ڕاپۆرتی جیهانی

07:25 - 31/07/2019

جارێکیتر شەپۆلی کۆچکردن بۆ ئەوروپا دەستیپێکردەوە‌

پەیسەر

کۆچکردن بۆ وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە ڕێی وڵاتانی بەڵکانەوە دەستیپێکردووەتەوە. زۆربەی ئەو کەسانەی کۆچ دەکەن خەڵکی عێراق و سوریا و ئێران و ئەفغانستانن و هاوڵاتیە کوردەکانی چوار پارچەی کوردستانیش بەشێکن لە کۆچبەرەکان.

لە ساڵی ٢٠١٦دا و دوای دەستپێکردنی لێشاوی پەنابەران ڕێگەی باڵکان بە ڕووی پەنابەراندا داخرا و رێوشوێنی توند گیرایە بەر. ئەو رێگایە بولگاریا و کرواتیا و بۆسنە و مەکدونیا و سلۆڤاکیا و سڕبیا دەگرێتەوە.

ڕاگەیاندنەکانی نەمسا بڵاویانکردووەتەوە، جارێکتر لە ڕێی وڵاتانی بەڵکانەوە چەندین پەنابەر خۆیان گەیاندووەتە نەمسا، سوید و ئەڵمانیا و ئاشکرایان کردووە، نزیکی ٨٠ هەزار کەس لە وڵاتانی بەڵکان بە نایاسایی ماونەتەوە و چاوەڕوانی دەرفەتێک دەکەن خۆیان دەرباز بکەن.


حکومەتی ئیتاڵیا و کرواتیا و سلۆڤاکیا هێزێکی زۆریان ڕەوانەی سنوورەکان کردووە و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدەن. بەپێی زانیاریەکانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پەنابەرانی نەمسا، ڕێژەی پەنابەران لە سنووری یۆنان و مەکدۆنیا ١٠٠% و لە سنووری کرواتیاش ٣١% زیادیان کردووە.

ڕاگەیاندنەکانی نەمسا ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، لە ٢٨ی حوزەیرانەوە تا ٨ی تەمموز، ٢٦ قاچاغچی و ٢٧٦٠ پەنابەر لە وڵاتانی بەڵکاندا دەستگیرکراون و دەڵێن، قاچاغچییەکان پارەیەکی زۆر لە پەنابەرەکان وەردەگرن و لە ڕێی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەری بارهەڵگرەوە ڕەوانەی وڵاتانی تریان دەکەن.

بەرپرسانی ئەوروپا دەڵێن، پێناچێت ڕێگای وڵاتانی بەڵکان بە تەواوی بە ڕووی پەنابەراندا داخرابێت و هەواڵی ڕووداوێکی هاتوچۆیان وەک نمونە گێڕاوەتەوە کە لە سربیا ٣٤ پەنابەری ئەفغانی لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیان برینداربوون.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا ڕێگای بەڵکانی وەک کارەساتێکی گەورە ناوبردووە و ئاماژە بەوەدەکەن، پەنابەران لە کاتی دەربازبوون بە سنوورەکاندا کاری مەترسیداردەکەن، لە ڕووبار و دارستانە مەترسیدارەکان دەپەڕنەوە و برسێتی و تینوێتی دەکێشن و ڕووبەڕووی توندوتیژی هێزەکانی پۆلیس دەبنەوە و بەرپرسانی ئەوروپاش بەرامبەر ئەو کارەساتە مرۆییە  بێدەنگن.


لە هەر چوار چرکەیەکدا کەسێک ئاوارە دەبێت
کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاندووە، لە هەر چوار چرکەیەکدا کەسێک ئاوارە دەبێت. لە جیهاندا ٧٠ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس ماڵ و حاڵ و وڵاتەکانیان جێهێشتووە و لە ئاوارەییدا دەژین. ١٠ ملیۆن کەسیان خاوەنی هیچ ناسنامەیەک نین. ٤٠ ملیۆنیان لە وڵاتی خۆیان ئاوارەبوون. ٢٥ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەسیان لە ترسی جەنگ لە وڵاتانی دیکە دەژین، لەو ژمارەیە تەنها ٢٠ ملیۆنیان لەژێر چاودێری کۆمسیۆنەکەیاندان.

بە پێی ئاماری کۆمسیۆنەکە، سێ ملیۆن و ١٠٠ هەزار کەس لە وڵاتانی ڕۆژئاوا چاوەڕانی وەڵام و وەرگرتنی کارتی نشینگە دەکەن.

پەنابەر چ مافێکی هەیە؟
کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران لە ٢٨ی تەمموزی ١٩٦١دا مەزراوە و ١٨ وڵاتی جیهان واژۆیان لەسەر یاساکانی کۆمسیۆنەکە کردووە. بەپێی یاساکانی کۆمسیۆنەکە ئەو کەسانە مافی پەنابەرییان هەیە کە بەهۆی ڕەگەز و نەژاد و ئایینزا و بیروبۆچوونی سیاسی و تایبەت و نەتەوەوە تووشی گرتن و ئەشکەنجەدان دەبنەوە و لە وڵاتەکانیان ژیانیان لەمەترسیدایە.

بە پێی یاساکان نابێت وڵاتانی ئەندامی کۆمسیۆنەکە، بەهیچ بیانوویەک پەناخوازان بنێرنەوە بۆ وڵاتەکانیان.

بکوژ و سەرباز و ئەو کەسانەی مافی مرۆڤیان پێشێلکردووە، یاساکە نایانگرێتەوە. دانیمارک یەکەم وات بوو یاساکانی پەنابەریی قبوڵکردووە.
پەنابەران مافی کارکردن و خوێندن و شوێنی نیشتەجێبوون و بەکارهێنانی ئامێرە گشتییەکان و ئازادی ئایین و دادگا و ناسنامەیان هەیە.