ڕاپۆرتی جیهانی

03:33 - 01/12/2021

دەستوری ٣٠ وڵات؛ لەبارەی ماف و ئازادیی گوزارشت و بۆچون‌

هیوا جه‌مال

 

ئەمەی خوارەوە هەندێ مادە و بڕگەی دەستوری ٣٠ وڵاتن، لەبارەی ماف و ئازادیی گوزارشت و بۆچون، هەروەها ئازادی رۆژنامەڤانی و راگەیاندن، جگە لە ئازادیی چاپ و بڵاڤکردن و مافی گردبونەوە و خۆپیشاندان.

ئامادەکردنی بۆ بەرچاوڕونی هاونیشتیمانیان، هەروەها بەهیوام سودی هەبێت بۆ بەرچاوڕونیی نوسینەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان.

ئەگەرچی زۆربەی دەقی مادەکانم ناردوە بۆ کەسانی شارەزا و زمانزانی کورد کە لەو وڵاتانە دەژین، تاوەکو بە دەقی بنچینەیی بەراوردیبکەن، بەڵام رەنگە، وشە و رستەیەک بە زمانێکی دیکە لەگەڵ کوردی لە داڕشتنەوە بەروکەش لێکنەچن، بەڵام نێوەڕۆکەکەی نەگۆڕاوە و مەبەستەکەی گەیاندوە.

وڵاتەکان لەڕوی شێوازی بەرێوەبردن و دەسەڵاتدارێتیی سیستمی حکومڕانیان جیایە، بەڵام زۆرینەیان لەسەر کاخەز و بەدەستور، ئازادی بەرفراوانیان داوەتە هاوڵاتیانی خۆیان.

هەروڵاتێک ساڵی نوسینی دەستورەکە (ئەوەی ئێستا کاریپێدەکرێت)و ساڵی دوایین هەموارکردنی لەتەنیشتی نوسراوە. هەروەها بەگوێرەی ریزبەندیی پیتی ئەبجەدی وڵاتەکان دانراون.


خوێندنەوەی نزیکەی پێنج خولەکی دەوێت.

١. ئەڵمانیا ١٩٤٩ (هەموارکراوی ٢٠١٤)
بەشی یەک، مادەی ٥
١. هەر کەسێک مافی هەیە بۆچونەکانی بە گوتن، نوسین و وێنە، ئازادانە دەرببڕێت و بڵاڤبکات و لەسەرچاوە گشتییەکان بەبێ بەربەست زانیاری دەستبکەوێت. ئازادی راگەیاندن و روماڵکردن لە رێگەی رادیۆ و تەلەڤیزیۆن و فیلم مسۆگەردەکرێت. هیچ سانسۆرێک ناکرێت.

٢. ئۆکرانیا ١٩٩٦ (هەموارکراوی ٢٠١٦)

 
بەشی یەکەم، مادەی ١٥
چاودێریکردن قەدەغەیە.
بەشی دوەم، مادەی ٣٤
هەموکەس مافی هەیە ئازادانە زانیاری کۆبکاتەوە و هەڵیبگرێت و بەکاریبێنێت، جا بەرێگەی زارەکی یان نوسین یان بەرێگەیەک کە خۆی هەڵیدەبژێرێت.


 ٣. ئیسپانیا ١٩٧٨ (هەموارکراوی ٢٠١١)

دەروازەی یەک، بەشی دوو، لقی ١، مادەی ٢٠،١
١. پێویستە دانبنرێت بەو مافانە و بڕیار لە پارێزگارییان بدرێت؛
ا. مافی گوزارشت لە ئاڕاستە و بۆچون و گوتار و بڵاڤکردنیان بە ئازادانە، جا بە زارەکیی یان نوسین یان هەر ئامرازێکی دیکە.
٢. بۆ فەراهەمکردنی ئەو مافە، نابێت هیچ مەرجێک دابنرێت جا بەهەر جۆرێک لە جۆرەکانی چاودێری پێشوەختە.

 

٤. ئێران ١٩٧٩ (هەموارکراوی ١٩٨٩)

مادەی ٢٤
بڵاوکراوە و چاپکراوەکان ئازادن لە بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان مادام چوارچێوەکانی ئیسلام و مافی گشتی نابەزێنن، وردەکاریی ئەوە بە یاسا رێکدەخرێت.
مادەی ٢٥
ئەمانە رێپێدراونین؛ پشکنینی نامەکان، رادەستنەکردن بە خاوەنیان، تۆمارکردن و ئاشکراکردنی پێوەندی تەلەفۆنیی، چاودێریکردنی بەرقیە و فاکس یان سانسۆرکردن و نەگەیاندیان، هەروەها  گوێلێگرتن و سیخوڕیکردن بەسەر ئەمانەوە بەرەهایی قەدەغەن، مەگەر بە گوێرەی یاسا.
مادەی ١٧٥
ئازادی بڵاڤکردن و راگەیاندن لە دەنگ و رەنگی (صدا و سیما) لە کۆماری ئیسلامی ئێران فەراهەمکراوە، بەگوێرەی پێوەرەکانی ئیسلام و خزمەتکردن بە بەرژەوەندی باڵای وڵات.
رابەر، سەرۆکی دامەزراوەی صدا و سیما لە کۆماری ئیسلامی دادەمەزرێنێت و لایدەبات، سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی دەسەڵاتی دادوەری و ئەنجومەنی شورای ئیسلامی، هەریەکەیان دوو نوێنەریان لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردن دەبێت، سەرپەرشتیاری ئەو دامەزراوەیە دەکەن. بەیاسا سیاسەتی دامەزراوەکە و رێگەی بەڕێوەبردنی و چۆنێتی سەرپەرشتیکردنی دیاریدەکرێت.


٥. ئیتاڵیا ١٩٤٧ (هەموارکراوی ٢٠١٢)

وەرزی یەکەم، دەروازەی یەکەم، مادەی ٢١
هەموان مافیان هەیە بۆچونەکانیان بە ئازادی بگەیەنن لەرێگەی گوتن، نوسین یان هەر ئامرازێکی دیکەی بڵاڤکردن.
رێگەپێدراونییە رۆژنامەڤانیی ناچار بە مۆڵەت یان چاودێری بکرێت.
نابێت دەستگیرکردن هەبێت، تەنیا بەگوێرەی بڕیارنەبێت کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی دەرچوبێت لەکاتی ئەنجامدانی تاوان یان سەرپێچیکردن کە یاسا بە رونیی دیاریکردوە ...
هەرکاتێ پۆلیسی تاوانەکان ویستی دەستبگرێت بەسەر هەر رۆژنامەیەکی خولیی، پێویستە دەستبەجێ دەسەڵاتی دادوەریی ئاگەداربکات، لەماوەی ٢٤ کاژێر لەهەر حاڵەتێک، ئەگەر لەماوەی ٢٤ کاژێرەکە، دەسەڵاتی دادوەریی راستاندنی نەکرد، پێویستە پۆلیس جێبەجێکردنەکە رابگرێت، هەر ئەرکێک لەوبارەیەوە بە رەتکراوە هەژماردەکرێت.
رێگە بە هیچ بڵاوکردنەوە یان پێشاندان نادرێت، ئەگەر پێچەوانەی ئادابی گشتی بێت، یاسا لێپێچینەوە دەکات بۆ قەدەخەکردنی ئەو سەرپێچیانە.


٦. ئەرجەنتین، ١٨٥٣ (لە ١٩٣٨ کاراکراوەتەوە و لە ١٩٩٤ هەموارکراوە)

بەشی یەکەم؛ پاری یەک، مادەی ١٤
هەموو دانیشتوانی وڵات بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان ئەم مافانەیان هەن؛ کارکردن و ئەزمونکردنی هەر پیشەسازییەکی رێپێدراو، ئاڵوگۆڕ و بازرگانی، پێشکێشکردنی تۆمارەکان بە دەسەڵات، هاتن و چون بۆ زەوی ئەرجەنتین و مانەوە و گەشت و دەرچون لێی. بڵاڤکردنی بۆچون لە رێگەی رۆژنامە، بێ چاودێریی پێشوەختە، بەکارهێنانی موڵکوماڵ و تەسەروف پێکردنیان، کۆبونەوە بۆ ئامانجی باش، ئەزمونکردنی دروشمە ئایینیەکان بۆ ئازادیی، خوێندن و فێربون.
بەشی یەکەم؛ پاری یەکەم، مادەی ٣٢
کۆنگرێسی فیدراڵی نابێت ئەو یاسایانە دەربکات کە ئازادی رۆژنامەڤانیی سنورداردەکەن یان بیسەپێنێت بەسەر تایبەتمەندیی فیدراڵیی.


٧. ئوردن ١٩٥٢ (هەموارکراوی ٢٠١٦)
بەشی دووەم؛ مادەی ١٥
٣. دەوڵەت پاڵپشتی ئازادی رۆژنامە و چاپکردن و بڵاڤکردن و ئامرازەکانی راگەیاندن دەکات لە سنوری یاسا.
٤. نابێت رۆژنامە و ئامرازەکانی راگەیاندن دابخرێن یان مۆڵەتیان لێوەربگیرێتەوە، مەگەر تەنیا بە فەرمانی دادگە و بە گوێرەی یاسا.
٥. رێپێدراوە لەکاتی راگەیاندنی حوکمە عورفیەکان یان باری کوتوپڕ چاودێری سنوردار بخرێتە سەر رۆژنامە، بڵاڤۆک و دانراوەکان و ئامرازەکانی راگەیاندن و پەیوەندی، بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی گشتی یان مەبەستی بەرگری نیشتیمانیی.


٨. برازیل، ١٩٨٨ (هەموارکراوی ٢٠١٧)


دەروازەی دوەم، بەشی یەکەم، مادەی ٥
هەموان یەکسانن لەبەردەم یاسا، بێجیاکاریی، بەرازیلییەکان و ئەوانەی نیشتەجێن لە وڵات گرەنتیکراون، مافەکانیان پێشێلناکرێت و مافی ژیان و یەکسانی و تەناهی و خاوەندارێتییان هەیە...
٩. ئازادی دەربڕین لە رێکخراوە، فکری، هونەری، زانستی و رێکخراوەکانی پەیوەندی پاڵپشتیکراوە و ناچنە ژێر هیچ چاودێریی یان مۆڵەتوەرگرتن.
دەروازەی دوەم، بەشی پێنجەم، مادەی ٢٢٠
١. نێوەڕۆکی هیچ یاسایەک یان هەر حوکمێک لەوبارەیەوە گرفت بۆ ئازادی رەهای رۆژنامەڤانیی دروستناکات، بە هەر ئامرازێک لە ئامرازەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئەنجامبدرێت، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی حوکمی مادەکانی (٥)،٤،٥،١٠،١٣،١٤.
٢. هەموو چاودێرییەکی سیاسی و ئایدۆلۆجی و هونەریی رێلێگیراوە.


٩. پرتوگال، ١٩٧٦ (هەموارکراوی ٢٠٠٥)

وەرزی یەکەم، دەروازەی دوەم، بەشی یەکەم، مادەی ٣٧
٢. ئەزمونکردنی مافەکان ناچێتە ژێر هیچ چاودێرییەک یان سنوردارناکرێت.
وەرزی یەکەم، دەروازەی دوەم، بەشی یەکەم، مادەی ٣٨
١. ئازادی رۆژنامەڤانی پارێزراوە.
٢. مەبەست لە ئازادی رۆژنامەڤانی؛
ا، ئازادی رۆژنامەڤانان و ئەوانەی کاردەکەن لە بواری داهێنان و دەربڕین..
ب، مافی رۆژنامەڤانان لە گەشتن بە سەرچاوەکانی زانیاری و پارێزگاریی لە سەربەخۆییان و نهێنی پیشەکەیان...
ج، مافیانە هەر رۆژنامە یان چاپکراوێک دەربکەن بێ وەرگرتنی مۆڵەتی کارگێڕی یان مەرجی دیاریکراو.


١٠. دانیمارک ١٩٥٣


بەشی هەشتەم
٧٧. هەموکەس مافی هەیە، بۆچونەکان بڵاڤبکات جا لە رێگەی چاپکردن یان دەستخەت، پێویستە بزانرێت هەربابەتێکی پەیوەندیدار لەبەردەم دادگە بڕیاری لێدەدرێت...


١١. عیراق ٢٠٠٥

دەروازەی دوەم، بەشی دوەم، مادەی ٣٨
دەوڵەت ئەم خاڵانەی خوارەوە لەئەستۆدەگرێت بەمەرجێک نەبێتە هۆی تێکچونی یاسا و ئادابی گشتی؛
یەکەم؛ ئازادی دەربڕین بەهەموو شێوەکان.
دووەم؛ ئازادی رۆژنامەگەری و چاپکردن و ئاگەداری و راگەیاندن و بڵاڤکردن.


١٢. کوەیت ١٩٦٢ (هەموارکراوی ١٩٩٢)

دەروازەی سێیەم، مادەی ٣٧
ئازادی رۆژنامەگەریی و چاپ و بڵاڤکردن رێگەپێدراوە بەگوێرەی ئەو مەرجانەی یاسا دیاریکردون.


١٣. مەغریب ٢٠١١

دەروازەی دوەم، بەشی ٢٨
ئازادیی رۆژنامەگەریی گەرەنتیکراوە، نابێت بەرتەسکبکرێتەوە بەهیچ رێگەیەک لە رێگەکانی چاودێری خێڵەکیی.


١٤. مەکسیک ١٩١٧ (هەموارکراوی ٢٠١٧)

دەروازەی یەکەم، بەشی یەکەم، مادەی ٧
ئازادی نوسین و بڵاڤکردنی کتێب لەهەر بابەتێک پاڵپشتیکراوە، هیچ یاسا یان دەسەڵاتێک رێپێدراونییە چاودێری پێشوەختە، یان چوارچێوەبەندی لەسەر دانەر و بڵاڤکاران دابنێت، یان ئازادی چاپکردن مەرجداربکات لەکاتێک چارچێوەگیراوە بە رێزگرتنی تایبەت، ئەخلاق و ئاشتی کۆمەڵایەتی، لەژێر هیچ هەلومەرجێک رێپێدراونییە سوکایەتی بە چاپخانەبکرێت و وەک ئامرازی تاوان لێیبڕوانرێت.


١٥. نەرویج ١٨١٤ (هەموارکراوی ٢٠١٦)

ه، مادەی ١٠٠
هیچ کەسێک لەبەردەم یاسا راناگیرێت، بەهۆی گواستنەوە، پێدانی زانیاری، بیروبۆچون یان نامە، مادام ئەو بەرپرسیارێتییە پێوەندیدارە بە ئازادی دەربڕین، هەروەها نوێنەرایەتیی لە گەڕان بەدوای راستییدەکات، دیموکراسی پێشدەخات. تاک ئازادە لە بۆچونەکانی، هەروەها پێویسیتە ئەو بەرپرسیارێتییە یاساییە بە گوێرەی یاسا رێکبخرێت.


چاودێری پێشوەخت لەسەر کردەی بڵاڤکردن یان هەرشتێکی دیکە لەوچوارچێوەیە، پێڕەوناکرێت، مەگەر بۆ پارێزگاریی لە منداڵ و گەنجان، دژی کاریگەریی خراپی وێنەی جوڵاو، هەروەک چاودێری ناخرێتە سەر گوتارەکان مەگەر لە دامەزراوەی گشتی.


١٦. ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ١٧٨٩ (هەموارکراوی ١٩٩٢)

دیباجە، هەمواری یەکەم
 کۆنگرێس هیچ یاسایەکی تایبەت دەرناکات، بۆ ئایینێک لە ئایینەکان، یان قەدەخەکردنی ئازادی پێڕەوکردنیان، یان سنور دابنێت بۆ ئازادی دەربڕینی بۆچون یان رۆژنامەڤانی، یان مافی خەڵک لە کۆبونەوەی ئاشتیانە، لەکاتی داواکردنی ئەو مافانەی حکومەت لێیزەوتکردون. 


١٧. ژاپۆن ١٩٤٦
بەشی سێیەم، مادەی ٢١
ئازادی کۆبونەوە و پێوەندیگرتن، هەروەها ئازادی گوتار، رۆژنامەڤانیی و هەموو شێوازەکانی دەربڕین، پاڵپشتیکراون.


١٨. پاراگوای ١٩٩٢ (هەموارکراوی ٢٠١١)

 
وەرزی یەکەم، دەروازەی دوەم، بەشی دوو، مادەی ٢٦
ئازادی دەربڕین و ئازادی رۆژنامەڤانی و بڵاوکردنەوەی بۆچون، پاڵپشتیکراون بئێئەوەی هیچ چاودێری یان سنوریان بۆدابنرێت. جگە لەوەی بەگوێرەی دەستور دیاریکراوە، رێپێدراونییە یاسا بۆ بەرتەسککردنەوە یان مەرجدارکردن دەربکرێت، هیچ تاوانێکی رۆژنامەڤانیی نیە، مەگەر ئەوتاوانانەی لەرێگەی رۆژنامەگەریی ئەنجامدەدرێن.
مادەی ٢٩
کاری رۆژنامەڤانی بەهەموو شێوەکانی ئازادە و پێویستی بە رێپێدانی پیشوەخت نییە...


١٩. بەلجیکا ١٨٣١ (هەموارکراوی ٢٠١٤)

دەروازەی دوەم، مادەی ٢٥
رۆژنامەڤانی بوارێکی ئازادە، دەوڵەت پاڵپشتی ئازادیی دەکات، هیچ سانسۆرێکی لەسەر دانانرێت، هەروەک نابێت داوای هیچ گەرەنتییەک لە نوسەر و دەزگاکانی بڵاوکردنەوە و چاپخانەکان بکرێت، هیچ نوسەرێکی هاوڵاتیی بەلجیکی سکاڵای لەدژ تۆمارناکرێت.


٢٠. پۆڵەندا ١٩٩٧ (هەموارکراوەی ٢٠٠٩)

بەشی یەکەم، مادەی ١٤
پێویستە کۆماری پۆڵەندا، گرەنتی ئازادی رۆژنامەڤان بکات، لەگەڵ هەموو ئامرازەکانی راگەیاندن.
بەشی دووەم، ماف و ئازادی کەسیی، مادەی ٥٤
1.گەرەنتی ئازادی دەربڕین و گوزارشت پاڵپشتیدەکرێت، هەروەها دەستکەوتنی زانیاریی بۆ هەموانە.

٢١. تورکیا ١٩٨٢ (هەموارکراوی ٢٠١٧)

وەرزی دوەم، بەشی دوەم، هەشتەم، مادەی ٢٦
مافی دەربڕین و بۆچون و بڵاڤکردن بە نوسین، یان وێنە و هەر رێگەیەکی دیکە، مافی هەموانە، بە تاکەکەسیی یان کۆمەڵ، ئەو مافە لەچوارچێوەی گەیاندنی زانیاری و بۆچون و دەستاودەستکردنێتی، بێئەوەی دەسەڵاتی فەرمی دەستوەربدات، ئەوە رێگری ناکات لە وەرگرتنی مۆڵەتی پەخش لەچوارچێوەی رادیۆ، تەلەڤیزیۆن، سینەما و ئامرازەکانی دیکە، لەچوارچێوەی سیستمی مۆڵەتوەرگرتن.
وەرزی دوەم، بەشی دوەم، دەیەم، ا، مادەی ٢٨
رۆژنامەڤانی ئازادە و هیچ چاودێری بەسەرەوەنییە، پیویستناکات مەرج هەبێت بۆ رێپێدانی پێشوەخت یان دانانی بارمتەی دارایی بۆ دامەزراندنی چاپخانە.
دەوڵەت کاروبارەکانی تایبەت بە گرەنتی ئازادی رۆژنامەڤانی و زانیاریی پێشکەشدەکات.


٢٢. سوریا ٢٠١٢

 
دەروازەی دوەم، بەشی یەکەم مادەی ٤٣
 ئازادی رۆژنامەڤانی و چاپ و بڵاڤکردن و ئامرازەکانی راگەیاندن لەلایەن دەوڵەت پاڵپشیدەکرێن و سەربەخۆییان دەپارێزێت بەگوێرەی یاسا.


٢٣. سویسرا ١٩٩٩( هەموارکراوی ٢٠١٤)

دەروازەی دوەم، بەشی١، مادەی ١٧ ئازادی راگەیاندن
١. دەوڵەت پاڵپشتی ئازادی رۆژنامە و رادیۆ و تەلەڤیزیۆن دەکات، هەروەها هەر شێوازێکی دیکەی گەیاندن و بەرهەم و بڵاڤکردنی زانیاری گشتی.
٢. چاودێریی قەدەغەیە.
٣. پاراستنی سەرچاوەکان پاڵپشتیکراوە.
دەروازەی سێیەم، بەشی ٢، پاری ٦، مادەی ٩٣
٣. سەربەخۆیی رادیۆ، تەلەڤیزیۆن  رێزی لێدەگیرێت و ئازادن لە بەرهەمهێنانی بەرنامەکان.


٢٤. فەرەنسا، ١٩٥٨ (هەموارکراوی ٢٠٠٨)


راگەیاندنی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی لە ٢٦ی ئابی ١٧٨٩ ، مادەی ١١
ئازادی دەربڕین و بۆچون و بیرکردنەوە یەکێکن لە پڕبەهاترین مافەکانی مرۆڤ، هەروەها هەر هاوڵاتیێک دەتوانێت ئازادبێت لە گوتن، یان نوسین و بڵاڤکردن، بەدەر لە سەرپێچیکردنی ئازادی ئەویدیکە کە بەیاسا رێکخراوە.

٢٥. کەنەدا ١٨٦٧ (هەموارکراوی ٢٠١١)

 
یاسای دەستوریی ١٩٨٢، بەشی یەکەم، ب، ٢
٢. هەمووکەس دەتوانێت ئەم ئازادیانەی هەبن؛
ب. ئازادی بیرکردنەوە، بیروباوەڕ، بۆچون و دەربڕین، لەگەڵ ئازادی رۆژنامە و ئامرازەکانی دیکەی گەیاندن.

٢٦. لوبنان ١٩٢٦ (هەموارکراوی ٢٠٠٤)

دەروازەی یەکەم، بەشی دووەم، نادەی ١٣
ئازادی بۆچون بە گوتن و نوسین و ئازادی چاپ و ئازادی کۆبونەوە و ئازادی دامەزراندنی کۆمەڵەکان هەمویان بەگوێرەی یاسا پاڵپشتیکراون.


٢٧. لیبیا ٢٠١١ (هەموارکراوی(٢٠١٢)

دەروازەی دوەم، مادەی ١٤
ئازادی بۆچون و ئازادی دەربڕینی تاک یان بەکۆمەڵ، هەروەها ئازادی توێژینەوەی زانستی و ئازادی گەیاندن و ئازادی رۆژنامەگەریی و ئامرازەکانی راگەیاندن و چاپ و بڵاڤکردن و ئازادی گواستنەوە و ئازادی کۆبونەوە و خۆپیشاندان و مانگرتنی ئاشتیانە لەلایەن دەوڵەتەوە پاڵپشتیدەکرێن، بەمەرجێک لەدژی یاسا نەبن.


٢٨. میسر ٢٠١٤( هەموارکراوی ٢٠١٩)

 دەروازەی سێیەم، مادەی ٧٠
ئازادی رۆژنامە و بڵاڤکردنی کاخەزیی و بینراو و بیستراو و ئەلیکترۆنیی پاڵپشتیکراون، بۆ هەموو میسرییەکی ئاسایی یان ئیعتیباریی، گشتی یان تایبەت، مافی خاوەندارێتی و دەرکردنی رۆژنامە و دامەزراندنی دامەزراوەی راگەیاندنی بینراو و بیستراو و ئامرازەکانی راگەیاندنی ئەلیکترۆنیی هەیە.


دەرچواندنی رۆژنامە تەنیا بە ئاگاکاری دەبێت کە یاسا رێکیخستوە، یاسا کاروبارەکانی دامەزراند و خاوەندارێتی کەناڵەکانی پەخشی رادیۆیی و بینراو و رۆژنامەی ئەلیکترۆنی رێکدەخات.


٢٩.  یەکێتی روسیا ١٩٩٣ ( هەموارکراوی ٢٠١٤)

بەشی یەکەم، وەرزی ٢، مادەی ٢٩
٥. ئازادی ئامرازەکانی راگەیاندن پاڵپشتیکراوە، چاودێریکردنیان رێپێنەدراوە.


٣٠. هۆڵەندا ١٨١٤( هەموارکراوی ٢٠٠٨)

بەشی١، مادەی ٧
١. هیچکەس مۆڵەتی پێشوەختی پێویستنیە بۆ بڵاڤکردنی هەر بۆچون و دەربڕینێک لە رێگەی رۆژنامەگەریی، لەگەڵ پیشێلنەکردنی بەرپرسیارێتیی هەرکەس، بەگوێرەی یاسا.