ڕاستییەکی تاڵ

25/03/2020

یادگار سدیق گەڵاڵی

هەر وەک چۆن خەڵک ترساندن خراپە لە هەمان کاتدا زۆر ئومێد پێدانیان خراپترە.
حکومەت ناتوانێت چارەکە موچەش بدات ئەگەر پارەی لە بەغداوە بۆ نەیەت، ئەمە واقیعە ئێستا ناتوانرێت ئینکاری بکرێت. هەمو ئەو چارە سەرانەی باس دەکرێت و چەند ساڵە هیچی بۆ نەکراوە، ئێستا بە چەند بەڵێنێک جێبەجێ ناکرێت. بۆ نمونە بابەتی وەرگرتنی باج لە کۆمپانیا نەوتییەکان لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٧ دا حکومەتی پێشو باسی کرد، ئەوکات کەپەرلەمان دەرگاکەی قوفڵی لێدرابوو. هەر ئەوکاتە لە چەند بەرنامەیەکدا ئاماژەم پێ کرد ئەگەر حکومەت جدیشبێت کارێکی سەختە و ئاسان نییە ، پێویستت بە هەموارکردنەوەی گرێبەستەکانە ، بەومانایە نا کە ئەستەمە هەمواری گرێبەستەکان بکرێت بەڵکو دەکرێت 
 بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قورسە، لەهەمان کاتدا کاتی دەوێت.

بەو هەڵسەنگاندنەی من کردومە دەتوانم دڵنیایتان بدەمێ کە بەوەرگیرانی باجیش لەکۆمپانیاکانی نەوت بەونرخەی ئێستای نەوت ڕێژەیەکی بەرچاو داهات زیاد ناکات، لە باشترین حاڵەتدا پێنج بۆ شەش ملیۆن دۆلار زیاد دەکات وە لە کاتێکدا نەوت بە ٥٤$ دەبێت ٢٠ ملیۆن دۆلارێک زیاد دەکات بەنزیککراوەیی. 
باسی وەرگرتنی باج لە کۆمپانیاکانی تر دەکرێت کە ئەمە لەگەڵ ئەوەی ئێستا لەم کاتەدا گومانی جێبەجێ کردنی دەکرێت وە ئەگەر بکرێت کاریگەری وای نابێت بەهۆی بارودۆخی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کە لە هەموو دنیادا ئێستا هاوکارییان دەکرێت لەبری باج زیاد کردن بۆیان، لەهەمان کاتدا باج سەپاندن و لێخۆشبون لەباج مەسەلەیەکی یاساییە و دەبێت بەیاسا چارەسەر بکرێت و پێداچونەوە بەکۆی سیستەمی باجدا بکرێتەوە  ئەوەش دیسان کاتی دەوێت و پەرلەمان ویاسای دەوێت ئەمە جگە لەوەی لێدانە لە بەرژەوەندی کەسانی دەست ڕۆشتوو .

تەنانەت کۆمپانیاکانی پارێزگاری ( سکوێریتی ) نەوت راستە کۆمپانیای تایبەتن و زۆریش گرنگە و ئێستاش لەوانەیە باشترین کاتبێت بەهۆی کەم بونەوەی ستافی کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنی نەوت و کەم بونەوەی چالاکیە نەوتیەکان، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی سکوێرێتی خۆماڵی بکرێت بەمانایەکیتر بخرێتە ژێر دەستی پۆلیسی نەوت وگازەوە، بەڵام ئەوەمان بیر نەچێت دەست بردن بۆی بڕیارێکی بوێرانەی دەوێت لە لایەن حکومەتەوە، دیسان لێدان دەبێت لە بەرژەوەندی چەندکەسێکی دەست ڕۆشتوی حیزبە فەرمانرەواکان. ئایا حکومەت ئەو هێزو جورئەتەی هەیە؟ وەڵامەکەی ئەوەیە تائێستا و لە دەساڵی ڕابوردودا نەیبووە ، بۆ ئایندەش دەبێت چاوەڕێبین.. 
دەروازە سنورییەکان و داهاتی و قاچاخچێتی تیایدا خاڵێکە حکومەت گەر بیەوێ دەستی ئەوانە ببڕێت کە بە نایاسایی داهاتی حکومەت و قوتی خەڵک دەبەن، هەنگاوێکە وەکو لە بەدواداچونی هەندێ ئەندام پەرلەمان کردویانە دەڵێن تا ٥٠ ملیۆن  دۆلار مانگانە بۆ خەزێنەی بەتاڵی حکومەت دەگەڕێتەوە. جێبەجێ کردنی ئەمیش لەژێر پرسیاردایە و پەیوەستە جدی بوونی حکومەتەوە.

هەرێم پێویستی بە هەنگاوی خێرا و ئانی هەیە بۆ دەست خستنی داهات لەم قۆناغەدا. تاوەکو بتوانێت لەماوەیەکی کەمدا داهات بۆ هەرێم زیاد بکات و لەڕێگەیەوە موچەی فەرمانبەران چیتر لەوە زیاتر دوانەکەوێت. ئەمە بەهێچ شێوەیەک نابێت ڕێگربێت لەبەردەم ئەوهانگاوانەی چاکسازی کە کاتیان پێویستە.
دوو خاڵ هەیە دەکرێت حکومەت دەستی بۆ بەرێت و خێرا داهاتی پێ زیاد بکات ئەوانیش  بریتین لە:
 یەکەم: بڕینی موچەی بندیوارەکان و پاککردنەوەی لیستی موچەیە لە دوو موچەیی و سێ موچەیی و خێرا جێ بەچێ کردنی ئەو یاسایە یە کە بەناوی یاسای چاکسازی لە پەرلەمان دەرکرا. گەر ئیرادە هەبێت  دەتوانن لەم مانگەوە هەنگاوی کردەیی بنێن بەوئاراستەیە.
خاڵێ دووەم: لەماوەی تێپەڕاندنی یاسی چاکسازی بو بە باس و خواستی میدیاو هەندێک لە پەرلەمانتاران و دوایی بیدەنگی لێکرا، تاڕادەیەک ئەوکات مەبەست لێی شکاندنی یەکتربوو  تا ئەوەی مەبەستیان بێت، ئەویش وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەیە لای چەند کۆمپانیایەکە کە کۆمپانیای نالیا لە ناویاندا زەق کرایەوە و باسی ئەوانیتر نەکرا. 

ئێستا ئەگەر ئەوبڕە قەرزە هەیە و وەک دەوترا زیاد لە ٨٠٠ ملیۆن دۆلاریان لایە، ئێستا کاتێتی لێیان وەربگرنەوە چونکە هەمیشە بەرژەوەندی چەند کەسێک بکەن بە قوربانی بەرژەوەندی گشت خەڵکی کوردستان هەنگاوێکی ژیرانەیە ئەمە بۆ کۆمپانیاکانی سکوێرێتی و قاچاخچێتی و دەروازە سنورییەکان و گومرگیش ڕاستە.. 
بۆیە بارودۆخەکە وا ئاسان نییە تەنها و تەنها بە بڕیاری گەورە و بوێرانە چارە دەبێت تا  چیتر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نەکەن بەقوربانی چەندکەسێکی کەم .
ئایا ئەم حکومەتە دەتوانێ و بوێری هەیە بڕیاری لەوشێوە بدات و خێرا جێبەجێی بکات. 
وەڵام بۆ خۆیان جێ دێڵم.