست دێتەوە .

سیاسەتی كوردی تا ئێستا ئەم گوزارشتە تەشریفیەی تێنەپەڕاندوە، كەركوك دڵ و قودسی كوردستانە. بە حساب بۆ گەورەیی و پیرۆزی كەركوكە، من وەك هاوڵاتیەك زۆر نیگەرانم كاتێ ئەم گوتەزایە ئەبیستم ، چونكە ئەگەر كەركوك دڵ بێت ئەوا ڕۆژێك لە ڕۆژان لەلێدان ئەكەوێت و گۆڕەو شار ئەدرێت، خۆ ئەگەر قودسیش بێت، باوەڕ بكەن قودس تا مەنزومەی سیاسی نێو نەتەوەیی نەگۆڕێت هەرگیزاو هەرگیز نادرێتەوە بە عەرەب، وە باوەڕیشم وایە ئەم قسە هەڵینجاوی بێهیواییە نەك هیواداریی .

لێرەوە پێویستە پرسیارە گەورەكە بوروژێنین ئایا كەركوك خاڵی بە هێزی كوردە یا ڕێگایەكی بنبەست ؟ 
بە ئاوڕدانەوەمان بۆ ڕابردوو خاڵە لاوازەكەیە، چونكە سودی لێنەبینراوە و لە گەمە سیاسیەكاندا نەبوەتە داشە بە هێزەكە، نەبوەتە چەقی باسەكان، لە ناوخۆ و دەرەوە تا ئەو كاتە خەباتمان لە پێناویا كردوە كە بەرخۆدانمان بە گەل كردبێت، كە هاتوەتە سەر ئەوەی یا كەركوك یا حیزب حیزبمان هەڵبژاردووە، وە ئەمەشمان بە پێچەوانە بە نەتەوەكەمان وتوە و حیزب منەتی بە سەر كەركوكدا كردوە .

كەواتە كەی عەقڵیەتی سیاسی كورد ئەتوانێت سود لە كەیسی كەركوك وەرگرێت و بیكاتە خاڵی بەهێزی دانوستان و كەركوك بكاتە چەق نەك پەراوێز، جارێ با شتێ بە ڕون و ڕەوانی بڵێم پێكهاتەی كەركوك یەكلا نابێتەوە ئەگەر بێت و واقیع بین نەبین و نەسیجی كۆمەڵایەتی ئەو شوێنە هەرس نەكەین . 

بە داڕشتنێكی سادە و بە هەمیشەیی دەبینین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوەتە سەنتەری كێبەركێ سیاسیەكانی جیهان ، رەنگە كورد دڵی لی خۆی دابمێنێت و بڵێین كەركوك بۆ قەدەری وایە ؟ راستیەكەی وایە لەم رۆژهەڵاتەدا هەر كەركوك نیە ، بەڵكو لە زۆر شوێن هەندێ ناوچە كراوەتە فاكتەر بۆ هەركاتێك ئەگەر زلهێزەكان بیانەوێ‌، ولایەتی موسڵ بە نمونە، شەتولعەرەب لە نێوان عێراق و ئێران ، (تونبی گەورە ، تونبی بچووك و ئەبو موسا ) لە نێوان ئێران و ئیمارات، لە نێوان هیندستان و پاكستاندا كشمیر،  بەرزاییەكانی جۆلان لە نێوان سوریا و ئیسرائیل، لە میسر بیابانی سینا، ......... هتد.

كەواتە كەركوك یەكێكە نەك گشت لە كێشە هەڵپەسێراوەكان، هەموو ئەمانە بە پلان كراوە . 

لە روی كات و هەلومەرجەوە ئێستا كاتی خۆیەتی پێویستە واز لە مەعمەعەی شازدەی ئۆكتۆبەر بهێنین هەروەك چۆن وازمان لە سی و یەكی ئاب هێنا، ئەم دەردەشە گەنمە سوتاوەكان نابوژینێتەوە،بنەبڕی تیرۆر ناكات، پێشمەرگە ناگەڕێنێتەوە بۆ كەركوك . 
بڕوانن ماڵی عەرەب لە كەركوك چەند پرش و بڵاوە ؟ شیعەیان هەیە، سوننەیان هەیە ، مەسیحیان هەیە ، عیلمانیشیان هەیە ، عەرەبی هاوردە و ڕەسەنیشیان هەیە ، توركەكانیش بە هەمان شێوە ، وە ئەمریكاش ئامادە نیە بیانكاتە هاوپەیمان بۆ خۆی ، هەرچی هێز هەیە لە بەرمەبنای شیعە و سوننە دڵخوازی ئەمریكا نیە ، كەواتە تاكە ئەڵەرناتیڤ بۆ ئەمریكا كوردەو ئەوەش واقیعەكەیە .

كەچی دەبینین دووبەرەكی كورد هەموو ئەو خاڵە لاوازانەی ئەوان پەردە پۆش ئەكات و ئەوە حاڵی بەد حاڵمانە كە دەبینرێت ، كورد ئەگەر یەك بێت پارێزگار بە خواستی خۆی دائەنێت ، مادەی سەد و چل چالاك ئەكاتەوە ، ئەنجومەن كۆدەبێتەوە و بڕیار دەرئەكات ، لە سەرو هەموو ئەمانەشەوە ناوەند ئەكەوێتە جوڵە بۆ ئەوەی كە دەنگدانی پارێزگاكان پێش بخات . 

بیركردنەوەیەك هەیە كە زۆر مەحاڵە و بگرە نەخۆشیشە ، عەقڵیەتی سیاسی كورد هەوڵی ئەوە ئەدات كە عەرەب و توركمان بخاتە ناو فەلەكی خۆیەوە ، سەرباری زۆری دانیشتوانی كورد لەو پارێزگایە ، لەڕاستیدا ئێمە پێویستمان بە بەشێك لە دەنگی عەرەب و توركمان هەیە نەك گشتی ، ئەویش تەنها بۆ گەمە سیاسیەكەیە ، كاتی خۆی و كاتێ‌ پێشمەرگە لەوێ‌ بوو حەنان فەتلاوی ئەیوت كەركوك رۆشت و فرۆشرا ،بەڵام ئەم كاراكتەرە سیاسیە نەیئەزانی ماڵی كورد چەند پرش و بڵاوە هەر لە ماڵی خۆیانەوە سەیری دنیای ئەكرد . 

وەڵامی ئەو پرسیارەش كێ‌ ئەتوانێت كەركوك بگەڕێنێتەوە بۆ ئامێزی كوردستان ؟ بیركردنەوەیەكی ناوەكی كورد هەیە لە سیاسەتكردندا زۆر كارەساتە، بزانن برادەرانی یەكێتی سەرەتاو كۆتا كەركوكیان كردوە بە دەسپێك بۆ گەڕانەوەی هەیمەنەیان، چاوی دوربینەكەیان هەر كەركوك ئەبینێت، برادەرانی پارتیش تۆڵەی زەمانی قال و بەلا بە كەركوك ئەكەنەوە، سیاسەت بەبوغزوقین ئەكەن، بەرێژەی نەگۆر دایان ناوە هەموو رێگاكان بچنەوە هەولێر، پێیان وایە لە كەركوك سازش بۆ یەكێتی بكەن ئیتر باری لاری ئەوان راست ئەبێتەوە كە بە دروستی وا نیە و مقەوماتی بە هێزی یەكێتی لە سلێمانیە و توانای بە كار هێنانی نیە ، برادەرانی یەكێتیش مام جەلالیانە بیر ناكەنەوە وا ئەزانن باری نا لەباریان هەر بەكەركوك راست ئەبێتەوە . 

لە سەرو ئەم هەموو گلەیی گازەندانە كە ئەیكەین هێشتا ئەو یەكێتی پارتیە كە ئەتوانن كەركوك بگەڕێننەوە بۆ كوردستان ، خۆ ئەوە نەكرا بێ دودڵی هەر ئەوان تاوانبارن ، وە مەسەلەكەش ئەوە نیە كە عەرەب توركمان بە هێز بون بەڵكو بێسەروبەری خۆمان بووە.

لە كۆتا قسەمدا ئەوەی ئەم بۆچونە بەربەرچ دەداتەوە یەكبوونی كوردە لەكەركوك و ئەو كات دڵ و قودسیش بە تەفسیرێكی باش ئەشكێتەوە ، هیوادارم من هەڵە بم .