لەکێشەی کۆرۆناوە بۆ جەنگی نەوت

09/03/2020

یادگار سدیق گەڵاڵی

دوای ئەوەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید -١٩ ناسراو بە کۆرۆنا لە چین و پاشان بڵاوبوونەوەی بەجیهاندا، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییWHO  باری نائاسایی راگەیاند، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ئابووری جیهان کەوتە قەیرانەوە.

ئەم قەیرانەش بۆ نەوت و بازاڕی نەوت کە لەسەرووی هەرەمەکەوەیە، راستەوخۆ کاریگەری گەورەی هەبوو. لە مانگی رابردوو نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو ناجێگیرە، نرخ لە ٧٠ بۆ ٥٥ دۆلار لە هەڵبەزو دابەزدابوو.

لێدوانەکانی ئۆپیک بەتایبەت سعودیە، بەشێوەیەکی کاتیی نرخی نەوتی راگرتبوو. لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بکەم کە سعودیە لە جەنگی نرخەکاندا ساڵی ٢٠١٥ دا دوچاری قەیرانی دارایی قوڵ بوویەوەو روبەڕووی گەورەترین کورتهێنانی بوجە بوویەوە لە مێژووی خۆیدا کە گەیشتە ٩٨ ملیار دۆلار.

کاریگەری و رۆڵی ئۆپیک کەوتبووە ژێر پرسیارەوە، هەر لەوکاتانەدا سعودیە وەکو دامەزرێنەو لەهامانکاتدا گەورەترین بەرهەمهێنی نەوت لە جیهان و سەرۆکی کردەیی ڕێکخراوەکە، هەوڵەکانی وەگەڕخست بۆ ئەوەی جارێکی تر بتوانن جڵەوی نرخی نەوت بگرنەوە دەست. تا رادەیەکی باش سەرکەوتووش بوو.

بەتایبەت دوای ئەوەی توانی روسیا رازی بکات تا بەشداری لە راوێژ و پاشان لە ڕیککەوتنەکانیان بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بکات. ئەمەش بۆ ئەوەی هاوسەنگی بۆ بازاڕی نەوت بگەڕێننەوە ( ئەم ئەو دەستەواژەیە لە بری بەرزکردنەوەی نرخی نەوت بەکاری دێنن ئێستا، لەترسی روبەڕووبوونەوەی یاسایی لە لایەن ئەمریکاوە ئەگەر نرخ بەرز بکرێتەوە)

روسیاش بە ئەندازەی سعودیە پێویستی بە ڕیککەوتن بوو، ئەویش بە هەمانشێوە توشی کورتهێنانی بوجە هاتبوو. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ رێکەوتن و مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ رێککەوتنەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە. دواتر بەڕیککەوتنی "ئۆپیک پڵەس" ناسرا.

ماوەی سێ ساڵە بەردەوامن لە هاوکاری و تاڕادەیەکی باش نرخی نەوتیان بەرز کردەوەو گەیاندیانە سەروو ٧٠ دۆلار، بەڵام لە ناکاو ڤایرۆسی کۆرۆنا وەکو میوانێکی رەزاتاڵ خۆی دەرکەوت و پشێویەکی دروستکرد کە تائێستا ئاستی زیانە مادییەکانی دیار نییە.

ئاماژەکان پێمان دەڵێن قەیرانێکی هاوشێوەی ساڵی ٢٠٠٨ یان خراپتر دووبارە دەبێتەوە. هەفتەی پێشوو لە رۆژانی ٤-٦ ی ئازار لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا کۆبوونەوەی وڵاتانی ئۆپیک و ئۆپیک پڵەس بەڕێوەچوو. لەو کۆبوونەوەیەدا سعودیە پێشنیازی کەمکردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنانی نەوتی کرد بە بڕی ١ ملیۆن ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

بەڵام رۆژی هەینی رابردوو دوای چەندین دیدار و کۆبوونەوە، روسیا و ئۆپیک نەگەیشتنە ئەنجام و وەزیری وزەی ڕوسیا ئەلێکساندەر نۆڤاک رایگەیاند: لە کۆتایی ئەم مانگەوە هەمووان سەرپشکن لە ئاستی بەرهەمهێنان و هیچ پابەندییەکیان نابێ بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانەوە.

ئەم لێدوانەی نۆڤاک، ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ئۆپیک پڵەس بوو. پاش ئەم لێدوانە نرخی نەوت دابەزینی بەرچاوی بەخۆوەبینی بۆ ئاستی ٤١ دۆلار.

پێشتریش سەرۆکی روسیا ڤلادیمێر پوتین رایگەیاندبوو "رازین لە نرخی نەوت" ئەوەش ئاماژەبوو بۆ ئەوەی کە ئامادەنین بۆ رێکەوتنی زیاتر و دەبوو سعودیە فشاری زیاتری نەکردایە.

 سعودیە چی دەکات؟
ئێستا دوای ئەوەی لە کۆتایی ئەم مانگەدا رێککەوتنی ئۆپیک پڵەس هەڵدەوەشێتەوە، پێدەچێ سعودیە ئاڕاستەی یارییەکە بەشێوەیەکی تر بگۆڕێ. ریاز بەنیازە گەورەترین شەڕی نرخ بکات... چۆن؟! کۆمپانیای ئارامکۆ مانگانە نرخی نەوت بەکڕیار و پاڵاوگەکان رادەگەیەنێ، بەڵام رۆژی پێنجشەممەی رابردوو راگەیاندنەکەی دواخست بۆ ئەمڕۆ دووشەممە.

بەپێی نرخی بازاڕ، چەند سەنتێک تا ئەوپەڕی ٢ دۆلار کەمتر دیاری دەکرا، بەڵام ئارامکۆ رۆژی شەممە و دوای چەند کاتژمێرێک لە سەرنەگرتنی رێککەوتنەکەی ئۆپیک پڵەس، بەکڕیارەکانی راگەیاندووە کە داشکاندنی٦ بۆ ٨ دۆلاریان بۆ دەکات.

بەپێی هەندێ سەرچاوە سعودیە بەنیازە شەڕی دابەزاندنی نرخ بکات بەوەی لە مانگی ئایندەوە ئاستی بەرهەمهێنان زیاد بکات بە جۆرێک سەرەتا بیگەیەنێتە ١٠ ملیۆن بەرمیل کە ئێستا ٧.٩ ملیۆن بەرمیلە. پاشان ئەگەر پێویست بکات بۆ ١٢ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بەرزی بکاتەوە.

بەم کارەی سعودیە، ناسەقامگیری گەورە لە نرخدا دروست دەبێ و زیاتر بەهای نەوت دادەبەزێ. وەهەروەها بە کڕیارەکانیشی لە ئەوروپاو ئاسیا و ئەمریکا ڕاگەیاندووە، داشکانیان بۆ دەکات لە نرخەکاندا.

لە هەنگاوێکی تردا ئارامکۆ بە کڕیارەکانی خۆی لە باکووری رۆژئاوای ئەوروپا راگەیاندووە کە نەوتی سووکیان بە داشکانی ١٠،٢٥ دۆلار لەژێر نرخی برێنتەوە پێدەفرۆشێ. لەکاتێکدا نەوتی ئۆراڵی روسی بە ٢ دۆلار لەژێر برێنتەوە دەگاتە ئەوروپا. ئەم هەنگاوەی سعودیە لێدانێکی راستەوخۆیە لە نەوتی روسیا بۆ ئەوەی نەگاتە بازاڕەکانی ئەوروپا.

سعودیە بەزیادکردنی بەرهەم و داشکاندنی زۆر لە نرخی نەوتەکەی، بازاڕ تووشی شۆک دەکات و چاوەڕێی دابەزینی زیاتر لە بازاڕی نەوت دەکرێ بۆ ٣٠ دۆلار و لەوانەیە ٢٠ دۆلاریش چونکە بازاڕی نەوت خۆی کێشەی خواست و خستنەڕووی هەیە.

 بەم دوو هەنگاوە دەیەوێ روسیا ناچار بکات بێتە سەر مێزی گفتوگۆ، لەمەدا ریاز تا چەند سەرکەوتوو دەبێ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە چەند ڕۆژی ئایندەدا دەردەکەوێ.

شایانی بیرهێنانەوەیە ساڵی ١٩٩٨ سعودیە لە گەورەترین شەڕی نرخدا، نرخی نەوتی دابەزاند بۆ ٩.٥٥ دۆلار. لێرەدا پرسیارێک بەکراوەیی جێ دەهێڵم بۆ خوێنەر: ئەگەر نرخی نەوت بەو ئاڕاستەیە بڕوات کە چاوەڕێ دەکرێ، ئایا هەرێمی کوردستان روبەڕووی چی دەبێتەوە؟
لەکاتێکدا ساڵی ٢٠١٦ تەنیا بۆ چەند مانگێکی کەم نرخ لەژێر ٣٠دابوو، توشی ئەو قەیرانەبوو کە تائێستاش نەهاتووەتەوە سەرخۆی و قەرزێکی زۆر و پاشەکەوت و وەستانی هەموو پرۆژەکانی لەسەر کەڵەکەبوو.

ئێستا هەرێم لەنیوە کەمتری ئەو نەوتەی دەیفرۆشێ بۆی دەمێنێتەوە، ئەوی تری بۆ قەرزی کۆمپانیاکان و شایستەی کۆمپانیاکانی نەوت دەچێ. لەکاتێکدا نەوت لەسەرو ٥٥ بۆ ٦٠ دۆلار بوو، کەچی هەرێم کێشە داراییەکانی بۆ چارەسەر نەکراوە بەو بەڵگەیەی کۆمپانیاکانی نەوت مانگی ڕابوردوو هیچ شایستەیەکیان ڕانەگەیاندووە کە وەریانگرتبێ.

هەرێم هەر لەو هەڵبەزودابەزەی نرخی نەوتدا لە مانگی رابردوو، توشی ئاستەنگی دارایی بووە، ئەی ئێستا دەبێ چ کێشەو گرفتێکی دارایی چاوەڕێی هەرێم و هاوڵاتی بکات؟!

 

*ماستەر لە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز و شارەزا لە گرێبەستە نەوتییەکان