ڕاپۆرتی جیهانی

09:52 - 01/06/2021

تووتن؛ ئەو بەرهەمەی ساڵانە گیانی هەشت ملیۆن مرۆڤ لەگەڵ خۆی دەبات‌‌

پەیسەر

تووتن یەکێکە لەو بەرهەمە کشتووکاڵییانەی، مرۆڤ لە سەردەمێکی کۆنەوە گرنگی پێداوە و بەکاریهێناوە، سەرەڕای ئەوەی مرۆڤ هەر لە سەرەتاوە زانیویەتی بەکارهێنانی ئەم بەرهەمە زیان لە جەستەی دەدات بەڵام بەردەوام بووە لەسەری، تەنانەت ئێستا کە بەهۆی پێشکەوتنی زانستەوە زۆربەی زیانە مەترسیدارەکانی زانراون، بەڵام مرۆڤ بەردەوامە لە بەکارهێنانی.

قوربانییەکانی تووتن؛ هەشت ملیۆن مرۆڤ
ساڵانە بەهۆی بەرهەمەکانی تووتنەوە هەشت ملیۆن کەس گیان لەدەستدەدەن، کە نزیکەی دوو ملیۆنیان لە رەگەزی مێینەن.

بەپێی توێژینەوەیەک لە 55 وڵاتدا کە 33 وڵاتیان ئەورووپین، هۆکاری مردنی هەر گەنجێک لە پێنج گەنج جگەرە کێشانە.

لە جیهاندا نیوەی کۆرپە و منداڵان لەژێر کاریگەری هەوای پیسدان کە هۆکاری سەرەکی جگەرەکێشانە. منداڵان و ئەو کەسانەی جگەرە ناکێشن قوربانی ئەو کەسانەن کە جگەرە دەکێشن و لێیانەوە نزیکن، دوکەڵ و زیانەکانی جگەرە دەبێتە هۆی مردن بۆ منداڵان و مەترسی لەبارچوون بۆ ژنانی دووگیان.

ئاماری مەترسیداری جگەرە کێشان
هەموو ساڵێک شەش ترلیۆن جگەرە دەکێشرێت و رۆژانەش نزیکەی 17 ملیار دانە جگەرە دەکێشرێت.
توێژینەوەکان دەریانخستووە، لە 80٪ی جگەرە کێشەکان لە وڵاتانی مامناوەند و ناگەشەکەردوودان کە باری ئابووریی تێیاندا خراپە.

بەپێی زانیارییەکانی (Tobacco Atlas) هەر کەسێکی سەروو ١٥ ساڵی جگەرە کێش لە بیلاڕووس دوو هەزار و ٩١١، لە ماکەدۆنیا دوو هەزار و ٧٨٥، لە بەلجیکا دوو هەزار و ٤٤١، لە چیک دوو هەزار و ٤٢٨، لە رووسیا دوو هەزار و ٢٩٥، لە سوریا دوو هەزار و ٢٩٢ و لە تورکیاش هەزار و ٧٧١ جگەرە دەکێشێت.

لە هەر پێنج جگەرەیەکی کێشراو لە جیهاندا دوانیان لە چین دەکێشرێت و زۆرترین رێژەی مردنیش بە جگەرە کێشان    لە چین تۆماردەکرێت.

لە جیهاندا ٢٥ ملیۆن کەس کە تەمەنیان لەنێوان ١٣بۆ ١٥ ساڵاندایە جگەرە دەکێشن.

ئەو وڵاتانەی زۆرترین گەنجیان جگەرە دەکێشن بریتین لە ئۆکرانیا، رۆمانیان، ئیتاڵیا، ئەرجەنتین و کۆنگۆی دیموکرات.

لە نەیجیریا و سەنیگال گەنجان لە پێگەیشتووەکان زیاتر جگەرە دەکێشن.

لە 25٪ی خەڵکی بەنگلادیش، هندستان، هۆڵەندا، رووسیا، تایلەند و ڤێتنام هۆشیاریان لەبارەی ئەوەوە نییە کە جگەرەکێسان دەبێتە هۆی نەخۆشیەکانی دڵ و دەمار.
لە نزیکەی ٧٨ وڵاتی جیهان لەسەر پاکەتی جگەرە، بە زمانی وڵاتەکانی خۆیان ئاگاداری لەسەر زیانەکانی جگەرە کێشان نووسراوە.

بەپێی چەند توێژینەوەیەک ئەو کەمپینانەی دژی جگەرە کێشان دەکرێن و وێنە و نووسراوی سەر پاکەتی جگەرەش هۆکار بوون بۆ کەمبوونەوەی جگەرەکێشان و هۆکاریش بوون بۆ ئەوەی گەنجان دەست بە جگەرە کێشان نەکەن.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی قەدەغەکردنی ریکلام، بە باش پیشاندان و سپۆنسەرکردن بۆ جگەرە کێشان لە جیهاندا 7٪ کاریگەری هەبووە بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی بەرهەمەکانی تووتن و تەنانەت لە هەندێک وڵاتدا ئەم رێژەیە بۆ 16٪ بەرزدەبێتەوە.

لای ئەو گەنجانەی کە باری داراییان خراپە، باج خستنە سەر جگەرە یەکێکە لە هۆکارەکانی وازهینانیان لە جگەرە کێشان.

لە وڵاتانی کەم داهات باجی بەرزی سەر جگەرە وای کردووە، لە 5٪ی پێنج و لە وڵاتە پێشکەتووەکان لە 4٪ رێژەی جگەرە کێشان کەم ببێتەوە.

مەترسییەکانی جگەرە کێشان
لەنێو جگەرەدا پێنج هەزار ماددەی کیمیاویی هەیە، لەو ژمارەیە ٩٠ ماددەیان هۆکاری سەرەکی و لاوەکی شێرپەنجەن و ماددەکانی دیکەش ئەگەر هەیە یامەتیدەر بن بۆ سەرهەڵدانی شێرپەنجە.

 ماددەکانی ناو تووتن زیان لە (DNA) دەدات، بە ناو جەستەدا بڵاودەبێتەوە و لە بەشەکانی دیکەی جەستەدا هۆکارە بۆ سەرهەڵدانی گرێی شێرپەنجەیی.

جگەرە کێشان مەترسیە بۆ دروستبوونی شێرپەنجەی قوڕگ، سی، رێرەوی خواردن، دەم و بەپێی ژمارەیەکی زۆر لێکۆڵینەوەش جگەرە کێشەکان ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی خوێن، پەنکریاس، گورچیلە، میزەڵدان، ریخۆڵە، گەدە و رەحم زیاد دەکات.

رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لای ئەو کەسانەی جگەرەکێشن 15 تاکو 20 هێندە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە لە کەسانی جگەرەنەکێش زیاترە.
بەپێی هەندێک لە توێژینەوەکان کێشانی هەر جگەرەیەک یەکسانە بە کەمکربوونەوەی چەند چرکەیەک لە ژیانی کەسەکە.