ڕاپۆرتی جیهانی

02:53 - 31/01/2019

مریشکێک هێلکەی دژە شێرپەنجە دەکات‌

پەیسەر

توێژەرانی بواری پزیشكی لە بریتانیا لەڕێی هەندێک گۆڕانکاری لە جیناتی مریشک بە ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەر گەیشتوون، دوای گۆڕانکارییەکە مریشکەکان جۆرە هێلکەیەک دەکەن کە چارەسەری چەندین جۆرە شێرپەنجە دەکات، خەرجی چارەسەرکردنی شێرپەنجە لەڕێی ئەم جۆرە هێلکەوە سەد جار کەمترە لە چارەسەرکردن بەو دەرمانانەی کە ئێستا لە بازاڕدا هەن.

توێژەرەکان پێیانوایە لە داهاتوودا دەتوانرێت ئەم جۆرە هێلکەیە لە ئاستێکی بەربڵاودا بەرهەم بهێنرێت و بخرێتە بازاڕەوە، بە وتەی دکتۆر لیزا هیرۆن لە سەنتەری توێژینەوەی راسلین تەکنەلۆژیز لە ئەدینبۆرگ  لە پرۆسەی گۆڕینی جیناتدا مریشکەکان بە هیچ شێوەیەک ئازار نادرێن و تەنانەت لە دۆخێکی زۆر باشتردان بە بەراورد بەو مریشکانەی لە کێڵگەکانی پەلەوەردا بەخێو دەکرێن، لە ژوورێکی گەورەتردا راگیراون، رۆژانە دان و ئاویان پێ دەدرێت و لەلایەن کەسانی زۆر شارەزاوە چاودێری دەکرێن، گۆڕانکارییەکان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر تەندروستی مریشکەکان نییە و وەک هەر مریشکێکی  ئاسایی دیکە هێلکە دەکەن. 


پێشتریش توێژەران بە هەندێک گۆڕانکاری لە جیناتی بزن و کەروێشک و مریشک توانیبوویان لە شیر و هێلکەکانیان جۆرە پڕۆتینێک بەرهەم بهێنن کە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی بە سود بوون، بەڵام توێژینەوەکەی ئەمجارە لەو ڕووەوە جیاوازە کە بە خەرجییەکی کەمتر بەرهەمێکی زۆر زیاتر دەستەبەر دەکرێت، چارەسەرکردنی شێرپەنجە لەڕێی هێلکەی مریشکەوە خەرجییەکەی لە دە بۆ سەد قات کەمترە لە چارەسەرکردنی کیمیایی.


هۆکاری زۆربەی نەخۆشییەکان ئەوەیە کە لەشی مرۆڤ بە شێوەیەکی سروشتی کۆمەڵێک مادەی کیمیایی و پڕۆتین دروست ناکات، ئەم جۆرە نەخۆشیانە لەڕێی هەندێک دەرمانەوە کە پڕە لە پڕۆتین چارەسەر دەکرێت، بەرهەمهێنانی ئەم دەرمانە کیمیاییانە لە کارگە پیشەسازییەکاندا خەرجییەکی زۆری هەیە، بەڵام دکتۆر هیرۆن و هاوکارەکانی لەڕێی تێکەڵکردنی جیناتێکی مرۆڤ ( کە ئەم جیناتە لە لەشی مرۆڤ دەبێتە هۆی دروستکردنی پڕۆتین) بە دی ئێن ئەی مریشکەکان، توانیویانە هەمان ئەو دەرمانە دروست بکەن کە لە کارگە پیشەسازییەکاندا دروست دەکرێت، بەڵام بەو جیاوازییەوە کە ئەم شێوازەیان خەرجی زۆر کەمترە و سپێنەی هێلکەکان رێژەیەکی بەرزی پڕۆتینی تێدایە. 


گروپی توێژینەوەکە هەوڵەکانی خۆیان لەسەر دوو جۆر پڕۆتین چڕکردوەتەوە کە هەر دوو جۆرەکە بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەش زۆر پێویستن، جۆری یەکەمیان if nalpha2a ی پێدەوترێت و تایبەتمەندی دژە ڤایرۆس و دژە شێرپەنجەی هەیە و جۆری دووەمیشیان مەکرۆفاژ سی ئێس ئێف ی پێدەوترێت یارمەتیدەرە بۆ ئەو خانانەی کە زیانیان پێگەیشتووە بۆ ئەوەی خانەکان خۆیان نۆژەن بکەنەوە.

هەر مریشکێک دەتوانێت ساڵانە ٣٠٠ هێلکە بکات و هەر سێ هێلکەش بەرامبەرە بە دوزێک دەرمان، بۆ ئەوەی ئەم جۆرە هێلکەیە وەک دەرمان بخرێتە بازاڕەوە جگە لەوەی دەبێت قۆناغە یاساییەکەی تێپەڕ بکات ماوەی دە بۆ بیست ساڵی دیکە دەخایەنێت، توێژەکان گەشبینن بتوانن هەر لە ڕێی هێلکەی ئەم جۆرە مریشکەوە جگە لە چارەسەرکردنی نەخۆشی شیرپەنجەی مرۆڤ، هەندێک لە نەخۆشییەکانی گیانلەبەرانی دیکەش چارەسەر بکەن.

ئەم راپۆرتە لە بی بی سی وەرگیراوە