ڕاپۆرتی جیهانی

09:00 - 18/03/2019

دەوڵەتێکی ٦٠ ساڵە لە تاراوگە‌

پەیسەر

هەموو جیهان بە ناوی دالایی لاماوە دەیناسن، ڕەنگە زۆر کەس پێیوابێت کە هەر ناوی خۆی دالایی لاما بێت، بەڵام دالایی لاما ناو نییە و پۆستە، لە سەردەمی تموجینەوە بە رێبەرانی ئایینی تبت وتراوە دالایی لاما، لەسەدەی ١٧شەوە تا ساڵی ١٩٥٩ دالایی لاماکان فەرمانڕەوای سیاسی و ئایینی تبت بوون.

 
ئەو کەسەی کە زیاتر لە نیو سەدەیە لە جیهاندا بە ناوی دالایی لاما ناسراوە، دالایی لامای چواردەیەمی تبتە و ناوی ( تنزین جیاتسۆ)یە و لە ساڵی ١٩٣٥ لە دایکبووە و لە تەمەنی دوو ساڵیشەوە پلەی دالایی لامای چواردەیەمی پێ بەخشراوە.

شێوازی هەڵبژاردنی دالایی لاما
پۆستی دالایی لاما بۆماوەیی نییە کە لە باوکەوە بۆ کوڕ بەجێبمێنێت، بەپێی بیروباوەڕی بوزی کە باوەڕیان بە دۆنادۆن هەیە و هەروەها بەپێی نەریتی تبتییەکان دوای مردنی دالایی لاما روحی دەچێتە جەستەی کەسێکی دیکەوە یان بە واتایەکی دیکە دالایی لاما لە دوای مردنی لە شوێنێکی دیکەوە لە دایک دەبێتەوە، هەربۆیە لە دوای مردنی دالایی لاما ئەرکی گەورەکانی ئایینی تبتە کە دالایی لاما بدۆزنەوە و بزانن کە روحی دالایی لامای لە جەستەی کێدا دەرکەوتووەتەوە یان لە کوێدا جارێکی دیکە لە دایک بووەتەوە.

تنزین جیاتسۆ رۆژی ٦ی حوزەیرانی ١٩٣٥ لە بنەماڵەیەکی جوتیار لە گوندی تاکستەر لە دایکبوو، بەڵام دالایی لامای سێزدەیەم سێ ساڵ بەر لە دایکبوونی تنزین جیاتسۆ واتا لە ساڵی ١٩٣٢ کۆچی دوایی کردبوو، رێبەرانی ئایینی بوزی تبت لەو ماوەیەدا نەیانتوانیبوو روحی دالایی لامای سێزدەم بدۆزنەوە کە لە جەستەی کێدا دەرکەوتووەتەوە، کاتێک تنزین جیاتسو لە تەمەنی دوو ساڵیدابوو پیاوانی ئایینی بوزی بەپێی رێوشوێنەکانی خۆیان بەو دەرەنجامە گەیشتن کە تنزین جیاتسۆی کورە جوتیارەکەی گوندی تاکستەر هەمان دالایی لامایە.

دەوترێت یەکێک لە ئاماژەکان ئەوە بووە سەری جەستەی مۆمیاکراوی دالایی لامای سێزدەیەم بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە دوای پێنج ساڵ لە باشوری رۆژهەڵاتەوە وەرسوڕاوە بەرەو باکوری رۆژئاوا، ئەمەش والێکدرایەوە کە دەبێت لە بەشی باکوری رۆژئاوای تبت بۆ روحی بگەڕێن، کاتێک رێبەرانی ئایینی بوزی تنزین جیاتسۆی کوڕە جوتیاریان دۆزیوە هەندێک ئاماژەیان تێدا بەدی کرد کە دەبێت هەمان دالایی لاما بێت، دەستیان کرد بە تاقیکردنەوەی، ئەو کەرەستەی یاریکردنانەی کە دالایی لامای سێزدەیەم لە منداڵیدا یاری پێکردوون تێکەڵیان کرد بە کۆمەڵێک کەرەستەی یاریکردنی دیکە و لە بەردەم تنزین جیاتسۆدا دایاننا، تنزین جیاتسۆ رێک ئەو کەرەستانەی هەڵبژارد کە دالایی لامای سێزدەیەم یاری پێکردبوون و وتبووی " ئەمانە هی خۆمن"، بەم شێوەیە تنزین جیاتسۆی کوڕە جوتیار لە تەمەنی دوو ساڵیدا وەک دالایی لامای رێبەری ئایینی تبت هەڵبژێردرا و نێردرایە کۆشکی تایبەتی دالایی لامای لە شاری لهاسای پایتەختی تبت و لەوێ بۆ پەروەردەکردنی مامۆستای تایبەتیان بۆ دابینکرد.

ژیانی سیاسی تنزین جیاتسۆ دالای لامای چواردەیەم
تنزین جیتاسۆ هیشتا منداڵ بوو کە لە چین شۆڕش سەرکەوت و پارتی کۆمۆنیستی چین دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت، لە ١٧ی نۆڤەمبەری ١٩٥٠ و لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا تنزین جیاتسۆ بە فەرمی لەسەر کورسی پۆستی دالایی لاما دانیشت و بەمشێوە جگە لەوەی رێبەری ئایینی تبت بوو، ڕێبەری سیاسی ئەو وڵاتەش بوو، تبت هەرچەندە وەک کوردستان هەرگیز دەوڵەتی خۆی نەبووە، بەڵام لە سەدەی ١٧وە ئەو وڵاتە جۆرێک لە سەربەخۆیی هەبووە و خەونی دروستکردنی دەوڵەتیش خەونێکی مێژوویی تبتییەکانە.

لە دوای شۆڕشی ١٩٤٩ی چین، دەسەڵاتدارانی چینی ئەم خەونەیان ئاڵۆز کرد، حکومەتی چین دەیەویست بە زوویی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو بەشەکان و ویلایەتەکانی ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت و یاساکانی خۆی لە هەموو وڵات جێبەجێ بکات، لە سیستمی نوێی چیندا هیچ پێگەیەک نەمابووەوە بۆ ئەوەی تبت تا رادەیەک سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمی خۆی بپارێزێت، بەڵام ١٠ ساڵی خایاند تا حکومەتی چین بە یەکجاری دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی تبتی لەبەریەکهەڵوەشاندەوە.

لە قۆناغی یەکەمدا واتا تا ساڵی ١٩٥٦ دالایی لاما هەوڵی دەدا کە لەگەڵ دەسەلاتدارانی چین ڕێک بکەوێت، تەنانەت ساڵی ١٩٥٤ لە یەکەمین کۆنگرەی نیشتمانی چین وەک نوێنەری تبت بەشداربوو کە لە کۆنگرەکەدا زۆرترین باس و گفتوگۆکرا لەسەر دەستوری نوێی چین، لە کۆنگرەکەدا تنزین جیاتسو وەک جێگری سەرۆکی کۆمیتەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی گەلی چین هەڵبژێردرا و تا ساڵی ١٩٦٤ بە فەرمی لەو پۆستەدا مابووە، هەرچەندە هیچ دەسەڵاتێکی نەبوو.

لە ساڵی ١٩٥٦دا سەردانی هیندستانی کرد و چاوی بە جەواهیر لال نەهرۆی سەرۆکوەزیرانی هێندستان کەوت، لەو کاتەدا ناکۆییەکانی نێوان دالایی لاما و حکومەتی چین قوڵ ببووە و دەیزانی کە کێشەکانی نێوان تبت و چین چارەسەر ناکرێت، هەربۆیە داوای لە نەهرۆ کرد مافی پەنابەری سیاسی پێ بدات، بەڵام نەهرۆ لە ترسی ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان چین و هێندستان تێکدەچێت ئامادەنەبوو پەنابەری پێ بدات، هەربۆیە دالایی لاما گەڕایەوە بۆ تبت.

ساڵی ١٩٥٩ حکومەتی چین بڕیاری چاکسازی زەوی و زاریدا، ئەمەش لەناو خاوەن مولکەکانی تبت ناڕەزایی لێکەوتەوە و حکومەتی چینیش بە بیانووی سەپاندنی یاسای چاکسازی هێزێکی زۆری ناردە تبت، دالایی لاما دەیزانی ئەمە تەنیا بیانوویەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی یەکجاری تبت لەلایەن حکومەتی پەکینەوە، کاتێک سوپای چین لە لهاسای پایتەخت نزیکبوونەوە بە هەزاران هاوڵاتی تبت بۆ پاراستنی دالایی لاما لە نزیک کۆشک کۆبوونەوە و لەناو شاریش لەنێوان خەڵک و سوپا شەڕ و پێکدادان ڕوویدا، تبتییەکان لە دژی هاتنی سوپا راپەڕینیان کرد، سوپا راپەڕینەکەی بە توندی سەرکوتکرد و ژمارەیەکی نادیار خەڵک کوژران، دالایی لاما دواجار لە رۆژی ١٧ی ئازاری ١٩٥٩ بە نهێنی کۆشکی جێهێشت و بەرەو هیندستان کۆچی کرد.

بەپێی هەندێک ئاماری نافەرمی لەو راپەڕینەدا سوپای چین نزیکەی ٨٥ هەزار هاوڵاتی تبتیان کوشتووە، بەڵام حکومەتی چین حاشای لێدەکات، دالایی لاما لە هیندستان لە شاری دارمسالا یان تارامشالا نیشتەجێ بوو لەو شارە کە ژمارەیەکی زۆری بوزی تبتی تێدا نیشەجێ بوون دەوڵەتی لە تاراوگەی تبتی دامەزراند.

لەو ٦٠ ساڵەی کە دالایی لاما لە تاراوگە بووە رۆژ لە دوای رۆژ ناوبانگی زیاتر دەرکردووە، بەردەوام لە چالاکیدا بووە بۆ ئەوەی پرسی تبت زیاتر بە جیهان بناسێنێت، لەگەڵ سەرکردەی زۆر وڵات کۆبووەتەوە، ئەوەی زیاتر بووەتە هۆی درەوشانەوەی ناوبانگی دالایی لاما بیروبۆچوونەکانیەتی لە دژی توندوتیژی وەک کەسایەتییەکی ئاشتیخواز لە جیهاندا ناسراوە.

بەهۆی بیروبۆچوونەکانیانەوە و پێداگریکردن لەسەر سیاسەتی ناتوندوتیژانە بەردەوام لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە ستایش کراوە، هەر لەم چوارچێوەیەدا ساڵی ١٩٨٩ خەڵاتی ئاشتی نۆبڵی پێدراوە.
وەک ڕێبەرێکی ئایینی هەندێک بۆچوونی سەرنجڕاکێشیشی هەیە، بۆ نمونە لەسەر دیاردەی هاوڕەگەزبازی هەرچەندە لە ئایینی بوزیدا قەدەغەکراوە، بەڵام دالایی لاما بە تەواوی ڕەتیناکاتەوە، ساڵی ١٩٩٤ لە چاوپێکەوتنێکدا وتی " ئەگەر کەسێک بێت و پرسیار لە من بکات کە بۆچوونم چییە لەسەر هاوڕەگەزبازی ئەوا دەڵێم ئەگەر هاوبەشەکەی ژیانت رازی بێت و ئەو دوو هاوڕەگەزبازە هیچ زیانێک بە کەسانی دەوروبەریان نەگەیەنن ئەوا بەبۆچوونی من هیچ کێشەیەکی نییە"

یان لە ئابوریدا بە تەواوی لایەنگری بۆچوونەکانی مارکسە و دەڵێت: " لە سیستمی سەرمایەداری و هەموو سیستمەکانی دیکەدا چەوسانەوە هەیە و هەموویان تەنیا بەرژەوەندی چینێکی تایبەت دابین دەکەن، بەڵام ئابوری سۆسیالیستی ئابورییەکەی دادپەروەرانەیە و داهاتی وڵات بە شێویەکی یەکسان و دادپەروەرانە بەسەر هەموو هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت"

لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا هەرچی پێگەی چین لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەهێزتر دەبێت ئەوا رۆڵ و پێگەی دالایی لاما لاوازتر دەبێت، چونکە چین هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە دالایی لاما لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا پەراوێز بخرێت، کاتێک باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە دالای لاما کرد، حکومەتی چین بە توندی ئیدانەی کرد، هەربۆیە لە ئێستادا بەهۆی پێگەی بەهێزی چینەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا پێگەی دالایی لاما لاوازتر بووە.

بۆ نمونە پاپ فرانسیس لە ترسی کاردانەوەی چین ئامادەنییە لەگەڵ دالایی لاما دابنیشێت، کاتێک دالایی لاما سەردانی ژاپۆنی کرد سەرۆکی ژاپۆن ئامادەنوو لەگەڵی دابنیشێت و تەنیا خانمی یەکەمی نارد لەگەڵی کۆببێتەوە، هەربۆیە ئێستا بەهۆی لاوازبوونی پێگەکەیەوە بۆچوونی سیاسی ئەویش گۆراوە، چیتر داوای دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ و جیاکردنەوەی تبت لە چین ناکات و دەڵێت ئەگەر حکومەتی چین رازی بێت ئەوا ئەوان بە مافە کلتورییەکان و رێژەیەکی کەم لە مافی خۆبەڕێوەبەری رازی دەبن، بەڵام چین بەم داوایەش رازی نەبووە.
کێ دەبێتە دالایی لامای پازدەیەم

ئێستا دالایی لاما لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدایە و بابەتی دالایی لامای پازدەیەم لەناو تبتییەکان مشتومڕی دروستکردووە، حکومەتی چین دەڵێت دەبێت چین دیاری بکات کێ دەبێتە دالایی لامای پازدەیەم و نابێت لە دەرەوەی وڵات دالای لاما هەڵبژێردرێت، ئەمەش ئەو نیگەرانییەی لێکەوتووەتەوە کە دالایی لامای داهاتوو کەسێکی گوێڕایەڵی چین دەبێت، هەربۆیە چەند جارێک دالایی لاما باسی لەوەکردووە کە لە دوایی خۆی لەوانەیە پێویست نەکات کەسێکی دیکە وەک دالایی لاما هەڵبژێردرێت، تەنانەت جارێک وتوویەتی دالایی لاما هەر نەبێت باشترە تا دالایی لامایەکی گەمژەمان هەبێت کە گوێرایەڵی چین بێت.

هەر بۆیە ئێستا دیار نییە کە ئایا لە دوای دالایی لاما کۆتایی بە دامەزراوە و پۆستێک دێت لەناو تبیتیەکاندا بەناوی دالایی لاما یان نا، ڕوون نییە کە دالایی لامای داهاتوو ژن دەبێت یان پیاو، دالایی لامای بەرچەند ساڵ رایگەیاند ئەگەر دالایی لاما ژن بێت ئەوا دەبێت ژنێکی زۆر جوان بێت چونکە حەزم لەوەیە لە ژیانی داهاتوومدا لە جەستەی ژنێکی جواندا دەربکەوم، هەروەها ئەوەش دیار نییە کە دالایی لامای داهاتوو لە تاراوگە هەڵدەبژێردرێت یان لە تبتی ژێردەسەڵاتی چین.