ڕاپۆرتی جیهانی

06:54 - 12/02/2019

ئەزمونی ڤەنزوێلا دەبێت ببێتە عیبرەت بۆ هەرێمی کوردستان‌

پەیسەر

ڤەنزوێلا لەم ساڵانەی دواییدا نوقم بووە لەناو کۆمەڵێک قەیرانی قوڵی سیاسیی و ئابورییدا، ئەم ئەزمونەش هۆشدارییەکە بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی لەڕووی سامانە سروشتییەکانەوە دەوڵەمەندن و پێیان دەڵێت کە دەوڵەمەندبوون بە سامانە سروشتییەکان دەتوانێت وڵاتێک تێکبڕوخێنت.
ڤەنزوێلا کە خاوەنی گەورەترین یەدەکی نەوتی جیهانە ئەزمونێکی پڕ لە پەند و وانەیە بۆ وڵاتانی بەرهەمێنەری نەوت، لە ساڵی ١٩٢٠وە کە لە ڤەنزوێلا نەوت دۆزرایەوە ئابوریی ئەو وڵاتە بەردەوام لە هەڵکشان و داکشانێکی مەترسیداردا بووە، لە قۆناغێکدا بەهۆی نەوتەوە گەشەی گەورەی بەخۆوە بینیوە، لە قۆناغێکی دیکەشدا هەر بەهۆی نەوتەوە ئابورییەکەی تێکڕووخاوە، هەر بۆیە وڵاتانی بەرهەمێنەری نەوت، یان ئەو وڵاتانەی دەوڵەمەندن بە سامانە سروشتییەکانی دیکە دەبێت  ئەزمونی ڤەنزوێلا بۆیان ببێتە عیبرەت و پەندی لێ وەربگرن.
بەهۆی چەندین دەیە حوکمڕانی خراپەوە، ڤەنزوێلا کە سەردەمێک خۆشگوزەرانترین وڵاتی ئەمریکای لاتین بوو، ئێستا لەڕووی سیاسیی و ئابورییەوە تێکخڕووخاوە، بەبۆچوونی شارەزایانی ئابوری ئەگەر بێتوو ڤەنزوێلا بە سڵامەتی لەم قۆناغە دەربازبوو، ئەوا دەبێت لە قۆناغی داهاتوودا حکومەتی ئەو وڵاتە ڕێوشوێن و ستراتیژی نوێی ئابوری بگرێتەبەر بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو داهاتە مەزنەی لە نەوت دەستی دەکەوێت وەبەرهێنانی قازانجبەخشی پێ بکات.

وڵاتی نەوتی چییە؟
وڵاتی نەوتی دەستەواژەیەکە بۆ پێناسەکردنی ئەو وڵاتانەی خاوەنی ئەم تایبەتمەندییانەن:
یەکەم: حکومەت بۆ دابینکردنی بودجە پشت بە داهاتی نەوت و گاز دەبەستێت.
دووەم: دەسەڵاتی ئابوری و سیاسی لەلایەن کەمینەیەکەوە قۆرخکراوە.
سێیەم: دامەزراوە سیاسییەکان لاوازن و وەڵامدەرنین.
چوارەم: گەندەڵی سەرتاپای وڵاتی گرتووەتەوە.
بە بۆچوونی شارەزایان وڵاتانی جەزائیر، کامیرۆن، ئیکوادۆر، ئەندۆنیسیا، ئێران، عێراق، لیبیا، مەکزیک، نایجێریا، عومان، قەتەر، ڕوسیا، سعودیا، ئیمارات و ڤەنزوێلا وڵاتانی نەوتین.
لە وڵاتانی نەوتی چی ڕوو دەدات؟
وڵاتانی نەوتی بەردەوام مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی هۆڵندیان لەسەرە، نەخۆشی هۆڵندی دەستەواژەیە لە هەفتاکانی سەدەی رابردوو سەریهەڵدا کاتێک هۆڵندا لە دەریای باکوردا گازی سروشتی دۆزییەوە.
لەو وڵاتانەی کە گیرۆدەی نەخۆشی هۆڵندین بەهۆی دۆزینەوەی نەوت یان سامانێکی سروشتی دیکە لەڕووی ئابورییەوە دەبوژێنەوە و وەبەرهێنەری بیانی ڕوو لەو وڵاتە دەکەن، بەهۆی ئەم بوژانەوە ئابورییە نرخی پارەی ئەو وڵاتە بەرز دەبێتەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی پارەوە حکومەت و بازرگانەکان بە نرخێکی هەزرانتر کاڵای بیانی هاوردە دەکەن و هاوردەکردنی کاڵا و شتومەکی بیانی پەرەدەستێنێت و دەبێتە پیشەیەکی سودبەخش، لە ئەنجامدا کەرتەکانی دیکەی وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی پشتگوێ دەخرێن و هەرچی سەرمایە و هێزی کارە ڕوودەکاتە بازرگانی و هاوردەکردنی کاڵا و شتومەکی بیانی، ئەمەش لەکاتێکدایە بەبۆچوونی ئابوریناسان بۆ گەشەسەندنی ئابوری و دروستکردنی ئابورییەکی بەهێز دەبێت زیاتر پشت  بە دوو کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ ببەسترێت، چونکە لەم دوو کەرتەدا ئابوری وڵات دەتوانێت رکابەری لەگەڵ ئابوری وڵاتانی دیکەدا بکات، بەهۆی پشتگوێخستن و لاوازبوونی کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵەوە رێژەی بێکاری بەرزدەبێتەوە و حکومەت ناچار دەبێت بۆ ژیاندنی خەڵک زیاتر لە جاران پشت بە هەناردەکردنی نەوت یان سامانە سروشتییەکانی دیکە ببەستێت، ( لە هەندێک حاڵەتدا حکومەت وازدەهێنێت لە بەرهەمهێنانی زیاتری نەوت و بۆ دەستخستنی داهاتی زیاتر باجی قورس لەسەر ئەو کۆمپانیا بیانیانە دادەنێت کە لە کەرتی نەوتدا وەبەرهێنانیان کردووە) هەربۆیە ئابوری وڵاتانی نەوتی بەردەوام لەبەردەم دوو مەترسیدان، مەترسی یەکەم ئەوەیە کۆمپانیا بیانییەکان سەرمایەکانیان لە وڵات بکشێننەوە و مەترسی دووەمیش پەیوەندی بە نرخی نەوتەوەیە لە بازاڕە جیهانییەکاندا کە دابەزینی نرخی نەوت زیانی گورچکبڕ دەدات لە ئابوری وڵاتانی پشتبەستوو بە نەوت.
لەعنەتی نەوت لەڕووی حوکمڕانیشەوە زیان بە وڵات دەگەیەنێت، چونکە لە وڵاتانی نەوتی دەسەلات بۆ دابینکردنی بودجە زیاتر پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت تا وەرگرتنی باج، هەربۆیە حکومەت منەتی بە هاوڵاتیان نییە و پەیوندی نێوان خەڵک و دەسەلات لاواز دەبێت، تێری کارل مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ستانفۆرد دەڵێت:  زۆربەی ئەوو وڵاتانەی لە قۆناغی بونیادنانی دیموکراسی و بە دامەزراوەیی کردنی وڵات و بەهێزکردنی کەرتی تایبەتی سەربەخۆ و بە سەروەرکردنی یاسا وابەستەی نەوت بوون، سەرکردەکانیان  داهاتی نەوتیان بۆ سەرکوتکردنی ناڕازییەکان و لاوازکردنی پێگەی ئۆپۆزسیۆن بەکاردەهێنن.

بۆچی ڤەنزوێلا وڵاتێکی نەوتییە؟
بەبۆچوونی شارەزایان ڤەنزوێلای نمونەیەکی دیاری وڵاتێکی نەوتی شکستخواردووە، دوای تێپەڕبوونی سەدەیەک بەسەر دۆزینەوەی نەوتدا، نەوت هێشتا رۆڵی سەرەکی هەیە لە چارەنووسی ئەو وڵاتەدا، ساڵی ٢٠١٤ دابەزینی نرخی نەوت لە ١٠٠ دۆلارەوە بۆ ژێر ٣٠ دۆلار دۆخی سیاسی و ئابوری ئەو وڵاتەی وەها شپرزە و ئاڵۆز کرد کە لەوانەیە ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە ماوەی چەند دەیە بخایەنێت.
پێوەرەکان زیاتر دۆخەکە ڕوون دەکەنەوە:
_ ئابورییەکی پشتبەستوو بە نەوت: نەوت لە سەدا ٩٨ی  کۆی هەناردەی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت و زیاتر لە سەدا ٥٠ی کۆی بەرهەمی گشتی نیشتمانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت.
_ دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان: چەندین دەیەیە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوام ڕووی لە دابەزینە، ساڵی ٢٠١٨ کەمترین ئاستی بەرهەمهێنان تۆمارکرا.
_ رووخانی سیستمی ئابوری: سێ ساڵە لەسەریەک ئابوریی ئەو وڵاتە و کۆی گشتی بەرهەمی نیشتمانی بە رێژەیەکی بەرز پاشەکشێ دەکات.
_ کەڵەکەبوونی قەرز: لە ساڵی ٢٠١٧وە ڤەنزوێلا ناتوانێت بەردەوام بێت لە دانەوەی قەرزەکانی و بە ملیاران دۆلار قەرزی زیاتری لەسەر کەڵەکەبووە.
_ هەڵاوسانی دراوی سەرسوڕهێنەر: رێژەی هەڵاوسانی دراوی ساڵانە زیاترە لە لەسەدا ٨٠ هەزار.
_ قوڵبوونەوەی دیکتاتۆری: نیکۆلاس مادۆرۆ بە ئاشکرا دەستور پێشێل دەکات بۆ ئەوەی لەسەر کورسییەکەی بمێنێتەوە.
ئەم هۆکارانە قەیرانێکی مرۆیی گەورەی لێکەوتووەتەوە و حکومەت ناتوانێت پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان وەک خۆراک و دەرمان دابین بکات، لە ساڵی ٢٠١٧دا هەر هاوڵاتییەکی ڤەنزوێلا ١١ کیلۆ لە کێشی دابەزیوە، لەسەدا ٩٠ی هاوڵاتیان لەژێر هێڵی هەژاریدان و نزیکەی لەسەدا ١٠ی خەڵک لەو وڵاتە کۆچیان کردووە.

بۆچی ڤەنزوێلا بەم ڕۆژە ڕەشە گەیشت؟

هەندێک ڕووداوی گرنگی سیاسیی و ئابوریی رۆڵیان هەبوو لەوەی ڤەنزوێلا بەم دۆخەی ئێستای گەیشت.
دۆزینەوەی نەوت: ساڵی ١٩٢٢ کۆمپانیای رۆیال دۆچ شێل کێڵگەی نەوتی لارۆزای لە ناوچەی ماراکائیبۆی دۆزیەوە، رۆژانە لەو کێڵگەیە ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێنرا کە ئەم رێژەیە بۆ ئەو کاتە رێژەیەکی بەرز و سەرسوڕهێنەربوو، تەنیا دوای چەند ساڵێک ١٠٠ کۆمپانیای نەوت بە پشتگیری ژەنەرال خوان گۆمێز ( دیکتاتۆری ناسراوی ڤەنزوێلا کە لەماوەی ساڵانی ١٩٠٨ بۆ ١٩٣٥ دەسەڵاتداربوو) ڕوویانکردە ئەو وڵاتە و سەرقاڵی بەرهەمهێنانی نەوت بوون، لە ساڵانی ١٩٢٠ ئاستی بەرهەمێنانی نەوت بە ڕێژەیەکی زۆر بەرزبووەوە و گەیشتە ملیۆنێک و ١٣٧ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ساڵی ١٩٢٩ ڤەنزوێلا لە دوای ئەمریکا گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت بوو لە جیهاندا، ئەو کاتەی ژەنەرال گۆمێز لە ساڵی ١٩٣٥دا کۆچی دوایی کرد، ڤەنزوێلا تووشی نەخۆشی هۆڵندی ببوو، بەهای دراوی نیشتمانی بولیڤار بەرزببووەوە و بەهۆی نەوتەوە کەرتەکانی دیکە پەراوێز کەوتبوون و نەوت لەسەدا ٩٠ی کۆی بەرهەمی هەناردەکراوی ئەو وڵاتەی پێکدەهێنا.
 هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بە قۆرخکاری چەند کۆمپانیایەک: لە ساڵانی ١٩٣٠دا بەهۆی پشتیگرییەکانی ژەنەرال گۆمێزی دیکتاتۆرەوە سێ کۆمپانیای نەوتی رۆیال دۆچ شێل و گۆڵف و ستاندارد ئۆیل لەسەدا ٩٨ی نەوتی ڤەنزوێلایان بۆ خۆیان قۆرخ کردبوو، لە دوای مردنی گۆمێز، دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا هەوڵی هەندێک چاکسازییاندا لە کەرتی نەوتدا و ویستیان بەشێک لە داهاتی نەوت لەو کۆمپانیایانە بستێننەوە و بیگێڕنەوە بۆ خەزێنەی حکومەت، ساڵی ١٩٤٣ یاسایەکیان پەسندکرد کە بەپێی یاساکە کۆمپانیا نەوتییەکان ناچارکران نیوەی قازانجی نەوت بدەنە حکومەت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لەماوەی پێنج ساڵدا داهاتی حکومەتی ڤەنزوێلا شەش ئەوەندە بەرزببێتەوە.
_ رێککەوتننامەی پۆنتۆفیجۆ: ساڵی ١٩٥٨ دوای قۆناغێکی دوور و درێژی دیکتاتۆری ژەنەراڵەکان، هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا دەرفەتی ئەوەیان بۆڕەخسا بۆ یەکەمین جار دیموکراسی ئەزمون بکەن و حکومەتێکی هەڵبژێردراو تاقی بکەنەوە، لەو ساڵەدا سێ حیزبی سەرەکی وڵات رێککەوتننامەی پۆنتۆفیجۆیان واژۆکرد، کە بەپێی ئەم رێککەوتننامەیە سێ حیزبە سەرەکییەکە پۆستە حکومییەکان و داهاتی نەوتیان بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد، ئامانجەکەش ئەوەبوو لەڕێی ئەم رێککەوتنەوە بە دابەشکردنی پۆستەکان و داهاتی نەوت ڕێگری بکەن لە دروستبوونەوەی دیکتاتۆری و قۆرخکردنی دەسەڵات لەلایەن حیزبێکەوە و گەرەنتی ئەزمونە دیموکراسییەکەیان بکەن و هەروەها گەرەنتی ئەوەش بکەن داهاتی نەوت لە دەستی حکومەتدا دەمێنێتەوە، بەوپێیەی سێ حیزبەکە لە حکومەتدا بەشداربوون.


دروستبوونی ئۆپیک: ساڵی ١٩٦٠ رێکخراوی ئۆپیک لەلایەن ڤەنزوێلا و ئێران و عێراق و سعودیەوە دامەزرا، کە دواتر وڵاتانی قەتەر و ئەندۆنیسیا و لیبیا و ئیمارات و جەزائیر و نایجێریا و ئیکوادۆر و گابون و ئەنگۆلا بوونە ئەندامی رێکخراوەکە، ئۆپیک بووە هۆی ئەوەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر نرخی نەوت دیاری بکەن و تا رادەیەک کۆتایی بە دەستێوەردانی وڵاتانی دیکە بهێنن، لە هەمان ساڵدا ڤەنزوێلا یەکەمین کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی دامەزراند و رێژەی باجی  سەر کۆمپانیا نەوتییەکانی دیکەی بەرزکردەوە بۆ لەسەدا ٦٥ی قازانجی کۆمپانیاکان.
_ گەشەسەندنی ئابوری لە ساڵانی ١٩٧٠: ساڵی ١٩٧٣ بەهۆی شەڕی عەرەب و ئیسرائیلەوە، ئەو وڵاتانی پشتگیری ئیسرائیلیان دەکرد لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە گەمارۆی نەوتیان خرایەسەر، ئەم رووداوەش بووە هۆی ئەوەی نرخی نەوت بۆ چوار ئەوەندە بەرزبێتەوە، حکومەتی ڤەنزوێلاش بەهۆی ئەم بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە لە ماوەی دوو ساڵدا دە ملیار دۆلار داهاتی زیادەی دەست کەوت، ئەم داهاتە زیادەیەش دیاردەی گەندەڵی و بەرتیل خۆری پەرەپێدا، بەپێی هەندێک ئامار مەزندە دەکرێت لەماوەی ساڵانی ١٩٧٢ بۆ ١٩٩٧ نزیکەی ١٠٠ ملیار دۆلار بەهۆی گەندەڵییەوە بە هەدەر درابێت.
کۆمپانیای نیشتمانی نەوت و گازی ڤەنزوێلا: ساڵی ١٩٧٦ ئەو کاتەی نرخی نەوت بەرز بوو، کارلۆس ئاندرێس پێرێز سەرۆکی ڤەنزوێلا بە بڕیارێک پیشەسازی نەوتی بە نیشتمانی کرد و کۆمپانیای نیشتمانی نەوت و گازی ڤەنزوێلای دروستکرد و ئەرکی کۆمپانیاکەش چاودێریکردن بوو بەسەر پرۆسەی دۆزینەوەی کێڵگەی نوێی نەوت، چاودێریکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و چاودێریکردنی پاڵاوتن و هەناردەکردنی نەوت بوو، پێرێز رێگەیدا کۆمپانیاکە ببێتە هاوبەشی کۆمپانیا بیانییەکان بەو مەرجەی لانیکەم خاوەنی لەسەدا ٦٠ی پشکەکان بێت، هەنگاوێکی دیکەی پێرێز ئەوەبوو کۆمپانیاکەی کردە کۆمپانیایەکی بازرگانی کە تا رادەیەکی زۆر دەستێوەردانی حکومەتی لە کۆمپانیاکەدا کەمکردەوە.
تێربوونی بازاڕی نەوت لە سالانی ١٩٨٠دا: دوابەدوای دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا، لە هەشتاکاندا ئابوری ڤەنزوێلا پاشەکشێی کرد و هەڵاوسانی ئابوری گەیشتە لوتکە، هاوکات رێژەی قەرزە دەرەکییەکانیشی بەرزبووەوە بەهۆی ئەوەی چەند پاڵاوگەیەکی بیانیان کڕیبوو لەوانە پاڵاوگەی کیتگۆ لە ئەمریکا، ساڵی ١٩٨٩ پێرێز ( کە چەند مانگێک بوو بۆ جارێکی دیکە وەک سەرۆک هەڵبژێردرابووەوە) سیاسەتی سکهەڵگوشینی ئابوری گرتەبەر بۆ ئەوەی سندوقی نێودەوڵەتی یارمەتی ڤەنزوێلا بدات قۆناغەکە دەرباز بکات، ئەم سیاسەتە لەناو رای گشتیدا ناڕەزایی و خۆپیشاندانی گەورەی لێکەوتەوە و بە دەیان و سەدان خۆپیشاندەر کوژران و برینداربوون، ساڵی ١٩٩٢ هۆگۆ چاڤێز کە ئەفسەرێکی گەنجی سوپا بوو هەوڵی کودەتای دا کە کودەتاکە شکستی خوارد بەڵام چاڤێز بەم هەنگاوەی ناو و ناوبانگی دەرکرد.


شۆڕشی بولیڤاری چاڤێز: ساڵی ١٩٩٨ چاڤێز کە دروشمی سۆسیالیستییەوە هەڵبژاردنەکانی بردەوە و بووە سەرۆک، بەڵێنیدا داهاتی نەوت بەکار بهێنێت بۆ کەمکردنەوەی هەژاری و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دابین بکات، هەرچەندە سیاسەتە بولیڤارییەکەی چاڤێز بووە هۆی ئەوەی خزمەتگوزاری گشتی پەرەبستێنێت و رێژەی هەژاریشی بۆ لەسەدا ٢٠ کەمکردەوە، بەڵام هەندێک لە سیاسەت و هەڵوێستەکانی بووە هۆی ئەوەی بە بەردەوامی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دابەزێت ( بە تایبەت دەرکردنی زیاتر لە نیوەی فەرمانبەرانی شارەزای کۆمپانیای نیشتمانی نەوت بەهۆی بۆچوونی سیاسییەوە بووەهۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان)، لە ٢٠٠٠ەکاندا رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بە شێوەیەکی کەم وێنە دابەزی، دەکردنی کرێکارە شارەزاکانی کۆمپانیای نەوت بەهۆی مانگرتنیانەوە لە ساڵانی ٢٠٠٢ و ٢٠٠٣دا زیانێکی گەورەی بە کۆمپانیاکە گەیاند، لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ بەپێی رێککەوتننامەی نەوتی دەریای کاراییب، چاڤێز نەوتی بە نرخێکی زۆر کەم بە چەند وڵاتێکی ئەمریکای لاتین بە تایبەتیش کوبا دەفرۆشت، لە سەردەمی سەرۆکایەتی چاڤێزدا کە تا ساڵی ٢٠١٣ بەردەوام بوو ئەنبارەکانی نەوتی ڤەنزوێلا بەتاڵ بوون و قەرزە بیانی و ناوخۆییەکانی حکومەتیش دوو ئەوەندە زیادی کردبوو.
چاڤێز بە پشتبەستن بە خۆشەویستبوونی لەناو چینی هەژار و کرێکاردا دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆماری زیاتر کرد و وڵاتی بەرەو دیکتاتۆری برد، ئەو بەربەستەی هەڵگرت کە هەر کەسێک بۆی هەیە بۆ دوو خول سەرۆک بێت، لە کردەوەدا دەسەڵاتی دادوەری خستبووە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە و شتێک بە ناوی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری نەما، کێشەی گەورەی بۆ میدیای ئازاد دروستکرد و میدیا سەربەخۆکانی داخست، سەدان کۆمپانیای کەرتی تایبەتی داخست و بە نیشتمانی کردن، هەروەها دەستی بەسەر پڕۆژە نەوتییەکانی چەندین کۆمپانیای بیانیش لەوانە ئێکسۆن مۆبیلدا گرت، ئەم هەنگاوانەی چاڤێز رێگەی خۆشکرد بۆ نیکۆلاس مادۆرۆ کە لە دوای مەرگی چاڤێز ببێتە دیکتاتۆرێک کە بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا تەنیا پشت بە سوپا دەبەستێت.


نقومبوون لە دیکتاتۆریدا: لە ناوەراستەکانی ساڵی ٢٠١٤دا نرخی نەوت بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دابەزی و ئابوری ڤەنزوێلا کە پەشتبەستوو بە نەوت بوو داڕما، ئەمەش ناڕەزایی و خۆپیشاندانی لێکەوتەوە، مادۆرۆ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە پەنای بردە بە سەرکوتکردن و لە هەڵبژاردنەکانیشدا پەنای بردە بەر ساختەکاری گەورە، بەم شێوەیە دەسەلاتی خۆی بە زۆر بەسەر وڵاتدا سەپاند، لە ساڵی ٢٠١٧دا حکومەت هەر جۆرە خۆپیشاندانێکی قەدەغە کرد، زیندانەکانی پڕکرد لە نەیارانی سیاسیی، پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە، لە هەڵبژاردنەکانی ئایاری ٢٠١٨دا لە هەڵبژاردنێکدا کە بەبۆچوونی ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی دیکە نا دیموکراتی و نا دادپەروەرانە بوو مادۆدرۆ جارێکی دیکە وەک سەرۆک هەڵبژێردرایەوە.
ئایا رێگەیەک هەیە بۆ دەربازبوون لە لەعنەتی نەوت؟
بەبۆچوونی شرۆڤەکاران ئەو وڵاتانەی کە لە دوای دروستکردنی دیموکراسی و بەهێزکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان کێڵگە نەوتییەکانیان دۆزیوەتەوە، کەمتر مەترسی ئەوەیان لەسەرە تووشی لەعنەت نەوت ببن، بۆ نمونە تێری کارل لە کتێبەکەیدا باس لەوە دەکات لە نەرویج بەهۆی بوونی دامەزراوەی نیشتمانی بەهێز کاتێک لە شەستەکاندا نەوتیان دۆزیەوە، نەک تەنیا تووشت لەعنەتی نەوت نەبوون، بەڵکو بەهێزبوونی دامەزراوە نیشتمانییەکان یارمەتیدەربوون بۆ ئەوەی نەرویج بەکارهێنانی نەوت گەشە بە ئابوری خۆی بدات و ئابوری خۆی بەهێز بکات، لە ئێستادا نەوت لەسەدا ٢٢ی کۆی بەرهەمی نیشتمانی نەرویج پێکدەهێنێت و لەسەدا ٨٠ی بەرهەمی هەناردەکراوی نەرویجیش هەر نەوتە، دیموکراسییەکی سەقامگیر و بەهێز، دەسەڵاتێکی دادوەری سەربەخۆ و میدیای ئازاد و سەربەخۆ دەبنە هۆی ئەوەی حکومەت و کۆمپانیاکان شەفاف و وەڵامدەربن و بەمجۆرە نەوت ئەو بەڵایەی بەسەر نەرویجدا نەهێنا کە بەسەر وڵاتانی دیکەی نەوتیدا هێنا.


ئەگەر وڵاتێک بەر لەوەیکە ببێتە دیموکراسی و دامەزراوەی بەهێزی نیشتمانی دروست بکات نەوت یان هەر سامانێکی گەورەی سروشتی دیکە بدۆزێنەوە، زۆرتر ئەگەری ئەوە بەهێز دەبێت کە تووشی لەعنەتی نەوت بن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو وڵاتانەی کە داهاتیان کەمە و لە قۆناغی گەشەسەندان ئەگەر بیانەوێت دەتوانن هەندێک رێگەچارەی دیکە تاقی بکەنەوە، بە بۆچوونی جێفری ساچس مامۆستای ئابوری لە زانکۆی کۆلۆمبیا دەبێت ئامانجی سەرەکی حکومەت بەکارهێنانی داهاتی نەوت بێت بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە بە مەبەستی دابینکردنی بودجە بۆ پێداویستییە گشتییەکان کە ئەمەش زەمینە دروست دەکات بۆ زیادبوونی وەبەرهێنان لە کەرتی تایبەت و گەشەسەندنی ئابوری درێژخایەنی لێدەکەوێتەوە، حکومەت دەتوانێت بە وەبەرهێنانی گەورەی دارایی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا بکات یان ئەوەی بە داهاتی نەوت ژێرخانی ئابوری و پەروەردە بەهێز بکات، ڤێفری ساچس پێیوایە حکومەت هەر هەنگاوێک بگرێتەبەر دەبێت بە تەواوی مانای لە هەنگاوەکانیدا شەفاف سازی بکات.
زۆربەی وڵاتان سندوقێکیان دروست کردووە بە ناوی سندوقی سامانی نیشتمانی بتوانن بە باشی ئەو داهاتەی لە سامانە سروشتییەکانەوە دەستیان دەکەوێت بە باشی بتوانن ئیدارەی بکەن، لە ساڵی ٢٠١٨دا سەندوقەکانی سامانی نیشتمانی لە ٥٠ وڵاتدا ئیدارەی حەوت تریلیۆن دۆلاریان دەکرد.
هەندێک لە شرۆڤەکارانی ئابوری پێشبینی دەکەن بە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بۆ بەکارهێنانی وزە لە خۆر و با و ...  وڵاتانی نەوتی وەک ڤەنزوێلا ناچار دەبن دوور بکەونەوە لە پشت بەستن بە نەوت و ئابوری وڵاتەکەیان بکەنە ئابورییەکی فرەچەشن.  

 نووسینی: رۆسیو کارا لابرادۆر