ڕاپۆرتی جیهانی

10:28 - 27/02/2019

بە فرۆشتنی زەڵاتە بوونە خاوەنی یەک ملیار دۆلار‌

پەیسەر

سێ هاوڕێی سەردەمی زانکۆ بوون لە واشینگتۆن، گەورەترین کێشەیان ئەوەبوو خواردنێکی تەندروستیان بە نرخێکی گونجاو دەست نەدەکەوت، بۆیە بیریان لەوەکردەوە کە بۆ خۆیان رێستورانتێک بکەنەوە کە تەنیا زەڵاتە دروست بکەن، بەم شێوەیە هەم خۆیان خواردنێکی تەندروستیان دەست دەکەوێت، هەم لەوانەیە داهاتێکیشیان دەست بکەوێت.

ئێستا ١٣ ساڵ بەسەر ئەو بیرۆکەیەدا تێپەڕیوە، رێستۆرانتەکەیان کە ناوی سویت گرین بوو ٩٠ لقی لە ئەمریکادا هەیە و بەهای رێستورانتەکەشیان بە بڕی یەک ملیار دۆلار مەزندە دەکرێت.

نیکۆلاس باسی سەردەمی زانکۆ دەکات، ئەو کاتەی لە کۆلێژی بازرگانی لە زانکۆی جۆرج تاون دەرسیان دەخوێند لەگەڵ دوو هاوڕێیەکەی دیکەی واتە جۆناسان و ناتانیل شوێنێکی گونجاویان بۆ خواردن دەست نەدەکەوت کە هەم نرخەکەی گونجاو بێت و هەم لە تەندروستی خواردنەکە دڵنیابن.

نیکۆلاس دەڵێت " بە تام و چێژترین خواردن ئەو خواردنە بوو کە لە هەموو خواردنەکانی دیکە ناتەندروستتر بوو، بەڵام قەت بیرمان لەوە نەدەکردەوە کە دەکرێت بیر لە بژاردەی دیکە بکەینەوە"

لەگەڵ ئەوەدا کە سێ هاوڕێیەکە هێشتا خوێندنیان تەواو نەکردبوو، هەروەها هیچ ئەزمونێکیان نەبوو لە بەڕێوەبردنی رێستۆرانتدا، بەڵام لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٦دا ئەم سێ گەنجە ٢٢ ساڵەیە پێکەوە پلانێکیان دانا کە بووە بناخەی ئەو پڕۆژە بازرگانییە گەورەیەی ئێستا هەیانە.

پلانەکە ئەوە بوو رێستۆرانتێکی فەست فود بکەنەوە کە تەنیا زەڵاتە بفرۆشن، لە جیاتی ئەوەی بچن لە عەلوەکان و مارکێتەکان سەوزە و میوە بکڕن، بڕیاریاندا خۆیان راستەوخۆ بچن لە جوتیارەکان سەوزە و میوەکان بکڕن بۆ ئەوەی خۆیان دڵنیابن لەوەی خواردنەکەیان تەندروستە.

هاوینی ٢٠٠٧ هەر سێ هاوڕێیەکە خوێندنیان تەواو بوو، تا ئەو کاتە توانیان بە یارمەتی هاوڕێکانی دیکەیان ٣٠٠ هەزار دۆلار کۆبکەنەوە، لە مانگی ئابدا یەکەمین لقی رێستۆرانتەکەیان لە شوێنی کۆنە مەیخانەیەکی واشینگتۆن کردەوە، نیکۆلاس کە ئێستا بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەی سویت گرینە باسی ئەو قۆناغە دەکات و دەڵێت " ئامادەکارییەکی باشمان نەکردبوو، سەرەتا چەند خوێندکارێکمان دامەزراندبوو بەڵام راهێنانمان پێ نەکردبوون و هیچ شارەزاییەکیان نەبوو، لە رۆژی یەکەمدا زۆر سەرقاڵ بووین، چونکە خەریکی تاقیکردنەوەی کارەکە بووین بۆ ئەوەی بزانین کە ئایا دەتوانین بەردەوام بین یان نا، ئیشەکەمان زۆر بە خاوی و هێواشی دەچووە پێشەوە، بەڵام  دوای ماوەیەک فێربووین کە دەبێت چی بکەین".

جۆناسانیش کە ئێستا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە دەڵێت " لە سەرەتا تەنیا شتێک کە بیرمان لێ نەدەکردەوە ئەوە بوو کە لقی دیکە بکەینەوە، پێمانوانەبوو کە ئەم پڕۆژەیە سەردەگرێت و دەبێتە پیشەی داهاتوومان، لەو کاتەدا تەنیا دڵمان بەوە خۆش بوو کە لەڕێی ئەم پڕۆژەیەوە خۆمان خواردنێکی تەندروست و گونجاومان دەست دەکەوێت، بۆیە وەک پڕۆژەیەکی کاتی سەیرمان دەکرد و ئەمانوت دوای ماوەیەکیتر هەوڵ دەدەین کارێکی باشترمان دەست بکەوێت".

دوای ماوەیەکی کورت سەیریان کرد پڕۆژەکەیان لەلایەن خەڵکەوە پێشوازییەکی باشی لێ دەکرێت، خەڵکێکی زۆر سەردانی ریستۆرانتەکەیان دەکەن، سێ هاوڕێیەکە بڕیاریاندا لقی دیکە بکەنەوە، بەڵام بۆ ئەمە پێویستیان بە پارەیەکی زۆرتر بوو کە نەیاندەتوانی ئەو پارەیە لە ماوەیەکی کەمدا کۆبکەنەوە.

جۆناسان دەڵێت: " چەند ساڵێکی خایاند تا توانیمان چەند کەسێک رازی بکەین لە پڕۆژەکەیاندا وەبەرهێنان بکەن، ئێمە هیچ ئەزمونێکمان نەبوو تەنیا سێ هاوڕێی ئاسایی سەردەمی زانکۆ بووین کە ئەوەندە نییە خوێندنەکەیان تەواو کردووە، پڕۆژەکەمان لەو جۆرە پڕۆژانە بوو کە زۆرینەی خەڵک پێیانوایە هەتا ساڵێک بڕ دەکات و مایەپوچ دەبن و وازی لێ دەهێنن"، کەچی بەو حاڵەشەوە توانیان چەند کەسێکی ناسراوی وەک ڤۆلتێر رۆب، ستیڤ کیس و دانیەل بۆلۆ رازی بکەن لە پڕۆژەکەیاندا وەبەرهێنان بکەن.
سویت گرین ئێستا لە هەموو ئەمریکادا ٩٠ لقی هەیە، بە نیازن لە ساڵی ٢٠١٩دا ٢٠ لقی دیکەش بکەنەوە، لە ساڵی ٢٠١٦دا بنکەی سەرەکی پڕۆژەکەیان لە واشینگتۆنەوە گواستەوە بۆ لۆس ئەنجلۆس، تا ئێستا بڕی ٣٦٥ ملیۆن دۆلار لەو پڕۆژەیەدا وەبەرهێنان کراوە و زیاتر لە ٣٥٠٠ فەرمانبەریان هەیە. 

نیکۆلاس دەڵێت لەگەڵ ئەوەی ئێستا پڕۆژەکەیان پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و داهاتێکی زۆریان هەیە، بەڵام ئەوان هەر وەک رۆژی یەکەم پابەندن بەوەی سەوزە و میوە راستەوخۆ لە جوتیارە ئەمریکییەکان بکڕن، ئەمەش بەو واتایە دێت کە لە هەموو وەرزەکاندا هەموو جۆرە خواردنێکیان نییە، بەڵکو خواردنەکانیان بەپێی وەرزی پێگەیشتی سەوزە و میوەکان ئامادە دەکەن.

نیکۆلاس دەڵێت " بۆ نمونە زەڵاتەی قۆخ لە هەموو خواردنەکانی دیکەی رێستۆرانتەکەمان زیاتر سەرنجی خەڵکی راکێشاوە، بەڵام ساڵێکیان بەهۆی خراپی کەشوهەواوە جوتیارەکانی ئەمریکا نەیانتوانی قۆخی باش بەرهەم بهێنن، ئێمە دەمانتوانی لە ئەمریکای باشورەوە قۆخ هاوردە بکەین بەڵام ئەو کارەمان نەکرد، چونکە ئێمە تەنیا پشت بە بەروبومی کۆمەڵێک جوتیاری تایبەتی ئەمریکا دەبەستین، ئەو ساڵەی کە جوتیارەکان نەیانتوانی قۆخی باش بەرهەم بهێنن لە جوتیارەکانمان پرسی لە جیاتی قۆخ ئێمە دەتوانین چ جۆرە زەڵاتەیەک دروست بکەین وتیان زەڵاتەی توتڕک، ئێمەش زەڵاتەی توتڕکمان دروست کرد و خەڵکیش زۆریان بە دڵ بوو".

ئەم ڕاپۆڕتە لە BBC وەرگیراوە