ڕاپۆرتی جیهانی

10:28 - 01/05/2021

ئەمریکا بۆ تورکیا: نەگەڕێنەوە سزای دیکەتان دەدەین‌

پەیسەر

تاکو دێت پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا ئاڵۆزتر دەبێت، تورکیا زیاتر لە روسیا نزیکتر دەبێتەوە و ئەمریکا توڕەتر دەکات. وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتر دەکات ئەگەر ئەنقەرە لە مۆسکۆوە بۆ واشنتن پاشەکشە نەکات.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جارێکی دیکەش هۆشداری بە تورکیا دایەوە کە بە هەنگاوەکانیدا بچێتەوە و لە روسیا دووربکەوێتەوە، ئەگەر نا دوور نییە سزای دیکەیان بەسەردا نەسەپێنن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وتارێکدا کە لە (Foreign Press Center) پێشکەشی کرد، باسی لەوە کرد، دەبێت تورکیا و هەموو هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە کڕینی چەکی روسی دووربکەونەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەری سەپاندنی سزای نوێ بەسەریاندا هەیە.

بلینکن لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بە بڕیارەکەی بایدن لەبارەی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان کرد و وتی، بۆچوونی جۆ بایدن لەبارەی بابەتی ئەرمەنەکانەوە نوێ نییە و بڕیارەکەش نابێت وەک سوپرایز تەماشا بکرێت.

سەرەڕای هۆشدارییەکانی بۆ بەپرسانی ئەنقەرە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە تورکیا هاوپەیمانێکی گرنگی وڵاتەکەیەتی لە رێکخراوی ناتۆ.

لەگەڵ ئەوەی کێشە و قەیرانەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا زۆر، گەورە و ئاڵۆزن، بەڵام بلینکن بێهیوا نییە و دەڵێت، ئومێد هەیە هەردوولا بگەن بە چارەسەر و کێشەکانیان چارەسەر بکەن.


وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، دوورکەوتنەوەی تورکیا و هەموو هاوپەیمانانی وڵاتەکەی لە کڕینی چەکە روسییەکان و بەتایبەت ئێس ٤٠٠ گرنگە.

ئەنتۆنی بلینکن باسی لە سزادانی ئەو کەسانە کرد کە لەگەڵ دوژمنەکانی ئەمریکادا مامەڵە دەکەن و وتی، جگە لەو سزایانەی بەسەر هاوپەیمانەکانی روسیادا سەپێندراوە (بۆ نموونە تورکیا بەهۆی کڕینی ئێس ٤٠٠)، سزای دیکە و نوێش بەسەر هەر یەکێک لەم وڵاتانەدا دەسەپێندرێت کە مامەڵەی دیکە لەگەڵ روسیادا دەکەن.

بلینکن لەبارەی هەڕەشە و مەترسییەکانی ئێس ٤٠٠ی روسییەوە وتی، ئەم سیستمە بەرگرییە، داهات و هەژموون بە روسیا دەدات و نەک هەر بۆ ئەمریکا، بەڵکو بۆ رێکخراوی ناتۆ و ئاسایشی سەربازانی ئەم رێکخراوەش دەبێتە هەڕەشە و مەترسی.

لەبارەی ناساندنی رووداوەکانی ساڵانی ١٩١٥ بۆ ١٩٢٣ بە کۆمەڵکوژی لەلایەن بایدنەوە بلینکن وتی، سەرۆک بایدن بەر لە هەموو کەسێک، رۆژێک پێشتر ئەم بڕیارەی بە رەجەب ئەردۆغان وت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رووی لە بەرپرسانی تورکیا کرد و وتی، "ناکۆکییەکانمان لەگەڵ تورکیا روونە، دەبێت بە روونی، راستەوخۆ و بە شێوەیەکی دروست رایبگەیەنین و رێزیش لە تورکیا بگرین، هەمان شتیش لە تورکیا چاوەڕوانین."

ئەنتۆنی بلینکن جەختیشی کردەوە کە لە مانگی حوزەیران و لە پەراوێزی لوتکەی ناتۆ لە برۆکسل، جۆ بایدن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە.

قەیرانی ئێس ٤٠٠ لە کێشە و قەیرانە هەرە گەورەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیایە، دوای ئەوەی تورکیا بێئومێد بوو لەوەی دەستی بە سیستمی پاتریۆتی ئەمریکی بگات، رووی لە روسیا کرد و سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی کڕی.

سەرەڕای هەموو هۆشدارییەکانی واشنتن، ئەنقەرە سور بوو لەسەر کڕینی ئەم سیستمە کە ئەمریکا بە هەڕەشەی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی سەربازەکانی.

ئەمریکا دوای ماوەیەک لە چاوەڕوانی و پاشگەزنەبوونەوەی تورکیا لە کڕینی ئێس ٤٠٠، چەند سزایەکی بەسەر تورکیادا سەپاند، دوای دەستبەکاربوونی جۆ بایدنیش، ئیدارەی نوێی ئەمریکا سزاکانی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.