ژمارەکانی حکومەت وادەڵێت؛ ئەو پارانە چییان لێھات؟

30/12/2020

یادگار سدیق گەڵاڵی

ھەمیشە ڕەخنەکان ئاراستەی حکومەت دەکرێت کەزانیاری سەبارەت داھات لەکاتی خۆیدا ئاشکرا ناکات  وە ئەگەر ھەر ھەواڵێک لەو بارەوە  بڵاو بکاتەوە ئەوا لە لایەن کەسانێکی زۆر چ لە حیزبە کانی دەرەوەی حکومەت و ھەندێک چار ھاوبەشەکانی حکومەتیش  یان لە لایەن بەشێک لە چاودێران و شارەزایانەوە متمانەی پێ ناکرێت!

لە بەرانبەردا حکومەتی ھەرێم و بەتایبەت بەرپرسانی پارتی دیموکرات چ لە حیزب یان لە حکومەت و پەرلەمان،  ئەوانی تر بەوە تۆمەت باردەکەن کە خەریکی چەواشەکارین و ڕاستییەکان نابینن و نایانەوێ بیبینن، ئەگینا داھاتی ھەرێم چ لە سەکتەری نەوت یان داھاتەکانی تر لەبەردەستەو ھەرکەس بیەوێ لەو لایەنانە دەتوانێ دەستی پێ بگات!

بەبێ ئەوەی بچمە ناو ئەو کێشمە کێشمەیەوە  لێرەدا من دەمەوێت لەسەر ھەندێ ژمارە قسەبکەم کە لەلایەن حکومەتەوە لە ماوەکانی ڕابوردوودا بڵاو کراوەتەوە ھەروەھا  ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت کە ووردبینی بۆ داھاتی نەوتی ھەرێم دەکات  دەکەمە بنەمای بەشێک لە بەرھەم و داھاتی ھەرێم لە گەڵ ڕاپۆرتی کۆمپانیا نەوتییەکان سەبارەت بەوەرنەگرتنی شایستەی ٤ مانگیان لە ھەرێم. تەنھا روناکی دەخەمە سەر ئەو ژمارانە و لەسەر ئەو بنەمایە  شیکارییەکەم دەکەم. 

 سەرەتای مانگی ١٢ی ٢٠٢٠ڕاپۆرتێکی گرنگی لەسەر "وەزارەتی دارایی چۆن ئیدارەی داھات، مووچە خەرجییەکانی داوە؟" لە لایەن رۆژنامەی زەمەن  بڵاوکراوەتەوە و دەڵێت زانیارییەکانیان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری وەرگرتووە. کە سێ تەوەر لە خۆ دەگرێت:


 تەوەری یەکەم : بەیانی دارایی ساڵی ٢٠١٩      
 تەوەری دووەم : روونکردنەوە سەبارەت داھات و خەرجی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠.
تەوەری سێھەم : روونکردنەوەی  کۆی ئەو پارانەی کە لەحکومەتی فیدراڵ تەمویلی ھەرێمی کوردستان کراوە لە ساڵەکانی  ٢٠٠٤ تاوەکو ٢٠١٩. 
من لێرەدا تانھا جەخت لەسەر بەشێکی تەوەری یەکەم و دووەم دەکەمەوە، ئەویش پەیوەستە بەو بڕە پارەی لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە تەمویل کراوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری. 

ڕاپۆرتەکە زانیاری زۆر باش و چەند ژمارەی کرنگی تێدایە،خۆزگا ئەو زانیاریانە بە شێوەی فەرمی لە لایەن وەزارەت و حکومەتەوە ڕابگەیەنرایە. وێڕای دەستخۆشێم بۆ ھەر ھەوڵێک بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر داھات و خەرجی سەرەڕای ھەر تێبینییەک لەسەری ھەبێت  کارێکە بەئاراستەی درووست. 

ھەروەھا ڕاپۆرتەکانی دیلۆیتیش بەھەمان شێوە وێنەیەکمان دەداتێ کە لەڕییەوە چۆنیەتی بەڕێوەبردن و  مامەڵەکردن لەگەڵ سەکتەری نەوتمان بۆ دەردەکەوێت و ئێمەی چاودێریش تێبینی خۆمان دەخەینە ڕوو.

تەمویلی ساڵی ٢٠١٩

لەم زانیاریانەدا کە زەمەن لە وەزارەتی دارایی وەرگرتووە  ئەو بڕە پارەیەی کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ساڵی ٢٠١٩ دا لە داھاتی نەوت تەمویلی وەزارەتی دارایی کردووە بریتی بووە لە  ٤ ترلیۆن و ٢٤٦ ملیار و٥٧٧ ملیۆن دینار بووە.گەر  بە نرخی فەرمی کە ھەرێم دۆلارت پێ دەگۆرێتەوە  (١،١١٨٢) بیکەین بە دۆلار  ئەوا دەکاتە ٣ ملیار و ٥٩٢ ملیۆن و ٧٠٤ ھەزار دۆلار. 

لە ڕاپۆرتی حەوتەمی دیلۆیت بۆ داھاتی نەوتی ساڵی ٢٠١٩ دا ھاتووە کە داھاتی فرۆشی نەوتی ھەرێم بۆ ھەموو ساڵەکە بریتی بووە لە ٨ ملیار و٤٣٨ ملیۆن و ٦٠١ ھەزار و ٣٠٠ دۆلار، دوای دەرکردنی ھەموو خەرجیە کان لەشایستەی کۆمپانیاکان و  قەرز و پارەی کڕینی کارەبا و سوتەمەنی بۆ کارەبا  و گواستنەوە.... بڕی ٤ ملیار ق ٥١٥ ملیۆن و ٤٢١ ھەزار و٦٢٥ دۆلار ماوەتەو بۆ حکومەتی ھەرێم کە دەکاتە ٥٤%. گەر بێت و ئەم بڕەی کە دیلۆیت دەڵی ماوەتەوە لە وەی کە دراوە بە وەزارەت  دەربکەین ئەوکات دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کەوا:
 بڕی   ١ ترلیۆن و ٩٠ ملیار و ٦٥١ ملیۆن دینار نەگەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی لەساڵی ٢٠١٩ بە پێی زانیارییەکانی وەزارەت و کۆمپانیای دیلۆیت.

داھاتی ٨ مانگی نەوتی ھەرێم

زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی لە ڕاپۆرتەکەی زەمەندا باسی ئەو داھاتە لە ماوەی ھەشت مانگدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە بڕی ٢ ترلیۆن و ٣٨ ملیار و ٥٤٥ ملیۆن دینار تەمویلی کردوون .

ئێمەش لێرەدا پشت بەست بە ڕاپۆرتی دیلۆیت لەساڵی رابوردوودا کە نرخی نەوت بە نزیکەی ١١،٥ کەمتر لەنرخی نەوتی برێنت فرۆشتووە و ئاستی بەرھەمی نەوتی ھەرێم کە کەمترین ڕێژەمان داناوە ئەویش ٤٢٠ ھەزار بەرمیلە لەرۆژێکدا  ئەژمار کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپا نەوتییەکانی کە لەھەرێم نەوت بەرھەم دەھێنن حکومەتی ھەرێم شایستەی  ٢ مانگی کۆتایی ٢٠١٩ و ٢ مانگی سەرەتای ٢٠٢٠ ی پێ نەداون وە ئەو بڕە لە شەش کێڵگەی بەرھەم ھێنی ھەرێمدا  کە ڕێژەی ٥٥% ی بەرھەم پێک دەھێنن  و کۆمپانیاکان ڕایان گەیاندووە دەکاتە ٧٠٩ ملیۆن دۆلار لەگەڵ شاستەی پێرێڵ  پەترۆلیۆم (دانا گاز)کە  ٣٠ ملیۆن دۆلارە  .

 

ھەردوو کێڵگەی خورمەڵە کە کار کاری تێدا دەکات و بەرھەمی خۆی دەدات لە ١٧٠ ھەزار بەرمیل و بلۆکی نەوتی گەرمیان کە کۆمپانیای گازپرۆمی روسی کاری تێدا دەکات و بەرھەمی ٢٤ ھەزار بەرمیلە لەئێستادا ھێج بڕێکیان ڕانەگەیاندووە کە ھەرێم پێی نەدابن بەڵام گەر بێت ئەو پارەیەی کە ھەرێم لەکێڵگە ی تاوکی نەیداوە بە کۆمپانیاکان بۆ کاری ئەژمار بکەین ئەوا قەرزی کار بۆ ئەو ٤ مانگە دەکاتە ٢٨٢ ملیۆن دۆلار ( باوەڕمان وایە شایستەی کار لە کۆمپانیاکانی تر دەبێت کەمتربێت چونکە پێدەچێت جۆری گرێبەستەکەی خزمەتگوزاری بێت وە ئەگەر واش نەبێت خەرجی لە کێڵگەکانی تر کەمترە چونکەکۆمپانیا ھاتووەتە سەر کێڵگەی ئامادە) بۆیە لێرەدا تەنھا ٢٠٠ ملیۆن دۆلارم ئەژمار کردووە. گەر شایستەی کێڵگەی گەرمیانیش وەکو ھاو تاکانی لە کێڵگەکانی تر ئەژمار بکەین لانی کەم ٦٠ ملۆنی وەر نەگرتووە . ئەوا ئەو پارەیەی لە شایستەی کۆمپانیاکان بۆ حکومەت ماوەتەوە لەو ٤ مانگەدا ١ ملیار و ١٩٧ ملیۆن دۆلارە.

لەکۆی داھاتی مانگانەش بەپێی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت ڕێژەی  ٥٤%  دەمێنێتەوە بۆ ھەرێم دوای لێدەرکردنی ھەموو خەرجییەکان. 

بۆیە دەگەینە ئەو دەر ئەنجامەی لە ماوەی ئەو ٨ مانگەدا ھەرێم بڕی ١ ترلیۆن و  ٦٤ ملیار و ٧٢٧ ملیۆن دینار  نەگەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی.
 
 کۆی ئە پارانەی لە  فرۆشی نەوتی ساڵی ڕابوردو لەگەڵ  ھەشت مانگی ئەمساڵ نەگەڕوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی لە دوای لێدەرکردنی ھەموو خەرجییەکان دەکاتە زیاتر لە   ٢ ترلیۆن و١٥٥ ملیار و  ٣٧٨ ملیۆن دینارە( پارەی نزیکەی سێ مانگی موچەیە). 


ئەوە تەنھا ئەو ژمارانەیە کە حکومەت و وەزارەتی دارایی و کۆمپانیا نەوتییەکان ڕایان گەیاندووە. بۆیە پێویستی بە وەڵامی جدییە لە کاتێکدا کە  موچەخۆر و ھاوڵاتی  ھەرێم لە دۆخێکدایە کە بێوێنەیە لە خراپیدا. 

ھەر بەپێی ئەو داتایانە بێت کە ٥٤% داھاتی نەوت دوای خەرجی دەگەڕێتەوە بۆ ھەرێم لە گەڵ داھاتی ناوخۆ و دەروازەکان دەتوانرێت ٢ مانگ جارێک بەبێ بەغداد موچە دابەش بکرێت بە بێ ھیچ چاکسازییەک  ئەی بۆ ناکرێت؟ ٩ مانگە یاسای چاکسازی دەرچووە و ھیچ ئەنجامیکی لەسەر ئەرزی واقیعدا لێ نەکەوتووەتەوە. 

کاتێک ژمارەکان بەوشێوەیەبن ھاوڵاتی و چاودێران متمانەیان پێ نەبێت و ھەنگاوەکانی چاکسازی کە خۆتان بەڵێنتان داوە لەشوێنی خۆی پەرتەناش بکات دەبێت بەغداد چ متمانەیەکی پێ بکات بە تایبەت لەم دۆخەی کە ئەوانی تێیدان (دارایی و سیاسی)؟  


لەئەگەری ڕازی نەبوونی بەغداد بە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت و لەبری ئەوە داوای ھەموو مەلەفی نەوت یان بەرھەمی نەوت بکات ھەڵوێستی حکومەت چی دەبێت؟ ھیچ ئامادە سازییەکی کردووە؟ یخود ھاوڵاتی جارێکی تر وەکو ھەمیشە قوربانییە؟