ڕاپۆرتی جیهانی

12:23 - 12/08/2023

یۆرانیۆم و کودەتا لە نەیجەر: دوانەیەکی تۆقێنەر‌

پەیسەر

د.هاوڕێ‌ مەنسور بەگ

ئەو کاتەی زەویناسە فەرەنسییەکان ساڵی ١٩٥٧ لە نەیجەری داگیرکراو بە دوای مسدا دەگەڕان، سەرەداوی ڕاستەوخۆیان دەستکەوت کە ئەو وڵاتە داخراوە لە سەر خەزێنەیەکی زەبەلاحی یۆرانیۆمدا لەنگەری گرتووە…. کۆمیسیۆنی وزەی ئەتۆمی فەرەنسا (CEA) دەستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر کرد و هەموو شت پشتڕاست بۆوە. لە ساڵی ١٩٦٠، نەیجەر  سەربەخۆیی خۆی لە فەرەنسا مسۆگەر کرد، بەڵام حەز و خولیای پاریس بۆ دەستگەیشتن بە یۆرانیۆم بە زیندوویی مایەوە تا ئەمڕۆش.

نەیجەر وڵاتێکە لە ناو دڵی بیاباندا لە ئەفریکا، شکۆی ئەو وڵاتە، لە یەکەم ڕۆژی سەربەخۆییەوە، کانزای یۆرانیۆم. یەکێک لە گەورەترین یەدەگی یۆرانیۆمی جیهان، لە دڵی ئەو بیابانەوە بەرهەم دەهێندرێت. ئەم ماددە تیشکدەرە کە لە ژێر دیمەنی بیابانێکی وشک و کاکی بەکاکییەوە  شاراوەتەوە، هەم ئابووریی وڵات، هەم هاوسەنگییەکی جیۆپۆلەتیکی ناسک و ناجێگیری وزەی چەندین وڵات دابین دەکات.

دەرهێنانی یۆرانیۆم لە کانەکانەوە پیشەسازییەکی سەرەکییە لە نەیجەر، کە ٧.٥%ی کۆی گشتی یۆرانیۆمی جیهان دابین دەکات. یۆرانیۆم بۆ نەیجەرییەکان هێڵێکی ژیانە، لوولەی هەناسەی نەتەوەیەکە کە لەگەڵ هەژاریدا دەجەنگێت. کۆمپانیاکانی فەرەنسا و چین و وڵاتانی دیکە وەبەرهێنانێکی زۆر لە نەیجەر دەکەن و ئەمەش وایکردووە کە نەیجەر ببێتە خاڵێکی  سەرەکی و بەریەککەوتن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.

نائارامییە سیاسییەکانی ئەم دواییە و کودەتای سەربازی بە سەر سەرۆکی بە دیموکراتی هەڵبژێردراو (محەمەد بازوم) هەڕەشەی ڕوخانی ئەم هاوسەنگییە ناسکەی وزە و سیاسەت و ئابووری دەکات.


کودەتا بەسەر مازوم دەکرێت کارەسات بەدوا خۆیدا بهێنێت. حکومەتێکی ناسەقامگیر لەوانەیە ببێتە هۆی پشێوی لە پیشەسازی یۆرانیۆمدا و زنجیرەی دابینکردنی جیهانی بە شێوەیەکی مەترسیدا بشڵەژێنێت. بەشێکی زۆر لە وێستگە ئەتۆمییەکانی دابینکردنی کارەبا، لە سەرانسەری جیهاندا، پشت بە یۆرانیۆمی نیجەر دەبەستن. شکانی زنجیرەی دابینکردنی یۆرانیۆم بە شێوەیەکی کتوپڕ، شێواندن و پچڕانی کارەبای لە چەندین وڵاتی جیهان لێدەکەوێتەوە و نرخەکانی وزە بەرەو ئاسما  دەبات. جیهان بە ئەستەم بەرگەی شڵەژانێکی دیکە لە زنجیرەی دابینکردنی وزە دەگرێت کە بە هۆی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا، سەرتاپای سیستەمەکە لەرزۆک بووە.

مەترسییەکی دیکە کە ڕۆژئاوای تۆقاندووە ئەوەیە کە گرووپە توندڕەوەکان دەستیان بگات بە یۆرانیۆمی نەیجەر. لە لایەک وڵاتانی سەرکێش و نەیار ببن بە کڕیار، لە لایەک گروپەکان خۆیان بۆمبی قێزەوەنی پڕ لە ماددەی تیشکدەر بەرهەم بهێنن. بە کورتی لە ناوچەیەکدا کە لە ئێستادا پڕ بووە لە تیرۆر و ململانێ، کۆدێتایەکی لەو چەشنە دەتوانێت دەرفەت بۆ بازرگانی نایاسایی یۆرانیۆم دابین بکات و ئاسایشی نێودەوڵەتی بخاتە مەترسییەکی گەورەوە. هەر بۆیە سەقامگیری نەیجەر تەنیا نیگەرانییەکی ناوخۆیی و ئیقلیمی ئەفریکی نییە؛ بەڵکوو قەیرانێکی ڕاستەقینەی جیهانییە.

وڵاتە بەئاگاکانی جیهان (نەوەک خەوتووەکان) چاودێری بەردەوامی پێشهاتەکان دەکەن لە نەیجەر. نائارامی لە نیجەر دەبێتە زەربەیەک کە لە سەرانسەری جیهاندا هەستی پێدەکرێت و وەبیرهێنانەوەیەک دەبێت کە چۆن چارەنووسی تاکە نەتەوەیەک دەتوانێت جیهان بشڵەژێنێت.