ڕاپۆرتی جیهانی

11:59 - 07/02/2019

ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م جیابوونه‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا‌

پەیسەر

ڕۆژى 15ى کانوونى دووەمى 2019 زۆرینەى پەرلەمانتارانى بەریتانیا، کە تۆمارێکى مێژوویى بوو، 230 پەرلەمانتار ڕێککەوتنەکەى تریزا مەى-یان بۆ جیابوونەوەى بەریتانیا لە یەکێتى ئەوروپا ڕەتکردەوە. پەرلەمانتارەکان ڕۆژى 29ى کانوونى دووەم گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنى گشتى بەڕیتانیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وەڵامى حکومەت لەوبارەیەوە.

زۆرینەى پەرلەمنتاران دەنگیاندا لە پێناوى هەموارکردنەوەیەکى ناپابەند بەڕێککەوتنەکەوە، بەمەش جیابوونەوەى بەڕیتانیایان بەبێ ڕێککەوتنێکى پێشوەختە ڕەتکردەوە.

هەروەها دەنگیاندا بەهەموارکردنەوەیەکى ڕێککەوتنەکە بۆئەوەى "ڕێوشوێنەکان بەشێوەیەکى دیکە ڕێکبخرێن بۆئەوەى سنوورێکى توند دروست نەبێت" لەگەڵ ئێرلەندا، ئەگینا لەسەر بابەتەکانى دیکە پشتیوانی ڕێککەوتنەکەى سەرۆکوەزیران بوون.

هەنگاوى داهاتوو لەبەردەم سەرۆکوەزیراندا ئەوەیە کە ئەو گۆڕانکارییانە بخاتە بەردەم یەکێتى ئەوروپا کە پەرلەمانتارانى بەریتانیا پشتیوانییان کردووە. ئەگەر یەکێتى ئەوروپا ڕەزامەندبوو بەو گۆڕانکاریانە، ئەوا ئەنجامێکى گەورە دەبێت بۆ سەرۆکوەزیران.

بەڵام بەرپرسانى باڵاى ئەوروپا ڕایانگەیاندووە ئەوان دووبارە پێداچوونەوە ناکەنەوە بۆ ئەو تێکستە یاساییەى ڕێککەوتنى کشانەوەى بەڕیتانیاى لەسەر ئەنجامدراوە.

ئەگەر پەرلەمانتارەکان ڕەزامەند نەبوون بە هەر گۆڕانکارییەک لە ڕێککەوتنەکەدا کە بخرێتەوە بەردەمیان ئەوا دەتوانن دووبارە ڕەتیبکەنەوە. تریزا مەى بەڵێینداوە کە ئەگەر ئەو گۆڕانکاریانەش ئەنجام نەدات کە مەبەستیەتى، ئەوا لە ناوەڕاستى مانگى شوباتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنى گشتى و دەرفەت دەدات بە پەرلەمانتارەکان بۆئەوەى گفتوگۆى زیاترى لەسەر بکەن.

لەدواى ئەوە چى دەبێت؟ ئەمانە هەندێک لەو بژاردانەن کە ئەگەرى ڕوودانیان هەیە:

1-بەبێ ڕێککەوتن
ئەگەر پەرلەمان ڕەزامەندى نەدات لەسەر ڕێککەوتنە، و لەدواى ئەوەوە هیچ شتێک ڕوونەدات، ئەوا بەشێوەیەکى ئاسایى جیابوونەوەى بەریتانیا بەبێ ڕێککەوتن ڕوودەدات.

یاسایەکە هێشتا وەکوخۆى ماوەتەوە کە شانشینى یەکگرتووى بەریتانیا لە 29ى ئازارى 2019دا لە یەکێتى ئەوروپا  جیادەبێتەوە.

هەروەها لە هەر بارودۆخێکدا بێت، بەپێى یاساکانى یەکێتى ئەوروپا لەوکاتەدا بەریتانیا وەکو وڵاتێکى جیابووەوە مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.

پێدەچێت حکومەت بە دەرکردنى چەند یاسایەک ئامادەکارى بکات بۆ بارودۆخێکى لەوشێوەیە کە جیابوونەوە بەبێ ڕێککەوتن بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام  ئەوەش زۆر پێویست نییە.

هەرچەندە کە زۆرینەى پەرلەمانتاران ئاماژەیان بەوەداوە کە دژى جیابوونەوەن بەبێ بوونى ڕێککەوتن، بەڵام پێویستە شتێکى دیکە بکەن بۆئەوەى ڕێگربن لەوەى ئەو واقعە بێتەدى.

2-دووبارە دانوستانى فراوان
حکومەت دەتوانێت پێشنیاز بکات بۆئەوەى دووبارە دانوستانى فراوان و تەواو بکرێتەوە لەسەر ڕێککەوتنى جیابوونەوەى بەریتانیا.

ئەمەش تەنها بەماناى ئەوە نایەت کە گۆڕانکارییەکى بچووک ئەنجام بدرێت یان دووبارە دەنگى لەسەر بدرێتەوە.

بەڵکو دەکرێت بەتەواوى دانوستان لەسەر ئەو پرسە بکرێتەوە کە ماوەیەکى پێویستە و تاڕاددەیەکى زۆر پێویستە کە ماددەى 50ى جیابوونەوەى بەریتانیا ماوەکەى درێژ بکرێتەوە.

ئەم بابەتەش پێویستى بە دوو هەنگاوى سەرەکى هەیە. یەکەم، دەبێت بەریتانیا داواکارییەک پێشکەش بە یەکێتى ئەوروپا بکات بۆ درێژکردنەوەى ئەو ماوەیە. ئەمەش تەنها لە حاڵەتێکدا دێتەدى کە ئەگەر هەموو وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا لە ئەنجومەنى یەکێتى ئەوروپا بە دەنگدانێک ڕەزامەندى لەسەر بدەن.

دووەم، پێویستە حکومەت بەپێى ڕێوشوێنى دەستوورى گۆڕانکارى بکات لە پێناسەى "ڕۆژى جیابوونەوە" کە لە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتى ئەوروپا ئاماژەى پێدراوە. پەرلەمانتاران دەتوانن دەنگ لەسەر ئەو گۆڕانکارییە بدەن.

ئەگەر یەکێتى ئەوروپا ڕەتیکردەوە کە دووبارە بچێتەوە دانوستان لەگەڵ بەریتانیا، ئەوا حکومەتى بەریتانیا دەبێت یەکێک لەو بژاردانەى دیکە بگرێتەبەر کە خاڵەکانى داهاتوو باسکراون.

3-ڕیفراندۆمێکى دیکە
حکومەت دەتوانێت بڕیار لەسەر ڕیفراندۆمێکى دیکە بدات.

هەروەکو چۆن بۆ دووبارە دانوستان پێویست بەوە هەیە، دەبێت داواى درێژکردنەوەى جێبەجێکردنى ماددەى 50 بدرێت. ئێستاش زۆر درەنگ بووە بۆ ئەنجامدانى ڕیفراندۆمێکى دیکە بەرلە 29ى ئازار.

ئەوەش بەشێوەیەکى ئۆتۆماتیکى ڕوونادات. یاساکانى ڕیفراندۆم بەپێى یاسایەکى ساڵى 2000ى بەریتانیا ڕێکخراون لەژێرناوى پارتە سیاسییەکان، هەڵبژاردنەکان و ڕیفراندۆمەکان.

پێویستە یاسایەکى نوێ دەربکرێت بۆئەوەى ئەو ڕیفراندۆمە ئەنجام بدرێت و ڕێسا و یاساکان دیاریبکرێن، بۆنمونە کێ دەتوانێت دەنگ بدات لەو ڕیفراندۆمەدا.

ناکرێت ئەو بابەتە بەوخێراییە بەڕێوەبچێت، لەکاتێکدا دەبێت ماوەیەک بدرێت بە کۆمسیۆنى هەڵبژاردن بۆئەوەى بڕیاربدات و ڕێنمایى خۆى بخاتەڕوو لەسەر پرسیارى ڕیفراندۆمەکە.

دەبێت پرسیارەکەش لەدواتردا بەیاسایەک پەسند بکرێت.

کاتێک ئەو یاسایە دەرچوو، ڕاستەوخۆ ناتوانرێت ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت. دەبێت ماوەیەکى دەستوورى هەبێت کە پێى دەوترێت"ماوەى ڕیفراندۆم" بەرلەوەى کە دەنگ بدرێت.

پسپۆڕانى یەکەى دەستوور لە کۆلیژى لەندەنى زانکۆیى پێیانوایە کە کەمترین ماوەى پێویست بۆ ئەو هەنگاوانەى سەرەوە نزیکەى 22 هەفتە دەبێت.

ئەگەر بتوانرێت ئەوماوەیە تاڕاددەیەکیش کەم بکرێتەوە، ئەوا هێشتا دەکەوێتە دواى کۆتایى مانگى ئازارەوە.

4-داواکردنى هەڵبژاردنى گشتى
تریزا مەى دەتوانێت باشترین ڕێگا هەڵبژێرێت بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستنە کە ئەویش داواکردنى هەڵبژاردنى گشتییە، بۆئەوەى شەرعیەتێکى سیاسى بەدەستبێنێت بۆ ڕێککەوتنەکەى.

ئەو دەسەڵاتى ئەوەى نییە کە هەرئاوا بتوانێت داواى هەڵبژاردن بکات. بەڵام، هەروەکو ئەوەى ساڵى 2017 ڕوویدا، بەپێى یاساى ماوەى پەرلەمانەکان دەتوانێت داوا لە پەرلەمانتاران بکات کە دەنگ بدەن لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە.

بۆ ئەو مەبەستە دەبێت دوو لەسێى پەرلەمانتاران ئەو هەنگاوە قبووڵ بکەن. نزیکترین کات کە پەرلەمانتارەکان دەتوانن دیاریبکەن پاش 25 ڕۆژى کار دەبێت لە بڕیاردان لەسەر ئەو بابەتە بەڵام لەدواى ئەوەوە سەرۆکوەزیران دەتوانێت بەتەواوى ڕۆژێک دیاری بکات.

هەروەکو چۆن بۆ "دووبارە دانوستانکردنەوە" و پلانى ڕیفراندۆمێکى دیکە پێویستە، دەبێت داواکارییەک پێشکەش بە یەکێتى ئەوروپا بکرێت بۆ درێژکردنەوەى ماوەى جێبەجێکردنى ماددەى 50.

5-دەنگدانێکى دیکە لەسەر متمانەسەندنەوە
پارتى کرێکاران لە هەرکاتێکدا بێت دەتوانێت جارێکى دیکە دەنگدان لەسەر متمانەسەندنەوە لە حکومەت بخاتەوە بەرنامەى کار.

بەپێى یاساى ماوەى پەرلەمانەکان کە لە 2011دا دەرچووە، هەڵبژاردنە گشتییەکانى بەریتانیا تەنها لەماوەى پێنج ساڵ جارێکدا ئەنجام دەدرێن. هەڵبژاردنى داهاتوو دەبێت لە 2022دا ئەنجام بدرێت.

بەڵام دەنگدان بۆ متمانە سەندنەوە لە حکومەت دەرفەت دەدات بە پەرلەمانتارەکان بۆئەوەى بڕیاربدەن کە ئایا حکومەت بەردەوام بێت یان نا. بڕیارەکە دەبێت بنووسێت: "ئەم ئەنجومەنە متمانەى بە حکومەتەکەى شاژن نییە."

ئەگەر زۆرینەى پەرلەمانتاران دەنگیان بەو پڕۆژە بڕیارەدا ئەوا 14 ڕۆژ دەژمێردرێت.

ئەگەر لەوماوەیەدا حکومەتى ئێستا یان هەر حکومەتێکى دیکەى ئەڵتەرناتیڤ نەیتوانى دەنگێکى دیکەى متمانە بەدەستهێنان بباتەوە، ئەوا داواى هەڵبژاردنى گشتى دەکرێت.

دەبێت ئەو هەڵبژاردنە لەدواى 25 ڕۆژى کار بەڕێوەبچێت.

ئەگەرى دیکە
دادگاى ئەوروپى بڕیاریداوە لەسەر ئەوەى کە بەریتانیا مافى یاسایى هەیە بۆئەوەى ماددەى 50 هەڵوەشێنێتەوە تاوەکو برێکزت  هەڵوەشێنێتەوە (جیابوونەوەى بەریتانیا) (بەبێ ئەوەى پێویست بە ڕێککەوتن لەگەڵ 27 وڵاتەکەى یەکێتى ئەوروپا بکات).

لەکاتێکدا هێشتا حکومەت پابەندە بە برێکزتەوە، تاڕاددەیەکى زۆر پێشبینى دەکرێت هەنگاوێکى گەورە بهاوێژرێت لەوانە ئەنجامدانى ڕیفراندۆمێکى دیکە یان گۆڕانکارى لە حکومەت بەرلەوەى ئەو هەنگاوەى سەرەوە ئەنجام بدرێت.

لەدواى ئەوەى تریزا مەى لە کۆنگرەدا سەرکەوتوو بوو لە مسۆگەرکردنەوەى پۆستەکەی، ماناى وایە کە لەناو پارتى موحافیزکاراندا تاوەکو 12 مانگى دیکە ڕووبەڕووى ڕکابەرێکى دیکە نابێتەوە.

بەڵام لە هەرحاڵەتێکدا بێت دەتوانێت بڕیار لەسەر دەستلەکارکێشانەوە بدات، ئەگەر نەتوانێت ڕێککەوتنەکە بباتەسەر یان ئامادە نەبێت بۆ ئەو گۆڕانکارییانەى کە دێنەپێشییەوە.

ئەمەش دەبێتـە دەستپێکى کەمپینى سەرکردایەتیکردنى حزبى موحافیزکاران و ماناى وایە سەرۆکوەزیرانێکى نوێ دەستبەکاردەبێت.

لەوانەیە ڕووبەڕووى فشار ببێتەوە بۆئەوەى دەستلەکاربکێشێتەوە ئەگەر پەرلەمانتاران بڕیارى سەرزەنشتکردن یان سانسۆرکردن دەربکەن،

کە ئەمەش هاوشێوەى متمانەلێسەندنەوەیە بەڵام هەمان ئەو دەرەنجامانەى ڕاستەوخۆ دەرناکەون. ئەمەش دەبێتەهۆى ئەوەى کە گۆڕانکارى لە پۆستى سەرۆکوەزیران یان لە کابینەى حکومەتدا ڕووبدات.

ئیتر هەرکەسێک لە دەسەڵاتدا بێت ئەوا ڕووبەڕووى ئەو بژاردە جیاوازانەى برێکزت دەبێتەوە.

پیتەر بارنێس، شیکەرەوەى باڵاى سیاسى و هەڵبژاردنەکان لە بى بى سى