لە یاسای بودجەی عێراقدا دەرگاکان لە کورد داخراون

11/01/2021

بڵێسە جەبار فەرمان

لە ساڵانی رابردوو، بە تایبەتی ساڵی ٢٠٢٠، عێراق قەرزێکی زۆری دەرەکی کرد، ئەوەش بەھۆی ئەو قەیرانە ئابوورییە سەختەی توشی بۆتەوە.

ساڵانێکی زۆرە ھەموو بوارەکانی پەرەپێدان پشتگوێخراون، تەنھا پشت بە وەبەرھەمھێنانی نەوت بەستراوە و کەرتی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار بە تەواوەتی پشتگوێخراون.

ساڵانە رێژەی دانیشتوانی عێراق روو لە زیادبوونە، بەڵام حکومەت ھیچ پلانێکی ستراتیجی نییە بۆ خزمەتی پەروەردە، فێرکردن و دروستکردنی قوتابخانە و زانکۆی زیاتر و دروستکردنی ھەلی کاری زیاتر لە ڕێگای رەخساندنی ھەلی کار، بەرھەمی خۆماڵی و کارگەی پیشەسازی بۆ ئەو رێژە زۆرەی گەنجان کە ساڵ بە ساڵ روو لە زیادبوونن.

لە پرۆژەیاسای بوجەی ٢٠٢١یش پشت بەستراوە بە قەرزی دەرەکی و بەشی ھەرەزۆری بودجە تەرخان کراوە بۆ موچە، نۆژەنکردنەوە (صیانە) و کەرتی کارەبا. ھیچ ستراتیجیەتێک بۆ پەرپێدان بە پیشەسازی و فرەکردنی سەرچاوەی داھات دانەنراوە. لە بری دۆزینەوەی سەرچاوەی داھات و نەھێشتنی گەندەڵی لە وەزارەتەکانی حکومەت، ھەوڵ دراوە بە بەرزکردنەوەی باجی خانەنشینی لەسەر فەرمانبەری کەمدەرامەت و بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار، خەزێنەی دەوڵەت پربکرێتەوە کە ئەمە زیان بە ھاوڵاتیان دەگەیەنێت.

جیاوازی نێوان داھات و خەرجی زیاترە لە ٪‏٢٥، ئەمە لە کاتێکدایە کە بە پێی یاسا نابێت کورتھێنان لە ٪‏٣ تێپەرێنێت.

ھەڵەی گەورە لەم پرۆژە یاسایەدا بەدی دەکرێت.
لایەنەکان بۆ خۆ دەربازکردن لەو ھەموو کورتھێنان و نەبوونی پلان و ستراتیجیەتی دەربازبوون لە گێژاوی قەیران و قەرز، پەلاماری بودجەی ھەرێم دەدەن و شکستی نەبوونی پلان و سترایجیەت بە خۆشکردنی ئاگری شۆڤینیەت چارەسەردەکەن.

ھەرێمی کوردستانیش کە دووچاری قەیران بۆتەوە و ناچارانە  رووی لە بەغدا کردووە، ناتوانێت ھەمان سیاسەتی ساڵانی پێشوو پەیڕەو بکات. ناتوانێت نەوت رادەست نەکات و چاوەڕێی موچە بکات. ئەم سیاسەتە ھەڵەیە بەرەو شەرێکی دژوارمان دەبات لەسەر نان.

شەڕی ئەم جارەی کورد و عەرەب لەسەر ماف و ئازادی نابێت، بەڵکو لەسەر نان و قوت دەبێ.

لایەنەکانی بەغدا بە یاسا گەرەکیانە دەست و قاچی کوردستان ببەستن، مەرجی سەرەکیشیان دەرهێنانی نەوتە لە دەستی کوردستان. بەیاسا دەرگایان لە کوردستان داخستوە.
ھەرێم پێویستی بە تەوافقێکی سیاسی ھەیە لەگەڵ بەغدا لەسەر بودجە پێش تەوافقی ئابووری و یاسایی.