ڕاپۆرتی جیهانی

03:59 - 16/05/2020

لە نامەکانی لینینەوە بەرەو پەخشی ڕاستەوخۆ‌

ساڤان عەبدولڕەحمان

چوار نمونەی ڕێکخستنی ئۆپۆزسیۆن لە تاراوگەوە

بەدرێژایی مێژووی مۆدێرن، ئۆپۆۆزسیۆنە سیاسییەکان لەڕێی گەیاندنی بیروبۆچوونەکانیان بە هاوڵاتیان ئامانجەکانی خۆیان پێکاوە، ئەویش بەهۆی ئامرازەکانی پەیوەندیکردنی سەردەمی خۆیانەوە. سەرەتا لە نامەکانی لینینەوە کە گەیاندنی لە سویسراوە بۆ روسیا کاتێکی زۆری دەخایاند دەستیپێکرد، دواتریش بۆ شریت(كاسێت)ە دەنگییەکانی ئایەتوڵاخومەینی لەکاتی شۆڕشی ئێرانی ساڵی حەفتاکان و پاشانیش شۆڕشی بەهاری عەرەبی کە لەڕێی بڵاوبونەوەی تەکنەلۆژیی "گواستنەوەی ڕاستەوخۆ"وە سەریهەڵدا.

لەماوەی سەدەیەکدا جیهان بەرەوپێشچوونێکی گەورەی لە بواری پەیوەندی و تەکنەلۆژیدا بەخۆیەوە بینی، کە بڵاوبونەوەی زانیاری ئاسانتر کرد وخەڵکی لەیەکتر نزیک کردەوە. جیهان لە نامە و کتێبەکانەوە بەرەو تۆماری دەنگی و پاشانیش بۆ کەناڵی تەلەفزیۆنی و دواجاریش بۆ دنیای ئینتەرنێت پەرەیسەند. لە ئێستادا ئینتەرنێت لە ڕێی مۆبایلە زیرەکەکانەوە لە گیرفانی هەمووماندایە و بوەتە سەکۆی گۆڕینەوەی بیر و ڕاکان.

شۆڕشی تەکنەلۆژی کاریگەرییەکی سیاسی گەورەی هەبووە ولەڕێی بەرفراوان بوونی هێڵی ئینتەرنێت و بەجیهانیبوونەوە چەندین جۆریگۆڕینەوەی بیروڕا بوەتە هۆی سەرپێخستنی شۆڕشەکان. لە خوارەوە چوار نمونەی دیاری مێژوویی دەخەینە ڕوو کە دەستپێکی ئۆپۆزسیۆنەکان بوون.

نامە لە تاراوگەوە: ئەو سەردەمەی نامەکانی لینین لە خیتابە ڕاستەوخۆکانی گرنگتر بوون
ڤلادیمێر لینین سەرکردەی کۆمۆنیستی فەڕەنسی،  ساڵی ١٩١٤ لەبەر چەوساندنەوەی هێزە پۆلیسییەکانی فەڕەنسا دەچێتە سویسرا  و دوای سێ ساڵ و لە ساڵی ١٩١٧ شۆڕشی بەلشەڤیکی بەرپا دەبێت و ئەو ڕابەریی دەکات.

لە شاری زیورخی سویسرا لینین کتێبیدەنووسی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ نوخبەی ڕۆشنبیراندا ئەنجامدەدا و خیتابی دەخوێندەوە، هەر لەو ماوەیەدا گوێبیستی هەواڵی کەوتنی مەلیکی ڕووسی و هەڵگیرسانی شۆڕش بوو و بڕیاریدا چیتر کۆبوونەوە نەکات و خیتاب نەدات بەڵکو دەستبکات بە نووسینی نامەی درێژ و لە سویسراوە بینێرێت بۆ فەڕەنسا، لەو نێوەندەدا لینین دەیگوت "ڕۆژنامەوانی لە ئێستادا سەرەکیترین ئامرازە"

لینین لە نامەکاندا داوا لە چینی کرێکاران دەکات لە بۆرژوازییە لیبراڵەکان دابڕێن و خۆیان دەسەڵات بگرنە دەست. ئەمە تاکە ڕێگەبوو تا لینین پەیوەندی لەگەڵ هاوڵاتیاندا ببەستێت و ئایدیاکانیان لە سەردەمی شۆڕشدا پێبگەیەنێت.

نامەکانی دەنارد بۆ شۆڕشگێڕێکی هاوڕێی بەناوی ئەلێکساندرا کۆنتلای لە ئۆسلۆی نەرویج، ئەویش لەوێوە دەینارد بۆ شاری سانت بیترسبێرگ. بەمجۆرە نامەکانی ئەوسەردەمە کاتێکی زۆریان پێدەچوو تا دەگەیشتنە شوێنی خۆیان.

لە هەفتەکانی دواتری شۆڕشدا لینین بڕیاردەدات بگەڕێتەوە ڕوسیا تا لە هەناوی شۆڕشەکەدا بەشداری بکات و دوای دروستبوونی یەکەی سۆڤییەت لینین بوو بە سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە.

لە تاراوگەوە تۆمارە دەنگییەکانی خومەینی دەسەڵاتی شا تێکدەشکێنێت
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ساڵی ١٩٧٩ شۆڕشی ئێرانی بەرپابوو و وەک زەمینە لەرزەیەکی سیاسی گەورە بوو بە خاڵی وەرچەرخان و ئێستاش لەدوای ٤٠ ساڵ کاریگەری شۆڕشەکە بەردەوامە. 
ئەوەی جێی سەرسورمانە ئەوەیە لەدیارترین فیگەرەکانی شۆڕشی ئێرانی ئایەتوڵا خومەینی بوو. خومەینی زۆرینەی کاتەکان لە ئێران نەبوو، ماوەیەکی درێژی لە تاراوگەدالە نەجەفی عێراق، یاخود گرتوخانەی تورکیا بەسەربردبوو و دواتریش تا کاتی سەرهەڵدانی شۆڕش لە فەرەنسا مایەوە.

پرسیارەکە ئەوەیە، سەرەڕای ئەوەی خومەینی لە تاراوگە بوو چۆن توانی ئاڕاستەی شۆڕشەکە بکات و خۆی بکات بە ڕابەری شۆڕشەکە؟ نهێنی ئەمە لەو شریتە دەنگییانەدایە کە دەیناردنە ئێران و لەڕێیەوە بە هێرشی دەکردە سەر سیستمی شا و پاڵپشتی هەزاران هاوڵاتی ئێرانی کە لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئەو کاتە ناڕازیبوون بەدەستهێنا.

تۆمارە دەنگییەکان لە باسی دینییەوە بوون بە باسی سیاسی و خەڵکی لە سەرتاسەری ئێران گوێیان لێدەگرت. لە بەهاری ١٩٧٧دا خومەیینی هێرشەکانی خۆی لەڕێی تۆمارە دەنگییەکانەوە توندتر کرد و ئاڕاستەی هێزی سەربازیی دەکردن و هانیدەدات بێنە بەرەی ئەو.

بزوتنەوەی جەزائیر: پەخشی ڕاستەوخۆ بۆ کۆتاییهێنان بە ئابڵۆقەدان و تاراوگە و داپۆشینی هنێنییەکان
لە بزووتنەوەی جازائیردا کە لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٩دا ڕوویدا،پەخشی ڕاستەوخۆ ڕۆڵێکی گەورەی لە گەیاندنی داخوازییەکانی هاوڵاتیانی ناڕازی گێڕا کە ڕەخنەیان لە سیستمە سیاسییەکەی سەرۆکی ئەوکاتە عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە هەبوو. ناڕەزایەتییەکانیش بووە ڕێگر لەوەی بۆ خولی پێنجەم خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید بکاتەوە و فشاریان لەسەر دروستکرد تا دەست لەکاربکێشێتەوە.

لەڕێی پەخشە ڕاستەوخۆکانەوە مامەڵەی توندوتیژی هێزەکانی پۆلیس بڵاوبوەوە و هەر ئەمەش وایکرد ڕێکخراوەکان فشاری زۆر لەسەر سیستمەکە دروست بکەن. هەروەها دەرفەتێک بوو بۆ ئەو چالاکوانانەی لە دەرەوەی وڵات بوون یاخود  وەستێنرابوون لە ئەنجامدانی چالاکی دەنگ و بیرو ڕاکانیان بگەیەنن بە هاوەڵانیان.

یەکێک لە نمونە هەرە دیارەکان محەمەد عەرەبی زەیتوتە، کە لە بواری دیبلۆماسیدا سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩٠دەستبەکاربوو، ساڵی ١٩٩٥ بڕیاریدا دەستلەکار بکێشێتەوە چونکە بە توندی دژی لادان و گەندەڵییەکانی ڕژێمە سەربازییەکەی ئەو سەردەمە بوو. زەیتوت بڕیاری دا بچێتە بەریتانیا و لەوێ لەڕێگەی نووسین و بڵاوکراوەکانییەوە لە دژی ڕژێمی جەزائیری بیروڕاکانی بڵاودەکردەوە.
ساڵی ٢٠٠٨ زەیتوتی دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی و لەڕێیەوە ڕەخنەی سیستمی سیاسی جەزائیری دەکرد. بەڵام لەو ماوەیەدا بینەرانی لە سەد کەسێک تێپەڕی نەدەکرد. دواتر و لە ماوەی بزووتنەوەی جەزائیریدا زەیتونی ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە کاریگەری دانان لەسەر هاوڵاتیان و لەبەرەی هاوڵاتیان بوو، ئەمەش وایکرد گشتت هاوڵاتیانی ناڕازی گوێگری  بن.

لە میصر، پەخشی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین ناڕەزایەتی جۆراوجۆر
لە ٢١ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٩ ناڕەزایەتی لە چەند ناوچەیەکی میصر و شەوان لە شەقامەکاندا ڕوویاندەددا،  ئەوانە یەکەم ناڕەزایەتی بوون کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ ڕوویاندابێت. 
بەرپرسی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان ئەکتەر و بەڵێندەرێکی پێشوو بوو بەناوی محەمەد عەلی کە لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی پەخشی ڕاستەوخۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، چەند گەندەڵییەکی نهێنی بەرپرسە میصرییەکانی لە هۆتێلەکانی ئیسپانیا ئاشکراکرد.

بەکارهێنانی پەخشی ڕاستەوخۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ محەمەدباشترین ڕێگەبوو تا لێیەوە گەندەڵی و فایلە ڕەشەکانی بەرپرسان و نهێنی پرۆژەکانی سەرۆک عەبدولفەتاح سی سی ئاشکرابکات.

ڕێڕەوەکەی محەمەد ڕووبەڕووی ڕەخنەی ڕۆشنبیران بووەوە بە هۆکاری ئەوەی هاتۆتە ئاستێکی نزمی قسەکردن و بە زمانی نوخبە قسە ناکات بەتایبەت کاتێک هاتە سەر باسکردنیبابەتگەلی وەک "ڕەگ و ڕیشەکانی گروپە تیرۆریستەکان" و "بەهاری عەرەبی".

هەروەها بەشێکی دیکە پێیان وابوو کە محەمەد بە زمانی هاوڵاتیان قسە دەکات و ئامانجی ئەوەیە گشت هاوڵاتیان لێی تێبگەن و ژیانی خۆی لەپێناو ئاشکراکردنی نهێنییە ڕەشەکان خستۆتە مەترسییەوە. هەر بۆیە هاوڵاتییان بە دەنگییەوە هاتن و هاوشانی ئەو ناڕەزایتەییەکانیان ئەنجامدا.

ئەو پێشوازیکردنە لە پەخشە ڕاستەوخۆکان و وتەکانی محەمەد جێی سەرسامی نەک تەنها سیستمی سیاسی میصری بوو بەڵکو جێی سەرسامی ئەو نوخبەی ڕۆشنبیرەش بوو کە لە سەرەتادا ڕەخنەی پەخشە ڕاستەوخۆکانیان دەکرد و پێیان وانەبوو ئەکتەرێک بتوانێت لە ئیسپانیاوە شەقامەکانی میصر بهەژێنێت.

پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا بەشێوەیەکی گشتی بوەتە هۆی هۆشیاری زیاتری خەڵک و بەجیهانیبوون لەڕێی تەکنەلۆژیاوە وایکردووە خەڵکی بۆ مافەکانییان بێنە دەنگ، هەر بەوەوە نەوەستاوە و تۆڕێک لە هاوڵاتیانی جیهانی دروستکردووە کە ستەم نەک لە شار و وڵاتەکەی خۆیان بەڵکو لە سەرانسەری جیهاندا قبوڵ ناکەن و بۆ مافەکانیان دەجەنگن. هەر چەندە تەكنۆلۆژیا درەنگ گەشتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام کورستان یەکێکە لەو هەرێمانەی تەکنەلۆژیا توانیویەتی ئەو ڕۆڵە کاریگەرەی هەبێت و پەیامە جیهانییەکان و یاسا گەردوونییەکانی ئاشناتر  کردووە بە خەڵک و لەو بوارەشدا گۆڕانكاریی زۆر بەدی هاتووە.

 

بۆ بینینی بابەتە عەرەبیەكە كلیك لێرە بكە