ڕاپۆرتی جیهانی

11:40 - 14/02/2021

چۆن شوێنپێی خۆمان لە ئینتەرنێت بسڕینەوە؟‌

پەیسەر

ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێت لە کۆمپیتەرەکانماندا (بابەتی سەرنجڕاکێش) دەخەنە بەر دەستمان و دواتر لەو رێگەیەوە هەموو ئەو ئادرێسانە تۆمار دەکەن کە ئێمە لە ئینتەرنێتدا بۆیان دەگەڕێین و هەڵیاندەبژێرین.

  کاتێک باس لە (سنووری تایبەتی) لە ناو کەشی دیجیتاڵدا دەکرێت، بە ئاسانی بێهیوا دەبین. ئێمە لە ناو دەچین و لە ئامێرەکانی ئەواندا بە مۆلۆکۆلێکی بچووک دەژمێردرێین‌! ئێمە چۆن ئەتوانین بەرەوڕوویان ببینەوە؟

ئێمە لە جۆری وەڵامدانەوە بە چارەسەرکردنی دۆخی ناسکی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت، زۆرجار تووشی وەڵامی دووبارە دەبین: ئەو بەرنامانە بە کار بێنن کە پاسوۆردەکانتان دەپارێزن. پاسوۆردی جۆراوجۆر بە کار بهێنن، لە ئامرازی گەڕانەکەتاندا بلۆککەر بەکار بێنن، لە ساختەکارییەکانی ناو ئینتەرنێت بە ئاگا بن. ئەگەر ناچارن فەیسبووک بەکار بهێنن بچنە لاپەڕەی (سنووری تایبەت) و دەستکراوەیی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە لە سوود لێوەرگرتنتان بۆ ریکلام سنووردار بکەن.

بەکارهێنانی ئامرازی گەڕانی گووگڵ رابگرن
بۆب گێلمەن، راوێژکاری پێوەندیدار بە (سنووری تایبەت)، دەڵێت: یەکەم کار کە خەڵک دەتوانن بۆ پاراستنی (سنووری تایبەت)ی خۆیان بیکەن، ئەوەیە کە بەکارهێنانی گوگڵ رابگرن.

بۆب دەڵێ؛ ئەگەر بۆ گەڕان، جی مایل یا گووگڵ بە کار دەهێنن، ئەوا ئەو کۆمپانیایە زیاتر لە هەر دامەزراوەیەکی دیکە لە بارەی ئێوەوە زانیاریی لە لایە. ئەگەر خزمەتگوزارییەکانی دیکەی گوگڵ، وەکوو؛ گووگڵ ماپ، شوێندۆزی وێز، گووگڵ دۆکس کە دەرفەت بۆ دانان و پاشکەوتکردن و چاککردنەوەی دۆکیومێنتەکان لە کەشی ئۆنلایندا دەڕەخسێنێت، بەکار دەهێنن، ئەوا مەترسییەکانی سەرتان دوو جار زیاترن.

ئەم راوێژکارە پێشنیار دەکات، ئامرازی گەڕانی رکابەری گووگڵ واتە (داک داک گۆ) بە کار بێنن کە بە قەدەر گووگڵ سوودبەخش نییە، بەڵام شوێنپێی بەکارهێنەکانی هەڵناگرێت.

ئەگەر بۆ نامە گۆڕینەوەی ئەلیکترۆنی، جی مایل بە کار ناهێنن، یوری لیتوی نێنکۆی رۆژنامەنووسی رووس، پێشنیار دەکات، بژاردەی دیکەی وەکوو پرۆتۆن مایل بە کار بێنن کە پابەندی نهێنی پاراستنە و کەمتر هاندەرە بۆ ئەوەی مایلەکانتان بکەونە مەترسییەوە.
لە خزمەتگوزاری پرۆتۆن مایلدا دانانی پاسوۆرد بە قۆناغێک دەکرێ، واتە بە پێچەوانەی خزمەتگوزارییەکانی دیکەی وەکوو جی مایل، پرۆسەی دانانی پاسوۆرد لای وەرگری خزمەتگوزارییەوە جێبەجێ دەبێت، تاوەکوو پێش ئەوەی زانیارییەکان بە سێرڤەرەکانی پرۆتۆن مایل بگەن، ناوەرۆکی مایل و زانیارییەکانی بەکارهێن پارێزراو بن.

گووگڵ سنووردار بکەن
ئەو ریکلامەی ئێوە لە کەشی ئینتەرنێتدا دەیبینن، بە لەبەر چاوگرتنی ناوەرۆکی ماڵپەڕەکان، ئامرازەکانی گەڕان و پۆستەکانی فەیس بووک و لە سەر بنەمای حەز و هۆگرییەکانی ئێوە دادەنرێن، کەواتە کەسانێک بە خستنە رووی حەز و هۆگری ساختە دەبنە هۆی کێشە دروستکردن بۆیان.

لە کاتی گەڕان لە ئینتەرنێتدا تاکتیکی جۆراوجۆر بە کار دەهێنرێت کە دەکرێت بە هۆیانەوە بەکارهێنەران بە لاڕێدا ببرێن وەکوو بە هەڵە نووسینی رەگەز.

بۆ نموونە بەکارهێنێکی ئینتەرنێت دەڵێ؛ کاتێک بە شوێن ماڵپەڕێکی نوێدا دەگەڕێ، زۆر جار بەشی دیاریکردنی رەگەز ناچالاک دەکات، بۆیە زیاتر ئەو ریکلامانەی بۆ دەچن کە کەمتر پێوەندییان بەوەوە هەیە.

لەو ماڵپەڕانەدا کە پێویست نین، خۆ لە گەڕان ببوێرن
سوود وەرگرتن لە ریکلامێک کە لەگەڵ حەز و هۆگرییەکانی ئێوە هاوتەریبە، کارێکی تەواو پەسەندە. رەنگە ئێوە بڵێن ریکلامێکی ئەوتۆ زۆر کاریگەرترە لە ریکلامێک کە پێوەندی بە ئێوە و هۆگرییەکانتانەوە نییە. بەڵام ملیۆنان کەسی دیکە لە شوێنپێهەڵگرتنی ناوەرۆکی بابەتەکانیان نیگەرانن کە بۆ ریکلامکردنی ئامانجدار سوودیان لێ وەردەگیرێت.

ئەگەر ئێوە لە ریزی ئەو کەسانەدان، پێشنیارتان بۆ دەکرێ کە ئامرازی گەڕانی (گۆستری-Ghostery) بە کار بێنن کە بەر بە (شوێنهەڵگر- (Trackerەکان دەگرێت و پۆلێنبەندییان دەکات.

هەندێک لە ماڵپەڕەکان کۆمەڵێک شوێنهەڵگریان هەیە کە لە رێگەیانەوە هەڵسوکەوتی ئێوە وەکوو بەکارهێن تۆمار دەکەن و بۆ ریکلام دروستکردنی باشتر سوودیان لێ وەردەگرن. (جاری وایە تا چەندین ماڵپەڕ شوێنپێ هەڵدەگرن).

لە شوێنە گشتییەکان ئاگاداری وای فای بن
زۆربەی تۆڕە بێبەرامبەرەکانی وای فای لە ئوتێلەکان، فڕۆکەخانەکان، کۆفی شۆپەکان و شوێنی دیکەیش، تەنانەت ئەگەر بە پاسوۆردیش بکرێنەوە، دەرفەتی گوێڕاگرتن دەڕەخسێنن.

ئەو کەسانەی لە نزیک ئێوەوەن و مۆبایل یا لاپتۆپ بە کار دەهێنن، دەتوانن بە ئاسانی و بە سوودوەرگرتن لە بەرنامەی سنیفر، هەر شتێک کە ئێوە دەینێرن یا بۆتان دێت، هەروەها مایلەکان و ناوەرۆکی ماڵپەڕەکانتان ببینن.

پێویست ناکات لە بارەی پەیامەکانی ڤاتسئاپ و ئەپڵ نیگەران بن. لەم دووانەدا پێش ئەوەی مۆبایل یا لاپتۆپەکان بخەنە لاوە، پەیامەکانتان دەکرێن بە کۆد. هەروەها ئەو ماڵپەڕانەی کە ناونیشانیان بە https دەست پێ دەکات پارێزراوترن، چونکە پێش ئەوەی زانیارییەکان بە ئامرازی گەڕانی ئێوە بگەیێنن یا پێش گواستنەوەی ئەو پەیامانە، دەیانکەن بە کۆد.

بەڵام پێویستە ئاگاتان لەوە بێت کە خراپەکارانی ناو ئینتەرنێت، تەنانەت ئەگەر ناونیشانەکەیشتان بە https دەستی پێ کردبێ، دەتوانن ئەو ماڵپەڕانە ببینن کە ئێوە سەردانیان دەکەن.

چارسەر ئەوەیە کە بەرنامەی تایبەتی خوازراو بە کار بێنن. ئەو سۆفتوێرە کە لە سەر تەلەفۆن و کۆمپیتەر دادەنرێ، هەر شتێک بنێرێ یا وەریبگرێت دەیکات بە کۆد و شوێنێکەی ئێوە بە نهێنی دەهێڵێتەوە.

ئەپڵ بە کار بێنن
بەکارهێنێک دەڵێ حەز لە هاندی ئەپڵ ناکات، سیستەمەکەی و شێوەکەی بە دڵ نییە. بەڵام چاکیی بەرهەمەکانی ئەپڵ لەوەدایە کە گرنگی بە پاراستنی زانیارییەکانی ئێوە دەدات. ئەپڵ زانیارییەکانی ئێوە دەپارێزێت و گووگڵ زانیارییەکانتان دەخاتە ژێر دەستی کەسانی ساختەکارەوە.

ماڵپەڕی تایبەتی ئەپڵ زۆر نموونەی لە قاو داوە: پێویست ناکات ببنە ئەندامی ئەپڵ ماپس و، ئامرازی گەڕانی ئەپڵ واتە (سافاری) بە کار بێنن تاوەکوو گەڕانەکان و گەشتەکانتان ئاشکرا نەبن. تایبەتمەندی (شوێنپێم هەڵمەگرن)ی سافاری، لە سیستەمی بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانیایەدا ئەکتیڤە. کاتێک بە سیستەمی ئەپڵ (ئەپڵ پی) بڕە پارەیەک دەخەیتە ئەژمارەوە، ئەو کۆمپانیایە لە بارەی کاڵای کڕدراو، فرۆشگەی پێوەندیدار و نرخەکەی داوای زانیاری ناکات.

جوئیل پوتیشمەن -ی شارەزای ئەم بوارە، لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێ؛ ئەپڵ دەتوانێ لە بارەی ئەم تایبەتمەندییانەوە ریکلام بکات، چونکە کۆمپانیایەکی هاردوێرە، گووگڵ و فەیسبووک بە فرۆشتنی زانیارییەکانی ئێمە بە کەسانی دیکه داهات کۆ دەکەنەوە.

مەبن بە ئەندامی فەیسبووک
بە ئەندامبوون لەو ماڵپەڕە نوێیانەی بژاردەی (لە فەیسبووک یا گووگڵ ببنە ئەندام) بە کار دەهێنن. رێگه بەو کۆمپانیایانە دەدات، شوێنپێی چالاکییەکانی ئێوە لە ناو ماڵپەڕەکاندا هەڵبگرن. بە ئەندامبوون لەو ماڵپەڕانەدا لە رێگەیەکی درێژتری وەکوو مایل و پاسوۆردەوە کارێکی باشترە.

لەگەڵ ئەوانەیشدا، دیسان هەر بەکارهێنانی ئەپڵ باشترە، کرتەی ئەندامبوون لە ئەپڵ کە هێشتا لە زۆربەی ماڵپەڕەکاندا بژاردەیەکی نوێ و تۆمارنەکراوە، گونجاوترە و بەڵێنی ئەوە دەدات کە لە ئینتەرنێتدا شوێنپێت هەڵناگیرێ.      

ئاگاداری ساختەکاری ناو ئینتەرنێت بن
فرانک ئەباگنێڵ، ئەو هونەرمەندەی کە ژیاننامەکەی لە مێرمنداڵیدا بووە بابەتی فیلمی ساڵی ۲۰۰۲ (ئەگەر دەتوانی من بگرە) لە دەرهێنانی ستیڤن سپیلبێرگ، دوای ئەوەی بە هۆی ساختەکاری گیرا و لە زیندان بەر بوو، بوو بە ئەندامی پۆلیسی فیدرالی ئەمریکا.

ئەو بەشێک لە شێوازەکانی خۆپاراستن لە بەرامبەر ساختەکاری ‌لە کتێبێکدا باس کردووە و هەموو داهاتی کتێبەکەی کە بەسەرهاتی ژیانی خۆی تیادا دەگێڕێتەوە، خەرج کردووە بۆ پشتگیریکردنی ئەو هەوڵانەی لە پێناو راهێنان بە ئەمریکییەکان و بۆ رووبەڕووبوونەوەی ساختەکارییەکانی ناو ئینتەرنێت دەدرێن. فیلمەکەی سپیلبێرگ لە سەر بنەمای ئەو کتێبە دروست کراوە.

ئەو دەڵێت پێویست ناکات بە فەیسبووک بڵێیت کەی و لە کوێ لە دایک بوویت. ئەمە ٩٨%ی ئەو دزییە پێک دەهێنێت کە لە ناسنامەی ئێوە دەکرێت. هەروەها وێنەی پۆرترێتی وەکوو وێنەی پەساپۆرت، مۆڵەتی شۆفێری و بڕوانامەی خوێندن کە دەکرێ لە رێگەیانەوە ناسنامەی ساختە دروست بکرێت، بەکار مەهێنن.

ئەباگنێل هەروەها جەخت دەکات، کە خۆ لە هاوبەشکردنی زانیارییە کەسییەکان بە شێوەی ئۆفلاین بپارێزن.

ئێمە نەک هەر لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەڵکوو لە رێگەی ئەو شوێنانەی کە گەڕانیان بۆ دەکەین یا بە شێوەی ئۆتۆماتیکی لە بارەی هۆگرییەکانمان وەڵامی هەندێک پرسیار دەدەینەوە، زانیارییەکی زۆر دەخەینە روو. ئەگەر پێویست ناکات بۆچی وەڵامی پرسیاری لەمشێوەیە دەدەنەوە؛ هۆگری چ گۆڤارێکی؟ یا پیشەت چییە و ...؟

چەند پێشنیارێکی سادە
مایلی جۆراوجۆر بۆ ئەو خزمەتگوزارییانە دروست بکەن کە بە کاریان دەهێنن. بەو شێوەیە بۆتان دەردەکەوێ کە کام زانیاری ئێوەی هاوبەش کردووە و ئەگەر پێویستی کرد بە دانانی فیلتەر بۆیان، رایانبگرن.

ئەپڵیکەیشنەکانی پاراستنی سنووری تایبەت، وەکوو Privacy  وToken Virtual  بە ماستەرکارتی کاتیی بکرن، بەو شێوەیە لە ئەگەری بەزاندنی سنوورە تایبەتەکانتان، ماستەرکارتە هەمیشەییەکەتان کێشەی بۆ دروست نابێ.

 تا بۆتان دەکرێ لە سەر مۆبایلەکانی خۆتان ئەپڵیکەیشن دامەبەزێنن. بەو ماڵپەڕانەدا بچنەوە کە بە ئامرازی گەڕانی مۆبایلەکانتان دەیانکەنەوە، پێدەچێت لەوێوە شوێنپێی زانیارییەکانتان هەڵگیرابێت. هەرچەن ئەوان بە قەدەر ئەپڵیکەیشنەکان زیانبەخش نین.
ئەوە هەواڵێکی خۆشە کە کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆژیا هەست دەکەن لە ژێر فشاردان.

لە ساڵی ۲۰۱۷ی زایینیدا یەکییەتی ئەورووپا رێوشوێنی گشتی پاراستنی زانیارییەکانی  (G.D.P.R)پەسەند کرد. بەو پێیە داوا لە کۆمپانیاکان دەکرێت لە بارەی ئەوەیکە چ جۆرە زانیارییەک کۆ دەکەنەوە، روونکردنەوە بدەن. هەروەها کومەڵێ بژاردە پێشنیار بکەن بە مەبەستی سڕینەوە یا چاککردنیان. چین، هیند، ژاپۆن، بەرازیل، کۆریای باشوور و تایلەند ئەو رێوشوێنانەیان پەسەند کردووە و سەرقاڵی تاوتوێکردنی رێوشوێنی هاوشێوەن.

دەیڤد پوگ
سەرچاوە: نیویۆرک تایمز