ڕاپۆرتی جیهانی

10:13 - 06/03/2019

زانست بێتوانایی خۆی لەتێكشكاندنی هەسارەی "ڕۆژی قیامەت" ڕاگەیاند‌

پەیسەر

هەمووان بینەر ئەو فیلمە خەیاڵی زانستیانە بووین كە تیادا موشەكبارانی ئەو هەسارانە كراوە كە لەزەوی نزیكدەبنەوە، بەڵام ئاژانسی ناسا لەسەر ئەرزی واقیع لێكۆڵینەوەی لەوەكردووە كە چۆن چەكی ئەتۆمی ئەو هەسارانەی ئەگەری وێرانكردنی زەوییان لێدەكرێت بۆردوومان بكەن.

دەرئەنجامێكی مەترسیدار بۆ هەسارە سەوزەكە
هەسارەی زەوی كە تا ئێستا لەڕووی زانستییەوە تاكە هەسارەیە بۆ ژیان دەستبدات، بەوتەی زانایانی زانكۆی جۆنز هۆپكینز لەویلایەتی میریلاندی ئەمریكا، ئێستا لەبەردەم مەترسیی ئەو هەسارانەدایە كە بەئاڕاستەی زەوی دێن، بۆئەوەش بیرۆكەی موشەكبارانكردنی ئەو "هەسارە بكوژانە"، بیرۆكەیەكی لاوازە.

زانایانی ئەو زانكۆیە لەتوێژینەوەیەكیاندا هەوڵیاندا بزانن ئاخۆ موشەكی ئەتۆمی تا چەند دەتوانێت ئەو هەسارانە لەناوببات‌و نەهێڵێت بەرەو ڕوی زەوی بێن، بەڵام توێژینەوەكە ئەنجامەكەی بەوە گەیشت، كە موشەكی ئەتۆمیی لەگەڵ ئەوەی بەهێزە، بەڵام كاریگەرییەكی سەرەتایی ‌و بچووكی لەسەر هەسارە بكوژەكان هەیە كە دەیانەوێت لەزەویی نزیك ببنەوە.

هەسارە بكوژەكان لەوە بەهێزترن كە مرۆڤـ پێشبینی كردووە
چارلز میر كە لەتوێژینەوەكەی زانكۆی جۆنز هۆپكینز بەشداریكردوە دەڵێ، ئاژانسی ناسا بە دەرئەنجامێكی پێشبینی نەكراوەوە لەتوێژینەوەكە هاتە دەرەوە، ئەویش بێهیوابوون بوو لەوەی بتوانرێت بە موشەكی ئەتۆم ئەو هەسارانە لەناو ببەین، ئێمە سەرەتا پرسیارێكی سادەمان كرد ئەویش ئەوەبوو:"پێویستمان بە چەند ووزە هەیە بۆئەوەی پارچەیەكی بچوك لەو هەسارارنەی بەرەو ڕووی زەوی دێن لەناو ببەین؟".

چارلز میر باس لەوەشدەكات، توێژینەوەكەیەیان ئەو ڕاستیە تاڵەی بۆ ئاشكراكردوون كە هەسارە بكوژەكان لەوە بەهێزترن مرۆڤ بەئاسانی لەناویان ببات، بۆ وێرانكردنیشیان وزەیەكی زۆر گەورەی پێویستە.

ناسا هۆشداریی لە هەسارەی "ڕۆژی قیامەت" دەدات
یەكێك لەو هەسارە بكوژانەی زەوی كە ئاژانسی ناسا بە هەسارەی "ڕۆژی قیامەت" ناویبردووە هەسارەی "بینۆ"یە، كە بەوتەی زانایانی ناسا ئەو هەسارەیە 87 ملیۆن تەن دەبێت ‌و لەتوانایدایە زەوی بەتەواوی لەناوببات.

ناسا زانیاری زیاتری لەبارەی هەسارەی ڕۆژی قیامەتەوە بڵاوكردەوە‌و دەڵێ، ئەو وزەیەی هەسارەی بینۆ لەكاتی خۆكێشانیدا بەزەوی دروستیدەكات، 80 هەزار جار لەوزەی ئەو بۆمبانەی شاری هێرۆشیما‌و ناكازاكی پێوێرانكرا بەهێزترە.

ئاژانسە ئەمریكییەكە پێدەچێت مژدەی بۆئەو كەسانە پێبێت كە لەم سەدەیەدا دەژین، چونكە بەوتەی زانایانی ناسا، مەترسییەكانی هەسارەی بینۆ لەسەدەی داهاتوودا دەردەكەون، بەوەش ژیانی ملیۆنان كەس لەسەر زەوی دەكەوێتە مەترسییەوە.

ساڵی 2016 ناسا كەشتییەكی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان كرد بۆ لێكۆڵینەوە لە نزیكبوونەوەی بینۆ لەزەوی‌و ئەگەرەكانی خۆكێشانی ئەو دوو هەسارەیە بەیەكدا، دەرئەنجامی بەشێك لە لێكۆڵینەوەكەش جێگەی سەرنجن، چونكە وەك زانایانی بەشدار لەو لێكۆڵینەوەیەدا دەڵێن، ئەگەری خۆكێشانی بینۆ بە زەویدا لە 166 ساڵی دیكەوە نیشانەكانی دەردەكەون.

ئیرین مۆرتۆن، وتەبێژی ئەو تیمە زانایەی كە كەشتییەكەیان ڕەوانەی بۆشایی ئاسمانكرد بۆ لێكۆڵینەوە لە خۆكێشانی بینۆ بەزەویدا دەڵێ، هەموو چاوەكان لەسەر ئەوەن لەساڵی 2020دا پوختەی توێژینەوەكەمان لەبارەی خۆكێشانی ئەو دوو هەسارەیە بۆ جیهان ئاشكرابكەین.

بینۆ هەمان تایبەتمەندی زەوی هەیە
ئەو هەسارەیەی بۆتە مۆتەكە بۆ هەسارەكەمان خۆی بەشێكی زۆر لەتایبەتمەندییەكانی زەوی تیایدا بوونی هەیە كە گرنگترینیان بونی ئاو-ە لەسەر بینۆ.

بەگوێرەی ئەو ڕیزبەندییەی ناسا بۆ ئەو هەسارانەی كردوە كە لەزەوی دەچن، هەسارەی بینۆ پلەیەكی باش لەتایبەتمەندییەكانی زەوی نزیكبووەتەوە، بۆنمونە ئەو هەسارەیە بەهەمان ئەندازەی زەوی لەخۆرەوە دوورە، هاوكات دەركەوتووە لەسەر بینۆ ئاو هەیە، كە گرنگترین مەرجە بۆ بوونی ژیان لەسەر ئەو هەسارەیە.

هەسارە بكوژەكان پێشتر دایناسۆرەكانیان لەسەر زەوی لەناوبرد
بۆئەوەی قەبارەی مەترسییەكانی پێكدادانی هەسارەكان بهێنینە بەرچاوی خۆمان، ئەوەندە بەسە كە بیری خۆمانی بهێنینەوە سەردەمانێك دایناسۆرەكان لەسەر زەوی نیشتەجێبوون، بەڵام بەهۆی خۆكێشانی یەكێك لەهەسارە بكوژەكان بەزەویدا، سەرجەمیان لەناوچوون ژیان بەشێوەیەكی دیكە لەسەر زەوی دەستیپێكرد.

مۆلی راینج، سەرۆكی دەستەی توێژینەوەكان لەكۆلێژی زەوی وژینگە لەزانكۆی میشیگان-ی ئەمریكا دەڵێ، زیاتر لە 65 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر هەسارەیەكی بكوژ خۆی بەزەویدا كێشا‌و دوای خۆی تسۆنامییەكی گەورەی دروستكرد‌و بووە هۆی لەناوبردنی دایناسۆرەكان.

چارلیز میر باس لەوەدەكات، ئەگەر توانراش بەچەكی ئەتۆمی لەهەسارە بكوژەكان بدرێت، ڕەنگە هەسارەكە بۆ ملیۆنان پارچە بەرد تێكبشكێت، بەڵام شتێك هەیە كە بۆ هەموان چاوەڕواننەكراوە‌و پێویستە ئاشكرایبكەین ئەویش ئەوەیە، هەسارە تێكشكاوەكە بەتەواوی لەناو ناچێت‌و بەهۆی هێزی ڕاكێشانەوە دووبارە پارچە تێكشكاوەكانی كۆدەكاتەوە، كەواتە مەترسی ئەو هەسارە بكوژانە بۆسەر زەوی، شتێكی حەتمییە.