ڕاپۆرتی جیهانی

04:38 - 02/04/2019

بینیتۆ موسۆلینی دیكتاتۆری سه‌رده‌م‌

پەیسەر

موسۆلینی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا ماوه‌ی 21 ساڵ كه‌ ده‌كاته‌ ساڵانی 1922-1943 فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ئیتاڵی كرد، ئه‌و كه‌سێكه‌ له‌وانه‌ی كه‌ دامه‌زرێنه‌ری حیزبی فاشییه‌ و زۆر به‌ كه‌سایه‌تی هیتله‌ر سه‌رسامبووه‌، له‌ ساڵی 1943 توانی جگه‌ له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی پۆستی سه‌رۆك كۆماری ئیتاڵیای ئیشتراكی تاوه‌كو كۆتایی ژیانی به‌ڕێوه‌به‌رێت.

سه‌ره‌تای ژیان
بینیتۆ موسۆلینی له‌ ناوچه‌ی بریدابیۆ له‌ 29ی ته‌مموزی 1883 له‌ گوندێكی بچووكی سه‌رووی ڤێرانۆ دی كۆستا له‌ باكوری ئیتاڵیا له‌ دایكبووه‌، باوكی ناوی ئه‌لیساندرۆ بووه‌ و پیشه‌ی ئاسنگه‌ر بووه‌، ئه‌و پیاوێكی ئیشتراكی بووه‌، دایكی ناوی رۆزا بووه‌، له‌ خوێندنگایه‌كی كاسۆلیكی ئیشی كردووه‌. موسۆلینی برایه‌كی هه‌بووه‌ به‌ناوی ئه‌رناڵدۆ و خوشكه‌شی ناوی ئه‌دیڤیج بووه‌. له‌ كاتی پێگه‌شتنیدا منداڵێكی چه‌قاوه‌سوو بووه‌ و گوێڕایه‌لی فه‌رمانه‌كانی دایك و باوكی نه‌ده‌بوو. زوو توڕه‌ ده‌بوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ خوێندكاره‌ هاوڕێكانی ده‌دا دووجار له‌ خوێندن دوور خراوه‌ته‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو كێشانه‌ی له‌ خوێندنگا درووست ده‌كرد، وه‌كو په‌رجوویه‌ك خوێندنی ته‌واوكرد و بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌میش وه‌كو مامۆستا وانه‌ی ده‌گوته‌وه‌.

موسۆلینی ئیشتراكی
موسۆلینی به‌ دوای ئیشێكی باشتردا ده‌گه‌ڕا، له‌ ساڵی 1902 ڕووی له‌ سویسرا كرد، له‌و وڵاته‌ چه‌ندین ئیشی تاقیكرده‌وه‌، ئێوارانه‌كانی ژیانی به‌ ئاماده‌بوونی كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی حیزبی شیوعی به‌ڕێده‌كرد. یه‌كێك له‌و ئیشانه‌ی كه‌ ده‌یكرد بریكاری بانگه‌شه‌ی سه‌ندیكای كرێكاران بوو، لێره‌وه‌ موسۆلینی بووبه‌ كه‌سێكی توندوتیژ و دوژمنكار، ئه‌و داوای ئه‌كرد كه‌ مانگرتنی گشتی ڕابگه‌ێنن بۆیه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ چه‌ندین جار ڕووبه‌ڕووی گرتن و زیندان بووه‌وه‌.

له‌ نێوان ئیشی تاقه‌ت پڕوكێنی ڕۆژ و شه‌وانیش خه‌ریكی گفتوگۆ و مشتومڕی ئیشتراكیه‌كان بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ناوی موسۆلینی بدره‌وشێته‌وه‌ و له‌وێوه‌ ده‌ستیكرد به‌ نووسینی رۆژنامه‌یه‌كی ئیشتراكی. ساڵی 1904 موسۆلینی گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئیتاڵیا و په‌یوه‌ندیكرد به‌ سه‌ربازییه‌وه‌ و له‌ ساڵی 1909 بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ نه‌مسا ژیا، له‌وێش سه‌رقاڵی كاری سه‌ندیكای كرێكاران بوو، ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ی كه‌ هه‌یبوو هێرشی ده‌كرده‌ كه‌سه‌ ناسیۆنالیزم سه‌ربازیه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ئه‌وه‌ش وایكرد بۆ نه‌مسای ڕاوبنێن. جارێكی دیكه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئیتاڵیا.

موسۆلینی به‌رده‌وام بوو به‌وه‌ی كه‌ ئیشتراكیه‌ت به‌ره‌و پێش ببات، له‌ رێگه‌ی گوتاره‌كانیه‌وه‌ هانی خه‌ڵكی ده‌دا، به‌ متمانه‌ به‌ خۆبوونه‌وه‌ ده‌دوا، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڵه‌ی زۆر هه‌بوو، به‌ڵام گوتاره‌كانی ده‌یتوانی دڵی به‌رامبه‌ر ڕازی بكات. له‌ تشرینی دووه‌می 1912 بووبه‌ سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی ئیشتراكی ئیتاڵی.

له‌ ساڵی 1914 دوای تیرۆركردنی ئه‌لرشیدۆك فرانز فردینالد و زنجیره‌یه‌ك ڕووداوی دیكه‌، جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی ده‌ستی پێكرد، له‌و جه‌نگه‌دا حكومه‌تی ئیتاڵیا بڕیاریدا به‌ سه‌ربه‌خۆ بمێنێته‌وه‌ شه‌ڕ نه‌كات، موسۆلینی به‌ به‌كارهێنانی پۆسته‌كه‌ی كه‌ سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌بوو توانی له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا هانی حكومه‌ت بده‌ن كه‌ به‌شداری ئه‌م جه‌نگه‌ نه‌كه‌ن. به‌ڵام له‌ پڕێكدا گۆڕانكاری به‌سه‌ر بیروباوه‌ڕیدا هات و داوای كرد كه‌ ئیتاڵیا به‌شداری ئه‌و جه‌نگه‌ بكات، زۆر وتاری توندی نووسی ئه‌وه‌ش وایكرد له‌ رێزه‌كانی حیزبی شیوعی ده‌ریبكه‌ن.


ڕۆڵی موسۆلینی له‌ جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیدا
له‌ ساڵی 1915 ئیتاڵیا به‌ فه‌رمی جه‌نگی له‌ دژی نه‌مسا ڕاگه‌یاند، له‌وێشه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی هاته‌ ناو جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه‌. هه‌مان كات موسۆلینی بانگكرا بۆ ئه‌وه‌ له‌ شاری میلان په‌یوه‌ندی بكات به‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئیتاڵیاوه‌، له‌وێ یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی خه‌ریكی تاقیكردنه‌وه‌ی چه‌كی ده‌ریابوون، له‌وێ موسۆلینی بریندارده‌بێت و به‌ خێرای چاك ده‌بێته‌وه‌.


موسۆلینی و فاشیزم
دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م موسۆلینی بێگومان یه‌كێك بووه‌ له‌ شیوعیه‌ سه‌رسه‌خته‌كان. داوای ده‌كرد كه‌ حكومه‌تێكی به‌هێزی هه‌بێت، له‌ناو حكومه‌ته‌كه‌ش پێویستیان به‌ دیكتاتۆرێكه‌ كه‌ به‌ڕێوه‌یان ببات. به‌ ته‌نیا موسۆلینی ویستی گۆڕانكاری نه‌بوو، زۆرێك له‌وان ده‌یانه‌ویست ئیتاڵیا به‌ به‌هێزی له‌ مه‌یدانی سیاسه‌تی و جه‌نگی ئه‌وروپا ده‌ربكه‌وێت.

شه‌پۆلێكی نیشتیمانی ئیتاڵیای گرته‌وه‌ له‌ شێوه‌ی گروپ به‌ گروپ ده‌رده‌كه‌وتن، له‌ 23ی ئازاری 1919 موسۆلینی ئه‌و گروپانه‌ی كۆكرده‌وه‌ و له‌ ڕێكخراوێكی نیشتیمانی له‌ ژێر سه‌ركردایه‌تی خۆیدا دایمه‌زراندن، ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌ موسۆلینی ناوی لێنان حیزبی فاشی.


ڕێپێوان بۆ ڕۆما
له‌ كۆتایی هاوینی 1922 حیزبی فاشی به‌ شێوه‌یه‌كی ڕێپێوان به‌ره‌و ناوچه‌كانی ڕافینا و فۆرلی و فیرارا له‌ باكوری ئیتاڵیا به‌ڕێ كه‌وتن. شه‌وێكی ترسناك بوو، زۆربه‌ی باره‌گا و ماڵه‌كانی ئه‌ندامانی رێكخراوه‌ شیوعیه‌كانیان سووتاند، له‌ مانگی ئه‌یلولی 1922 حیزبی فاشیزم ده‌ستیگرد به‌سه‌ر زۆربه‌ی شوێنه‌كانی باكوری ئیتاڵیا، دوای ئه‌وه‌ موسۆلینی ده‌یویست كوده‌تا بكاته‌ سه‌ر پایته‌ختی ئیتاڵیا. له‌ 12ی تشرینی یه‌كه‌م توانی كاروانێكی چه‌كدار له‌ حیزبی فاشی به‌ره‌و ڕۆما به‌ڕێبخات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ چه‌كی پێویستیان نه‌بوو، به‌ شێوه‌یه‌كی باشیش خۆیان ئاماده‌ نه‌كرد له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاودا شا ڤیكتۆر عه‌مانوێلی سێهه‌م وایكرد له‌ موسۆلینی كه‌ حكومه‌تێكی نیشیتمانی پێكبێهنن و موسۆلینی ببێته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵات.

دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان موسۆلینی توانی سه‌رجه‌م كورسیه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت و ناوی "سه‌ركرده‌"ی ئیتاڵی له‌ خۆی نا. به‌ دیاریكراوی له‌ سێی كانوونی دووه‌می 1925 به‌ پاڵپشتی زۆرینه‌ی فاشیسته‌كان ناوی خۆی نا دیكتاتۆری ئیتاڵیا. ئه‌و توانی ماوه‌ی 10 ساڵ به‌رده‌وام بێت. ئیتاڵیا ئاشته‌وای به‌ خۆیه‌وه‌ بینی. موسۆلینی سووربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئیتاڵیا بكاته‌وه‌ به‌ ئیمپراتۆریه‌ت هه‌ربۆیه‌ پێویستی به‌ داگیركردنی وڵاتان ده‌بێت. بۆیه‌ له‌ تشرینی یه‌كه‌می 1935 بڕیاری داگیركردنی ئه‌سیوبیایدا. ئه‌م داگیركاریه‌شی ناونا "دڕنده‌" له‌ ئایاری 1936 ئه‌سیوبیا ته‌سلیمبوو، موسۆلینیش ئیپمراتۆریه‌تی به‌ ده‌ستهێنا.

موسۆلینی و هیلته‌ر
له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپادا، ئه‌ڵمانیا تاكه‌ وڵاتبوو كه‌ پاڵپشتی ئیتاڵیای ده‌كرد بۆ داگیركردنی ئه‌سیوبیا، له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌ڵمانیا له‌ لایه‌ن هیتله‌ره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برا.له‌وێش ڕێكخراوێكی فاشی تایبه‌ت دانرا كه‌ حیزبی نیشیتمانی ئیشتراكی ئه‌ڵمانی بۆ كرێكاران ناسراو به‌ نازی هاته‌ كایه‌وه‌. هیتله‌ر زۆر سه‌رسامی موسۆلینی بوو. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ موسۆلینی له‌سه‌ره‌تاوه‌ ڕقی له‌ هیتله‌ربوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هیتله‌ر به‌رده‌وام پاڵپشتی موسۆلینی ده‌كرد. ئه‌مه‌ش وایكرد له‌ كۆتایدا هیتله‌ر له‌گه‌ڵ موسۆلینی ببێته‌ هاوپه‌یمان. ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ وایكرد كه‌ پاكتاوی نه‌ژادی گه‌لی جوله‌كه‌ بكرێت. له‌ ساڵی 1938 موسۆلینی هه‌ستا به‌ قاودانی جوله‌كان و له‌ ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئیتاڵی لێ وه‌رگرتنه‌وه‌. له‌ كاروبار و پیشه‌ و خوێندنیش دووریخستنه‌وه‌. ئاشكراییشكرد كه‌ نابێـت كه‌س هاوسه‌رگیریان له‌گه‌ڵ بكات. له‌ 22ی ئایاری 1939 موسۆلینی ڕێكه‌وتننامه‌ی له‌گه‌ڵ هیتله‌ر واژۆ كرد، له‌ ڕێكه‌وتننامه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ هه‌ردوو وڵات له‌كاتی جه‌نگدا پێكه‌وه‌ ده‌بن. چونكه‌ شه‌ڕ له‌به‌رده‌گا بوو.

هه‌ڵه‌گه‌وره‌كانی موسۆلینی له‌ جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا
له‌ 10ی ته‌مموزی 1940 دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا توانی به‌سه‌ر پۆڵه‌ندا و فه‌ره‌نسا سه‌ركه‌وێت، موسۆلینی جه‌نگی له‌ دژی به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا ڕاگه‌یاند، له‌سه‌ره‌تاوه‌ موسۆلینی رازی نه‌بوو كه‌ هاوبه‌شی هیتله‌ر بێت، دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ موسۆلینی ئه‌و هه‌موو سه‌ركه‌وتنه‌ی له‌ لایه‌ن هیتله‌ره‌وه‌ پلانی بۆ داڕێژراوه‌، موسۆلینی بیركرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت هۆكارێكی دیكه‌ی هه‌بێت بۆ سه‌ركه‌وتن به‌ بێ ئه‌وه‌ی بۆچوونی هیتله‌ر وه‌رگرێت و به‌ پلانه‌كانی بزانێت. بۆیه‌ له‌ ساڵی 1940 توانی له‌ وڵاتی میسر په‌لاماری سوپای به‌ریتانیا بدات.

له‌ هێرشی یه‌كه‌مدا وه‌ستێندران، بۆیه‌ ئه‌ڵمانیا به‌ مه‌به‌ستی پاڵپشتی هێزی نارده‌ میسر، له‌م ڕووه‌ موسۆلینی تووشی شه‌رمه‌زاری بوو، كاتێك سوپاكه‌ی له‌ میسر شكا. بۆیه‌ هه‌ستا به‌ پێچه‌وانه‌ی ئامۆژگارییه‌كانی هیتله‌ر  جوڵایه‌وه‌ له‌ 28ی تشرینی یه‌كه‌می 1940  و دوای شه‌ش هه‌فته‌ هێرشه‌كه‌ی راگرت، هه‌ڵهاتن. موسۆلینی پێی شه‌رم بوو داوای هاوكاری له‌ دیكتاتۆره‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا بكات. له‌ مانگی نیسانی 1941 ئیتاڵیا توانی هه‌ریه‌ك له‌ یوگوسلاڤیا و یۆنان داگیر بكات، ئه‌مجاره‌ش هیتله‌ر بۆ هاوكاری هاوڕییه‌كه‌ی ئه‌و دووڵاته‌ی زۆر به‌ دڵڕه‌قی له‌ناوبرد.

ئیتاڵیا له‌ موسۆلینی هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌
سه‌ره‌ای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تاكانی جه‌نگی دووه‌می جیهانی چه‌ندین سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا. بۆیه‌ دواتر جه‌نگه‌كه‌ به‌ زیانی هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا كۆتای هات. له‌ چوارچێوه‌ی هاوینی 1943 ئه‌ڵمانیا جه‌نگی له‌ دژی ڕووسیا ڕاگه‌یاند، له‌وێ تێكشكان و هاوپه‌یمانان بۆردومانی ڕۆمایان كرد. زۆرێك له‌ ئه‌ندامانی حیزبی فاشی كوده‌تایان كرده‌ سه‌ر موسۆلینی.

دوای كۆبوونه‌وه‌ بڕیاردرا موسۆلینی به‌ پێی ده‌ستوور دوور بخرێته‌وه‌. بۆیه‌ موسۆلینی ده‌ستگیركراو و نێردرا بۆ شاخی كامپۆ ئیمپتراتۆری له‌ 12ی ئه‌یلی 1943 كه‌سێك توانی موسۆلینی له‌ زیندان ئازاد بكات و له‌وێوه‌ موسۆلینی بۆ ئه‌ڵمانیا بگوێزنه‌وه‌. بۆیه‌ دوای بینیی هیتله‌ر، سه‌ركرده‌ ئه‌ڵمانیه‌كه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ موسۆلینی سه‌رۆكی به‌شی باشووری ئیتاڵیایه‌، چونكه‌ ئه‌وكاته‌ باكوری ئیتاڵیا له‌ژێر ده‌ستی هیتله‌ر بوو.

له‌ سێداره‌دانی موسۆلینی
له‌ 27ی نیسانی 1945 ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا له‌ لێواری كه‌وتن بوون، موسۆلینی هەڵاتبوو و خۆی وەک سەربازێکی ئاسایی ئەڵمانی، کە لەشەڕ هەڵاتبێت، گۆڕیبوو. دەیویست بچێتە سویسرا و لەوێوە خۆی بگەیەنێتە ئیسپانیا. موسۆلینی لەگەڵ خۆشەویستەکەی کلاریتا پیتاچی و هەندێک لە هاوڕێکانی لە شەمەندەفەرێکدا، کە بەرەو سویسرا رۆیشت، لە نزیک شاری کۆمۆ، لە سنووری سویسرا دەستگیرکراو، پاش دەستگیرکردنیشی راستەوخۆ له‌ 28ی نیسانی 1945 کوژرا.
 له‌و كاته‌دا پەیامنێرێكی تۆڕی هه‌واڵی"ئەسۆشیەتید پرێس" تووانیویەتی چاوپێكه‌وتنێك لەگەڵ بکوژی ئەو دیکتاتۆرەی ئیتاڵیا رێکبخات و ئەو بە تەواوی شێوازی کوژرانی موسۆلینی گێڕاوەتەوە. ئەو پەیامنێرە دەڵێت" خۆشەویستەکەی موسۆلینی چەندین جار پاڕایه‌وه‌ بۆ ئەوەی ژیانی موسۆلینی رزگار بکات، بە قسەی نەکرا و دواتر لە کاتێکدا تەقەیان لە موسۆلینی کردووە، ئەو خۆی خستووەتە بەردەمی و ئەویش لەگەڵیدا کوژراوە."پاش کوژرانیان تەرمی دیکتاتۆرەکەی ئیتاڵیا و هاوسەفەرەکانی برانە میلان و لەوێ لە بەنزیخانەیەکدا بە سەراوژێر هەڵواسران.