سی ساڵ حوکمڕانى بێ دەسکەوت

07/01/2021

د. ئەرسەلان بایز

((پێشنیار دەکەم جار جارە لە ڕێگاى خوانێکى نیوەڕۆ یان ئێوارە تەنانەت کوپێک چا لە مانگێکدا، چاوت بە کۆمەڵێک خەڵکى جۆراو جۆرى بوارى ڕووناکبیرى و کەسایەتى بیروکارى وڵات بکەوێت. کە ئێستا لە دەرەوەى دەسەڵاتن، هەروەها جار جارەش دەعوتنامەو میواندارى بۆ ژمارەیەک لە کەسایەتیە ڕووناکبیرە ناسراوەکانى دنیا بکرێت.

چونکە لەو جۆرە دانیشتنانە (فکر لە فکر دەخشێ، عەقڵە جیاوازەکان بەیەک دەگەن).

(ئەو جۆرە دیدەنیانە سوودى زۆریان هەیە).

لە ڕێگاى ئەو دانیشتنانەوە دەکرێ کۆمەڵێ فکرى باش و پرۆژە بۆ وڵات گەڵاڵە بکەین.

لە وەڵامى ئەو پێشنیارەى (محەمەد حەسەنێن هەیکەل) گەورە ڕۆژنامەنووسى عەرەب بۆ (حوسنى موبارەک) لە سەرەتای دەست بەکاربوونى وەکو سەرۆک کۆمارى میسر. (ئوسامە ئەلباز) وەزیرى کاروبارى سەرۆکایەتى بە گلەییەوە بە (هەیکەل) دەڵێت: من لە تۆ زیاتر دەیناسم، تۆ بەناهەق کاتى خۆت بە فیڕۆ دەدەیت، خۆت و خەڵکى تریش ماندوو دەکەیت. ئەو شێوازى کارکردنى جیاوازى خۆى هەیە) (هەیکەل) قسە بە (ئوسامە) دەبڕێ و دەڵێ: (لێگەڕێ با پیاوەکە خەڵک ببینێ و ببیسێ و بزانێ وڵاتەکەو دنیا پڕ لە پیاوو ئافرەتانێکن کە دەتوانن لێیانەوە فێر بین). (ئوسامە) لەسەر قسەکانى خۆى بەردەوام دەبێ:( بڕوا بکە لەگەڵ کەس ناحەوێتەوە ئەوانە نەبێ کە خۆى دەیانناسێ.

جگە لەوانە هەست بە دڵنیایی لەگەڵ کەس ناکات. بڕوا بکە ئەگەر ڕۆژانە دەیان بیرمەندو ڕووناکبیر ببینێ و دەیان پڕۆژەى باشیشى بۆ پێشنیار بکەن هەر بە قسەى خۆى دەکات).

هەر لە یەکەمین ڕۆژى دەست بەکاربوونیەوە ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆست نووسیبووى (مرۆڤێک دەبێتە سەرۆک کۆمارى میسر کەس نایناسێت ئەوانەش کە گوایە دەیناسن لە ڕاستیدا هیچى لە بارەوە نازانن).

یەک هەنگاویشى بۆ گۆڕانکارى و پێش خستنى وڵات نەنا.

دواى سى ساڵ لە حوکمڕانى کە ئەو پێى وابوو سەردەمەکەى مەزن و سەرکەوتووترین قۆناغى مێژوویی حوکمڕانى وڵاتەکەى بووە لە دواى (محەمەد عەلى) پاشا.

بەڵام (هەیکەل) دەڵێ: (ماوەى سى ساڵ لەبەردەم پیاوێک بووین هەموو ڕۆژو سەعاتێک بینیومانە، بەیانى و ئێوارە گوێمان لێى بوو. لە شاشەى تەلەفزیۆنەکان دەمانبینى. پیاوێک بە قسەى کەسى نەدەکرد).

دواى سى ساڵ لە حوکمڕانى وڵاتێکى کاولکارى جێهێشت. بۆیە سەرجەم جەماوەرى میسر لێى ڕاپەڕین و ناچاریان کرد دەست لەکار بکێشێتەوە. ئەمجارە لە شاشەى تەلەفزیۆنەکان بە جۆرێکى جیاواز دەرکەوت (مرۆڤێکى لاوازى کەنەفت، لەسەر نوینێکى پزیشکى ڕاکشابوو، بە پاسەوانى چەندین ئۆتۆمبێلى پۆلیس گەیەنرایە ناو قەفەسێکى ئاسنینى بەردەم دادگاى تاوانەکان.