ڕاپۆرتی جیهانی

05:17 - 08/07/2020

ناکۆکییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی و ئەمریکا بەرەو کوێ؟‌

پەیسەر

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین و گەیشتنی بە زۆربەی وڵاتانی جیهان و بەتایبەت ئەمریکا، ناکۆکی کەوتە نێوان واشنتۆن و رێکخراوی تەندروستی جیهانیی، ئەمریکا بەردەوام رێکخراوەکە بە کەمتەرخەم و لایەنگیریی بۆ چین تۆمەتبار دەکات و دوای راگرتنی هاوکارییە داراییەکانیش، لە ئێستادا لە رێکخراوەکە کشاوەتەوە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی
ریکخراوی تەندروستی جیهانی بەشێکە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ٧ی نیسانی ١٩٤٨ بە جێبەجێبوونی دەستورەکەی، دەستی بە کارەکانی کرد، زیاتر لە ٧٠٠٠ کەس لە ١٥٠ نووسینگەی وڵاتان، شەش نووسینگەی هەرێمیی و ناوەندی سەرەکی لە جنێفی سویسرا کار دەکەن.

لە ساڵی ١٩٤٥ ئەو کاتەی دیپلۆماتکارەکانی جیهان گفتوگۆی دامەزراندنی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان دەکرد، باسی دامەزراندنی رێکخراوی تەندروستی جیهانیشیان کرد. ٧ی نیسانی هەموو ساڵێکیش کراوە بە رۆژی یادکردنەوەی رێکخراوەکە.

نووسینگە هەرێمییە سەرەکییەکانی رێکخراوەکە بریتین لە (نووسینگەی هەرێمیی بۆ ئەفریقا، هەردوو ئەمریکا، باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەورووپا، رۆژهەڵاتی ناوەند، رۆژئاوای زەریای ئارام)

کۆمەڵەی تەندروستی جیهانی
 کۆمەڵەی تەندروستی جیهانی بەرزترین دەزگای بڕیاردانە لە رێکخراوەکەدا، کۆمەڵەکە هەموو ساڵێک جارێک کۆدەبێتەوە و ئەندامان لەسەرجەم وڵاتانەوە ئامادەی دەبن، ئەرکی سەرەکی ئەم کۆمەڵەیە دیاریکردنی سیاسەتەکانی رێکخراوەکەیە، دامەزراندنی بەڕێوەبەری گشتیی  و چاودێریکردنی سیاسەتی دارایی رێکخراوەکەش هەر لە ئەستۆی ئەم کۆمەڵەیەدایە.

ئەنجومەنی جێبەجێکردن
ئەنجومەنی جێبەجێکردن بەشێکی گرنگی رێکخراوی تەندروستی جیهانییە و لە ٣٤ ئەندام پێکدێت کە خاوەن توانایەکی بەرزی تەندروستیین. وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکە ئەم ئەندامانە هەڵدەبژێرن و بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ئەرکدا دەبن. ئەنجومەنەکە ساڵی دوو جار کۆدەبێتەوە، ئەرکی ئەنجومەنەکە جێبەجێکردنی بڕیار و سیسەتەکانی رێکخراوەکەیە .

ئەندامان
ئەندامانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەندامی رێکخراوی تەندروستی جیهانیین کە دەستوری رێکخراوەکەیان پەسەند کردووە. ئەندامی نوێش کاتێک وەردەگیرێت کە ئەندامانی کۆمەڵەی تەندروستی جیهانی، بە دەنگی زۆرینەی سادە پەسەندی بکەن.

ژمارەی ئەندامانی رێکخراوەکە لە ئێستادا ١٩٤ ئەندامە و دابەشکراون بەسەر چەند هەرێمێکدا، سەرەڕای کشانەوەی ئەمریکاش (بەپێی هەواڵێکی پێگەی سی ئێن ئین) بەڵام هێشتا لە لیستی ئەندامانی رێکخراوەکەدا ناوەکەی ماوە.

بەڕێوەبەری گشتی
تیدرۆس ئه‌دهانۆم گیبریسۆس به‌ڕێوبه‌ری گشتی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانییە، ئەدهانۆم تەمەنی ٥٥ ساڵە، ئەسیوپییە و لە ئەریتریا لەدایکبووە. لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بووە بە بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیهانیی.

ڤایرۆسی کۆرۆنا؛ خاڵی ناکۆکی
رێکخراوی تەندروستی جیهانیی لەگەڵ کاری بەردەوامیدا لەبارەی تەندروستی جیهانیی و پێشکەسکردنی خزمەتگوزاریی، بەڵام لە کاتی سەرهەڵدانی مەترسییە تەندروستییەکان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس و پەتاکاندا ئەرکەکانی زیاتر دەبن.

لە کاتی سەرهەڵدانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە تاکو ئێستا، رێکخراوەکە بەردەوام و رۆژانە لەبارەی ڤایرۆسەکەوە هۆشداریی و زانیاریی بڵاودەکاتەوە، بەڵام ناکۆکییەکان لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە رێکخراوەکەی رووبەڕووی گومان و لێکترازانی گەورە کردەوە.

ئەمریکا و رێکخراوی تەندروستی جیهانیی
لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە لە چین و بەتایبەت گەیشتنی بە ئەمریکا، ویلایەتە یەکگرتوووەکانی ئەمریکا بەردەوام رەخنەی لە رێکخراوەکە گرتووە و بە کەمتەرخەم و شاردنەوەی زانیارییەکان تۆمەتباری کردووە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و بەشێکی بەرپرسانی ئەمریکاش، بەردەوام رەخنەیان لە رێکخراوەکە گرتووە کە بەپێی پێویست رووبەڕووی ڤایرۆسەکە نەبووەتەوە و چاوپۆشی لە چین کردووە لەبارەی شاردنەوەی زانیارییەکان لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ناوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، "هەموو هاوکارییە داراییەکانی وڵاتەکەم بۆ رێکخراوی تەندروستی جیهانیی راگرت، ئەوەش بەهۆی خراپی مامەڵەکردنی رێکخراوەکە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنادا، رێکخراوی تەندروستی جیهانیی ئیدارەیەکی خراپی دۆخەکەی کردووە و زانیاریی پێویست و تەواویشی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە بە وڵاتانی جیهان نەداوە."

سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لەسەر تۆمەتبارکردنی رێکخراوەکە و دەڵێت، "ئەگەر رێکخراوی تەندروستی جیهانیی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زانیاریی تەواوی لەبارەی چۆنییەتیی ڤایرۆسەکە و بڵاوبوونەوەی بە وڵاتانی جیهان بدایە، ئەوا بڵاوبوونەوەکەی بەم شێوەیە زۆر نەدەبوو، ئەم ژمارە زۆرەی خەڵکیش نەدەمردن، بەڵام ئەوان زانیاریی پێویست و تەواویان پێنەداین، ئەگەر نا بە زوویی دەتوانرا لە چین کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسەکە بکرێت."

سەرۆکی ئەمریکا کە وڵاتەکەی ماوەیەکی زۆرە لە ملانێیەکی سەختدایە لەگەڵ چین، رێکخراوەکەی بە لایەنگیریی بۆ ئەم وڵاتە تۆمەتبار کرد و وتی، رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی لایەنگریی بۆ چین کردووە و وڵاتانی ئاگادار نەکردووە لەوەی کە چینییەکان زانیاریی لەبارەی ڤایرۆسەکەوە بە وڵاتانی جیهان نادات.

هاوکارییە داراییەکان
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە گەورەترین هاوکاریی دارایی پێشکەش بە رێکخراوەکە دەکرد، بە راگرتنی ئەم هاوکارییە رێکخراوەکە تووشی کێشەی دارایی دەکات، رێکخراوەکەش دەزانێت راگرتنی ئەم هاوکارییانەی ئەمریکا چ زیانێکی لێدەدات، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت هەوڵی پەشیمانکردنەوەی ئەمریکا بدات.

ئەمریکا ساڵانە نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بە رێکخراوی تەندروستی جیهانیی دەبەخشێت کە داهاتێکی زۆرە و دەکاتە نزیکەی ١٥٪ی کۆی گستی داهاتی رێکخراوەکە، بۆیە ئەگەر نزیکە رێکخراوەکە کێشەی دارایی گەورەی تووش ببێت.

کشانەوەی ئەمریکا
دوای رەخنەگرتنی بەردەوام لە رێکخراوەکە و راگرتنی هاوکارییە داراییەکان، دواجار ئەمریکا بڕیارە قورس و چاوەڕوانکراوەکەی دا و بڕیاریدا لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی بکشێتەوە، لەم بارەیەوە وتەبێژێك بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئاگاداركردنەوەی فەرمییان لەبارەی کشانەوەیان لە رێکخراوەکە بە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان گەیاندووە.

سەبارەت بە هاوکارییەکان دوای بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە رێکخراوەکە، ستێفان دوجاریك وتەبێژی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بەوە کردووە، بە پێی یاساکانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، ئەمریكا دەتوانێت لە ماوەی ساڵێكدا لە رێكخراوەكە بكشێتەوە، بەڵام پێویستە لەسەریان پابەندبن بە پێدانی پشتیوانییە داراییەکان.