سەعاتێک بۆ خوا سەعاتێک بۆ دڵ

28/02/2021

د. ئەرسەلان بایز

  # بانگخوازى موسوڵمانى میسرى (مەعز مەسعود)، دواى خواستنى ژنە هونەرمەند (حەلا شێخە) سەر لە نوێ هاتەوە بەر ڕووناکى کامێراو ئامێرەکانى ڕاگەیاندن. هەر بۆ وەبیرهێنانەوەو خستنە بەر چاویش، پێشتر ئەو پیاوە چەند ژنە هونەرمەند، یا نیمچە هونەرمەندى هێناوە لەوانە (شێرى عادل، بسنت نورەدین کە بە شێوەى هونەرى لە بوارى ڕیکلامى گەشت و گوزار کارى دەکرد. دواتریش شاجوانى زانکۆى ئەمریکى لە قاهیرە کە دواتر بوو بە ئەکتەرێکى سەر شانۆکان. شیاوى باسە ئەو کارانە بەشێکن لە خواست و ئارەزووى ئەو پیاوە ئایینیە.

(شێخ مەعز) لە ئەمریکاوە دەستى بە لێکۆڵینەوەى زانستى ئایینى ئیسلام کردووە. ماناى ئایەتەکانى قورئانى پیرۆزى بۆ موسوڵمانان و غەیرە موسوڵمانەکان ڕاڤە دەکرد. پێش نوێژى مزگەوتى نیویۆرک بوو لە ئەمریکا. بێ سنوور حەزو خولیاى لە هونەر بوو، تەنانەت ئامێرى کەمانچەشى دەژەنى. ئەو شێوە حەزو ئارەزووە (ناوازانە) ئەگەر بتوانین  پێى دەڵێن (سەعاتێک بۆ خوا سەعاتێکیش بۆ دڵ).

# ڕۆژنامەنووسێکى عەرەب لە گۆشەى دوا لاپەڕەى (الشرق الاوسط) نووسیبووى: چەند ساڵێک پێشتر یەکێ لە برادەرە موسوڵمانەکانم بۆى گێڕامەوە (زۆر حەزم لە گەشت و گوزار بوو بۆ وڵاتى مەغریب، تەنانەت شوقەیەکیشم لەوێ هەبوو. هەینیەکى مانگى ڕەمەزان، لە یەکێ لە مزگەوتەکانى ئەو وڵاتە نوێژى بە کۆمەڵم کرد. مامۆستا ئاینیە پێش نوێژەکە پیاوێکى سەنگین و بەویقار بوو. وتارێکى گرنگ و ئاگرینى  لەبارەى شەریعەتى ئیسلام خوێندەوە. هەموو نوێژکەرەکان پێى سەرسام بووین. بۆیە لەناخى دڵمەوە دوعاى خێرو خۆش گوزەرانیم بۆ کرد.

   دواى تەواوبوونى نوێژ چوینە گەراژى ئۆتۆمبێلەکان، ئەو مامۆستا بەویقارە لاى ئۆتۆمبێلەکەى خۆى وەستابوو. منیش کە پێى سەرسام بووم دووربینى چاوەکانم خستە سەرى. مامۆستاکە سەرەتا سەندوقى پشتەوەى ئۆتۆمبێلەکەى کردەوە. دواتر جبەکەى داکەند، دیاربوو لە ژێر جبەکەى باشترین چاکەت و پانتۆڵى لەبەردابوو. ئینجا مێزەرەکەى داکەند، دواتریش (ڕیش)ە دەسکردەکەى لە چەناگەى کردەوەو هەر هەموویانى خستە نێو جانتایەک، ئیتر سوارى ئۆتۆمبێلەکەى بوو، سلفى لێداو بۆى دەرچوو. منیش هەردوو چاوى خۆم هەلگلوفت و وام زانى چاوەکانم ڕەشکەو پێشکە دەکەن. بەڕاستى لە حەپەساویدا لە شوێنى خۆم وڕ ببوم. دواتر هەر بۆ دڵنیایی خۆم، داواى هەندێ زانیارییم لەبارەى ئەو مامۆستا ئایینیە لە برادەرە مەغریبیەکانم کرد. ئەوان وتیان:-
- ئەو مەلایە لە پاڵ پیشەى پێش نوێژى هەینیان پیشەى تریشى هەیە. کە مرۆڤ بە خەیاڵیدا نایەت. هەرگیز بە خەیاڵ و فکرى کەسدا نایەت کە ئەو مەلایە زۆر حەزى لە هونەرە، بۆیە شەوانە لەیەکێ لە یانەکانى گۆرانى و سەمادا گۆرانى دەڵێت. جار جارەش شەڕاب دەخواتەوەو سەماش دەکات. بۆیە بەزانینى ئەو زانیاریانە هەر بە یەکجارى شۆک شۆک بووم. 
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
+ بە دەسکارییەوە، گۆڕینى هەندێ ناوو شوێن.