ڕاپۆرتی جیهانی

07:59 - 01/04/2019

گەورەترین سەرمایەداری مێژوو کێیە؟‌

پەیسەر

ئەگەر لە هەر کامێکمان بپرسن گەورەترین سەرمایەداری مێژوو کێیە، ڕەنگە بیرمان بۆ لای بازرگانێکی ئەمریکی، یان شاژنێکی بریتانی یان قەیسەرێکی رۆمی یان خەلیفەیەکی عوسمانی، تیمۆجین یان خاقانێکی چینی بچێت، لەوانەیە هەرگیز بە خەیاڵیشماندا نەیەت کەسێک لە کیشوەری ئەفریقا  بە جیاوازییەکی زۆرەوە لەگەڵ کەسی دووەم لە پلەی یەکەمی ریزبەندی گەورەترین سەرمایەدارەکانی مێژوودایە.

مانسا موسا ئیمپراتۆری ئاڵتونی جیهان
مانسا موسا لە ساڵی ١٢٨٠ لە وڵاتی مالی لە ئەفریقا لە دایکبووە، سەرمایەکەی بە ٤٠٠ ملیار دۆلاری ئەم سەردەمە مەزەندە دەکرێت، ئەمەش جیاوازییەکی زۆری هەیە بە بەراورد لەگەڵ گەورەترین سەرمایەداری ئێستای جیهان کە سەرمایەکەی ١٣١ ملیار دۆلارە، هەرچەندە سەرمایەکەی بە ٤٠٠ ملیار دۆلار مەزەندەکراوە بەڵام هەندێک لە مێژوونووسان پێیانوایە سەرمایەکەی زۆر زیاترە لەو ژمارەیە چونکە لە سەردەمی خۆیدا خاوەنی زیاتر لە نیوەی ئاڵتونی جیهان بووە. 

مانسا موسا کوڕیی پاشای وڵاتی مالی لە ئەفریقا بوو، ساڵی ١٣١٢ کاتێک براکەی مانسا ئەبوبەکر خەیاڵی سەفەری دەریایی کەوتە مێشکییەوە و وازی لە پاشایەتی هێنا، بووە پاشای مالی، لەو کاتەدا بەشێک لە ناوچەکانی ئەوروپا بە دەست شەڕی ناوخۆ و گرانییەوە دەیناڵاند.

مانسا موسا کاتێک تاجی پاشایەتی کردەسەر دەستی کرد بە فراوانکردنی سنورەکانی وڵاتەکەی، لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا لە وڵاتانی دەوروبەریدا ٢٤ شاری کۆنتڕۆڵکرد و خستنیە ناو سنورەکانی مالییەوە، فراوانکردنی سنورەکانیش بە واتای دەستڕاگەیشتن بوو بەسەر سەرچاوەیەکی زۆری ئاڵتون، بە جۆرێک لە ماوەیەکی کورتدا بەهۆی بەرهەمهێنانی ئاڵتونەوە بووە خاوەنی نیوەی ئاڵتونی جیهان.

بەڵام بەهۆی ئەوەی مالی لە شوێنێکی پەراویزخراوی ئەوکاتی جیهاندابوو، مانسا موسا پاشایەکی نەناسراوبوو، نە لە ئەوروپا و نە لە وڵاتانی ئیسلامی کەس نەیدەناسی و کەس ئاگادارنەبوو کە پاشایەک هەیە خاوەنی نیوەی ئاڵتونی جیهانە، ئەوە لە کاتێکدابوو لەو کاتەدا ئاڵتون زۆر لە سەردەمی ئێستا بە نرختر بوو، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتان کە ئێستا زیاتر لەڕێی دۆلارەوە دەکرێت لەو کاتەدا لەڕێی ئاڵتونەوە دەکرا.

مانسا موسا کەسێکی موسڵمانی بە بیروباوەڕبوو، ساڵی ١٣٢٤ بڕیاریدا بچێت بۆ حەج، لەم سەفەرەدا بوو کە ناوبانگی مانسا موسا بە جیهاندا بڵاوبووەوە.

سەفەرێکی سەیر کە هەرگیز مێژوو سەفەری وای بە خۆیەوە نەبینیوە
مانسا موسا کاروانێکی ٦٠ هەزار کەسی لەگەڵ خۆی برد بۆ حەج، هەموو شازادە و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان و فەرماندەکانی سوپای لەگەڵ بوو، ١٢ هەزار کۆیلەی لەگەڵ بوو، بەپێی هەندێک سەرچاوە ١٠ هەزار سەربازیشی لەگەڵ خۆی بردووە، تەنانەت کۆیلەکانیشی جلی ئاورێشمی ئێرانیان لەبەر بوو کە لە وڵاتانی دیکە تەنیا پاشاکان و بازرگانە گەورەکان توانی کڕینی ئەمجۆرە جلانەیان هەبوو.

مانسا لە سەفەری حەج مەبەستی بوو سامانی خۆی بۆ خەڵکی جیهان ئاشکرا بکات، بە سەدان وشتر لە کاروانەکەیدا بوو کە باریان تەنیا ئاڵتون بوو، بە سەدان وشتریش تەنیا خواردنیان بار کردبوو، کاتێک کاروانەکە بە بیابانی ئەفریقادا تێپەڕبوو تا گەیشتە میسر.

مانسا پاشایەکی بەخشندە بوو، هەربۆیە کاتێک گەیشتە قاهیرە بە دیاری ئاڵتونی بەخشیوە بەسەر هەزاران دانیشتووی قاهیرە، کاتێکیش گەیشتە مەکەش بە هەمان شێوە ئاڵتونی دەبەخشیەوە بەسەر خەڵکی هەژاردا، سەفەرەکە ماوەی ساڵێکی خایاند بەڵام کاروانە مەزنەکەی و بەخشینەوەی ئاڵتون بەسەر خەڵکی هەژاری میسر و حیجازدا بووە هۆی ئەوەی ناوبانگی دەوڵەمەندی مانسا موسا و وڵاتی مالی بە خێرایی بە جیهاندا بڵاوبێتەوە، ئەمەش وایکرد بازرگانەکان و خەڵکی خوێندەواری ئەو سەردەمە ڕوو بکەنە مالی.

بەڵام بەخشەندەییەکی مانسا نەبووە مایەی خێر بۆ خەڵکی میسر و حیجاز، چونکە ئەوەندە ئاڵتونی بڵاوکردبووە کە ئاڵتون بووە شتێکی بێ نرخ، وەک ئەوە وایە لەم سەردەمەدا لە وڵاتێکی وەک عێراق لە پڕێکدا بە سەدان ملیار دۆلار بخەیتە ناو بازاڕەوە ئەمەش هەڵاوسانی لێدەکەوێتەوە، هەرچەندە هەندێک سەرچاوە باسی ئەوە دەکەن کە لەکاتی گەڕانەوەدا مانسا لە قاهیرە تێگەیشت کە بڵاوبوونەوەی ئاڵتونەکە بازاڕی قاهیرەی شێواندووە بۆیە بڕیاریداوە وەک یارمەتیدانی خەڵکی قاهیرە ئاڵتونەکان لە خەڵک بکڕێتەوە، ئەمەش بووەتەهۆی ئەوەی شازادە و بازرگان و بەرپرسانی وڵاتەکەی خۆی لەم تەخشان و پەخشانکردنەی سامانی وڵاتەکەیان لە پاشا ناڕازی بن.

مانسا لە سەفەرەکەیدا هەندێک بیرۆکەی لا دروست ببوو و ویستی دوای گەڕانەوە ئەو بیرۆکانە لە وڵاتەکەی خۆیدا جێبەجێ بکات، یەکێک لە بیرۆکەکان دروستکردنی زانکۆیەک بوو لە مالی، هەربۆیە بەر لە گەڕانەوەی کۆمەڵێک زانای ئەو سەردەمەی کۆکردەوە و لەگەڵ خۆی بردنی بۆ مالی و زانکۆی سانکورەی دروستکرد کە گەورەترین زانکۆی جیهان بوو لە سەردەمی خۆیدا و لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی و تەنانەت لە ئەوروپاشەوە خەڵک بۆ خوێندن لەو زانکۆیە دەچوونە مالی، هەروەها بە یارمەتی ئەندازیارێکی ئەندەلۆسی مزگەوتی جینگاروبەری دروستکرد، کە دەوترێت بۆ دروستکردنی مزگەوتەکە ٢٠٠ کیلۆ ئاڵتونی داوە بە ئەندازیارەکە.

مانسا موسا ساڵی ١٣٣٧ کۆچی دوایی کرد و لە دوای خۆی کوڕەکانی نەیانتوانی پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی باوکیان بکەن، هەروەها بەهۆی ئەوەی ناوبانگی مالی بە ئاڵتون بڵاوبوویەوە لە ئەوروپاوە بگرە تا دەگاتە وڵاتانی درواسێ و ئیسلامی چاوی تەماحیان بڕیە ئەو وڵاتە، لەناوخۆشدا بەهۆی حکومڕانی خراپی کوڕەکەیەوە بەرپرسان و سەرۆک خێڵەکان هەموویان هەوڵیان دەدا دەست بەسەر ئاڵتون و سامانی وڵاتەکەیان بگرن، هەر لە بەر ئەمەش ماوەیەکی کەم دوای مردنی مانسا موسا ئیمپراتۆری مالی لەبەریەک هەڵوەشایەوە و بەسەر کۆمەڵێک وڵاتی بچوک بچوکدا دابەش بوو، مالیش هەرگیز نەبووەوە بەو مالیەی کە سەردەمی مانسا پایتەختی ئابوری جیهان بوو.