ڕاپۆرتی جیهانی

04:14 - 28/02/2019

چیرۆكە ترسناكەكانی كوشتن لەسەر دەستی كیم جۆن ئون‌

پەیسەر

كۆریای باكور كە بەهۆی سیستمی بەڕێوەبردنیەوە لە لایەن كیم جۆن ئون سەرۆكی دیكتاتۆرەوە، زانیاری كەم دەستی میدیا و ئاژانسە جیهانییەكان دەكەوێت لەبارەی ئەو وڵاتەوە دەستدەكەوێت، بەڵام نەیارانی كیم سیستەمەكەی كۆریا وا وێنانی وڵاتەكەی دەكەن زیندانێكی گەورە بێت بۆ هاوڵاتیان و باس لەچیرۆكی سەیر و ترسناكەكانی دەكەن، یەكێك لەو چیرۆكە ترسناكانەش شێوازەكانی كوشتن و ئەشكەنجەدانی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەیە كە بەدڵی سیستمەكەی كیم نەبن.

كوشتنی ئامۆژنی بە چەكی دژە فڕۆكە
ڕەنگە بۆ زۆر كەس كوشتن یاخود لەسێدارەدان بەشێوەی نائاسایی‌و ناباو شتێكی نوێ نەبێ، بەڵام ئەوەی بۆ زۆر كەس نوێیە كوشتنی كەسێكە بە چەكێك، كە لەبنەڕەتدا ئەو چەكە بۆ لەناوبردنی فڕۆكە یان تانك دروستكراوە.

چەند چالاكوانێكی كۆریای باكور كە لەدەرەوەی وڵاتەكەیان دەژین، بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەك نهێنی چیرۆكی ترسناكی لەسێدارەدانەكانی وڵاتەكەیان بۆ ڕۆژنامەی میرەر-ی بەریتانی ئاشكراكردووە، كە چیرۆكەكان بۆ هەر بینەر‌و بیسەرێك مایەی تۆقین‌و توڕەییەكی گەورەیە.


ساڵی 2013 كیم جۆن ئون بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ ژمارەیەك بەرپرسی وڵاتەكەی دەركرد، كە لەنێویاندا كانگ شیول هووان-ی بەرپرسی باڵای ئەمنی كۆریای باكوری تیادا بووە، چیرۆكی ترسناكی لەسێدارەدانی ئەو بەرپرس‌و نەیارانەی كیم جۆن ئون لێرەوە دەستپێدەكات، كە ئەو كەسانە بە هەشت موشەكی دژە فڕۆكە كوژراون.

یەكێكی دیكە لەو كەسانەی فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، ئامۆژنی كیم جۆن ئون بووە، كە ئەویش بەهەمانشێوە بەچەكی دژە فڕۆكە كوژراوە، دواتریش جێهێڵدراوە بۆ ئەوەی بەتەواوی بسوتێت، چالاكوانەكان دەڵێن، كیم جۆن ئون بێئەندازە ڕقی لەو ئامۆژنەی بووە‌و پێی وابوە، یەكێكە لەنەیارەكانی ئەو لەنێو ڕژێمی كۆریای باكوردا.

ئاسن خستنە دەمی ئەو كەسانەی لەسێدارە دەدران
 یەكێكی دیكە لەچیرۆكە ترسناكەكانی لەسێدارەدان لەكۆریای باكور لەم چەند ساڵەی دوایدا، دانانی پارچە ئاسن بووە لەنێو دەمی ئەو كەسانەی دەبران بۆ لەسێدارەدان، ئامانج لەو كارەش ئەوەبووە كاتێك ئەو كەسەی دەبرێت بۆ لەسێدارەدان هەست بە ترس یان ئازار دەكات، دان بە ئاسنەكاندا بنێت‌و سەرجەم ددانەكانی بشكێت.

كەسانێك ئەو دیمەنەیان بینیوە‌و بەشێوەیەكی زۆر نهێنی چیرۆكەكەیان بۆ دەرەوەی كۆریای باكور گواستوەتەوە، ئەوان دەڵێن ڕووخساری ئەو كەسانەی ئاسنەكە دەخرایە دەمیانەوە بەخوێن داپۆشرابوو، ئەویش بەهۆی شكانی ددانەكانیان ‌و ئەو فشاری خوێنەی لەسەر ڕوخساریان دروستدەبوو، هەربۆیە ڕوخسارێكی تۆقێنەری پێدابوون.

 
كوشتن لەڕێگەی سەگی برسی
ئەو بەرپرسانەی كۆریای باكور كە زەنگی كۆتایهاتنی ژیانیان لەلایەن كیم جۆن ئونەوە لێدەدرا، بۆ بەدبەختی هەر خۆیان نەبوون كە ڕاپێچی مەرگ دەكران، بەڵكو هاوسەر یاخود منداڵەكانیشیان لەگەڵ خۆیاندا زەنگی مردنیان لێدەدرا.

یەكێكی دیكە لەچیرۆكە ترسناكەكانی لەسێدارەدان بەفەرمانی دیكتاتۆرەكەی كۆریای باكور، بۆ بەرپرسێكی ئەو وڵاتە بووە كە هاوسەرەكەشی لەگەڵیدا سزاكەی بۆدەرچووە، بەڵام ئەمجارە ئەو دووانە بەچەكی دژە فڕۆكە یاخود سوتاندن لەسێدارە نەدراون، بەڵكو فڕێدراونەتە بەردەم كۆمەڵێك سەگ، كە تایبەت بۆ ئەو كارە ماوەیەك برسیكراون، بەشێوەیەك كە دوای ماوەیەك لەخۆراك پێنەدانیان، ئەو بەرپرسە كۆرییەو هاوسەرەكەی یەكەم خۆراكی دوای برسێتی سەگەكان بوون.

ژمارەی ئەو سەگانەی لەكوشتنی نەیارەكانی كیم جۆن ئوندا بەكارهێندراون، بە 120 سەگی برسی هەژماركراون.

ئەوانەی لەژێر زەبری ڕژێمەكەی كیم جۆن ئون لەسێدارە نەدراون، ژیانیان لەوانە باشتر نییە كە لەسێدارە دراون، چونكە وەك چالاكوانانی دژی ڕژێمی ئەو وڵاتە ئاماژەی پێدەدەن، بەشێك لەوانەی سزای قورسدراون ئێستا دووچاری نەخۆشی زۆر مەترسیداربوون‌و وەك ئەوە وایە ژیانیان لەدەستدابێت.

 
لەسێدارەدانی وەزیری پەروەردە لەسەر ئەوەی خەوی لێكەوتووە
یەكێكی دیكە لەو بەرپرسانەی كۆریای باكور كە لەساڵانی ڕابردوودا بەفەرمانی سەرۆكە تەمەن 35 ساڵەكەی كۆریای باكور لەسێدارەدرا وەزیری پەروەردە بوو، پاساوی لەسێدارەدانە هێندە لاوازە تەنیا لەبەر ئەوەی كە ئەو وەزیرە لەمیانی كۆبوونەوەیەكی بەرفراواندا لەگەڵ كیم جۆن ئون، خەوی لێكەوتوە یاخود خەوبردویەتیەوە.

دوو بەرپرسی باڵای دیكەی كۆریای باكور لەسزای مەرگ ڕزگاریان دەبێت، بەڵام سزایەكی قورسدەدرێن ئەویش بەوەی دووبارە بەو تەمەنە گەورەیەیانەوە بگەڕێنەوە بەر خوێندن‌و لەسەرەتاوە دەستپێبكەنەوە، ڕۆژنامەكانی كۆریای باشووری لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵەدا ئاماژەیان بەوەدا، ئەو سزایە لەڕواڵەتدا چەند پێكەنیناوییە، بەڵام بەڕاستنی لەكۆریای باكور ڕوویداوە.

ئەندازیارێك لەسەر بەدڵنەبوونی دیزاینەكەی لەسێدارەدەدات
ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز-ی ئەمریكی دەڵێ، لەوكاتەوەی لەساڵی 2011 دەسەڵاتی سەرۆكایەتی كۆریای باكور كەوتە دەست كیم جۆن ئون، زنجیرەیەك پاكتاوی نەیارانی ئەو سەرۆكە دەستیپێكردووە، بەڵام ئەمجارە ئەوەی بەئامانج دەگیرێت نەیاری ئەو نییە، بەڵكو ئەندازیارێكە كە تەنیا ئەركەكەی خۆی بەجێهێناوە.


وۆن چۆن، ئەندازیارێكی كۆریای باكور بوو كە سەرپەرشتی دروستكردنی فڕۆكەخانەیەكی لەئەستۆدا بوو، پاش تەواوكردنی كارەكانی، كیم جۆن ئون سەردانی فڕۆكەخانەكە دەكات، بەڵام دیزاینی دروستكردنەكەی بەدڵ نابێت‌و بە هۆیەشەوە سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو ئەندازیارە دەردەكات.

كوشتنی مامی خۆی بەژەهر
كیم ئیل سون، كە مامی سەرۆكی كۆریای باكور بوو، بەهۆی ئەوەی كیم جۆن ئون هەستیكردووە مانەوەی مامی لەژیاندا مەترسییە بۆ ئەو، بڕیاری كوشتنیداوە بەڵام بەشێوەیەكی جیاواز لەوانەی دیكە، ئەمجارە مامی لەڕێگەی پەرداخێك ژەهرەوە كشتووە، كە مامی ناچاربووە پەرداخە ژەهرەكە بخواتەوە، ئەوەش بەگێڕانەوەی چەند سەرچاوەیەك بۆ تۆڕی هەواڵی CNNی ئەمریكی.

كیم جۆن ئون خۆشەویستەكەی خۆشی كوشتووە
دوای ئەوەی پەیوەندییەكەیان كۆتایدێت‌و هەریەكە بەرەو ژیانی خۆی دەڕوات، ئەو ئافرەتەی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كیم جۆن ئون هەبووە بەتۆمەتی تۆماركردنی ڤیدیۆی فیلمی سێكسی، لەلایەن كیم جۆن ئونەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت، ڕاستەوخۆش سزاكە جێبەجێدەكرێت، بەوەش دەردەكەوێت سەرۆكی كۆریای باكور تەنانەت بەرامبەر ئەو كەسەش دڵڕەقبووە كە پێشتر خۆشەویستی بووە.

پێش كۆبوونەوەی لوتكەی ترەمپ‌و كیم جۆن ئون ئەو كەیسانە سەرهەڵدەدەنەوە
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زۆرتر لە هەموو وڵاتانی نەیاری كۆریای باكور كاری لەسەر كەیسی لەسێدارەدانە مەترسیدارەكانی ئەو وڵاتە كردووە، ئێستاش كە چەند كاتژمێرێكی دیكە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی كۆریای باكور لەگەڵ كیم جۆن ئون كۆدەبێتەوە، چالاكوانان ئەو كەیسەیان بەئامانجی ڕاكێشانی سەرنجی لایەنی ئەمریكی هێناوەتەوە بەرباس.