ڕاپۆرتی جیهانی

03:01 - 12/12/2019

گۆڕینەوەی دیلەکان ده‌رگاى نێوان واشنتن و تاران ده‌كاته‌وه‌؟‌

پەیسەر

پێگەی ئەلەکترۆنی ژاپۆن تایمز، ئاشکرای کرد، ئەمریکا لەگەڵ ئەوەیە کە ژاپۆن رێخۆشکەری بکات بۆ سەردانی حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ تۆکیۆی پایتەختی ئەو وڵاتە.

بەپێی هەندێک سەرچاوەی دیپلۆماسی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت لە رێگەی سەردانی رووحانییه‌وه‌ بۆ ژاپۆن، بارودۆخێکی وا بڕەخسێنیت کە دانوستانی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە سەر رێککەوتنی ئەتۆمی بە بنبەست گەیشتووی ئێران، دەست پێ بکاتەوە.
بەرپرسێکی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای لە ژاپۆنییەکان کردووە، ئەنجامی دیداری رووحانی و شینزۆ ئابێی سەرۆک وەزیری ژاپۆن، بە ئەمریکا رابگەیەنێت. واتە ئەو دیدارەی کە بڕیارە ٢٠ ی ئەم مانگە سازبکرێت.

هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوەدەکەن کە لە ئەگەری دیداری رۆحانی و شینزۆ ئابێدا، سەرۆکی وەزیری ژاپۆن لە بارەی رێککەوتنی ئەتۆمی گفتوگۆی لەگەڵ بکات. هەروەها کۆمەڵێک سەرچاوەی دیکە باس لەوە دەکەن کە پێدەچێت لەو دیدارەدا، شینزۆ ئابێ، پلانی ژاپۆن بۆ رەوانەکردنی هێزی سەربازی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست باس بکات.

حکومەتی ژاپۆن بە نیازە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی توانا هەواڵگری و سەربازییەکانی و بۆ دڵنیابوون لە پارێزراوبوونی کەشتییەکانی، کەشتییەکی هێرشبەری جەنگی وکەشتییەکی گەڕۆک رەوانەی ناوچە ئاوییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکات.
ژاپۆن هەوڵ بۆ نابژیوانیکردن لە نێوان تاران و واشنتن دەدات، یەکێک لەو وڵاتانەیە کە تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر سەرکوتکردنی خوێناویی خۆپێشاندانەکانی ئێران نەبووە.

پێشتر و لە ١٣ی ژووئەنی ٢٠١٩دا، شینزۆ ئابێی سەرۆک وەزیری ژاپۆن، لە تاران لەگەڵ عەلی خامەنەیی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووەوە، بەڵام رابەری شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران پێی گوت؛ هیچ متمانەی بە ئەمریکا نییە و ئەزموونی تاڵی دانوستاندنەکانی رابردوو لە بارەی دۆسییەی ئەتۆمی، لەگەڵ ئەمریکا دووبارە ناکەنەوە، چونکە"نەتەوەی ئازاد و ئاوزمەند لە ژێر فشاردا دانوستان قبوڵ ناکات".

لەو دیدارەدا خامەنەیی گوتی "دانوستان ناکەین"،  جەختی کردەوە کە "دۆناڵد ترەمپ، کاتێک دەڵێت ئامانجیان گۆڕینی رژێمی ئێران نییە، درۆ دەکات ".

ئێستا بە رێککەوتنی تاران و واشنتن لە سەر گۆڕینەوەی دیلەکان، ئەگەری رەخسانی دەرفەت بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی سیاسی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەهێز بووە. لە کاتی گۆڕینەوەی دیلەکان (ژیوو وانگ و مەسعود سلێمانی)دا کە وا دیارە حکومەتی سویسرا ئامادەکاری بۆ کردبێت، برایان هۆک و محەممەد جەودا زەریف هاوکات لە زوریخ بوون، بەڵام هیچ هەواڵێک لە بارەی ئەوە بڵاو نەبووەوە کە دیداریان کردبێت یاخود ئەو دوو بەرپرسەی ئێران و ئەمریکا راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ پەیامێکیان لە نێواندا ئاڵوگۆڕ بووبێ.

ئاماژەیەک بۆ دانوستانی زیاتر بەدی ناکرێت

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە کە ناوی ئاشکرا نەکردوون، ئاشکرای کردووە؛ ژیوو وانگ بە فڕۆکەیەکی حکومیی سویسرا لە تارانەوە گواستراوەتەوە بۆ زوریخ. بەرپرسە ئەمریکییەکان جەختیان کردووە کە هیچ ئاماژەیەک بەدی ناکەن بەوەیکە گۆڕینەوەی دیلەکان گفتوگۆی زیاتری لە نێوان تاران و واشنتن-دا بە دوادا بێت.

هەر چۆنێک بێت، دۆناڵد ترەمپ بە هۆی هاوکاریکردنی کۆماری ئیسلامی بۆ ئازادکردنی ژیوو وانگ، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و بەهۆی ئەو "گۆڕینەوە دادپەرەوەرانەیە" سوپاسی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد.

نیویۆرک تایمز، لە درێژەی راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی؛ برایان هۆک لە رێگەی سویسراوە دانوستانەکانی پێوەندیدار بە گۆڕینەوەی دیلەکانی بەرەو پێش بردووە. بەڵام هیچ دیدارێکی راستەوخۆ لە نێوان هۆک و بەرپرسانی حکومەتی ئێراندا ساز نەکراوە. دوایین پەیوەندی راستەوخۆی برایان هۆک لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا بۆ مانگی مارسی ٢٠١٨ دەگەڕێتەوە کە لە دانیشتنێکدا بووە کە لە بارەی رێککەوتنی ئەتۆمی ساز کراوە.

خاڵێکی سەرنجڕاکێش لەم بابەتەدا، ئەوەیە کە گۆڕینەوەی دیلەکان دوو رۆژ دوای سەردانی بن عەلەوی وەزیری دەرەوەی عەممان بۆ تاران کراوە (عەممان پێشتر لە نێوان ئێران و ئەمریکادا ناوبژیوان بووە)

 هەرچەند لە ناو هەواڵ و راپۆرتە پەیوەندیدارەکان بە دیداری بن عەلەوی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێراندا، هیچ ئاماژەیەک نەبینرا گوزارشت لە ئەگەری گفتوگۆ یا رێککەوتن لە سەر ئازادکردنی دیلەکان (وانگ و سلێمانی) بکات.
 
هەوڵدان بۆ ئاسانکاریکردن بۆ گواستنەوەی پارە لە نێوان ئێران و عەمماندا
عەبدولناسر هیممەتی بەرپرسی بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە بارەی دیداری لەگەڵ هاوتا عەممانییەکەی و دیداری لەگەڵ وەزیری پیشەسازی و بازرگانی عەمماندا، رایگەیاندووە؛ لە دیدارەکاندا لە بارەی رێگاکانی ئاسانکاریی بۆ پەیوەندیی بانکیی و بازرگانی نێوان ئێران و عەممان، دانوستانیان کردووە. 

دەکرێت هەموو ئەمانە ئاماژەبن بۆ بەهێزبوونی ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستان لەنێوان ئێران و واشنتن-دا، بە هەمانشێوەی ساڵی ٢٠١٥ کە لە میانەی دانوستانە ئەتۆمییەکاندا و لە سەردەمی باراک ئۆبامادا، بەنهێنی رێککەوتن لە سەر ئازادکردنی زیندانییەکان کرا.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا زۆر پرسیار لە بارەی دیل گۆڕینەوەکەی ئەم دواییە هاتووەتە ئاراوە، وەکوو؛ ئەگەر ئێستا رێخۆشکەری بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دەکرێ، ئایا کۆماری ئیسلامی ١٢ مەرجەکەی ئەمریکا یاخود بەشێک لەو ١٢ی مەرجەی قبوڵ کردووە؟

یان ئایا ئەمریکا دەیەوێ لە هەڵوێستەکانی خۆی پاشەکشێ بکات؟ لەوانەیش گرنگتر ئەوەیە کە ئایا ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێران و سەرکوتکردنی خوێناوییان چ کاریگەرییەکی لە سەر ئاڕاستەی تاران و واشنتن لە دانوستانەکاندا دەبێت؟ هەروەها ئایا کۆماری ئیسلامی ئێران لەم پێناو مانەوەی خۆیدا پاشەکشێ دەکات؟     

سەرچاوە: کەیهان لەندەن