کاک نەوشیروان و دۆسیەی نەوت..لە پێناو ڕاستی

04/12/2020

عەلی حەمە ساڵح

 
بەندە بەو پێیەی پێش ئەوەی ببمە ئەندام پەرلەمان ڕێکخەری ژوری لێکۆڵینەوەی ئابوری بوم، کە بومە پەرلەمانتاریش لەو لیژنانەی پەرلەماندا بوم کە پەیوەندیان بە نەوت و پارەوە ھەبوو.. بۆیە لە نزیکەوە ئاگاداری زۆر وردەکاریم  کە پەیوەندی بە باوەڕ و بڕیاری کاک نەوشیروان بو بۆ دۆسیەی نەوت، بە ئەرکی خۆم دەزانم  ئەم ڕاستیانە بنووسم بۆ ئەوەی لە دۆسیەی نەوت و سیاسەتی نەوتدا غەدر لە کاک نەوشیروان نەکرێت.
کاک نەوشیروان دژی ئەوە نەبوو کە ھەرێمی کوردستان نەوت بەرھەمبھێنێت یان ژێرخانی نەوتی ھەبێت، بەڵام گرفتی لەگەڵ گەندەڵی و ناشەفافی و بەدامەزراوەیی نەکردنی کەرتی نەوت و گازدا ھەبوو...


ھاتنی ئاشتی ھەورامی 
ئاشتی ھەورامی ھاتە لای کاک نەوشیروان؛ کاک قادری حاجی عەلیش لەوێ بوو، سێ کاتژمێر قسەی بۆ کردبون سەبارەت بەگرێبەستە نەوتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و نەخشەی بلۆکە نەوتی و گازییەکانی پیشان دابون. دواتر من لەگەڵ ھەردوو ڕەوانشاد دانیشتم. کاک نەوشیروان زیاتر گوێی گرتبوو، کاک قادریش ھەندێک پرسیاری لە ئاشتی ھەروامی کردبوو، وەڵامی وەرنەگرتبوو لەوانە، پارەی شیرینی نەوت چۆن بەشکرا؟ چۆن کۆمپانیا خزمەتگوزاری و ئەمنیەکانی نەوت پارە وەردەگرن؟ ئاشتی ھەورامی ناڕاستەوخۆ وتبووی: لای من نیەو لای خەڵکی ترە..
بۆ گرێبەستی ٥٠ ساڵەی تورکیا، نە گرێبەستی پیشاندابون و نە وردەکاری وتبوو، نەگرێبەستەکەی پێبوو؛ تەنیا ئەوە نەبێت باسی لەوە کردبو کە لە بری بۆریبۆیان و تێپەڕبوونی نەوت وەک تاریفەی گومرگی بڕێک پارە دەدەن، ئەمەش نھێنی نیەو پارساڵ ٤٩٤ ملیۆن دراوە! 


دوای لەشداری کردن لە حکومەت لە ٢٠١٤
وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا کاک نەوشیروان دژی دەرھێنانی نەوت نەبوو، دژی ئەو ھەموو گەندەڵی و ناشەفافیەتە بوو کە لە دۆسیەی نەوتدا ھەبو. بەتایبەت ئەو کات کە باسی شیرینی نەوت و ٥ ملیار دۆلارەکە زۆر دەکرا، بەڵام دیار نەبوو چی لێھاتوە، لە بانکی HSBC  و دواتر خرایە بانکی کوردستان و دیارنەبوو چی لێھاتوەو چۆن بەشکراوە...
کاک نەوشیروان ھێندە ناڕازی بوو لە سیاسەتی نەوت، بە وەزیری دارایی وتبوو: نابێت واژو لەسەر کۆنووسی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی ھەرێمیی نەوت و گاز بکەیت و نەیکرد.. 
سەرۆکی حکومەتی پێشو زۆر مەبەستی بوو وەزیری دارایی کە نوێنەرایەتیی گۆڕان دەکات، واژوو لەسەر کۆنوسی ئەنجومەنیەکە بکات...
ئەوەبوو بە ڕەزامەندی گۆڕان، وەزیری دارایی نوسراوێکی کرد، ئامادەیی دەربڕی بۆ واژووکردنی کۆنووسەکان بەم مەرجانە. 
یەک: ھەبوونی زانیاری لەبارەی گرێبەستی نەوتی. 
دوو: ئاگادار بون لە چۆنیەتیی فرۆشتنی نەوت و داھاتی نەوت و خەرجی و ھەموو ژمارە حسابیەکان.


سەرتا سەرۆکی حکومەت ڕازی بوو، بوو بە بڕیارێک لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ھەرێمی نەوت و گاز، ئەوە جێگیر کرا زانیاری بدرێتە ھەموو ئەندامان. بەڵام دواتر  بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا، کاک نەوشیروانیش ڕازی نەبوو واژوو لەسەر ھیچ کۆنووسێک بکرێت..
ئاشتی ھەورامی و سەرۆکی حکومەت، دەیانوت: پارەی نەوت دەچێتە ھالک بانکی تورکیاوە و لەوێوە دەگەڕێتەوە کوردستان. پاش پێداگیری گۆڕان، بڕیاردرا ژمارە حسابێک بۆ حکومەت و وەزارەتی دارایی لە ھالک بانک بکرێتەوە. دوای ئەوەی وەزیری دارایی چوە تورکیا، دەرکەوتبوو حسابەکەی حکومەتی ھەرێم ھیچ بڕە پارەیەکی تێدا نیە... کاک نەوشیروان بەمە زۆر نیگەران بوو! ھیچ کارێک بەم ژمارە حسابە نەکرا، پارەکان ھەر دەگەڕایەوە بانکی کوردستانی ئەھلی و ھەر لەوێش دۆلارەکەی دەگۆڕدرایەوە بە دینار. ئێستا یەک شت گۆڕاوە لە بری بانکی کوردستان، ئاڕ تی بانکی ئەھلی ئەم کارە دەکات...
من باش دڵنیام، جگە لە د.ئاشتی و سەرۆکی حکومەتی پێشوو، تاوکو ئێستا کەس ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵی نەخوێندوەتەوەو لای نیە، ئەوەی ھەیە بۆیان باسکراوە بڕێک پارە دەدرێتە تورکیا لە بڕی تێپەڕبوونی نەوت، ئەی چی دیکە دیار نیە!! 


تەنانەت دۆسیەی نەوت ھێندە نھێنیە سەرۆکی حکومەت نەیدەھێشت کەس لە شێوازی فرۆشتن و نرخی داشکاندن بزانێت!! 
سەرەتای ٢٠١٥، کات بەیانیەو کۆمپانیای ڤیتۆڵ لە ماڵی سەرۆکی حکومەتن بۆ کڕینی نەوتی کوردستان، وەزیری دارایی ئەوکات دەڕوات بۆ ئەوەی ئاگاداری نرخ و شێوازی فرۆشتن بێت، بەڵام نێچیروان بارزانی بەوپەڕی ڕێزەوە بەڕێی دەکات و دەڵێت: دەمانەوێت بەتەنیا دانیشین و نامانەوێ کەس ئاگاداری ئەم وردەکاریە ببێت، تەنانەت جێگری سەرۆکی حکومەتیش لەوێ نەبوو.. 


ئەوان نەیاندەھێشت کەس ئاگاداری وردەکاریی مامەڵەی یەک گرێبەستی فرۆشتنەکە بێت، چ جای بێن وردەکاری گرێبەستی ٥٠ ساڵە بدەنە دەست کەس..
ئەگەر جێگری سەرۆکی حکومەت وردەکاری ئەم گرێبەستە دەزانێت، تەنیا بە ھاوسەرۆکان بڵێ بۆ ئەوەی نەڵێت ئاگادار نیم..
ئێستاش وەک ئەوکات، لە پێنچ ئەندامی ئەنجومەنی ھەرێمی نەوت و گاز، جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی و کاروباری ئابوری و پلاندانان ھەیە! بەڵام لەم کابینەدا ئەم ئەنجومەنە ھەر کۆنەبوەتەوە و دڵنیام لە وردەکاریی فرۆشتنی نەوت و داشکاندنەکانی ئاگادارنین.. چ جای ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵە لەگەڵ تورکیا..


تێبینی: ئەو زەرفە گەورەی ئاشتی ھەورامی ھێنای بۆ کاک نەوشیروان، ساڵانەیەکی نەوت و غازو نەخشیەک بوو، لە گەڵ چەند کتێبێک کە دەرباری نەوت ھی فۆاد قاسم الڕمیر بوو بەدیاری بۆ کاک نەوشیروان ھاتبوو، دایبە من، ئێستا لای منەو یەکێ بۆ توێژینەوە ویستی لە خزمەتیدایە...
عەلی حەمە ساڵح