ڕاپۆرتی جیهانی

05:37 - 02/11/2021

شەنگەهای، میامی، نیوئۆرلیانز، ئەمستردام و سەدان شاری ديكە نقومی ژێر ئاو دەبن‌

لوقمان حەوێز

جیهان لە دوێنێوە چاوی بڕیوەتە زۆربەی سەرۆکەکانی جیهان کە لە کۆبوونەوەدان لە شاری گلاسگۆ لە سکۆتلەندا، کۆنگرەکە تا بەرواری 2021/11/12 بەردەوام دەبێت، کۆبوونەوەکانیش لە چوارچێوەی کۆنگرەیەکدایە بەناوی COP26 کە تیایدا سەرۆک و شاند و نوێنەرانی 197 ووڵات هەوڵی ڕێکەوتن دەدەن لەسەر جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێکەوتنامەی پاریس کە لە ساڵی 2015 مۆرکرا بۆ دانانی سنورێک بۆ دیاردەی گۆڕانی کەش و هەوا کە ئێستا بەڕێوەیە لەسەر هەسارەکەمان.


لەگەڵ ئەوەی ئەمە 26 هەمین کۆنگرەی لەم شێوەیەیە لەوەتەی ساڵی 1994 بەڵام ئەمە گرنگترینیانە، چونکە مرۆڤایەتی ئەوەندە کاتی بەدەستەوە نەماوە بۆ بەفیڕۆدان، ئەگەر هەر لە ئێستاوە دەست نەکرێت بە جێبەجێکردنی کۆمەڵێک هەنگاوی خێرا و گەورە ئەوا ژیانی زۆربەی هەرە زۆری مرۆڤەکان لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان دەکەوێتە مەترسیەوە لەم چەند ساڵەی داهاتوو هەروەها چەند دەیەی داهاتوو، تا ئێستا لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی تێکڕای پلەکانی گەرما هەندێک پتر لە پلەیەکی سەدی بەرزبۆتەوە، لە ڕاستیدا تێکڕای بەرزبوونەوەکەش وردە وردە نزیک دەبێتەوە لە 1.5 پلەی سەدی تا ساڵی 2030 ئەگەر بەخێرایی کۆمەڵێک هەنگاو نەگیرێتە بەر، ئامانجی ڕێکەوتنامەی پاریس کە لە ساڵی 2015 مۆر کرا و تا ئێستا کارێکی وای لەسەر نەکراوە بۆ ئەوە مۆرکرا کە ئەو بەرزبوونەوەیە هەرگیز نەهێڵرێت لە 2 پلەی سەدی تێپەڕێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لە 6 ساڵی ڕابردوو هیچی وا ئەنجام نەدراوە بۆ ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ئەم دیاردەیە بۆیە شارەزایان پێیان وایە ئەگەر کار وا بڕوات تێکڕای بەرزبوونەوەکە تا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە دەگاتە 3 پلەی سەدی، ئەوساکە کارەساتی زۆر گەورەتر ڕوودەدات، زۆربەی بەفری جەمسەرەکان دەتوێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی شارە گەورەکانی کەنار زەریاکان وەکو شەنگەهای، میامی، نیوئۆرلیانز، ئەمستردام و سەدەها شاری تر نقومی ژێر ئاوی زەریا ببن.


تەشەنەکردن و توند بوونی زیاتری دیاردەی گۆڕانی کەش و هەواش دەبێتە هۆی توندبوونی دیاردەکانی کەش و هەوا بە گشتی، ئەمەش چەندەها ساڵە لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان هەستی پێدەکرێت، بۆ نمونە بەهۆی کەمبوونی دابارین لە گەلێک پانتایی سەر ڕووی زەوی بیابانی نوێ دروست دەبن، شەپۆڵەکانی سەرما و گەرماش لە وەرزی هاوین و زستان توندترن و درێژترن، بەهۆی بارانی توند و بەخوڕ لافاوەکان لە گەلێک ناوچەی جیهان زۆر لە پێشتر زۆرتر بوون، هەموو ئەمانەش ئەگەر بەردەوام بن یان تەشەنە بکەن دەبنە هۆی کۆچکردنی بەکۆمەڵی مرۆڤەکان لە ناوچەکانیان بۆ ناوچەی تر بەهۆی ووشکی یان لافاو، بەردەوام بوونی توندبوون لە دیاردەکانی کەش و هەوا دەبێتە هۆی کەمبوونەوە و تێکشێوان لە بەرهەمهێنانی خۆراک، لەو نێوەندەشدا ئەگەری دروستبوونی قەیرانی گەورەتر دێتە ئاراوە وەکو سەرهەڵدانی شەڕی ناوچەیی و نێو دەوڵەتی...


لەگەڵ ئەوەی پێویستە هەر بە هیوا بین بەڵام بەداخەوە ئەنجامەکان و نیشانەکانی ئەم کۆنگرەیەش لە ئێستاوە وەکو مانگی چواردە دیارە و پێناچێت باش بێت، هەریەکە لە سەرۆکەکانی چین و ڕووسیا ئامادە نەبوون بێن بۆ کۆنگرەکە و لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا گفتوگۆ بکەن لەسەر ئەم بابەتە چارەنوسسازە، ئەمەش‌نیشانەیەکی خراپە چونکە بە تەنیا چین و ڕووسیا لە ئێستادا ساڵانە بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی نزیکەی 35% ی ئەو گازانەی کە بوونەتە هۆی سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی دیاردەی گۆرانی کەش و هەوا...


هەر بۆ زانیاریش لە ئێستادا بە تەنیا 6 ووڵات لە جیهان کە بریتین لە چین و ئەمەریکا و ڕووسیا و هیندوستان و ژاپۆن و بەڕازیل لەگەڵ ووڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی پتر لە 80% ی هەموو ئەو گازانەی کە دەبنە هۆی تەشەنەکردنی ئەم دیاردەیە...


بەپێی ڕێکەوتنامەی پاریس دەبێت چی بکرێت..؟


بەپێی ئەم ڕێکەوتنامەیە دەبێت تا ساڵی 2030 تێکڕای ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئەو گازانەی کە دەبنە هۆی تەشەنەکردنی دیاردەی گۆڕانی کەش و هەوا لە هەموو جیهان بکرێن بە نیوەی ئەو ڕێژەیەی کە لە ئێستادا بەرهەم دەهێنرێن، لەگەڵ ئەم هەنگاوەش پەرە بە سەرچاوەکانی نوێ بووەوەی وزە بدرێت وەکو وزەی خۆر، تا ئێستا هەموو لایەنەکان ڕیک نەکەوتوون چۆن ئەمە بکرێت، هەروەها هەنگاوی جیدی نەگیراوەتە بەر بۆ بەدیهێنانی ئەمە، هەر بە پێی ئەو ڕێکەوتنامەیە دوای گەیشتن بەو ئەنجامەی سەرەوە تا ساڵی 2030، ئیتر لەوێوە تا ساڵی 2050 دەبێت ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئەو گازانە بگەیەنرێن بە ئاستێک پێی دەووترێت Net.Zero.Carbon.Emissions ئەمەش واتە تەنیا بڕێکی کەم بەرهەمبهێنرێت کە دار و درەخت و دارستانەکانی سەر زەوی ساڵانە بتوانن هەمووی بەکاربهێنن و هەڵبمژن...


زۆربەی هەرە زۆری پسپۆڕان و شارەزایانیش لە سەرانسەری جیهان گومانیان هەیە لەوەی سیاسەتمەداران بتوانن بگەن بەو ڕێکەوتنە لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی کە ڕێگرن لەوە: 


یەکەم: جیاوازیەکان لە بۆچوونەکان و بوونی ڕکابەریە سیاسیەکان لە نێوان ووڵاتە زلهێزەکان ڕێگرێکی گەورەیە لەبەردەم گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی درێژخایەن و تۆکمە...


دووەم: ڕێگرێکی سەرەکی تر بریتیە لە کاریگەری و بەهێزی سەرمایەداران و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ووزە کە خۆیان بە شێوەیەکی سەرەکی لە کۆمپانیاکانی نەوت و گاز و خەڵوزی بەردین دەبیننەوە، ئەو کۆمپانیایانە بەتایبەتی لە ووڵاتە ڕۆژئاواییەکان ساڵانە ملیارەها دۆلار دەبەخشن بە سیاسەتمەداران و پارتەکانیان لە چوارچێوەی هەڵبژاردنەکان، زۆربەی ئەو سەرۆک ووڵاتانەی کە بەشداربوون لەو کۆنگرانە هەروەها گەلێک لە ئەندامانی شاندەکانیشیان چەندەها ساڵە بەردەوام لەژێر ئەو کاریگەریانەی سەرەوەدا بوون... 


لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی تۆکمە و گرنگ نەگیراوەتە بەر بۆ دانانی سنورێک بۆ دیاردەی گۆڕانی کەش و هەوا کە دەیەها ساڵە بەڕێوەیە، بە پێی ئەو داتایانەی ساڵانە کۆدەکرێنەوە وردە وردە ساڵ بە ساڵ ئەو دیاردەیە توندتریش دەبێتەوە، بەداخەوە پێدەچێت تاوەکو دۆخەکە زۆر خراپتر نەبێت باشتر نەبێت، بێ گومان تا ئەو کاتەش تێکڕای مرۆڤایەتی و گەلێک لە زیندەوەرانی سەر هەسارەکەمان باجی خۆ ویستی و گەمژەیی و بەرژەوەندخوازی سیاسەتمەداران و سەرمایەداران دەدەن...