تێروانینی یاسایی سەبارەت بە پرۆژە یاسای هەڵبژاردن و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن

26/11/2019

چۆمان محەمەد

شەقامی عێراقی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی گەورە بەخۆیەوە بینی، بەریەككەوتن و كوژران و بریندار كردنی خۆپیشاندەران و هاوڵاتیانی لێكەوتەوە، خۆپیشاندەران چەندین داواكاری و خواستیان هەیە لەگرنگترینیان داوای باشكردنی دۆخی ژیانیان و بژێویان و چارەسەری بێكاری و چاكسازی و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵیە، تارادەی داواكردنی هەمواری دەستوری عێراقی و گۆڕینی سیستەمی سیاسی و هەمواركردنەوەو گۆڕینی چەندین یاسای تایبەتمەند، حكومەتی عێراق وەك وەڵامدانەوەو بەتەنگەوە هاتنی ئەو ناڕەزایانە چەندین، جوڵەی دەست پێكروە لەروی گۆڕینی فەرماندەی سەربازی و هەنگاونان بۆ چاكسازی، پەرلەمانی عێراقیش چەند یاسایەكی دەركردوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی امتیازاتی هەر سێ‌ سەرۆكایەتیەكەو گۆڕینی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو، لەم نێوەندەدا حكومەتی عێراقی دوو پڕۆژە یاسای پێشكەشی پەرلەمانی عێراق كردوە لە ١٣/١١/٢٠١٩ تایبەت بە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، پێویستە قسەی جدی لەسەر ئەم دووپڕۆژەیە بكرێت، چونكە پەیوەستن بەكایەی سیاسی هێزەكانی عێراق و هاوسەنگی و پارسەنگی هێز بەجۆرێكی تر دادەڕێژێتەوە، سەرباری ئەوەی كاریگەری راستەوخۆی لەسەر سەرجەم پێكهاتەكان هەیەو بەگەلی كوردیشەوە، بۆیە هەوڵدەدەین تیشك بخەینە سەر ئەو خاڵ و بابەتانەی كە جێی مشتومڕی لایەنە سیاسیەكانە شڕۆڤەی هەردوو پڕۆژەكە بكەین.

یەكەم / پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
ئەم پرۆژەیە لەدوای ناڕەزایەكان و خۆپیشاندانەكانی عێاراق سەرەتا لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمار ئامادەكرا وەك وەڵامدانەوەو بەدەمەوە هاتنی داواكاری خۆپیشاندانەكان تا دواتر لە ١٣/١١/٢٠١٩ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرا، بەمەبەستی دەرچواندنی یاسایەكی نوێ كە گرنگترین  ئەو تەوەرانەی كە شیاوی باس كردنن بریتین لە:-

1. ئەم پرۆژە یاسایە پرۆژەیەكی تازەی گشتگیرە لە ٥٠ مادە پێكهاتوە، پرۆژەیەكی بەدیلە بۆ یاسای ژمارە ٤٥ ساڵی ٢٠١٣ هەمواركراو، پێشنیاری هەڵوەشاندنەوە كردوە.

2. ئەم پرۆژە یاسایە كرانەوەیەكی تێدایە بۆ بابەتی تاك بەوەی رێگە بەلیستی تاك واتا (القائمە المنفردە) دەدات بۆ خۆكاندیدكردن، وەك وەڵامدانەوە بۆ داخوازیەكانی شەقام، تا رادەیەك رۆڵی حیزب كەمدەكاتەوە هاوڵاتی تاك بێ‌ منەت دەبێت لەحیزب تاوەكو خۆی كاندید بكات، بەڵام ئەم رێگەپێدانە بەرەهایی نەهاتوە پەیوەست كراوە بەمەرجێكی قورس ئەوەیە كە هەر تاكێك پێویستە بۆ پەسەنكردنی كاندیدبونی تۆمارێكی ٥٠٠ كەسی پێشكەش بكات كە پشتگیری دەكەن لەو دەنگەرانەی كەلە دائیرەی هەڵبژاردنی ئەو كەسەن و دەیەوێت خۆی كاندید بكات، ئەم مەرجەش تارادەیەك هاوسەنگی دروست دەكات.

3. ئەم پرۆژە یاسایە مافی خۆپاڵاوتنی لە ٣٠ ساڵ كەمكردۆتەوە بۆ ٢٥ ساڵ كە ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ داخوازیەكانی شەقام و گەنجانی عێراقی.

4. پرۆژە یاساكە مافی خۆكاندیدكردن وەردەگرێتەوە بۆ هەموو ئەوانەی پلەی باڵای تایبەتیان هەیە، كە خۆیان كاندید بكەن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران تا دوو ساڵ تێپەڕنەبێت بەسەر پۆستەكانیان، پۆستەكانیش بریتین لە (سەرۆكی كۆمارو جێگرەكەی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكەی، وەزیرەكان، سەرۆكی دەستەكان و جێگرەكانیان، بریكاری وەزیر، راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی و پارێزگارو جێگركانیان). كە ئەمەش هەنگاوێكی پێویست و گرنگە، ئەو كەسانە پێگەی وەزیفی خۆیان بۆ كاندیدبونیان بەكارنەهێنن بۆیە ئەمە خاڵێكی بەسودە.

5. پرۆژە یاساكە جیاكاری كردوە لەنێوان كاندیدی لیستی تاك و كاندیدانی لیستی حیزبەكان، لەروی دانی بارمتەی بەژداری، لێرەدا تاك هیچ بارمتەیەك نادات بەلام كاندیدی لیستی حیزبەكان لێرەدا پێویستە تأمینات بدەن، كە ئەمە جیاكاریەكی هەستپێكراوە، گەر ئەمەش هاندان بێت و ئاسانكاری بێت بۆ تاك بەژداری بكات، ناكرێت لەسەر حسابی بارمتە و تأمینات بێت، چونكە ئەم پارەیە بۆ حاڵەتی مخالفات و سەرپێچیە گەر ئەنجامدرا لەو پارەیە دەبڕێت، پێشبینی كراویشە تاكیش وەك كاندیدی حیزبەكان پێشێلكاری و خروقاتی هەبێت، لەوە سەیرتر ئەوەیە ئەم پرۆژەیە دەڵێت گەر كاندید دەرنەچوو ئەوا بارمتەكە بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەبێت، كە ئەمەش تەواو نایاساییە چونكە دەرنەچونی كاندید سزا نیە تا ئەو پارەیە نەگەڕێنرێتەوە، سەرباری ئەوەی پارەكە وەك بارمتە وەرگیراوە، بارمتە دەبێت بدرێتەوە.

6. ئەم پرۆژە یاسایە دەستی بردوە بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی كورسیەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لە ٣٢٩ كورسیەوە بۆ ٢٥١ كورسی كە ٢٤٢ كورسیان دابەش دەبێت بۆ پارێزگاكان بەپێی سنوری كارگێڕی و ٩ كورسی بۆ پێكهاتە جیاوازەكان وەك كورسی كۆتا، لێرە دیاریكردنی كورسیەكانی پەرلەمان و كەمكردنەوەی لەگەڵ ئەوەی هەنگاوێكی باشەو بەشێكە لەخواستەكانی شەقامی عێراقی و كەمكردنەوەی بارگرانی دارایی، بەڵام لێرەدا رێگری دەستوری هەیەو لەدەستوری هەمیشەیی عێراقیدا ئاماژەی پێداوە كورسی پەرلەمانی لەسەر بنەمای بۆ هەر ١٠٠ هەزار كەس دیاریكراوە بۆیە پێویستە ئەم بڕگەی دەستورە هەمواربكرێتەوە ناكرێت لەرووی پلەبەندی یاسای دەستوریە ئەم كەمكردنەوەی كورسیانە ئەنجامبدرێت بەپێی یاسای پەرلەمانی.

7. پرۆژە یاساكە، بڕگەیەكی تێدایە رێگری دەكات لەوكاندیدانەی كە بونەتە پەرلەمانتارو دەرچوون، خۆیان كاندید بكەن بۆ پۆستی وەزیری حكومەت، ئەمەش هەنگاوێكی كرداری گونجاو بۆ خۆساغكردنەوەی كاندیدەكانی پەرلەمان لە دەرئەنجامیشدا سودی دەبێت بۆ بنەمای جیاكاری نێوان دەسەڵاتەكان، چونكە پەرلەمانتار خەڵك متمانەی پێداوەو دەنگی پێداوە تا پەرلەمانتار بێت و نوێنەری خەڵك بێت و چاودێربێت لەسەر كاروباری حكومەت نەك ببێتە وەزیری حكومەت.

8. تایبەت بەسیستەمی هەڵبژاردن (النڤام الانتخابی) كە هەستیارترین و گرنگترین بابەتی یاسای هەڵبژاردنە، ئەم پرۆژەیە قاچێكی لەنێو سیستەمی نوێنەرایەتی رێژەییەو قاچەكەی تری لەنێو سیستەمی تێكەڵاو، هەرچەندە لێرەدا وا دەردەكەوێت لیستی تاكی فەرامۆش نەكردوەو گرنگە بەڵام لەدەرئەنجامدا هەر لەخزمەتی كاندیدی لیستی كراوەو  حیزبی گەورەكاندایە چونكە ئەم پرۆژەیە بەم جۆرە دەنگدانی بۆ جیادەكاتەوەو كاندیدو لیستی سەركەوتو دیاری دەكات.

٥٠% كورسیەكانی ناوچەیەكی هەڵبژاردن بۆ هەمو ئەو كاندیدانەیە كە زۆرترین دەنگ دێنن جا لە لیستی تاك یاخود لیستی كراوەی حیزبەكان، لەواقیعدا تەنها كەسە حیزبیەكان كە سەرۆكی لیستن لەو پارێزگایە بەڕێژەی بەرزو ژمارەی گەورە دێنێت بۆیە چانسی تاك زۆر كەم دەبێت بۆ دەرچون ئەمە نمونەی سیستەمی تێكەڵاوە.

وە ٥٠% كورسیەكانی تری ناوچەی هەڵبژاردن بۆ كاندیدەكانی لیستی كراوە دەبێت كە ئەمە كارپێكردنی سیستەمی نوێنەرایەتی رێژەییە.

هەر چەندە پرۆژەكە دەڵێت لیستی كراوە، بەڵام ئەمە هەڵەیە لەرووی زانستی هەڵبژاردن، چونكە لەپرۆژەكەدا دەنگدەری عێراقی تاك دەنگ دەدات بەیەك كاندید بۆیە ناكرێت بوترێت كراوە راستە بوترێت نیمچە كراوە یاخود سنوردار.
بۆیە پرۆژەكە لەروكەشدا وا دەردەكەوێت تاك گرنگە بەڵام لەدەرئەنجامدا تاك بەئاسانی نابێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران.

9. پرۆژ یاساكە دیسان پشت دەبەستێت بە دەنگدانی ئەلیكترۆنی بۆ بەزووی یەكلا كردنەوەی دەنگەكان ئەمەش گەر كاركردن بێت بەسیستەمی هەڵبژاردنی ٢٠١٨ پەرلەمانی عێراق زۆر مەترسیدارە، پرۆژە یاساكە دەڵێت گەر تانە هەبوو لەسەر ناوەندی دەنگدان بەدەست ئەژمار دەكرێت عیبرەت بەدەستیەكە دەرئەنجامی دەبێت ئەمە خاڵێكی بەسودە.

10. ئەم پرۆژەیە پێشنیاری لیژنەیەك دەكات لەئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و نوێنەرایەتی وەزارەتی پلاندانان و ناوخۆو بازرگانی و كۆمسیۆن و بەچاودێری نەتەوە یەكگرتوەكان لەباری زیادكردنی (٥%) لەتۆماری دەنگدەرانی ساڵانەی جیگایەك. ئەمەش هەنگاوێكی باشە بۆ رێگری لەزیادكردنی ناو وەهمی و بێ بنەما بۆ لیستی تۆماری دەنگدەران.

11. ئەم پڕۆژە یاسایە لە دیاریكردنی كورسی بۆ سەرجەم پارێزگاكانی عێراقدا، پارێزگای هەڵەبجەی فەرامۆش كردوە ناوی نەهێنراوە، خاڵێكی مەترسیە بۆ پێگەی كورد، وە بابەتی یەكلابونەوەو اعتراف كردن بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

12. ژمارەی كورسیەكانی ئەو چوار پارێزگاكەی كە بە كوردەوە پەیوەستە (هەولێر + دهۆك + سلێمانی + كەركوك) لەیاسا كۆنە كارپێكراوەكە ٥٦ كورسی بووە، بەڵام لەپڕۆژە یاساكەدا پێشنیاریكردوە بكرێتە ٣٩ كە ئەمە سەرباری ئەوەی كەمكردنەوەی كورسیەكان دژ بەدەستورە، بەڵام پێویستە پەرلەمانتارانی كورد شەڕ بكەن لەسەر ئەوەی كە لەسەر چ بنەماو پێوەرێك ئاوا كەمكراوەتەوە، وە وردبینی بكەن بۆ ئەو ناوچانەی كە شیعەو سونە بونیان هەیەو ئایە بەهەمان رێژە كەمكراونەتەوە؟

دووەم / پرۆژە یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان
گرنگترین ئەو خاڵانەی كە جێی مشتومڕو ئاماژەپێدانن ئەمانەی خوارەوەن:

1. ئەم پرۆژە یاسایە پرۆژەیەكی بەدیلە بۆ یاسا كۆنەكە كەیاسای ژمارە ١١ ساڵی ٢٠٠٧ (قانون المفوڤیە العلیا المستقلە للانتخابات)، پڕۆژەكە پێشنیاری ئیلغا كردنەوەی یاسا كۆنەكەی كردوە.

2. كرۆكی ئەم پرۆژە یاسایە بریتیە لەمیكانیزمی دانانی ئەنجومەنی كۆمسیاران، پرۆژەكە پێشنیاری كەمكردنەوەی كۆمسیارانی كردوە بۆ ٧ ئەندام واتا ژمارەیان كەمكردۆتەوە لە ٩بۆ ٧ ئەندام، ماوەی كاركردنیان بەچوار ساڵ دەست نیشانكردوە بەبێ‌ ئەوەی شیاوی نوێكردنەوەبێت.

3. ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران لەروانگەی دانان و پێدانی متمانەی پەرلەمانەوە، بەتەواوەتی لەدەستی پەرلەمان دەردەهێنرێن، هەرچەندە پرۆژە یاساكە دەڵێت ملكەچن بۆ چاودێری ئەننجومەنی نوێنەران، لێرەدا دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەتایبەت سەرۆكایەتی كۆمار رۆڵی یەكلاكەرەوە دەبینێت، چونكە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران هەڵبژاردنیان بۆ ناكرێت بەڵكو (ا نتداب) دەكرێن لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە بەم شێوەیەی خوارەوە پڕدەكرێتەوە:

سێ‌ ئەندام لەدادوەرانی پلەیەك كە دوو ئەندام لەدادوەرانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقی و یەك دادوەریان لەئەنجومەنی دادوەری كوردستان دەبێت، یەك راوێژكار كە ئەنجومەنی دەوڵەت پێشنیاری دەكات، دوو مامۆستای زانكۆ بەپلەی (استاژ) دەبنە ئەندام یەك ژمێریاری یاسایی لەدیوانی چاودێری دارایی الاتحادی عێراقی دەستنیشان دەكرێن، لەڕێی سەرۆكایەتی كۆمارەوە مەرسومی ئینتداب كردنیان بۆدەردەچێت.

4. ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران بەتایبەت لەپرسی لێپرسینەوەدا بەئاسانی ناتوانرێت رێكاریان لەدژبگیرێتەبەر وە لانابرێت نە بە(عزل یاخود الاقالە) تەنها دوای دەرچونی بڕیارێكی دادگای تایبەتمەند نەبێت بەتاوانێكی ئابڕوبەر، لێرەدا رون دەبێتەوە كە دەسەڵاتی لێپرسینەوەو چاودێری پەرلەمانی تەواو لاواز دەبێت، هەرچەندە رواڵەتی پڕۆژە یاساكە وا دەردەكەوێت كە پەرلەمانی عێراق رۆڵی چاودێری و پێدانی متمانەی نامێنێت، بەڵام ئێمە لەبەرامبەر بڕگەیەكی دەستوریداین لەمادەی (٦١ بڕگەی هەشتەم خاڵی هـ) دەڵێت ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مافی پرساندن و لێكۆڵینەوەو وەرگرتنەوەی متمانەی هەیە لەبەرپرسانی دەستەو كۆمسیۆنە سەربەخۆكان بۆیە لەدەرئەنجامدا رۆڵی پەرلەمان بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رۆڵێكی كاریگەر دەبێ‌ و ناكرێت فەرامۆش بكرێت.

5. ئینتداب كردنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران بەكاندیدانی دامودەزگاكانی دەوڵەت بەپاساوی ئەوەی گوایە  دامودەزگاكانی وڵات پیشەیین و بێ‌ لایەنن و سەربەخۆن بەدادگاكانیشەوە، بەڵام ئەم تێڕوانینە بۆ عێراق و بۆ  كوردستان تەواو پێچەوانەیە، چونكە سەرجەم پۆستە هەستیارەكانی حوكمەت و دادوەران لەسەربنەمای پشك پشكێنەی حیزب دانراون.

 

6. ئەم پرۆژە یاسایە چاوبەستی كردوە لەبابەتی ماف و امتیازاتی ئەندامانی ئەنجومەن، بگرە لەجیاتی دژایەتی گەندەڵی برەوی پێدەدات، چونكە لەبری ئەوەی یاساكە بڵێت ئەو  بەڕێزانەی كە لەجێگەی (ئیداری وڤیفی) خۆیانەوە ئینتداب دەكرێن بۆ كۆمسیۆن هەمان موچەو پلەیان پێ دەدرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە لە سادەی ١٣ پرۆژەكەدا دەڵێ، خۆیان سەرپشك دەكرێن موچەو دەرماڵەی پێشتری خۆیان یاخود ئەنجومەن هەڵدەبژێرن، سەرپشك دەكرێن دوای تەواو بوونی ماوەی خۆیان بچنەوە سەركارەكەیان یاخود خۆیان خانەنشین بكەن بەبڕی ٨٠% ئەو موچەیەی وەریدەگرن كەئەمە نایاساییە و پێچەوانەی یاسای خانەنشینی یەكگرتویی عێراقە.

7. گەر لەروانگەی پێگەی نەتەوەیی سەیری ئەم پرۆژەیە بكرێت ئێمەی كورد ئێستا دوو نوێنەرمان هەیە لەو ئەنجومەنە كە ٩ ئەندام ، لەباری كەمبونەوەدا دەبێتە یەك ئەندام ئەمەش زیانی دەبێت بۆ ئێمە بەچاوپۆشین لەوەی كە لەرابردوودا ئەم نوێنەرانە بەتایبەت نوێنەری یەكێتی و پارتی رۆڵێكی لاوازیان هەبوو، بگرە هۆكار بووە بۆ پەردەپۆشكردنی گەندەڵی.