ڕاپۆرتی جیهانی

10:01 - 07/03/2019

رۆڵی شەمەندەفەر لەجەنگی جیهانی دووەم و جەنگی سەربەخۆی ئەمریكا‌

پەیسەر

وتەیەك هەیە كە دەڵێت كورت ترین رێگا ئەو رێگایەیە كە رێك و ڕوونە، بەكردەوەش ئەمەروون بۆوە كاتێك شەمەندفەر دروستكرا وەك یەكەم هۆكاری گواستنەوەی وشكانی خێرا، و كە دەتواندرێت هەمووشتێكی پێ بگوازرێتەوە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە رێگاكان نزیك دەكاتەوە و جیهانی بچوككردۆتەوە و دابەشی كردووە.

ئەم ئامێرە درێژەی كەدووكەڵی لێ بەرزدەبۆوە تەنها هۆكاری گواستنەوە نەبوو بەڵكو جیهانی گۆری، بەوپێیەی سروشتی ئابوری گۆڕی و كاریگەری لەسەر یەكلایی كردنەوەی جەنگەكان هەبوو، لایەنی كەم لەقۆناغی ئیستعماریدا ژیانی زۆر كەسی رزگاركرد و ژیانی لەبەشێكی تریش سەندەوە، چیرۆكێكی كاریگەری هەیە، چیرۆكی خێرایی و كات كە هێڵەئاسنینەكان لەسەرتاسەری جیهان دروستان كردووە.

كۆتایی هێواشی
لەساڵی 1769 ئەندازیار و زانای سكۆتلەندی جیمس وات، فارگۆنێكی هەڵمی دروستكرد، كە یەك كەس دەیتوانی كاری پێ بكات، بەڵام هێواش بوو، خێرایەكەی نزیك بوو لەخێرایی ئەسپەوە، جیاوازیەكی ئەوتۆیان نەبوو تەنها ئەوەنەبێت كە بە خەڵوز كاری دەكرد لەبری گیا و ئاو، بەهاتنی ساڵی 1804 ریچارد فیتش ئەندازیاری بەریتانی ئامێری هەڵمیەكەی پەرەپێدا بۆئەوەی بیكاتە هۆكاری گواستنەوە، ئەمیش بەدەست لەسەرخۆی و قورسیەوە دەیناڵاند بەهۆی ئەوەی قەبارەكەی گەورەبوو، بەڵام ساڵی 1825 ئەندازیارێكی تری ئینگلزی بەناوی جورج ستیڤنسون نەخشەی بۆ هێڵی ئاسنین كێشا، ئەوەش لەپێناوی جێبەجێكردنی بیرۆكەكەی كە هێڵی شەمەندەفەری هەڵمی بوو.

بەهۆی ئەوەی خەڵوز مادەی سەرەكی بوو كە شەمەندەفەر بەكاری دەهێنا لەپێناوی جوڵە بۆیە لەبەریتانیا دەستكرا بەدروستكردنی هێڵی شەمەندەفەر، بۆ هاتووچۆكردنی كێڵگەكانی خەڵوز و شار و گوندەكانی دەوروبەری كێڵگەخەڵوزیەكان، پاشان فراوان كرا بەجۆرێك زۆرینەی شارەكانی بەریتانیای گرتەوە و بووە یەكەم وڵات كە شەمەندەفەری بەكارهێنا.

شەمەندەفەر كاریگەری لەسەر ژیان بەشێوەیەكی راستەوخۆ دروستكرد، بووە هۆكارێكی گواستنەوەی ئاسان و خێرا، و دیاریكردنی كات بووە شتێكی ورد بەوپێیەی دەتواندرا لەرێگەی شەمەندەفەرەوە كاتی بەرێكەوتن و گەیشتن بزاندرێت.
شەمەندەفەر بووە هۆكارێك بۆ ئاسانكردنی چاوپێكەوتن و گەشت و بۆنە كۆمەڵایەتیەگشتی و تایبەتیەكان، بەڵام لەهەموو ئەمانەگرنگتر توانای گواستنەوەی كەل و پەل و بەرهەم و كەرەستەی خاو بوو لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر بەخێرایی، ئەمەش بەواتای خێراكردنی پرۆسەی بەرهەم هێنان بوو لەڕووی ئابوریەوە

شەمەندەفەرە كۆن و قورسەكان
شەمەندەفەر رۆڵی لەگۆڕینی شێوەی ئابوری و كۆمەڵایەتی هەبوو، ئەگەر بەریتانیا وەك نمونە وەربگرین دەبینین كە كەرەستەی خۆراكی بەتازەی دەگەیشت، واتا بەماوەیەكی كەم لەدەستی بەرهەم هێنەرەوە دەگەیشتە دەستی بەكاربەر، لەهەمان كاتدا گەیاندنی پۆستەش خێرابوو، بەوەش پرۆسەی ئاڵوگۆڕ خێرایی بەخۆیەوە بینی، هەواڵەكان زیاتربوون و هاتوچۆش لەنێوان شارەكان ئاسان بوو، هەموو ئەمانە بوونە هۆی كارامەیی زیاتری كاری دامەزراوەفەرمیەكان و كۆمپانیا و كارگەكان، و قازانجی زۆری بۆ خاوەنەكانیان مسۆگەركرد، هەروەها یارمەتی بیرۆكەی كۆنترۆڵكردنی هەواڵ و سیاسەتیدا، سەرچاوەكان ئاماژەبەوەدەكەن كە دابەشكردنی ناوچەكان بەپێی كات بۆیەكەم جار لەگەڵ هاتنی شەمەندەفەر سەری هەڵدا، هەروەها مرۆڤایەتی لەكاتی خۆجێی شارەكان رزگاری بوو، و كاتی رۆیشتن و گەیشتنی شەمەندەفەرەكان دیاریكران، دواتر كات وابەستەی شەمەندەفەر و جوڵەكەی بوو، و تەواوی شار بەپێی جوڵەی شەمەندەفەر كاتی خۆی دیاری دەكرد، گرنگترین شت كە شەمەندەفەر دروستیكرد خێرایی و وردی بوو سەرباری دەستكەوتی دارایی، كە بووە هۆی ئەوەی لەسەردەمی ئیستیعماردا بەكاربهێندرێت ئەوەش لەپێناوی دەستكەوتی زیاتر. بەهۆی شەمەندەفەرەوە پەیوەندیەكان بنەمای (لێگەرێ كار بكات لێی گەڕێ با تێپەڕێت) هاتەگۆرێ ئەوەش بەواتای ئەوەی رێكخستنی پەیوەندیە ئابوری و بازرگانیەكان بۆ كەسانی تایبەتمەند لێبگەڕێ بەبێ ئەوەی حكومەت دەستوەردان بكات ئەم بنەمایە بووە بنەمایەكی كاریگەر.

لەهەرشوێنێك هێڵی شەمەندەفەر لێدرابایە بەخێرایی دەوروبەرەكەی گەشەی دەكرد، وێستگەی گەشتكردن و گواستنەوەی كەل و پەل و ناوەندی بازرگانی و نوسینگەی بەرید و بەبازاركردن و خزمەتگوزاری دەكرانەوە هەروەها بەخێرایی كەل و پەل و مرۆڤەكان لەرێگەی شەمەندەفەرەوە لەشوێنێكەوە دەگوازرانەوە بۆ شوێنێكی تر.

خێرایی و سیاسەت
لەپەرتووكی ( خێرایی و سیاسەت) كە لەلایەن پول فیریلیو نوسەری فەرەنسی نوسراوە ئاماژە بەوەدەكات كە خێرایی ناوەرۆكی جەنگە مرۆڤی رۆژئاوایی هەژمونی خۆی سەپاند لەگەڵ ئەوەی كە ژمارەی بەراورد بە قارەكانی تر و جیهانیش كەمە بەڵام ئەمە چۆن ڕوویدا؟

شەمەندەفەر بەیەكێك لە كلیلەكانی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە دادەنرێت، بەریتانیا بەخێرایی دەوڵەتێكی ئیستیعماری دروستكرد ئەوەش لەپێناوی كۆنترۆڵكردن لەرێگەی پرۆژەیەكی گەورەوە كە دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەربوو لە یەكێك لە گەورەترین موستەعمەرەكانی كە هندستان بوو.

مێژوو هێڵەكانی شەمەندەفەر لە هندستان لەسەردەمی ئیستیعماری بەریتانی بە گەنجینەیەكی نیشتمانی وەسف دەكات، بەڵام كارەساتی ئیستعماری بوو، بەوپێیەی گەورەبەرپرسانی بەریتانی سوربوون لەسەر ئەوەی كە دروست كردنی هێڵی شەمەندەفەر لە هندستان یارمەتی یەكخستنی موستعمەرەكانیان دەدات، هەروەها سەلمێنەری بەهێزی و دەوڵەمەندی و شارەزایی بەریتانیا پیشان دەدات، ئەمەش لە ساڵی 1919 ڕوویدا كاتێك حكومەتی بەریتانیا، بڕیاریدا بەوەی كە نیوەی كارمەندانی هێڵی ئاسنین هندی بن و نیوەكەی تر بەریتانی، ئەمەش بۆ ئاسانكردنی گواستنەوەی هێزی سەربازی و كەرەستە لەرێگەی هندستانەوە.

شەمەندەفەر كەواتا تەنها هێمایی تازەگەری و خێرایی نەبوو لەبواری كۆمەڵایەتیدا، بەڵكو رۆڵێكی سەرەكی لەجەنگی جیهانی دووەمدا بینی، بەجۆرێك كە شەمەندەفەر نەبوایە بەریتانیا لەدەستی هتلەر رزگاری نەدەبوو، بەریتانیا لەرێگەی شەمەندەفەرەوە بەخێرایی هێزەكانی لەبەرەكانی جەنگ دەگواستەوە، ئەوەش یارمەتی پاراستنی گیانی سەربازانی بەریتانیدا لەرێگەی خێرایی گۆڕینی شوێنەكانیان، هەروەك شەمەندەفەر یارمەتی یەكلایی بوونەوەی جەنگی ناوخۆی ئەمریكایدا بەجۆرێك لایەنگرانی یەكگرتووی بەسەر لایەنگرانی جودایخوازی سەركەوتن، بەهۆی ئەوەی توانیان لەماوەی كەمتر لە دووهەفتەدا سوپاكەیان بگوازنەوە بۆ بەرەكانی جەنگ ئەوەش لەكاتێكدایە لایەنی بەرامبەر  وەڵاخیان بۆ ئەو مەبەستە بەكاردەهێنا.

بەریتانیا ساڵی 1882 و بۆمەبەستی ئیستیعماری هێڵی شەمەندەفەری لە هندستان دروستكرد، هەروەها دەوڵەتی عوسمانی بەبریاری سوڵتان عەبدولحەمید لەساڵی 1900 هێڵی ئاسنینی حجازی دروستكرد و پێی وابوو ئەو هەنگاوە یارمەتی پاراستنی خاكە دوورەكانی دەوڵەتی عوسمانی دەدات لەوانەش یەمەن، هەروەها یارمەتی ئاسان گواستنەوەی كەل و پەل و هێزی سەربازی دەدا بۆئەو ناوچانەی سەر بەدەوڵەتی عوسمانی كە كەوتبووە قارەی ئەوروپا، دروستكردنی هێڵی ئاسنینی حجاز وەك هەنگاوێكی ئەمنی دژی بەریتانیا لێی دەڕواندرا بەوپێیەی پێشتر میسری داگیركردبوو، هەروەها ئەو ناوچانەی كە هێڵەكەیان پێدا تێپەڕدەبوو لەرووی ئابوریەوە گەشەیان كرد، لەهەموو ئەمانە گرنگتر هاتوچۆی حاجیانی ئاسان كرد، و هێڵەكە ئیستەمبوڵی بە مەككە و مەدینە و یەمەن دەبەستەوە.

بەڵام هیچ سودێكی ئەو هێڵە شەمەندەفەرە لەجەنگی جیهانی یەكەم و شۆرشی گەورەی عەرەبی نەبیندرا، بەڵكو بووە هێمایەكی بیرەوەری ناخۆش بۆ سەربازانی عەرەب و خێزانەكانیان كە بەزۆر بەشەمەندەفەر دەیانگواستنەوە بۆ توركیا و لەوێوە بەڕێ دەكران بۆ بەرەكانی جەنگ لەناو سوپای عوسمانیدا، زۆرینەی ئەوانەی رۆیشتن نەگەڕانەوە و ئەوانەشی بەدەگمەن دەگەڕانەوە پێیان دەگوترا سەفەر بەرلك.

بەڵام هێڵێكی تری ئاسنین ناوبانگێكی گەورەی پەیداكرد بەوپێیەی بووە خاڵی جیاكەرەوەی دووجیهان، و هیچ ئامانجێكی ئیستیعماری یان ئابوری نەبوو، بەڵكو ئامانج لێی پەیوەندی شارستانی و گەشتیاری و چەند شتێكی تر بوو، ئەویش شەمەندەفەری خێرا بوو كە رۆژهەڵات و رۆژئاوای بەیەكەوە دەبەستەوە و هێڵەسەرەكیەكەی لە ئیستەمبوڵەوە بۆ پاریس و بەپێچەوانەشەوە بوو،بەرەبەرە فارگۆنەكانی پەرەیان پێدرا تا زۆرجوان و سەرنج راكێش بوون ، و بوونە ماڵی گواستراوە و ماوەیەكیش بەناو ئاودا دەرۆیشت.
چیرۆكەكانی شەمەندەفەر

شەمەندەفەر چەندین چیرۆكی جیاجیای دروستكرد، وەك گەشتەكەی هتلەر كە لەكۆتایی سیەكانی سەدەی رابردوو لەسەر شەمەندەفەر لەهەوڵێكی كوشتن رزگاری بوو، هەروەها گەشتە بەناوبانگەكەی لینین بەشەمەندەفەر لە ئەوروپاوە بۆ روسیا و سەركردایەتی كردنی شۆرشی بەلشەفی لەوێ، هەروەها گەشتی تروتسكی لەرێگەی شەمەندەفەرەوە بۆ فەرەنسا ، هەروەها شەمەندەفەرەكەی كیم جونگ ئۆن سەرۆكی كۆریای باكور كە بەبەهێزترین شەمەندەفەری گوللە نەبڕی تازە دادەنرێت.

 

شەمەندەفەری خێرا
لەوانەیە شەمەندەفەر یەكەم دەرفەتی گەیشتن بە كۆمەڵگە جیاوازەكان بخولقێنێت، لەكاتی سەركەوتن یان وێستگەكانی چاوەڕوانی یان دابەزین و جێهێشتنی چیرۆك و بەیەك گەیشتنی مرۆڤایەتی جیاواز دەبیندرێن.

شەمەندەفەر خواستی ئیستیعماری بۆ فراوانكردنی بواری ئابوری دروستكرد بەهۆی ئەوەی خێرایی هێنایە گۆڕێ كە دەتواندرا لەبواری سیاسی سودی لێ وەربگیردرێت.

شەمەندەفەر لەئەمرۆدا بۆتە هێمای پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و خێرایی و وردی ،هەروەك لە شەمەندەفەری خێرایی ژاپۆنی بەدی دەكرێت، هەروەها وزەی كارەبا بۆتە سەرچاوەی سەرەكی كارپێكردنی شەمەندەفەر، كە خەڵك و شار و كارەكان بەیەكەوە دەبەستێتەوە، بەڵام تائێستاش هەندێك لە شەمەندەفەرەكان هێواش و كۆنن...