بەرپرسان بۆ دەستکەوتنی پارەی قاچاخچێتی کۆتایی بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەھێنن!!

04/11/2020

عەلی حەمە ساڵح

خۆت بە بەرپرس بزانیت و دەسەڵاتت بەسەر ھێزی ئەمنی ھەبێت، بەم دەسەڵاتە بچیت قاچاخچێتی کاھو و قەڕنابیت و ترێ و ھەنار و مەڕو بزنیش بکەیت! ھەزاران جوتیارو ئاژەڵدار تووشی زیان بکەیت، لە پێناو دەستکەوتنی پارەی حەرام! لە میدیاش بڵێیت لە خەمی ژیانی خەڵکم ..
قاچاخچێتی بەرپرپسانی باڵا بەردەوام بێت، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە دوو ساڵی ئایندە لە ناودەچێت!!
لە لوتکەی دەسەڵات بێت، ھێزە ئەمنیەکانت لە بازگەو خاڵە سنوریەکان بەدەست بێت، قاچاخچێتی بە کاھوو بزنەوە بکەیت!!
- کاھو و کەلەرم و قەڕنابیت کۆنتێنەرێک بە قاچاخ بە ٤١٠٠ دۆلار داخڵدەبێی ( ٤٠٠٠ ) دۆلار بۆ بەرپرس و ١٠٠ دۆلاریش بۆ نوسینگەکە.
- چەند ڕۆژی ڕابردوو، ھەنارێکی زۆری تورکی و سوری و مسڕی داخڵبوە بە نایاسایی، دوای بەدواداچون... بارھەڵگرێکی بە ٢٤٠٠ دۆلارو لە سوریاوە داخڵبوە..
- ھەر بەرووبومێک لە ھەر وەرزو کاتێک ھاتنی قەدەغەبێت، ئەمان بە قاچاخ داخڵی دەکەن!!
ئاژەڵی قاچاخ..
لە ئێران و تورکیاو سوریاوە بە نایاسایی ئاژەڵ داخڵدەکرێت، ئەمەش زیانی گەورەی بەوانە گەیاندووە ، کە خەریکی ئاژەڵدارین..
- لە ناوچەی خوێرێزکای سەربە قەزای مێرگەسورەوە ئاژەڵی تورکی داخڵدەکرێت.
- لە سحێلاوە ئاژەڵی سوری دەکرێت.
- لای پێنجوێن و پاوەوە ئاژەڵی ئێرانی..
ئاژەڵی گەورە بە ١٠٠ ھەزارو بچوک ٣٠ ھەزار داخڵدەکرێت.
خۆت بە بەرپرس و دەسەڵاتدار بزانیت، مەڕو بزن و مانگا بۆ قاچاخ بێنیت و ھەزاران ئاژەڵدار تووشی زیانبکەیت!!