ڕاپۆرتی جیهانی

07:46 - 23/02/2019

تەزبیح... پێش ئیسلام هەبووە؟‌

پەیسەر

لەلای زۆرینەی رۆشنبیرەكان تەزبیح وەك نیشانەیەكی خواپەرستی و تەسوف و باسكردنی خودا و ستایشكردن و ئارامكردنەوەی دەرونی وێنا دەكرێت و هەندێجاریش بۆ جوانی و ئارامی و مەبەستی تر بەكاردەهێندرێت.
بە پێی گوتەی شارەزایان ئەو مادانەی كە تەزبیحی لێدروست دەكرێت بەدرێژایی سەدەكانی رابردوو جیاوازە، بەڵام لە ئەمڕۆدا ناتوانرێت كورت بكرێتەوە تەنها لەیەك مەبەست دا، لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا بەكارهێنانی پەیوەندی بەئاینەوە هەیە، هەرچەندە بۆ مەبەستی جۆراوجۆر بەكاردەهێندرێت و حوكمی بەكارهێنانیشی روون بۆتەوە.


رەگە مێژوویەكەی
لەرووی مێژوویەوە تەزبیح بۆ مەبەستی جیاواز بەكارهاتووە هەندێك جار بۆ ئەنجامدانی سیحر و هەندێك جاریش بۆ ئەوەی لەبەڵا بیانپارێزێت، هەندێك كەس پێیان وایە پیرۆزە، تەنانەت هەندێك لەنەتەوەكۆنەكان تەزبیحەكانیان دەشۆرد و ئاوەكەیان دەخواردەوە وەك دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشی، وەك ئەوەی سەڵاح راوی مامۆستای ئەدەبی میللی لە ئەكادیمیایی هونەری شانۆ لە پەرتوكەكەیدا بەناوی (پێشەكیەك لەلێكۆڵینەوەی كلتوری میللی)دا دەڵێت: سەدەكانی پێش مێژوو نەتەوەكۆنەكان لە ناوكی خورما و رەگی خڕنوك و داری زەیتون، (موروو) و (دەرمان)یان دروستكردووە.


راوی جەخت لەوە دەكاتەوە كە بەپێی شارستانیەتی فینیقیەكان دەردەكەوێت كە تەزبیح وەك كەرەستەی ئاڵوگۆڕكردنی كەلوپەل و كڕینی شتومەك بەكارهاتووە، هەروەها رەهبانیەكانی ئاینی یەهودی و مەسیحی بۆ نزیك بوونەوە لەخودا بەكاریان هێناوە، لای هندۆس و بوزیەكان وەك هۆكارێكی خواپەرستی بەكارهێندراوە، لەگەڵ شارەزابوونی مرۆڤ بەئاینیە ئاسمانیەكان تەزبیح وەك هۆكارێكی خواپەرستی بەكارهێندراوە، یەهودیەكان و راهیبەكانی ئاینی مەسیحی و موسڵمانەكان بەكاریان هێناوە.
بەپێی وتەی شوێنەوارناسەكان عەرەب لەكۆندا تەزبیحی نەناسیووە و لەسەردەمی پێغەمبەر محمد دخ هاتۆتە ناو ئیسلام و وەك هۆكارێك بۆ یادی خودا و خواپەرستی. 


عەبدولرەحمان بەدەوی لە كتێبی ( كلتوری یۆنانی لە شارستانی ئیسلامی)دا لە (جولد زیهر لێكۆڵەر و رۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی) گواستۆتەوە كە تەزبیح لە نیمچەدوورگەی عەرەبی تا سەدەی 3یەمی كۆچی نەبووە و دواتریش لەرێگەی میسرەوە بڵاو بوەتەوە، بەڵام (مەوسوعەی ئیسلامی) پێی وایە یەكەم بەكارهێنانی تەزبیح لەلایەن سۆفیەكانەوە بوو، یان لەلایەن چینەكانی خوارەوەی كۆمەڵگە.
 لەسەدەی 15ی زاینیدا چەند دەنگێك لەجیهانی ئیسلامیدا دژی تەزبیح بەرزبونەوە، بەڵام چەند زانایەك فتوایان دەركرد كە هیچ رێگریەك نیە لەبەكارهێنانی، بەتایبەتیش ئەگەر وەك هۆكارێك بۆ یادكردنی خودا بەكاربهێندرێت، پاشان برایە ناو فقهەوە، لەنێوان حەڵاڵ و حەرامدا گفتوگۆی لەسەركرا، ژمارەیەك لە فەقهیەكان پێیان وابوو بیدعەیە و بەشێكی تریشان پێیان باش بوو،  هەردوولایان فەرمودەكانی پێغەمبەریان لەو بارەیەوە دەهێنایەوە.


ناكۆكیەكان و بەڵگەكان
بەكری كوڕی عەبدوڵا (ئەبوزەید) لە كتێبەكەید بەناوی ( تەزبیح... مێژوو و حوكمەكەی) دەڵێت: كۆمەڵێك كەس هەن لەئاینی هندۆسیدا جیاوازن لەخەڵكانی تر لەژمارەی دەنكی تەزبیحەكانیان بەجۆرێك گروپی شیوائیەكان 84 دەنكیان داناوە و نابێت لەوە زیاتر بێت، ئەوەش بەپێی حسابی تایبەتی خۆیان دەربارەی ئەستێرەكان، بەڵام گروپی وشنویەكان 108 دەنكیان دیاریكردووە، ئەوەش لەئەنجامی لێكدانی ژمارەی بورجەكان و ژمارەی ئەستێرەكان.


سەبارەت بەژمارەی دەنكەكانی تەزبیح لای موسڵمانان، ئەبو زەید دەڵێت: لەسەرەتادا داوێك بوو كە دەنكی جیاوازی پێوەدەكرا، هەندێكیان رەش بوون و هەندێكی تریان سپی و تەزبیحی 33 دەنكی و 99 دەنكی و 1000 دەنكی هەبوو، دەشڵێت تەزبیحی ژنان و پیاوانە جیاوازبووە، هەروەها تەزبیحیش هەبوو كە بۆ هەردوورەگەزەكە بووە، كەرەنگیان تایبەت بوو،بەڵام بەزۆری تەزبیحی ژنانە رەنگیان سوربوو، یان لە فیرۆز و كریستاڵ دروستكرابوون، لەگەڵ داو(بەن – پەت) ێكی نەرم.
بەڵام پیاوان زیاتر حەزیان لەتەزبیحی رەنگی داخراوبووە و دەنكەكانیشی لەدەنكی تەزبیحی ژنان گەورەتربووە.
كۆكردنەوەی تەزبیحەكان
لەگەرەكی جەمالیە لە شاری قاهرە و بەدیاریكراوی لەپشت مزگەوتی حوسێن چەند كەسێك هەن كە تەزبیح دروست دەكەن،لەوێوە دروستكراوەكانیان دەگوازرێنەوە بۆ بازارەگەورەكانی دەوروبەری حەرەمی مەككە لە عەرەبستانی سعودیە، هەروەها بەشێكیان دەبرێن بۆ عێراق و لەلایەن شیعەكانەوە بەكاردەهێندرێن.
لەعێراقدا زۆر كەس هەن كە بروایان بە بەردی پیرۆز هەیە و هەندێكیش بانگەشەی ئەوەی بۆدەكەن كە پەیوەندی بە بەخت و شانسەوە هەیە و بازرگانیش بە ژمارەیەك تەزبیحەوە دەكرێن كە دەگوترێت لەبەردی پیرۆز دروستكراون.


دەستبیح لە توركیا
(مستەفا زەهران)ی لێكۆڵەر دەڵێت تەزبیح پێگەیەكی بەهێزی لەكۆمەڵگەی توركیادا هەیە بەڵام ئەوەی تەزبیح لە توركیا لەگەڵ وڵاتانی تر جیادەكاتەوە ئەوەیە كە تەزبیحی ئەوێ كورتە، چەندین شت هەیە كە پەیوەندی تەزبیح و كۆمەڵگەی توركیای بەیەكەوە گرێداوە لەوانەش هۆكاری ئاینی و تەندروستی و كلتوری ، ئەوەش وایكردووە چەندین شێوە و رەنگی جیاواز لەدروستكردنیدا بەكاربهێندرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێك لەتوركەكان پێیان وایە تەزبیح بەخت بۆ مرۆڤ دەهێنێت، و هەندێكی تریش دەڵێن ئاستی توڕەیی و فشارە دەرونیەكان كەم دەكاتەوە.
سۆفیەكان تەزبیح بۆ ژمارەی یادی خودا و پەروەردەی ئاینی بەكاردەهێنن
تەزبیح لەلای نەتەوەكانی دەرەوەی عەرەب بۆ مەبەستی نائاینی بەكاردەهێندرێت، هەندێك كەس بۆ سحر و هەندێكی تریش بۆ خۆپاراستن لە بەڵا بەكاری دەهێنن، بەڵام لە ئیسلامدا بۆ مەبەستی ئاینی بەكاردەهێندرێن، بەتایبەت لە رێگاكانی سۆفیگەری بۆ ژماردنی ژمارەی یادكردنی خودا، هەروەها بۆ پەروەردەی ئاینی، پاشان لەلای زۆرینە بۆ سحر و جادوو و خۆبەدورگرتن لەبەڵاو نەخۆشی بەكاردەهێندرێت، هەروەها بۆ خۆپاراستن لە چاوپیسی و شۆردنی و خواردنەوەی ئاوەكەی بۆ ئیستیخارە بەكاردەهێندرێت.
هەندێك كەس پێیان وایە تەزبیح لەدەستی خاوەنەكەیدا بەڵگەیە لەسەر خواپەرستی.


لەنێوان حەرام بوون و رێگە پێدانی
محمد فەنخور لەكتێبی "السبحە فی حكم السبحە" دەڵێت تەزبیح لەسەردەمی پێغەمبەردا بوونی نەبووە بۆیە هیچ سوونەتێك نیە كە باس بكرێت، دەشڵێت رێكخستنی تەزبیح لە پەتدا لەسەرەتای سەردەمی تابعیندا سەری هەڵدا بەدیاریكراوی لەسەردەمی ئیبراهیم النخعی كە ساڵی 96 ی كۆچیدا كۆچی دوای كردووە.
لای خۆیەوە عەلی عبدولعالی لێكۆڵەری میسری بواری سەلەفیەت لە چاوپێكەوتنێكی سایتی حەفریات دەڵێت رەوتی سەلەفیەتی زانستی حوكمی خۆی دەربارەی تەزبیح نەگۆڕی بەجۆرێك پێی وایە بیدعەیە، پێگەی (پرسیار و وەڵامی ئیسلام لە شێخ ئیبن باز) ەوەی گواستەوە كە بەدەستەوەگرتنی تەزبیح بەبەردەوامی ترسی ئەوەی هەیە كە ببێتە ڕووپامایی و ئەوەش سروشتی پیاوانی ئاینی پێش خۆمان نەبووە.

پێگەكە دەڵێت هەڵگرتنی تەزبیح یان مستیلە بیدعەیە و بۆ ڕووپاماییە، هەروەها پرسی گۆڕینی تەزبیحی ئاسایی بە تەزبیحی ئەلیكترۆنی گفتوگۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا پێگەی (رێگەی سەلەفی ئیسلام) وەڵامێكی كورتی ئەوەی داوەتەوە بەجۆرێك ئەگەر تەزبیح رێگە پێدراو بێت ئەوە ئەو تەزبیحە ئەلكترۆنیەش رێگە پێدراوە، بەتایبەتیش كە ژمارەیەك شت لە تەزبیحات رێگە پێدراو نین لەو بەرنامەیە بەكارناهێندرێن وەك هەندێك كەس لەكاتی دەسبیحات و یادی خوا بەدەست دەژمێرێت بەڵام دڵ و زمانی سەرقاڵی كاری دونیاین یان لەگەڵ خەڵك قسە دەكەن.


بەڵام تێڕوانینی ئەزهەر بۆ تەزبیح لە تێروانینی سەلەفیەكان جیاوازە بەجۆرێك زانایانی ئەزهەر لەچەند بۆنەیەكدا رایانگەیاندووە كە هیچ رێگریەكی ئاینی لەبەردەم بەكارهێنانی تەزبیح نیە، بەوپێیەی هانی مرۆڤ دەدات بۆ یادی خودا و هەنگاونان بۆ خواپەرستی.