ڕاپۆرتی جیهانی

02:56 - 17/08/2023

ته‌رم له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان كه‌وتوون و ماڵه‌كان بوونه‌ته‌ گۆڕستان‌

پەیسەر

لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە تا ئێستا دەنگی فیشەک و تۆپ لە خەرتومی پایتەختی سودان نه‌بڕاوه‌، ڕۆژانە دەیان کەس دەکوژرێن و بریندار دەبن، جا چ لە هەردوو لای شەڕەکە بێت یان خەڵکی سڤیل.

 لە ئەنجامی ئەم شەڕە، کە چووەتە مانگی پێنجەمی خۆیەوە، دەسەڵاتە ناوخۆیی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ناتوانن بە وردی ژمارەی قوربانیانی ململانێکان بژمێرن.

لیژنەی بەرایی سەندیکای پزیشکانی سودان ڕایدەگەیەنێت، ئەستەمە بتوانرێت ژمارەی قوربانیانی شه‌ڕه‌كه‌ بخەمڵێندرێت، چونكه‌ زۆرێک لە خێزانەکان ناچاربوون کوژراوەکانیان لە ماڵەوە بنێژن، ئەوەش بەهۆی نەتوانینی گەیشتنیان بە گۆڕستانەکان.

به‌پێی وته‌ی شایه‌تحاڵان گه‌یشتن به‌ گۆڕستانه‌كان ئه‌سته‌م بووه‌ و دەیان تەرم له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان كه‌وتوون و دیمه‌نه‌كه‌ به‌ جۆرێك خه‌مهێنه‌ره‌ كه‌م كه‌س هه‌یه‌ به‌رگه‌ی بینینی بگرێت.

ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە دوایینیان ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵانی بەریتانی بوو، هۆشدارییان دا لە مەترسی جێهێشتنی تەرمه‌كان لە شەقامەکاندا، بە وتەی ئه‌وان مەترسی بۆ سەر دانیشتووان دروستدەکات بەهۆی شیبوونەوە و خراپبوونیان، كه‌ هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشییەکان.

دەستەی پزیشکی دادوەریی لە سودان، هۆشداری داوه‌ لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاکان بەتایبەتی تاعون، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ سێ هەزار تەرم لە مردووخانەکانی خەرتوم دانراون مه‌ترسی هه‌یه‌ شی ببنه‌وه‌ و بۆگه‌ن بكه‌ن، ئه‌م ته‌رمانه‌ هی ڕووداوه‌كانی ٢٠١٩ و رۆژانی دواترن كه‌ به‌هۆی ئامانجی سیاسیه‌وه‌ ڕێگری كراوه‌ له‌ ناشتنیان.

سودان خاوەنی سامانی سروشتی هەمەچەشنە وەک زەوی کشتوکاڵی، سامانی ئاژەڵ و کانزا، دارستان، سامانی ماسی و ئاوی شیرین. به‌ڵام دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ هه‌ژارییه‌كی كوشنده‌دا ده‌ژین.

شەڕه‌كه‌ لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە، به‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌ردوو ژه‌نه‌ڕاڵ عه‌بدولفه‌تاح بورهان و محه‌مه‌د حمدان ده‌ستیپێكردووه‌ و تا ئێستا هه‌زاران كه‌س كوژراون و به‌ ملیۆنانیش ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ر بوون.