ڕاپۆرتی جیهانی

05:10 - 07/08/2023

نهێنیه‌كانی ژووری ژماره‌ 39 له‌ كۆشكه‌كه‌ی كیم جۆنگ ئۆن‌

پەیسەر

سەرەڕای ئەوه‌ی نهێنی و شاراوه‌ییه‌ك دەوری کۆریای باکووری داوه‌، به‌ڵام ژوورێک لەناو بینای پارتی کرێکارانی کۆریای باکور هه‌یه‌، پڕ نهێنیە و چه‌ندین شتی ئەفسانەی و سه‌رنجڕاكێشی تێدا ده‌كرێن.

ساڵانێکە بەرپرسانی هەواڵگری لە سەرانسەری جیهان هەوڵ دەدەن بگەنە نووسینگە نهێنیه‌كه‌ی نهۆمی سێیەمی بارەگای پارتی کرێکارانی کۆریای باکوور لە پیۆنگیانگ. بەگوێرەی گۆڤاری تایم، کیم جۆنگ ئون، له‌سه‌ر شوێنپێی باوکی و کیم جۆنگ ئیلی باپیری  ده‌ڕوات، لە پاداشتكردنی خۆی و دڵسۆزانی لە بواری سەربازی و هەواڵگری و حکومەتدا بە دیاریی گرانبەها لە پارەی کاشەوە تاوەکو كحول.

ژووری ٣٩ سەرچاوەی ئەو ئیسرافی و سامانە زۆره‌یه‌ کە کیم جۆنگ ئون و خەڵکی چینی باڵا لە پیۆنگیانگ ئەزموونی ده‌كه‌ن، سەرەڕای ئەو هەژارییە زۆرەی کە نزیکەی لەسەدا ٦٠ی دانیشتوانی کۆریای باکوور به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.
بریکارەکانی هەواڵگری کە لە کۆریای باکوور هەڵاتوون ئاشکرای دەکەن کە ئەو نا هاوسه‌نگییه‌ و بوونی جیاوازی چینایه‌تیه‌،‌ بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ "ژووری ٣٩"ە.

ڕاپۆرتی دژبەیەک هەیه‌ سەبارەت بە بەرواری دامەزراندنی ژووری 39، به‌ڵام زۆرینه‌ی گێڕانه‌وه‌كان ده‌ڵێن لە ماوەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا دامەزراوەو ئیداره‌یه‌كی نهێنیه‌ و هه‌روه‌ها به‌ لیژنه‌ی دووه‌می ئابووری كۆریا ناوده‌برێت، كه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتی چالاكیه‌ نهێنی و ناشه‌رعییه‌كانی كۆریای باكوره‌ له‌ ژێر ناوی دیبلۆماسی.

وەستانی پشتیوانی سۆڤیەت بۆ پیۆنگ یانگ دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم یەکێتییە بووە هۆی ئەوەی کۆریای باکوور سەرچاوەکانی داهاتی لە دراوی ڕەقەوە هەمەچەشن بکات، ئەمەش هاندەرێک بوو بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکانی زیاد بکات و چالاکییە نایاساییەکان فراوانتر بکات، لەوانەش قاچاخکردنی کەلوپەلی کۆن و قاچاخی دیکە ، بە تایبەت لە جانتای دیپلۆماتکاراندا. هه‌روه‌ها كێڵگه‌كانی چاندنی ڕووه‌كی خه‌شخاشیش له‌ كۆریا فراوانتر كران كه‌ ماده‌ی هۆشبه‌ری لێدروستده‌كرێت.

پلانێكی دیكه‌ كه‌ كۆریا بۆ ده‌ستخستنی پاره‌ی كاری له‌سه‌ر ‌كرد، هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاته‌ لە ڕێگەی نایاساییەوە بە ساخته‌كردنی هەموو براندە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها ساختەکردنی دۆلار لە ڕێگەی ئەو شتەی کە ئەوکات بە "دۆلاری سوپەر" ناسرابوو، کە دراوێکی ساختە بوو بۆ دۆلاری ئەمریکی و یۆرۆی ئەوروپی.

خەمڵاندنەکانی دەزگای هەواڵگری لە ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆریای باکوور لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ملیۆنان پارەی ساختەی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی چاپکردووە، هەروەها دەسەڵاتدارانی پیۆنگیانگ لەم ماوەیەدا کاریان کردووە بۆ پەرەپێدانی ئەو دراوە ساختانە لە وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان.

لە کاتی پشکنینی کەشتییەکی گواستنەوەی کۆریای باکوور لە ساڵی ٢٠٠٦ کە ئاڵای پەنەمای هەڵکردبوو، ئەفسەرەکان زیاتر لە ٣٠٠ هەزار دراوی ساختەیان دۆزیەوە کە هەموویان پلەیەکی بەرزی وردبینییان هەبوو.

ئەم بڕە پارە زەبەلاحە کە کۆریای باکوور توانی لەم ئۆپەراسیۆنانە کۆی بکاتەوە، بووە هۆی ئەوەی حکومەتی پیۆنگیانگ لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ بەڕێوەبردنی ئەو سندوقانە پێکبهێنێت بە ناوی لیژنەی ئابووری دووەم کە بە "ژووری ٣٩" ناسراوە.

هەروەها باسله‌وه‌ده‌كرێت ئەم ژوورە تا ئەمڕۆش چالاکە و بەردەوامە لە ڕه‌وانه‌كردنی پارە بۆ ناو ئەکاونتی بنەماڵەی کیمی دەسەڵاتدار لە ژێر سەرکردایەتی کیم جونگ ئون. هەروەها له‌ ژووره‌كه‌دا یه‌كه‌ی ئۆپەراسیۆنەکانی هاککردن و چالاکییەکانی هێرشی ئەلیکترۆنی تێدایە کە لەلایەن کیم یۆ جۆنگ خوشکی سەرۆکی کۆریای باکوورەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لەو ماوەیەدا زۆرێک لە دامەزراوە داراییەکان و بانکەکانی وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان هێرشیان کراوەتە سەر .

لە ساڵی ٢٠١٦ ئەم ژوورە هێرشێکی ئەلیکترۆنی بۆ سەر بانکی یەدەگی فیدراڵی نیویۆرک دەستپێکرد، و خەریک بوو ملیارێک دۆلار بدزێت. بەڵام ئەو فێڵە بە هۆی هەڵەی ڕێنووسی لە یەکێک لە بەڵگەنامەکاندا ئاشکرا بوو، کە بووە هۆی شکستی ئۆپەراسیۆنەکە.

ژوورەکە لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریادایە و ژمارەیەک کۆمپانیای گەورەی کۆریا وه‌ك چەترێك بۆ چالاکییەکانی بەکاردەهێنن،  مه‌زه‌نده‌ده‌كرێت بە نزیکەی 50%ی ئابووری وڵاتەکە له‌ ژێر ده‌ستی ئه‌م ژووره‌دا بێت.