تێرکردنی برسییەک

14/05/2021

د. ئەرسەلان بایز

 تێرکردنی برسییەک ... لە دروست کردنی مزگەوتێک خێر ترە

کــۆڵــە پــشـــت (61)                                   

مزگەوت ماڵی خواو شوێنی پەرستنی خوایە. جێگای بە کۆمەڵ نوێژکردنی ڕۆژانی هەینی و فەرزەکانی ترو، پەرستنی خواو (تراویح)ە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان. بەڵام زۆر دروست کردنی مزگەوت لە نزیک یەکتر پێویست نیە. چونکە کۆمەڵگاکان پێویستیان بە هەندێ خزمەتگوزاری تر هەیە کە خێرەکەی لە دروست کردنی مزگەوت کەمتر نیە.


ڕۆژێک لە دانیشتنێکدا لەگەڵ برایەکی موسوڵمانی توندڕەو ئەو باسەمان کرد. ئەو زۆر شێلگیرانە سوور بوو لەسەر ئەوەی کە مزگەوت چەند زۆر بێت خێرە. ئەوانەی مزگەوتیش دروست دەکەن لەو دنیا خوا پاداشتی زۆریان دەداتەوە. (بەندە) هیچ نکولیم لەوە نەکرد کە لە کات و شوێنی پێویستدا دروست کردنی مزگەوت خێرێکی گەورەیە. بەڵام هەقە لە بری دروست کردنی ئەو هەموو مزگەوتانە لە تەنیشت یەکتر، بەو گوژمە پارەیە نەخۆشخانە یان خەڵوەتگای پیران دروست بکرێت. یان پارەکە بەسەر هەژارو برسی و کەم دەرامەتە موسوڵمان و غەیرە موسوڵمانەکان دابەش بکرێت. ئەو برا موسوڵمانە توندڕەوە لەسەر ڕاکانی خۆی سوور بوو وتی: ئاخر مزگەوت ناوی خوای لێ دەهێنرێ و نوێژی تیا دەکرێت. بەڵام نەخۆشخانەو خەڵوەتگا، قوتابخانەکان. زۆر بە کەم ناوی خوایان تێدا دێت. وتم: برام مرۆڤ دەتوانێ لە بیابان، لوتکەی شاخەکان، نێو دارستان و چەمی ڕووبارەکان، لە ماڵی خۆت ناوی خودا بهێنی و خوا پەرستی بکەیت. بەڵام ڕۆژانە بە هەزاران مرۆڤیش پێویستی بە چارەسەرو پاروێک نان و، پیرەکانیش پێویستیان بە خزمەتە. سەرەنجام نەگەیشتینە ڕێکەوتن، هەر کەسەو لەسەر بڕوای خۆی سوور بوو. دواتر چەندین کتێبم خوێندەوە. لە چەندین مامۆستای شارەزایی ئاینی ئیسلامم پرسی. ئەنجام ئەم وتارەم بەر چاو کەوت. منیش دەقەکەی وەردەگێڕم و بڵاوی دەکەمەوە.

(ئەحمەد کوڕی مسکین) زانایەکی ئاینی سەردەمی (سەدەی سێی کۆچی)یە خەڵکی بەسرا بوو. دەگێڕێتەوە: (زۆر هەژار بووین. هیچمان لە ماڵەوە نەبوو. خۆم و ژنەکەم و مناڵێک بووین. سکمان لە برسێتی قۆڕە قۆڕی بوو. بۆیە بڕیارمدا خانووەکەمان بفرۆشم، تاکو بە پارەکەی بژێوی ژیانمان دابین بکەم. بۆیە لە ماڵەوە چوومە دەرەوەو گەڕام بە دوای کڕیارێک. لە ڕێگادا چاوم بە (باوکی نەسر) کەوت وتم دەمەوێ خانووەکەم بفرۆشم. مناڵەکانم برسین. ئەویش هەندێ نانی بە دەستەوە بوو. دوو نانی پێدام لەگەڵ هەندێ شیرینی. وتی: بڕۆ مناڵەکانت تێر کە. منیش بەپەلە گەڕامەوە لە ڕێگای گەڕانەوەمدا ڕوو بە ڕووی ژن و مناڵێک بوومەوە، کاتێ ژنەکە چاوی بە دوو نانەکەی دەستم کەوت. ڕووی تێکردم و وتی:- ئەم مناڵە بێ باوکە برسیەتی، ئارامی لێ هەڵگیراوەو خۆی ناگرێ. لە ڕێگای خوا هەندێ لەو نانەی دەستت بدە ئەم مناڵە یەتیمە. مناڵەکەش بە جۆرێ سەیری کردم کە هەرگیز لەبەرچاوم ون نابێت. منیش یەکسەر هەردوو نان و شیرینیەکەم دایە دەست مناڵەکە. پێشم وت خوا دەزانێ قروشێکم لە گیرفاندا نیە. ژنەکە پڕ چاوی فرمێسک بوو، نان و شیرینیەکەی وەرگرت، مناڵەکەش لە خۆشیاندا دم و چاوی گەشایەوە.

یەکترمان جێ هێشت. من سەر لە نوێ دڵ پڕو خەمبار بوومەوە. چۆن مناڵەکانم تێر بکەم . لەداخا پاڵم بە دیوارێکداداو چووبوومە خەیاڵی خۆم. بە ڕێکەوت (باوکی نەسر) بەلامدا تێپەڕی. بەسەر سوڕمانەوە لێی پرسیم: دیسان بۆچی وا خەمبارو مەلوول دانیشتووی، ماڵەکەت پڕ بووە لە خێرو بەرەکەتی خوا ئێستا تۆ دەوڵەمەند بووی. منیش حەپەسام و لە قسەکانی نەگەیشتم. بۆیە پرسیم: مەبەستت چیە...؟ من و مناڵەکانم قۆڕەی سکمان دێت لە برسان. ئەویش وتی: پیاوێک لە خوراسانەوە هاتووە. دەڵێ پێش (سی ساڵ) باوکت پارەی بە قەرز داوەتێ. ئێستا هاتووەو قەرزەکەی بۆ هێناویتەوە. بڕۆ ماڵەوە چاوەڕوانت دەکات.

 کورتترین وتاری نوێژی هەینی دەگەڕێتەوە بۆ شێخ (عەبدولقادری گەیلانی) کە لە ڕۆژێکی هەینیدا وتویەتی: تێرکردنی برسییەک لە دروست کردنی هەزار مزگەوت خێر ترە.