ڕاپۆرتی جیهانی

04:34 - 11/02/2019

کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی دژ بە ئێران لە یادی شۆڕشی ١٩٧٩‌

پەیسەر

بڕیارە لە رۆژانی ١٣ و ١٤ی ئەم مانگە لە وارشۆی پایتەختی پۆڵۆنیا کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەدا ببەسترێت سەبارەت بە مەترسییەکانی ئێران بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆنفڕانسەکە لەسەر دەستپێشخەری ئەمریکا دەبەسترێت و بەپێی هەندێک لە لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکی ئامانجی کۆنفڕانسەکە دروستکردنی کۆدەنگی و هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتییە دژ بە ئێران.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئیدارەی ترەمپ، سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا سەبارەت بە ئێران گۆڕانکارییەکی گەورەی بە خۆوە بینی، بە جۆرێک کە ترەمپ هەر لە یەکەم رۆژەکانی دەستبەکاربوونیدا ڕایگەیاند بەرەنگاربوونەوەی هەوڵە تێکدەرانەکانی ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەولەوییەتی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەکەیەی، لە دوای دەستبەکاربوونی مایک پۆمپیۆش وەک وەزیری دەرەوەی ئامریکا بەدواداچوونی ئەم ستراتیژە رەوتێکی خێراتری بەخۆوە بینی. 
پۆمپیۆ لە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩دا لە میانەی سەردانەکیدا بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسی لە هەوڵەکانی ئەمریکای کرد بۆ دروستکردنی "هاوپەیمانێتییەک بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی داعش و کۆماری ئیسلامی ئێران"،  هەر لەو کاتەشدا بوو کە بۆ یەکەمجار زانیاری بەستنی کۆنفڕانسی وارشۆی لە ڕۆژانی ١٣ و ١٤ی شوباتدا بۆ میدیاکان ئاشکراکرد، کۆنفڕانسەکە لە ژێر ناونیشانی "سەقامگیری و ئاشتیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست"دا بەڕێوەدەچێت، کە بە وتەی مایک پۆمپیۆ لە کۆبوونەوەدا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان، باس لە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیش باس لە هەڵوێست و ڕەفتارەکانی ئێران دەکرێت.


دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفڕانسە، بەرپرسانی ئێرانی کاردانەوەی توندیان نیشاندا و کۆنفڕانسەکەیان بە کۆنفڕانسێکی دژە ئێرانی لە قەڵەم دا، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە ئەم هەڵوێستەی پۆلۆنیا  پەڵەیەکی شەرمە بەناوچاوانی مێژووەوە و پاک نابێتەوە، زەریف بە بیری پۆلۆنیای هێنایەوە کە بەر لە هەشتا ساڵ ئەو کاتەی پۆلۆنیا لە نێو ئاگری جەنگی جیهانی دووەمدا دەسووتا، کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ پاراستنی خۆیان ڕوویان لە ئێران کرد و خەڵکی ئێرانیش پێشوازی لێکردن.
ئێران لە چەند ئاستێکی دیکەشدا کاردانەوەی لە دژی کۆنفڕانسەکە نیشاندا، هەفتەی فیلمی پۆلۆنیای لە تاران ڕاگرت و هەڕەشەی ڕاگرتنی پێدانی ڤیزەی بە هاوڵاتیانی پۆلۆنی کرد.
لە بەرامبەردا بەرپرسانی پۆلۆنی رایانگەیاند کۆنفڕانسەکە یارمەتی بە سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و کاردانەوە توندەکانی ئێران بە ڕەفتارێکی گونجاوی سیاسی نازانن، وەزارەتی دەرەوەی پۆلۆنیا لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: بە بۆچوونی ئێمە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی مافی خۆیەتی سەبارەت بە پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان دانوستان و گفتوگۆ بکات و پۆلۆنیاش مافی ئەوەی هەیە کۆنفڕانسێک لە وڵاتەکەیدا بەڕێوەببات کە ئامانجەکەی  بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی تێکدەرانە بێت و لەپێناو سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێت.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئامریکاش ڕۆژی هەینی ڕابردوو وتی "کاتێک باسی پرسی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکەین، دیارە ئێران بابەتێکی سەرەکیی ئەم باسە دەبێت".


تەوەرەکانی کۆنفڕانسەکەی وارشۆ
هەرچەندە تا ئێستا وردەکارییەکانی کۆنفڕانسەکەی وارشۆ ڕانەگەیەندراوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا دەڵێت لەلایەن هاوپەیمانانی ئامریکاوە پێشوازییەکی باشی لێ کراوە و زۆر وڵات داوایان کردووە لە کۆنفڕانسەکەدا بەشدار ببن.
مایک پنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا باڵاترین بەرپرسی ئەمریکییە بەشدار دەبێت لە کۆنفڕانسەکەدا، مایک پنس بە کەسێکی دژە ئێرانی ناسراوە و تا ئێستا بە دەیان جار دەربارەی رۆڵی خراپی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هۆشداری داوە، پنس لە کۆبوونەوەی باڵیۆزەکانی ئامریکا لە جیهاندا وتبووی: " ئامریکا دژی رژێمە یاخییەکان دەوەستێتەوە، بە تایبەت ئێران وڵاتێکە کە دەیەوێت هەژمونی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بسەپێنێت و برەو بە تیرۆر و ناسەقامگیری بدات".
ئامریکا پێیوایە ئێران گەورەترین دەوڵەتی پشتیوانی تیرۆریزمە و پێچەوانەی پەیما‌ننامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش بەردەوامە لە پەرەپێدانی موشەکی بالستی و فاکتەری سەرەکیی ناسەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
ئێران لەم ساڵانەی دواییدا دەستیداوەتە تاقیکردنەوەی موشەکی بالستی کە لەسەر هەندێکیان بە زمانی عیبری دروشمی " سڕینەوەی ئیسڕائیل" نووسرابوو، بەبۆچوونی هەندێک چاودێری سیاسی لە کاتێکدا ئیدارەی ترەمپ لەسەر دەسەڵاتە، تاقیکردنەوە موشەکییەکان و دەستێوەردانەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا بووەتە هۆی بەهێزبوونی بەرەی دژە ئێران.


بە پێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڕیار وایە لە کۆنفڕانسەکەی وارشۆ سێ پرس تاوتوێ بکرێن، دۆسیەی موشەکی بالستی و ئاسایشی سایبیری و بەرەنگاربوونەوە تیرۆریزم، لە دانیشتنی یەکەمدا بابەتی موشەکە بالستییەکان و بە تایبەت سەکۆکانی هاویشتنی موشەک دەخرێتە بەر باس، ولاتانی بەشداربووی ئەم دانیشتنە سەبارەت بە بژاردەکانی بەردەمیان بۆ پێشگرتن لە پەرەپێدانی موشەکی و هاوکاری بۆ دابینکردنی ئاسایشی کەشتییەکان گفتوگۆ دەکەن.
لە دانیشتنی دووەمدا بابەتی ئاسایشی سایبیری و هەڕەشەی ڕوو لە زیادبوونی سایبیری لەلایەن هەندێک وڵات و ئەکتەری نا حکومییەوە تاوتوێ دەکرێت و لە دانیشتنی سێیەمیشدا بابەتی بەرەنگاربوونەوە تیرۆریزم بە تایبەت هاوکاری لەپێناو وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی گروپە تیرۆریستەکان دەخرێتە بەر باس.
ڕوسیا ڕایگەیاندووە کە لەم کۆنفڕانسەدا بەشداری ناکات، لە بەشێک لە ڕاگەیەنراوەکانی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیادا ئاماژە بەوەکراوە کە "  ئامادەکارییەکانی کۆنفڕانسەکە زۆر بە پەلە و بە نهێنی ئەنجام دراوە بێ ئەوەیکە بۆچوونی وڵاتانی کاریگەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەربگیردرێت".
ئێران بۆ کۆنفڕانسەکە بانگهێشت نەکراوە و هەوڵی ئەوەشی داوە وڵاتانی دیکە هان بدات لە کۆنفڕانسەکەدا بەشداری نەکەن، چاپۆتۆڤیچ وەزیری دەرەوەی پۆلۆنیا لە پرێس کۆنفڕانسێکدا پشتڕاستی کردەوە کە وەزیرانی دەرەوەی چەند وڵاتێک ئاگاداریان کردوەتەوە کە ئێران پەیوەندی بە هەندێک وڵاتی ناوچەکە و ئەوروپاشەوە گرتووە و داوای لێ کردوون بەشداری نەکەن".


وەزیری دەرەوەی پۆلۆنیا سەبارەت بە بانگهێشت نەکردنی ئێرانیش دەڵێت " ئێمە دەمانەوێت گفتوگۆیەکی باشمان هەبێت و بە دوور بێت لەو زمان و ئەدەبیاتەی هەندێک لە ئەکتەرە ناوچەییەکان بە کاری دەهێنن، هەرچەندە ئێران هاوبەشێکی گرنگیش بێت بەڵام بە وتەی گەلێک لە وڵاتانی ناوچەکە هۆکاری نا ئەمنی و ناسەقامگیری ناوچەکەیە".
کۆنفڕانسی وارشۆ لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە یەکێتی ئەوروپا لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکدایە بۆ پاراستنی ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە، هەربۆیە هەندێک لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ئەمریکا و ئەوروپا بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر چۆنییەکەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، بەڵام وەزیری دەرەوە پۆلۆنیا پێیوایە کە هەرچەندە وڵاتەکەی خۆی  پشتگیری لە بۆچوونی ئەوروپا دەکات سەبارەت بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بەڵام جەخت لەوەش دەکاتەوە کە یەکێتی ئەوروپا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک سەبارەت بە کێشەی ئێران دەبێت لەگەڵ ئامریکا گفتوگۆ بکات، پێشیوایە ئامریکا و ئەوروپا لە سەر رۆڵی خراپی ئێران لە ناوچەکەدا هاوڕان، بەڵام سەبارەت بە شێوازی بەرەنگاربوونەوەی ئێران بۆچوونیان جیاوازە.
ئەنوەر قەرقاش، وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری دەرەوەی ئیمارات بە رۆژنامەی شەرقولئەوستی وتووە ئەم هەوڵەی ئەمریکا بە باش هەڵدەسەنگێنێت و پێیوایە کە ئەمە دەرفەتێکە بۆ ناردنی پەیامێکی بەهێز بۆ ئێران کە چیتر لە وڵاتانی ناوچەکە دەستێوەردان نەکات.


 لە سەر ئاستی ناوخۆی ئێرانیشدا بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی وارشۆ لە یادی چل ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بۆچوونی جیاوازی دروستکردووە، هەندێک کەس لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کۆنفڕانسی گوادلۆپیان وەبیرهێناوەتەوە و دەڵێن ئاخۆ بڵێی کۆماری ئیسلامی کە بە گوادلۆپ هات بە وارشۆ بڕوات.
کۆنفڕانسی گوادلۆپ کۆبوونەوەیەک بوو کە ساڵی ١٩٧٩ مانگێک پێش لە سەرکەوتنی شۆڕش لە دوورگەیەک بە ناوی گوادلۆپ لە فەڕەنسا لە نێوان ئامریکا و بەریتانیا و ئاڵمان و فەڕەنسادا بەڕێوە چوو و چوار سەرۆک گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە چیتر پشتگیریکردن لە شای ئێران هیچ سودێکی نییە و وازیان لە پشتگیریکردن لە شای ئێران هێنا، شا ناچارکرا هەفتەیەک دوای کۆنفڕانسەکە ئێران بەجێ بهێڵێت.